گرووپێکی ژینگە پارێزی شاری بۆکان پشتیوانی خۆیان لە کەمپەینی رزگاری ” کانی بڵ” راگەیاند

0
801

گرووپی ژینگە پارێزی وڵات لە شاری بۆکان، لە راگەیاندنێک دا وێڕای پشتیوانی لە کەمپەینی رزگاری کانی بڵ، داوا دەکەن کە ژینگە پارێزان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی کانی بڵ وەک یەکێک لە هێما جوانەکانی ناوچەی هەورامان.
کانی بڵ کانییەکی سروشتییە لە نزیکیی گوندی ھەجیج کە لە کێوەکانی شاھۆوە سەرچاوە دەگرێ و یەکێ لە پڕئاوترین کانییەکانی کوردستانە. ئەو کانیە لە چرکەیەکدا سێ تا چوارھەزار لیتر ئاوی ھەیە و دەتوانێ ئاوی خواردنەوەی دوو ملوێن کەس دابین بکات. ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی ھەورامان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و بە گوێرەی تاقی کردنەوە زانستییەکان، خاوەنی یەکێ لە پاکترین ئاوەکانی جیھانە. ئەو چەمەی کە لە ئاوی کانی بڵ دروست دەبێ درێژایی ١٥ مەترە و بە کورتترین چەمی عالەم لە قەڵەم دەدرێ و دەڕژێتە ناو ڕووباری سیروان کە یەکێ لە پڕئاوترین چەمەکانی کوردستانە. بەرزایی کانی بڵ لە دەریا ئازادەکانەوە نزیکی ٧٨٠ مەترە.
لە ئیستا دا حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی درووست کردنی بەنداوێک لەو ناوچەیە، هەوڵ دەدا ئەو کانییە پڕ ئاوە لە ناو بەرێ و هەر بەو بۆنەشەوە کەمپەینێک لە لایەنی چالاکانی ژینگەوە بۆ دژایەتی کردنی ئەو پرۆژەیەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی کانی بڵ دەستی بە کار کردووە.
ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیاندنی گرووپی ژینگە پارێزی وڵاتە بۆ پشتیوانی لە کەمپەینی پاراستنی کانی بڵ:
ڕاگەیاندنی گرووپی ژینگەپارێزیی وڵات بۆ پشتگیری له کەمپەینی داکۆکیی بۆ ڕزگاری کانی بڵ” هاونیشتمانانی ژینگەپارێزیی شاری بۆکان
هەر وەک هەموومان ئاگادارین کانی بڵ که هێمای جوانی و خۆشەویستی هەزاران ساڵەی هەورامانه ئێستا له مەترسی له ناوچوون دایه و ئەرکی تاک تاکی ئێمەی وڵاتپارێز و ژینگەپارێزه که به هەر شێوەیەک که بۆمان دەکرێ به هانایەوە بچین و پێش بەو کارە بگرین و له بەرامبەر ئەم کارەساتە ژینگەییه بێدەنگی بشکێنین و هەڵوێستی خۆمان بنوێنین که بەڕاستی جینۆسایدی ژینگەیه . “گرووپی ژینگەپارێزی وڵات” له شاری بۆکان، به دروشمی ” باشترین وەڵام له بەرانبەر کاولکردندا ، ئاوەدانکردنەوەیه ” ڕۆژی هەینی ڕیکەوتی ٢٠ی سەرماوەز کاژێر١٠، به هەڵمەتێکی بادام چاندن له کێوی بەردەزەرد، وێڕای پشتیوانی خۆی له هەموو بەشداربووانی “کەمپەینی داکۆکیی بۆ ڕزگاری کانی بڵ” ، بەم هەڵمەته بەرهەڵستی نەیارانی ژینگە دەبێتەوە . هەر بەو بۆنەوە داوا دەکەین له هەموو دڵسۆزان و لایەنگرانی ژینگه له شاری بۆکان، که بۆ نارەزایەتی دەربڕینی خۆیان له بەرانبەر ئەم کارە دژەژینگەییه لەم هەڵمەتی بادام چاندنه بەشداری بکەن و هاوڕێمان بن . گرووپی ژینگەپارێزیی وڵات – ١٧ی سەرماوەز

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت