چالاکێکی سیاسیی کورد لە یونان لەگەڵ مەترسیی مەرگ و ڕادەست کرانەوە ڕووبەڕوویە

0
1844

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد، چالاکیکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دوای دەست بەسەرکرانی بە کۆمەڵی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شنۆ، تەرکە وڵات بووە و ڕووی لە وڵاتی یونان کردووە، ئێستا لە بەندیخانەیەکی ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراوە و مەترسیی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە شنۆ ڕایگەیاند: “سەلاح ڕەسووڵی خالدئاباد، کوڕی ئیبراهیم، خەڵکی گوندی خاڵتاوێ و دانیشتووی شاری شنۆ بە هۆی ئەوەی کە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و مەترسیی دەستبەسەربوون و هەڕەشەی گیرانی لەسەر بووە، پەڕیوەی هەندەران بووە و ئێستا لە وڵاتی یونان لە دوڕگەی کۆمۆنیزیا دەستبەسەرە”.

سەلاح ڕەسووڵی کە ماوەی یەک مانگ و نیوە لەو دوڕگەیە دەستبەسەرە، ئێستا تووشی نەخۆشی بووە و بە هۆی توند و ئەستەم بوونی نەخۆشییەکەی، مەترسیی مەرگی لەسەرە و بە هۆی ئەوەی تا ئێستا لەلایەن حیزبەکەیەوە هیچ کارئاسانییەکی بۆ نەکراوە، تا ئێستاش لە نەخۆشخانە دەستبەسەرەو دۆخی جەستەیی و ڕوحیشی بەرەو ئاڵۆزبوونە”.

ئەو شارۆمەندە کوردە کە لە کاتی پەڕینەوە لە یونان بەرەو ئیتالیا لەلایەن پۆلیسی یونانەوە دەستبەسەر کراوە بە هۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی سیاسی کارئاسانی بۆ نەکردووە و ئەندام بوونی ناوبراوی پشتڕاست نەکردۆتەوە، لە بەندیخانەی یونان ڕاگیراوە و پارێزەرەکەشی تا ئێستا هەموو هەوڵەکانی بێ ئەنجام ماوەتەوە.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد دوای پەیوەندی لەگەڵ ئەو شارۆمەندە کوردە ڕایگەیاند:”سەلاح ڕەسووڵی بە هۆی نەخۆشییەک کە لە ماوەی یەک مانگ و نیوی ناو بەندیخانە تووشی بووە، لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و دەنگی تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست داوە. وڵاتی یونان بە سەلاح ڕەسووڵیان ڕاگەیاندووە کە ماوەی ١٨ مانگ لەو بەندیخانە دەستبەسەر دەبێ و دواتر ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە”.

لە ئێستادا ئەو هاووڵاتییە کوردە کە تەشکیلاتی حدکا بووە لە یونان هەم مەترسیی ڕادەست بوونەوەی لەسەرە و هەمیش مەترسیی گیانی بە هۆی نەخۆشییەوە هەڕەشەی لێدەکا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت