هه‌واڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، عەینەددین مەریوانی ناڕاسته‌

0
1057

پێشتر و لە زاری هەندێک سەرچاوە بڵاو کرایەوە کە هونەرمەندی کورد عەینەددین مەریوانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، کۆچی دوایی کردووە. ڕۆژی کورد سەرەتا لە دانانی هەواڵەکە خۆی بوارد بەڵام دوای بلاو بوونەوەی هەواڵەکە لە زاری یەک دوو سەرچاوەی ناوخۆیی، ڕۆژی کوردیش هەواڵەکەی بڵاو کردەوە. بە خۆشحاڵییەوە دواتر ئاگادار بووینەوە کە هەواڵەکە ڕاست نیە و هونەرمەندی خۆشەویستی گەلەکەمان، عەینەددین مەریوانی لە ژیاندا ماوە و بێ کێشە و تەنگژەیە.

وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆمان لە ناڕاست بوونی ئەو هەواڵە و بەردەوامی بەریز عەینەددین لە ژیاندا، ئاماژە بە کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە دەکەین. هەروەها مەبەستی ئەو کەسانە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی کۆچی ئەو هونەرمەندە، بۆ ڕۆژی کورد، سەرسوڕهێنەر و نادیاره‌.

عەینەددین یەکێک لەو هونەرمەندە کوردانەی خۆرهەڵاتی کوردستانە کە سەرەڕای نابینا بوون و بێ دەرەتانی، بە بەردەوامی درێژەی بە هونەرەکەی داوە و لە ناو خەڵکی کوردستان بە گشتی و خۆرهەڵات بە تایبەتی لایەنگران و هۆگرانی خۆی هەیە.

عەینەددین جیا لە دەنگی خۆش و ئاوازی دڵگر و ئاشقانەکانی کە تێیدا حەز و خۆشەویستییەکی بێ ئەنجام، دەبیندرێت لە ڕووی هەستی نەتەوایەتیشەوە جێ دەستی دیارە. لەو ناوە دەتوانین ئاماژە بە گۆرانی بەناوبانگی (پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ) بکەین کە لە جەنگەی شۆڕشی خۆرهەڵاتدا و بەو پەڕی ساکارییەوە، تۆمار کراوە.

هونەرمەند عەینەددین مەریوانی وەک بۆخۆی دەڵێ لە مانگی بانەمەڕ (گوڵانی) ١٩٦٠ ی زایینی لە شارەدێی دزڵی سەر بە شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی کوردستان، لەو دایک بووە و لە تەمەندی دە مانگیدا بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی مادی بە نەخۆشی مێخەرکانە (سوورێژە) بینایی لە دەست داوە. عەینەددین لە حەفتاکانی زایینی و لە تەمەنی دە ساڵی نراوەتە بەر خوێندنی ئایینی بەڵام بە هۆی ڕادیۆکانی ئەو کات وەک تڕادیۆ کرماشان و ڕادیۆ بەغدا و بیستنی دەنگی کەسانێک وەک مامۆستا زیرەک و ساڵح دیلان و …تاد، حەزی دەکشێتە سەر هونەری موزیک و بەرەو دونیای هونەری موزیک ڕادەکشێت.

هونەرمەند عەینەددین جیا لە دەنگی خۆش و گۆرانی بێژی، ئامێری دەف و دایرەشی بە باشی دەژەنی.

لە گۆرانی و ئاوازە بەناوبانگەکانی عەینەددین دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکەین:

فەلەک ڕاست بڕۆ
وەی نازەنین یاری ووەفادار
سەرخەرە سەر ڕانم
بۆ دێموکرات
من کڵۆڵم
و دەیانی ئاواز و گۆرانی تر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت