ڕۆژی کورد: ئەفسانە بایەزیدی، هاجەر پیری و سوهەیلا مینایی، سێ کچە کوردی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی کرمان، لە ڕێگای نامەیەکەوە کە بە زمانی فارسی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد نێردراوە، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان بە بۆنەی شەهیدبوونی ٥ پێشمەرگە و ٢ ئەفسەری ئاسایش لە ڕووداوی تیرۆریستیی شەوی سێ شەممە ٣٠ی سەرماوەزی قەڵای دێموکرات، راگەیاندووە.
دەقی نامەکە:
بەداخەوە ئاگادارکراینەوە کە دژبەرانی چاو بە حیزبە کوردییەکان هەڵنەهاتوو، لە رێوڕەسمی شەوی چلەی ئەمساڵ لە بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆمبیان ناوەتەوە و بەو هۆیە، چەند کەسێک لە خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵات و ئەفسەرانی ئاسایشی کۆیە، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
ئێمە، ٣ کەس لە بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی کرمان، ئەو هێرشە تیرۆریستی و مەرگهێنەرەی شەوی یەڵدا لە مەقەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین و ڕاشیدەگەیێنین کە بکەرانی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەیە و فەرماندەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، بێ وڵام نامێننەوە.
ئێمە سەرەخۆشیی خۆمان لە ناخی دڵەوە لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە کە شەهیدبوون دەکەین و هیوای لەشساغی و چاک بوونەوە بۆ برینداربووەکانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەخوازین.
ئەفسانە بایەزیدی
سوهەیلا مینایی
هاجەر پیری