خەڵکی گوندی حەساری بۆکان لە ناچارییان خۆیان قوتابخانەیان دروست کرد

0
872

ڕۆژی کورد: “حەسار” گوندێکی سەر بە باژێڕی بۆکانە، قوتابخانەیەکی ٣ پۆلی هەبوو و ئەوەش خەریک بوو وایدەکرد بەشێک لە قوتابیانی ئەو گوندە بە هۆی نەبوونی پۆل و ژووری خوێندنی پێویست و هەروەها نەبوونی توانایی بۆ چون بۆ شار یان گونەکانی تر، واز لە خوێندن بێنن و ماڵئاوایی لەگەڵ فێربوون و زانست بکەن.

خەڵکی گوند دوای ئەوەی کە بۆ سازکردنی قوتابخانە لە دەوڵەت هیوابڕاوبوون، خۆیان قۆڵیان لێ هەڵماڵی.

ئەوان دوای ئەو هەموو وەدواکەوتن و هەوڵی خۆیان و بەڕێوەبەری قوتابخانە بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک، خوێندن و گەشەکردنی قوتابیانی بۆ گرنگ نیە و ئامادەنیە پارە و بودجە بۆ قوتابیانی کورد تەرخان بکات.

کەسێک لە دانیشتوانی گوندی حەسار لەمبارەوە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: “لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵماندا بودجەیەک بۆ قوتابخانە دابین بکرێ تا بەو جۆرە پێش بە وازهێنان لە خوێندنی منداڵەکانمان بگرین بەڵام بە ئاشکرا دیار بوو بێ دەسکەوتە و ڕژیم بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە بودجە بۆ کوردەکان تەرخان بکات، هەر بۆیە قۆڵمان لێ هەڵماڵیو و 50 ملیۆن تمەنمان پارە کۆکردەوە و توانیمان قوتابخانەکەمان کە لە پێشدا ٣ پۆل بوو بیکەین بە ٦ پۆل و حەوشەکەشی چیمەنتۆ بکەین”.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی حەسار هەروەها گوتیشێ: “جێگای دەست خۆشییە کە خەڵکی گوند بێ جیاوازی بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دا پێش بە وازهێنان لە خوێندنی قوتابییەکانمان بگرین، خەڵک خۆی وەک کرێکار کاری تێدا کردووە و ئەوەش بەشێک لە تێچووەکانمانی کەم کردەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت