ڕاگەیێندراوی هاوبەشی چەند بنکەی ناوخۆی کوردستانی خۆرهەڵات بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی

0
248

زمان، ئەو مافە سرووشتییەی کە تا ئێستاش لە سێ کوردستانی خۆرهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا، کورد بە هۆی زۆرداری و زەبر و زەنگی داگیرکارانیەوە لێی بێ بەش و پار ماوەتەوە و لە هەمان کاتدا لە ەرەکیترین داواکارییەکانی کورد بووە و هەیە و دەبی و لە هەمان کاتیشدا حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان کەم و زۆر لێی بێخەم و کەمتەر خەم نەبوون.

هەرچەند بە پێی ماددەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەکرێ و دەبێ لە تەنیشت پەروەردە بە زمانی فارسی، نەتەوە کەمینەکانیش (کە بە قەوم ناویان براوە)، ئەدەبیاتی خۆیان بە زمانی زگماکیی خۆیان بخوێنن، بەڵام ٣٧ ساڵە تەنیا وەک ماددەیەکی لەبیرکراو و کار پێ نەکراو ماوەتەوە.

لە ڕۆژی جیهیانی زمانی زگماکی، هەندێ لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی ناوخۆ هەمدیسان ئەو داواکارییە سرووشتییەی کوردیان لە بیر نەکرد و پێداگیرییان لەسەر کردەوە،  ٸەنجومەنی سەوزی چیا، ناوەندی فە رهەنگی هونەریی ڤەژین، ٸەنجومەنی فەرهەنگی ٸەدەبیی مەریوان، ناوەندی زااستی فەرهەنگیی ڕۆنان، بە هاوبەشی ڕاگەیێندراوێکیان داوەتە دەر کە لە خوارەوە دەقی ئەو ڕاگەیێندراوە وەک خۆی دادەندرێت.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

زمان و بیر لێک دانەبڕاون و زمانی دایکی دەروازەی ناسینی جیهانە. فێر کــــــردن و پەروەردەی منداڵ بۆ بارهێنانی وەچەیەکە کە بتوانێت بە ئەو ئیمکان و توانەی کە زمان لەپێش دەستی دادەنێت بیر لە کێشەکانی دەوروبەری خۆی بکاتەوە و هـــەوڵی چارەسەر کردنیان بدات. لەم ڕووەوە پەروەردە وەکوو یەکێک لە بنەما گرینگەکانـــی پەرەسەندن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک دێتە ئەژمار. بەڵام پەروەردەیەک کە کە بە زمانی دایکی نەبێت، مرۆڤ دەخاتە دۆخی لە خۆ دابڕانەوە و کەسێک کە پەروەردەی بە زمانی خۆی نییە، نە لەنێو زمانەکەی خۆیدا لێهاتوویی بیرکردنەوەی دەبێت و نە ئامرازەکانی بیر کردنەوە لە زمانی سەردەستەوە وەردەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین پەروەردە لە کۆمەڵگایەکدا بە زمانێکی جگە زمانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە لەمپەرێک لە بەردەم پێشکەوتن و پەرەسەندنیدا و بۆیە عەداڵەتی زمانی لە کۆمەڵگا فرەزمانەکاندا، بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندن پێویستە.

عەداڵەتی زمانی نەک لە ڕێگای «خوێندنی زمانی دایکی»یەوە بەڵکوو لە ڕێگەی «خوێندن بە زمانی دایکی» مسۆگەر دەبێت. لە وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەزماندا، پەروەردەی چەندزمانە بووە بە شێوەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە عەداڵەتی زمانی. بەڵام بەداخەوە لە ئێراندا، سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی یاسا خوێندنی زمانی دایکی ڕێگە پێ دراوە، بە کردەوە جەخت لەسەر تاک زمانیی پەروەردە دەکرێتەوە و جێبەجێ بوونی بەرنامەی خوێندنی زمانی دایکی وە دوا دەکەوێت.

ئێمە لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، داوای خۆمان بۆ چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بــۆ بە یاسایی کردنی «خوێندن بە زمانی دایکی» و «پەروەردەی چەندزمانە» ڕادەگەیەنین و داوا لە هەموو چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی دەکەین کە تێ بکۆشن ئەم گرفتەی پێش پێشکەوتنی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن.

ٸەنجومەنی سەوزی چیا

ناوەندی فە رهەنگی هونەریی ڤەژین

ٸەنجومەنی فەرهەنگی ٸەدەبیی مەریوان

ناوەندی زانستی فەرهەنگیی ڕۆنان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت