پەردە لادان لەسەر هەندێ نەهێنی هەڵبژاردنەکانی مهاباد و کاندیداکانی

0
129

یەکێک لە بەربژێرەکانی شاری مهاباد بە ناوی  بابەک مستەفاپوور، ڕۆژی یەکەمی پرۆپاگەندە و تەبلیغاتەکان، پێی ڕاگەیێندراوە کە متمانەی پێ نەبەخشراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، ناوبراو بە هۆی ئەوەی کە لە دوایین ڕاگەیێندراوی لیستەی کەسانی متمانە پێ بەخشراو (تەئیید سەلاحیەت بوو) دا لە لایەن شۆڕای نیگابانەوە، ناوی بە متمانە پێ بەخشراو هاتبۆوە و پێی ڕاگەیێندرابوو کە دەتوانێ دەست بکا بە ڕێکلام، نزیک بە بیست ملیۆن تمەن پووڵی لە چاپی پۆستێر و وێنە خەرج کردووە.

لە لایەکی تریشەوە، خاتوو عایشە عەبداڵی،  کە تا ئێستا  بەرپرسی چەند شوێنی وەک باغجەی ساواین  و چەند ناوەندی مەدەنی شاری مهاباد وەکوو ژینگە پاریزی و ئەنجوومەنی ئەدەبی و بەساڵاداچووان بووە، پێی ڕاگەیێندراوە کە بە هۆی ئەوەی کە لە (هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال)دا دەوری هەبووە و کاری کردووە، واتا لە لایەن  هەیئەتی بەڕێوەبەری سەر بە وەزارەتی وڵات و هەئیەتی چاوەدێری سەر بە  شۆرای نیگابان، متمانەی پێ بەخشراوە بەڵام  لە قۆناغی کۆتاییدا وێنەی بەشداری کردنی ناوبراو لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ شنگال بە دەست شۆرای نیگابان گەیشتووە و لە ئەنجامدا ڕەد کراوەتەوە. خاتوو عایشە عەبداڵی ماوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێکلامی بۆخۆی کردووە.

لە لایەکی ترەوە جه‌لال مەحموودزادە، ڕێکەوتی ١ی ڕەشەممە واتا چوار ڕۆژ دوای دوایین ڕاگەیاندنی لیستی متمانە پێ بەخشراوەکان (تەئیید سەلاحیەت)، متمانەی پێ بەخشراوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە دانیشتنێکی نەهێنیدا، دادوەر زاهیری پیشتر وتبووی کە تا کۆماری ئیسلامی هەبێت، جه‌لال مەحموود زادە متمانەی پێ نابەخشرێتەوە. دادوەر زاهیری هەمان بەرپرسی دۆسیەی شەهید مەنسوور ئاروەند و دادگایی کردنی دەست بەسەرکراوانی هۆتێل تارایە، هەر بۆیەش دووبارە متمانە دانەوە بە مەحموودزادە گومانێکی زۆری لەسەرە.

لە هەمان کاتدا، لە حاڵێکدا کە شۆرای نیگابان، ٢٧ی ڕێبەندان دوایین لیستی کاندیدە متمانە پێ بەخشراوەکانی ڕاگەیاندووە، ڕێکەوتی 29ی رێبەندان واتا ٢ ڕۆژ دوای ئەو باسە، عوسمان ئەحمەدی ناسراو بە عوسمان یەک شەوە، متمانەی پێ بەخشراوە.

متمانە پێ نەبەخشران بە مەحموودزادە و ئەحمەدی، وای کردبوو کە بەربژێرەکانی تر، بکەونە ڕکابەرییەکی زۆرتر و هەوڵ بدەن بۆ هێنانەوەی دەنگ و تێچوویەکی زۆریان کردووە و ئێستا خۆیان بە مایە پووچ دەزانن.

هەروەها زانیارییەکان لەم بارەوە باس لەوە دەکەن کە قادر(خالید) چوپانی کە لە هەڵبژاردنەکانیدا بە ئاشکرا وێنەی خامنەیی بۆخۆی بەکار دێنێت و لە کاناڵەکەی لە تلێگرامدا بە بەردەوامی ئەو دیاردەیە دەبیندرێت، لەو ماوەیەدا نیزیک بە چەند هەزار کەسی کردووە بە  ئەندامی تەعاونی قالیبافان (فەڕش چنەکان) و بیمەی بۆ وەرگرتبوون و بەو جۆرە ناچاری کردوونبە دەنگدان و لە هەمان کاتیشدا ماوەی چوار مانگە دەستی کردووە بە سەردان و هاتووچۆ بۆ گوندەکانی مهاباد و کۆکردنەوەی دەنگ ئەوەش بە هۆی ئەوە بووە کە لە متمانە پێ بەخشرانەوەی خۆی دڵنیا بووە. قادر چوپانی کە لە دوای ىوون بە شۆڕای شار چووە بۆ حەج لە ماوەی دەسەڵاتی خۆی لە شار سەرجەم  خزم و کەسەکانی خۆی لە شۆڕای شار دامەزراندووە و بەو هۆیەوە توانیوێتی مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات.

شایانی ئاماژە کە هەرچەند زۆربەی هەرە زۆری گۆرانییەکانی مامۆستایانی موزیکی کوردی (مامۆستا زیرەک و ماملێ)  و سەرجەم گۆرانییەکانی هونەرمەند ناسر ڕەزازی لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران، یاساغن و بڵاو نابنەوە، گۆرانییەکانی ئەو سێ هونەرمەندە زیاترین کەڵکی لە ستاد (نووسینگەکان) لێ وەردەگیرێ و بە ئازادی بلاو دەبنەوە.

شایانی ئاماژەیە کە بە پێی زانیارییەکان، مەنگوڕەکانی مهاباد لەم خولەدا دوو پاڵێوراویان هەیە  کە بریتین لە ئازاد بیژەنی و بایزید جەنگەڵی. لە هەمان کاتێشدا لە ئێستادا مەنگوڕەکان  فەرمانداری و شۆرا و شارەدار و شارەداریی شاریان قۆرغ کردووە و زیاتریان دەسەڵاتیان لە شار هەیە.

بایزیدی مەنگووڕی کاندیدێکی مەنگووڕانە لە درووشمی ڕاگەیاندنەکەی بریتییە لە: ” گەراندنەوەی ئۆبۆهەتی مەهاباد”. چالاکێکی سیاسی مهاباد لە بارەی ئەو درووشمەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: ئەو درووشمە لە چەند ڕوویەوە جێگای سەرنجە و دەکرێ پرسیار لەو کەسە بکرێ کە کێ ئۆبۆهەتی مهابادی شکاند، مەنگوڕەکان یان خەڵکی تر؟ ئۆبۆهەت یان شکۆی مهاباد، بە چی و چۆن پێناسە دەکات ؟ دەیهەوێ کام شکۆ بۆ مهاباد بگەرێنێتەوە و چۆن؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌