پرسی ریفراندۆم لە ئاوێنەی ئاڵوگۆڕکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا

0
46

کورتەیەک

پرسی ریفراندۆم بۆ جارێکیتر کێشەی کورد و ویست و داخۆازیەکانی کردە باسێکی سەرەکی و برچاو لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی لە ڕادەی  ناوچەی و جیهانیدا. ئەویش لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بۆ جارێکتر بۆتە مەێدانی ململانی نێوان زلهێزە ناوەچەی و جیهانیەکان کە لە هەوڵدان  خۆ  لەو ئاڵۆزی و قەێرانە کە پاش کۆتای شەری سارد بە سەر پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا زاڵ بووە درباز بکەن. ئەو لێکدانەوەیە هەوڵ دەدا کە لە دلاقەی تێروانین لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکان و بە وەردبوونەوە لە هۆکاری ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و دنیا لەگەڵی بەرەوڕوون و بە سەرنەجدان بە تێروانین و تێگەیشتنی زلهێزە ناوچەی و جیهانیەکان لە مەڕ جێگا و ڕۆڵی خۆێان لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا بچێتە ناو باسی رێفراندۆمەوە. لە درێژەی ئەو باسەدا پرسی ریفراندۆم لەژێر تیشکی ڕووداو، ئاڵوگۆڕ و هەڵویستە سیاسییەکانی ئەکتەرە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتووی دەکری بەو مەبەستە کە کارتێکەری، ڕۆڵ و جێگا و هەڵویستی هەرکام لەو لایەنانە بە باشی لە هەمبەر پرسی ریفراندۆم دەستنیشان بکا و ئاکام و دەرئەنجامی ئەو کاردانەوەیە  بخاتەڕوو و هەر لەو کاتەدا گریمانەکانی دەرئەنجامی بەرێوەچوونی ریفراندۆم گوڵبژێر و سەنگ و سووک بکا.

کەماڵ مەجید پوور

(١) سەرەتا

لە ٧ی ژانویەی ٢٠١٧ سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان بەڕێز “مسعود بارزانی”، لە تویتێکدا بە کورتی هەواڵکی مەزنی لەسەر چارەنووسی داهاتووی کوردستانی باشوور بڵاو کردەوە. لەو هەواڵەدا هاتبوو کە ” ئەمن خۆشحاڵم رابگەیەنم کە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ رۆژی دووشەممە ٢٥ی مانگی سیپتامبر دیاری کراوە “.[1]

دوابەدوای ئەو هەواڵە، باس لەسەر ریفراندۆم، کات و ساتی ئەو هەڵبژاردنە و بیر و بۆچوون و هەڵسوکەوتی لایەنەکانی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی پێوەندیدار بە مەسەلەی کورد و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوون بە هەوێنی گەلێک لێکدانەوە و هەواڵ و هەڵویستی جوراوجور و دژبەیەک لە دنیایی ماسامیدیا و ناوەندەکانی سیاسیی بڕیاردان لە کەلین و قووژبنی دونیا.

ئەو هەواڵە لە ناوخۆی کوردستاندا، بەتایبەتی لە باشوور، هەر لەو کاتەدا بوو بە جێی خوشحاڵی بەشێکی زۆری خەڵکی ئاسایی کوردستان، لێ هەر لەو کاتەشدا درز و کەلەبەری سیاسیی هێزەکانی کوردستانیشی لێ کەوتەوە.

لە رادەی ناوچەییدا هەروەک چاوەڕوان دەکرا، وڵاتانی دراوسێی کوردستان تورکیا و ئێران لە لایەک و حکومەتی ناوەندیی عێراق لە لایەکی ترەوە بە دژی ریفراندۆم ڕاوستان. لە ڕادەی جیهانیدا ئەو ‌هێزانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو دا بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەڕ لە دژی داعشدا بە بەردەوامی یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دابوو و بەشداریی چالاکانەی کوردانیان لەو شەڕەدا لە عێراق و سوریە بەرز دەنرخاند، بە دڕدۆنگی و بە پاریزەوە لەگەڵ ئەو پەیامەی هەریمی کوردستان هەڵسوکەوتیان کرد.

گومان لەوەدا نییە کە مێژووی پر لە کارساتی کوردان لە سەد ساڵی رابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەر لایەکەوە بڕوانینە پرسی سەربەخۆیی کوردستان، دەیان و سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و قورس دەخاتە ڕوو کە ڕەوایی دەبەخشێت بە بڕیاریەکی لەو چەشنە کە لە لاێەن بەرێز “مەسعود بارزانی” لە ٧ی ژانویەی ئەوساڵدا بۆ دنیای دەرەوەی ئاشکرا کرد. لێ هەر لەو کاتەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای کوردستان و هەڵویستی لایەنە ناوچەیی و جیهانییەکان لەمەڕ ئەو بڕیارەدا، کوردان ناچارن کە ئەو بڕیارە میژوویی و سیاسییە لە کۆنتیکستی خۆێدا هەڵبسەنگێنن و هەر لەو کاتەدا مەترسییەکانی سەر ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەنگ و سووک بکەن، لێکی بدەنەوە و سەرئەنجام بە ئاکامێکی خوازراو و دروست بگەن کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی باشووری کوردستاندایە.

ئەو لێکدانەوەیە هەوڵێکە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ریفراندۆم لەژێر تیشکی ڕووداو، ئاڵوگۆڕ و هەڵویستە سیاسییەکانی ئەکتەرە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکان بەو مەبەستە کە کارتێکەری، ڕۆڵ و جێگا و هەڵویستی هەرکام لەو لایەنانە بە باشی لە هەمبەر پرسی ریفراندۆم دەستنیشان بکا و ئاکام و دەرئەنجامی ئەو کاردانەوەیە تا ڕاددیەک کە دەگونجی، بخاتە ڕوو.

بێگومان بڕیاری ڕاگەیاندنی بەڕێوبردنی ریفراندۆم لە ئێستادا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕۆڵی بەرچاو و گرینگی کوردان لە شەڕ لە دژی داعشدا هەیە. بەشداریی چالاک و گرینگی کوردان لەو شەڕەدا چ لە باشوور و چ لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە هەمیشە سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ کێشەی کورد و ڕۆڵی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕاکێشاوە، هەر بۆیە زۆر گرینگە لێرەدا بڕیاری ریفراندۆم لە تەرازووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەنگ و سووک بکرێ. بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتای ئەو نووسراوەیەدا هەوڵ دەدرێ بە کورتی ئاوڕێک بدرێتەوە لە ژێرخانی ئیدیۆلۆژیکی سیاسەتی نیودەوڵەتی بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا تاکوو ئێستا، کە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لە گۆڕانکاریدایە. ئەو ئاوڕدانەوەیە لە ژێڕخانی ئیدیۆلۆژیکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێ یارمەتیدر بێ لە خۆێندنەوە و تێگەێشتن لە جێگا، ڕۆڵ و  سیاسەتێک کە زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لە پێوەندی دەگەڵ سازدانی نەزمێکی جیهانیدا بۆ خۆیانی دیاری دەکەن. دوابەدوای باس لەو ژێرخانە ئیدیۆلۆژیک و گۆڕانکارییەک کە بە سەریدا هاتووە، ئەو لێکدانەوەیە هەر لەو دلاقەیەوە لە جێگا و شوێنی زلهێزەکان لە نەزم و سیاسەتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ورد دەبێتەوە. لە بڕگەیەکی تری ئەو باسەدا بەرە بەرە ئەو باسە دەپڕژێتە سەر قەیران و کێشەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە دەلاقەی تێڕامانێکی هووییەتی و پێوەندیی نێوان قەیرانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ژێرخانی ئیدیۆلۆژیک و سیاسەتە نیودەوڵەتییەکانەوە دەداتە بەر باس و  ئاکام و ئامانجەکانی ئەو سیاسەت و ژێرخانە ئیدئۆلۆژیکە لەو ناوچەیەدا تاوتوێ دەکرێن. بەدوای ئەو شیکارییەدا هەوڵ دەدری سیاسەت و ڕۆڵی دەوڵەتانی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوون بکرێتەوە. لە درێژەی ئەو باسەدا، ئەو نووسراوەیە دەپڕژێتە سەر کێشەی کورد لە باشووری کوردستان و لە ژێر تیشکی بڕیاری ریفراندۆم، هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و نیزامیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنێ. بڕیاری ریفراندۆم جیا لە لایەنی ناوخۆیی، کۆمەڵیک هەڵوێستی سیاسی چ لە ڕادەی ناوچە و چ لە ڕادەی جیهانیدا لێ شین بووەوە. هەر بۆیە تەوەرێکی تری کە لەو لێکدانەوەیەدا جێگای سەرنج و لێکۆڵینەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ شیکردنەوەی هەڵویستی سیاسیی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە هەمبەر ڕێفراندۆمدا. کۆتایی ئەو باسە بە سەرنجدان بە خوێندنەوەیەک کە لەسەر نەزمی جیهانی، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جێگا و ڕۆڵی هێزە بەرژەوەندیدارەکانی ناو ئەو کێشەیە، دێتە بەر باس، پرسی ریفراندۆم و ئەو گریمانانەی کە دەرئەنجامەکانی ئەو ریفراندۆمەدا دەکرێ بێنە ئاراوە، تاوتوێ دەکرێن.

(٢) ژێرخانی ئیدیۆلۆژیکیی سیاسەتی نێودەوڵەتی

کۆتایی شەڕی سارد ئەگەر لە لایەک لێکترازانی پارسەنگی قودرت لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بوو، لێ هەر لەو کاتەشدا سەرەتای ئاڵۆزی و قەیران لە بیرکردنەوە لەسەر داهاتووی ئەو پێوەندییانەش بوو کە خاوەنی ژێرخانێکی ئیدئۆلۆژیکی بەهێز بۆ نەزمدان بە جیهان نەبوو. بۆ شیکردنەوەی ئەو باسە پێویستە لێردا لە دەلاقەی شەڕی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٩١دا، ئاوڕێک لە سەرهەڵدانی ژێرخانی ئیدئۆلۆژیکیی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بدەینەوە. لە ساڵی ١٩٩٠دەوڵەتی عێراق بە سەرککۆماریی “سەدام حوسێن” بە هێرشێکی نیزامی وڵاتی کویتی داگیر کرد. ئەو دەستدرێژییەی عێراق لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بێ وڵام نەمایەوە و لە ساڵی ١٩٩١ دا هاوپەیمانیەتییەکی نێونەتەوەیی بە جڵەوداریی وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمریکا لە ماوەیەکی کورتدا رژیمی عێراقی لە ژێر گورزێکی نیزامیدا ناچار بە پاشەکشە کرد و بەشێکی بەر چاوی باشووری عێراقی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئەو شەڕە جیا لە رزگارکردنی وڵاتێکی بچووکی کەنداوی فارس، پەیامێکی تازەشی بۆ جیهان پێ بوو، ئەویش ئەوە بوو کە لەمە بەدوا جیهان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا پێ دەنێتە بە ڕواڵەت ‘نەزمی نوێ جیهانی’یەوە. دوکتورین نەزمی نوێی جیهانی کە لە لایەن  سەرککۆمار “بووش”ی بابەوە هاتە ئاراوە لەسەر جیهانبینی کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک دامەزرابوو کە لە سەدەی نوزدەهەم بەولاوە یەکێک لە جەمسەرەکانی بیر و ئەندیشەی مرۆڤی لە ڕۆژئاوا پێک هێنابوو. لەو جیهانبینییەدا ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە گەشەساندن و پەرەسەندنی ئازادی لە جیهانێکی کاپیتالیستی و دێموکراتیکدا دەدیتەوە کە وەک بەیاخگەلێکی جیهانشموول بەرەبەرە هەموو کۆمەڵگا کۆن و باو و نەریتییەکانی مرۆڤایەتی بە هەموو پێوانە و بایەخەکانییەوە لەسەر ڕێگای خۆی لا دەبا و خۆی بەسەر مرۆڤایەتیدا فەڕز دەکا. [2]

جەمسەری دووهەمی ئەو بیرکردنەوە، لە بۆچوونەکانی مارکس لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤ و ئازادییدا دەدۆزراوە کە بریتی بوو لەوە کە گەیشتن بە جیهانێکی ئازاد بە دوور لە توندوتیژی و چەوسانەوە ڕاست لە جەرگەی پێکدادان و ناکۆکی نێوان سەرمایە و کار کە لە جیهانی کاپیتالیستیدا بە لوتکەی بەرزی خۆی دەگا، دێتە دەر و بە تێکڕووخانی جیهانی کاپیتالیستی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەبەرە پێ دەنێتە ئاخرین فازی گەشەکردنی کە هەمان جیهانێکی بێ تەبەقە و دوور لە چەوسانەوە و زۆڵم و زۆرە، واتە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی.

ئەو تێگەێشتنانە لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، ئاشتی و سوبات و ئاسایش لە سەدەی بیستەمدا کاردانەوەی سیاسی زۆر گەوری لێ دەکەوێتەوە. تێگەیشتنی مارکس لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام بۆ دەیان شۆڕش و بەرخۆدانی ڕزگاریخوازنە لە دونیادا. شۆڕشی روسیە و دامەزراندنی وڵاتێکی سۆسیالیستی بە ناوی یەکێتی سۆڤییەت لە سەرەتای سەدەی بیستمدا دەبێتە نوختە گۆڕانێک لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرە بەرە باوڕ و بیرۆکەی سازدانی دونیایەکی نوێ لەسەر بنەمای تێگەیشتنەکانی مارکس بەهێز دەبێ و هەتا دێ ئەو جیهانبینییە دەبێ بە ئاڵترناتیڤێک لە هەمبەر جیهانبینی کاپیتالیستی لیبرالی دا و بەدوای شەڕی دووهەمی جیهانیدا، بەشێکی زۆری جوڵانەوە ڕزگاریخوازکان بە ئیلهام وەرگرتن لە تێڕوانین و ئەندیشەی مارکسیستی لە ئاسیا، ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەتا قاڕەی ئەفریقا لە دژی سیاسەتی کلونیالیستی ڕۆژئاوادا سەر هەڵدەدن و گەلانێکی زۆر بە ڕزگاریی خۆیان دەگەن و هەتا دێ ململانێ لەنێوان  جیهانبینی مارکسیست-لینیستیی سۆسیالیزم و کاپیتالیزمی لیبراڵ دیموکراتیک گرژتر و تووندتر دەبێتەوە و سەرئەنجام پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە کردەوەدا شەڕیەکی سارد لە نێوان بلۆکی سۆسیالیستی و کاپیتالیستیدا دەست پێ دەکا.

لە ڕۆژئاواش پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بیرۆکەی ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەرەو جیهانبینێکی کاپیتالیستی، لیبراڵ و دێموکراتیک دەبێتە کاکڵ و ناوەرۆکی لێکۆڵینەوەکانی زانستی، سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان و بەرەبەرە دەبێتە بەردی بناخەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تاێبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە سەرجەم ئەو وڵاتانە کە لە ژێڕ نفووزی ڕۆژئاوادا بوون، هەوڵدان بۆ مودێرنیزەکردنی کۆمەڵگاکان لە دەلاقەیەکی ڕۆژئاواییەوە دەست پێ دەکا و بەم شێوەیە کێبڕکێیەکی ئیدیۆلۆژیەک بۆ پەرهەستاندی نفووزی سیاسی و کلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو دوو جەمسەرە بە شێوەیەکی سیستماتیک و و لەپساننەهاتوو دێتە ئاراوە و پانتایی هەموو دنیا دەگرێتەوە.

نوختەی هاوبەشی ئەو دوو جیهانبنییانە لەوەدا بوو کە هەر دووک ئیدعای جیهانشموولبوونیان دەکرد و هەر دووک لا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە حەقیقەتی موتڵەق لە لای ئەوانە و سەرئەنجام هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە هیچ ڕێگایەکیان لەبەر نەمابێ لەو زیاتر کە بۆ پێشکەوتن و ئاشتی و ئاسایش، بەختەوەری و حەقیقەت هەر دەبێ ئەو ڕێگا و رەوتی گەشەکردنە بپێون کە لە ڕۆژئاوا (بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) و یاخود لە یەکێتی سۆڤییەت هاتووەتە ئاراوە. بە واتایەکی تر  ئەو دوو ڕەوەتە وەک ڕەوتگەلێکی هێژمونیک، و جیهانشموول لە هەموو شوێنێکی ئەو دونیایە بەشێویەکی یەکسان، ساختاری و بە یەک ئیونفۆرم لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتووری خۆیان دەردەخەن و سەرئەنجام هەموو مرۆڤایەتی نەرخ و بایەخ و پێوانەکانی ڕۆژئاوای کاپیتالیستی لیبرال دیموکراتیک یاخۆ سۆسیالیستیی یەکێتی سۆڤێت لە باوەش دەگری و بەو شێوەیە سەرجەم ئەرزش و پێوانەوە و کەلتوور و بایەخە کۆنباوەکان مەحکوم بە نەمانن و لەناو دەچن. ئەو بۆچوونە لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی لە ڕاستیدا  چ لە ڕۆژئاوا  و چ لە بلۆکی سۆسیالیستیدا بەرەبەرە دەخزێتە نێو سیاسەتی ئەو دوو بلۆکەوە بۆ ئەوە کە هێژموونی سیاسی، کەلتووری و نیزامیی خۆیان بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنن.

کەچی لە ساڵەکانی ٧٠ی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک لە بیردۆزان و ئەندیشمەندان بەو ئاکامە دەگەن کە هەردووک لەو جیهانبینییانە لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی تێگەیشتنێکی ریالیستیان نییە. ئەو بیردۆز و ئەندیشمندە نوێ باوانە کە بە پوست مودێرنیستەکان ناسراون، لە راستیدا جیهانشموولبوونی ئەو بۆچوونانە دەدەنە بەر ڕەخنە و بەو ئاکامە دەگەن کە حەقیقەتێک کە لەسەر ڕاشێونالیزمێکی جیهانشموول دامەزراوە لە ڕاستیدا نە تەنیا حەقیقەتێکە کە هەیە و نە ئەوەند جیهانشموولیشە کە ئەوان ئیدعای دەکەن و لەوش گرینگتر جیهانشموولبوونی ئەو ڕاشیونالیزمەش کە تاقانە حەقیقەتی لە سەر دامەزراوە بڕی بە جیهانشموولییەوە نییە. بە باوەڕی ئەو بیردۆزانە کاتێک بە وەردی سەرنج دەدیە ئەو زانست، شناخت، راشیونالیزم و حەقیقەتە کە وەک جیهانشموول چاوەڕیی لێ دەکرێ، لە ڕاستیدا هەڵقوڵاو لە کۆنتیکستیک و مێژوویەکی تایبەتین و لە کلتوورێکی تایبەتیدا کە لە خزمەت قازانج و بەرژەوەندییەکی دیاریکراودان، سەریان هەڵداوە، جا بۆیە ئەو تێگەیشتن و ڕەوتە هێژمۆنیخوازانە لەسەر کۆمەڵگا، مرۆڤ و داهاتوو بۆ خۆداسەپاندن بەسەر کۆمەڵگا مرۆییەکان، هەر چەشنە خۆنیشاندانێکی نامۆ لە بە ڕواڵەت ئیدعا جیهانشموولییەکاندا ڕەت دەکەنەوە، سەرکۆتیان دەکەن و ناچارن لەسەر ڕێگای خۆیان وەلایان بنێن. پوست مودێڕنەکان بە سەرەنجدان بە جیاوازی لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤی بەو ئاکامە دەگەن کە بوونی یەک حەقیقەت نامومکینە و دەرک و شناختی مرۆڤ لە حەقیقت و رزگاری و بەختەوەریی بەستراوەتەوە بەو کۆنتیکست، کەلتوور و شوێن و مێژوویە کە مرۆڤ تێیدا دەژی، هەر بۆیە لایان وایە ئەو جیهانبینی و ڕەوتانە کە ئێدعای جیهانشموولیان کردووە، سەرچاوەی پێکهێنانی سیاسەتێکی موزمنی راسیستی و ماڵوێرانکەر بوون کە شەڕ و پێکدان و کوشتاری بە ملێونان مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.[3]

هەرچەند پۆست مودێڕنەکان هەلێکی تریان ڕەخساند بۆ تێگەێشتنی مرۆڤ لەسەر دونیای دەوروبەری خۆیان، لێ بە رووخانی دیواریی برلین، جاریکیتر جیهانبینی لیبرال دێموکراسی کاپیتالیستی خۆی لە بازنەی ڕەخنەی پۆست مودێرنیزم دەرباز دەکا. بیردۆزی ئەمریکای فۆکۆیاما (١٩٩٢ ) بەدوای ڕووخانی دیواری برلیندا، بەو ئاکامە دەگا کە خەبات و پێکدادان بۆ کۆمەڵگایەکی ئیدئال کۆتایی پێ هاتووە و بانگەشەی “کۆتای مێژووی” کرد. فۆکایاما تێکڕمانی جیهانی سۆسیالیستی وەک بەڵگەیەکی بەهێز بۆ دروست  تێگەیشتنێکی کاپیتالیستی و لیبرال دێموکراتیک لەسەر جیهان و کۆمەڵگا و مرۆڤ زانی. ئەو  لای وا بوو کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی ئیجگاری هیچ ڕێگایەکی نەماوە لەوە زیاتر کە دەستەملانی جیهانبینی لیبرالی بێ.[4] هەر لەو چوارچێویەدا و لە سەروبەندی هاتنە کایەی بیری فۆکۆیاما، ڕوشنبیرێکی ئەمریکای بە ناوەی هانتینگتن (١٩٩٦) باس لە پێکدادانی شارستانییەتەکان دەکا. ئەو لای وابوو کە ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا لە سەراسەری دونیادا وەک یەک دووپات نابێتە و هێژموونی رۆژئاوا دەستەبەر ناکا، لێ “پێکدادانی شارستانییەتەکان”ی لێ دەکەوێتەوە، پێکدادانێک کە زۆر جار لەوێدا تەمەدونی ڕۆژئاوا بە شێویەکی دوژمنکارانە لە هەمبەر تەمەدونەکانی تر ڕادەگیرێ و ئاکامی ئەو دوژمنکارییە ئەوەیە کە سەرئەنجام بۆ ئەوە کە ڕۆژئاوا تەمەدونی خۆی بپارێزی، دەبێ سەرجەم تەمەدونەکانی تر  بەچۆک دابێنێ و لە سەر ڕێی خۆی لابدا.[5]

لە ٢٠ ساڵی رابردوودا دیسانەوە لە کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیری و زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژئاوا و جیهانی سێهەمدا باسێکی تازە هاتووەتە ئاراوە کە لە باتی سەرنجدان بە ئیدعا و نوڕم ئابستراکتەکان و تێگەیشتنە جیهانشموولییەکان، زۆرتر سەرنج دەدەنە ڕۆڵی کەلتوور و دابونەریتێک کە کۆمەڵگا مرۆڤییەکان هەیانە و قسە لە کاردانەوەی ئەو کەلتوور و دابونەریتانە دەکەن لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگاکاندا. ئەو بیردۆزانە هەرچەند لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕۆژئاوا وەک ناوەندی سەرەکی ئاڵوگۆڕە مودێرنەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، کلتووری و فەلسەفی دەتوانی وەک دەلاقەیەک بۆ بەراوەردکردنی گەشە و پێشکەوتنی وڵاتانی تر کەڵکی لێ وەربگیری، لێ هیچ کۆمەڵگایەک پێویست ناکا کە دروست ئەو ڕێگا و ڕەوتە بۆ پێشکەوتن، سوبات و ئاسایش و بەختەوەری بگرێتە بەر کە ڕۆژئاوا لە خۆی نیشان داوە، بەڵکوو هەر کەلتوور و کۆمەڵگایەک دەتوانی بە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی کە لە مێژوو و کلتوور و دابونەریتیێکی تاێبەتی ڕا سەرچاوە دەگری لەو نۆرم و پێوانە و بایەخانەی رۆژئاوا وەرد بێتەوە، لێکی بداتەوە و ناوەرۆک و فورمی پێ بدا کە گونجاوی کۆمەڵگای خۆی بێ.[6]

 ئاکامی ئەو بیرکردنەوانە لەسەر کۆمەڵگایەکی ئیدئال کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەی پێ کرا، لە ڕاستیدا بە ئێمە دەڵێت کە جیهان  بە دوای شەڕی سارددا نەتەنیا تووشی ئاڵۆزییەکی بەرچاو لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بووەتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی لەگەڵ گرفتێکی جیددی لە تێگەیشتن لە خۆی و جیهانی دەوروبەری خۆی دەستەو یەخە بووە. ئەگەر لیبرالیزم و مارکسیزم وەک دوو ئیدیۆلۆژی کە بە لانی کەمەوە لە سەد ساڵی رابردوو دا تێگەیشتنی مرۆڤ لەسەر جیهانی دەوروبەری خۆیان دەستنیشان دەکرد و ئەگەر ناوئاخنی ئیدئۆلۆژیکی شەڕی سارد بوون لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و بەشی هەرە زۆری جوگرافیایی سیاسی جیهان مەیدانی ململانێی ئەو دوو ئیدیولۆژییە بوو، بەڵام بە لەبەریەکبلاوبوونی سیستەمی دوو جەمسەری و تێکقرمانی جیهانبینیی سۆسیالیستی و هەروەها بە نەزۆک مانەوەی نەزمی نوێ جیهانی و کەمڕەنگبوونەوەی پێوانە و بایەخەکانی کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک، سیاسەتی نێوەدەڵەتی تووشی ئاڵوگۆڕی چاوەڕوانکراوی مەزن هاتووە، هەم لە باری باڵانسی هێز و هەمیش لە باری دیاریکردنی ئاسۆی پێوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژییەوە. بە واتەیەکی تر حەقیقەتێک کە مرۆڤ پێی وابوو دۆزیویەتەوە، هەو نەبووە و دەبێ بەشوێن شتێکی تردا بگەڕێ.

ئاکامی ئەو دوودڵی و ڕاڕاییە لەسەر کۆمەڵگا مرۆڤییەکان و هەروەها لاوازبوون و یاخود بە گۆمانبوون لەسەر جیهانشموولبوونی بایەخ و پێوانە و شێوازی ژیانی ڕۆژئاوا دەرەتانێکی خۆڵقاندووە کە کۆمەڵگاکانی تر و هەروەها کەلتوور و دابو نەریتەکانی تریش پاش شەڕی سارد پتر لە هەمیشە بکەونە هەوڵی ئەوە کە تێگەیشتنێکی خۆماڵیانەیان لەسەر کۆمەڵگا، ئاشتی و ئاسایش بخەنە ڕوو و لە کردەوەدا جێ بە تێگەیشتنی ڕۆژئاوای لێژ بکەن و یاخود لە هەمبەریدا بکەونە ململانی و پێکدادان.

لەسەر بنەمای ئەو لێکدانەوە هەوڵ دەدرێت کە هەرچەند بە کورتیش بێ، ڕەنگدانەوەی ئەو قەیرانە و لەرزۆکبوونە لە ژێرخانی ئیدئۆلۆژیکیی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە سیاسەتی دەرەوەی زلهیزکانی پێوەندیدار بە کێشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شی بکەینەوە و جێگا و ڕۆڵی ئەو زلهێزانە تاوتوی بکەین کە لە هەوڵ و تەقەللادان کە قورسایی خۆیان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دیاری بکەن.

(٣) ئەمریکا و نەزمی نێودەوڵەتی پاش شەڕی سارد
لە ساڵی ١٩٨٩دا دیواری “برلین” دەڕووخێ و لە هاوینی ١٩٩٠دا پەیمانی “وەرشۆ” لێک هەڵدەوەشێتەوە. چی وای پێ ناچی کە لە ٢ی ئوکتۆبری ١٩٩٠دا دوو لایەنی ئاڵمان یەک دەگرنەوە و کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک لە ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە پێکانی مەبەستەکانی لە هەمبەر  جیهانی سۆسیالیستیدا بە ڕێبەرایەتی یەکێتی سۆڤییەت هەست بە سەرکەوتن دەکا. پاش ساڵێک ئەمریکاییەکان قۆڵی لێ هەڵدماڵن و لە هێڕش بۆ سەر کوێت بە مەبستی ڕزگاری لە دەست هێزکانی “سەدام”، تەوەرەی ‘”نەزمی نوێی جیهانی” دێننە مەیدانی سیاسی و بیرکردنەوە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. لەو باس و خواس و تێڕۆانینانەدا هەتا دێ، ڕۆڵی هێژموونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا زیاتر زەق دەکرێتەوە. لە ٣١ی دێسامبەری ١٩٩١دا سەرەنجام  یەکێتی سۆڤییەت لێک بڵاو دەبێ و کاپیتالیزمی دێموکراتیک بەسەر سۆسیالیزمی مارکسیست لێنینیستی دا سەردەکەوێ و بەم شێوەیە نەزمی بی پولێر یا خود دوو جەمسەریی کە بەرهەمی شەڕی ساردبوو، هەرەس دێنێ!

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا وەک یەکەمین زلهێزی جیهانی دەکەونە مانۆڕێکی سیاسی، نیزامی و دیپلۆماسی بەهێز بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە توانای ڕێبەرایەتی جیهانی پاش شەڕی ساردیان هەیە. هەر بۆیە ئەوان بۆ نیشاندانی توانستەکانیان، ئامادەبوونیان بۆ دەستێوەردان لە ناکۆکی و کێشەکانی جیهانش ناشارنەوە و لە زۆربەی شەڕەکانی ساڵەکانی ١٩٩٠ هەتا سەرەتای دەسپێکی سەدەی ٢١مدا، ڕۆڵی ڕێبەریی خۆیان دەنوێنن. بە کورتی، لەو سەردەمەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو هێز و توانایییەکانی خۆیان بەکار هێنا هەتا بتوانن هێژموونی خۆیان بچەسپێنن. هێژموونێک کە لەسەر بنەمای بایەخ و پێوانەکانی وەک دێموکراسی، ئازادی، بازاڕی ئازاد و ئابوورییەکی ئازادی جیهانی وەک تایبەتمەندییەکانی نەگۆڕی جیهانشموول بۆ ڕێکخستنی پێوەندییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبوو دابمەزرێ و جی پێی دەوڵەتە توتالیتێرەکان لە سەراسەری دونیادا لە ژێر تەوژمی ئەم ڕەوتە خاڵی بکا و بەم شێوەیە کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک دەبوو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کەلتووری مرۆڤایەتی بگرێتە بەرخۆ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیربوونی ئەو بایەخگەلە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە رزگاریی ئیجگاری بگا. هەر بەو پێودانگە لە ڕوانگەی نەزمی نوێ جیهانی ئەمریکاوە سەردەمی ڕژیمە دەسەڵاتخوازەکان و کۆمەڵگا داخراوەکان بەسەر چووە. “بووش”ی کوڕ لە ڕۆژی هێرش بۆ سەر “تاڵەبان”  لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١، لە وتارێکدا لەسەر ئەو بنەمایە لە سەنای ئەمریکادا دەڵێ: “ئازادی مافی هەموو تاکەکەسێکە و داهاتووی هەموو نەتەوەیەکە”.[7]، بەڵام جارێکی تر دەرکەوت کە راستییەکانی کۆمەڵگا مرۆڤییەکان کەللەرەقتر لەوەن کە دەستەمۆی فۆڕمێکی دیاریکراوی جیهانشموول بن کە لە خزمەت قازانج و بەرژەوەندیگەلێکی تایبەتی دایە، هەر بۆیە درێژەکێشانی شەڕ، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە ئاڵۆزەکانی دونیا بە گشتی و لە عێراق و ئەفغانستاندا بە تایبەتی هیچ دەراوێکی ڕوونی بۆ ئەمریکاییەکان نەهێشتەوە کە سیاسەتی سەقامگیرکردنی نەزمی نوێی جیهانی و داسەپاندنی هێژموونی خۆیان بە سەرکەوتنەوە جێبەجێ بکەن و گوتاری نەزمی نوێی جیهانی لە ڕۆژەوی سیاسی هاتەدەر و بەو پێیە سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی ئەو نەزمە بە نەزۆکی ماوە و بەرەبەرە لەبیر چووەوە.

بە هاتنە سەرکاری “ئۆباما” وەک سەرککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان رەسالەتی مێژووی ئەمریکاییەکان کە هەمان خۆڵقاندنی دنیایەکی ئازاد، دێموکراتیک و کاپیتالیستی بە ڕێبەرایەتی خۆیان بوو، کەمڕەنگ دەبێتەوە و لەژێر ئاسەواری سیاسەتی نەزمی نوێ جیهانیدا ململانێ بۆ گوزار بۆ نەزمێکی چەند جەمسەری دەست پێ دەکا و نوێنگەی باڵانەوێنی ئەو ململانێ دیسانیش ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ.

لە هەلومەرجێکی ئەتۆدا تێڕۆانین لەسەر ڕۆڵی وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمریکا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە نێوخۆی ئەمریکا و لە بەشەکانی تری دونیا دەبێتە جێی باس و دەمەقاڵە. لە ڕۆژئاوا بە گشتی و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵەکانی ١٩٩٠ بەولاوە بە تایبەتی  هەروەک لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەی پێ كرا، ڕوانگەیەک هاتە ئاراوە کە بۆ پرکردنەوەی بۆشایی نەبوونی ژێرخانێکی ئێدیۆلۆژیک هەوڵی دەدا. ئەو بیرۆکەیە بریتی بوو لە ” پێکدادانی تەمەدونەکان”. ئەو ڕوانگەیە تەقەللای ئەوە بوو کە ژێرخانی ئیدئۆلۆژیکی پێوەندی ڕۆژئاوا لە گەڵ دونیا لەسەر بنەمای “پێکدادنی تەمەدونەکان” دابڕێژرێتەوە. ئەو لێکدانەوەیە بەڕوونی تەمەدونی مودێڕنی ڕۆژئاوای لە هەمبەر بەڕواڵەت تەمەدونەکانی چینی و ئیسلامی ڕاست کردەوە. لێ ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە هەتا دێ بۆچوونێکی ریالیستی لەسەر ڕۆڵ و جێگای ئەمریکا لە دونیای ئەمڕۆدا پەرە دەستێنی. لە ڕوانگەی ڕئالیستەکاندا قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە مانای پاراستن و ڕاگرتنی سنووری جوغرافیایی و سەربەخۆیی سیاسیدا خۆ دەنوێنێ و بە گرینگترین ئەرکی دەوڵەت لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا حیساب دەکرێ، کە ئەم ئەرکەش تەنیا لە ڕێی پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی گەورە و سازدانی هاریکاری و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا مسۆگەر دەکرێ بۆ ئەوەی کە بەر لە شەڕ و پێکدادان بگرێ. لەم چوراچێوەیەدا رئالیستەکانی ڕۆژئاوا بەو باوەڕە گەیشتوون کە دەبێ ڕۆڵ و جێگای زلهێزە جیهانی و ناوچەیەکانی تر لەبەر چاو بگیرێ و هەر لەو کاتەدا پارسەنگی هێزەکان بەجۆریێک شکڵ بگرێ کە جێگاو ڕۆڵی ڕۆژئاوا گرینگی خۆی لە دەست نەدا.

بە هاتنەسەرکاری “ترامپ” دەبینین کە بۆچوونی رئالیستی هەتا دێ سەقامگیرتر دەبێ. لە لایەک بەهێزکردنی نەهادە نیزامییەکان و نوێژنکردنەوەی سوپای ئەمریکا لە دەستووری کار دایە و لە لایەکی ترەوە ئەمریکاییەکان لەسەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان خەریکن چاو بە پێوەندییەکانی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەهێننەوە.[8] هەر لەو کاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەمریکاییەکان ڕادەگەیەنن کە چیتر بەتەما نین کە شێوازی ژیانی خۆیان و دێموکراسی بە دنیادا بڵاو بکەنەوە. لە ڕۆژی دووشەمە ٢١ی ئاگۆستی ٢٠١٧ سەرککۆماری ئەمریکا “ترامپ” لە پەیامێکدا لەمەڕ ستراتیژیی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەم شێوەیە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمریکای درکاند: “ئێمە جارێکی تر خۆمان بە نەتەوە سازکردن خەریک ناکەین. ئێمە خەریکی کوشتنی تیرۆریستەکانین. ئێمە چیتر نامانەوێت کە هێزی نیزامیی ئەمریکا بۆ سازکردنی دێموکراسییەکان لە وڵاتانی دوور لە ئێمە بکار بهێنین و یاخود هەوڵ بدەین کە وڵاتان ساز بکەینەوە بەو جۆرە کە خۆمان گەرەکەمانە… و ئێمە داواش لە کەس ناکەین کە شێوازی ژیانی خۆیان بگۆڕن”.[9]

(٤) روسیە

بەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتدا، ڕۆژئاوا پێ وابوو کە روسەکان لە ژێر وێرانەکانی ئەو ڕوخانەدا ناتوانن پشت ڕاست کەنەوە وبەرە بەرە  وەک لایەنی سەرەکی دۆڕاوی شەڕی سارد دەستەمۆ و گوێڕاێلی شەرت و مەرجەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا دەبن. لێ  ڕوسەکان پاش ئەوە کە لە شۆکی تێکڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت خۆیان ڕزگارکرد، توانیان بە ڕێبەرایەتی “پووتین” بە خۆیاندا بێنەوە و داواکاری ئەوە بوون کە وەک زلهێزێک کە دووهەمین هێزی ئەتۆمیی دنیایە، پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و رێز لێ بگرێ. هەر لەو کاتەدا روسەکان خوازیاری ئەوە بوون کە بەرەبەرە وەک ئەندامێکی بنەماڵەی “ناتۆ” و لە دواتردا ئورووپا قەبووڵ بکرێن، کەچی ئەمریکا و یەکێتی ئورووپا بە نفوزکردنە وڵاتانی سەربەخۆی پاشماوەی یەکێتی سۆڤییەت کە لە باری مێژووییەوە حەوزەی نفووزی سیاسی روسەکان بوون، لە کردەوەدا ویست و ئارەزووەکانی روسەکانیان وەپشتگوێ خەست، چونکە هیوادار بوون بەوە کە ئەوان دەتوانن روسیە لە ئاخردا بە چۆکدا بێنن. لێ بەرهەڵستیی ڕوسیە لەهەمبەر ئەو سیاسەتە بەتایبەتی لە ناوچەکانی قەفقاز و هەروەها لەو ساڵانەی دواییدا لە ئوکراین و پاشان خۆتێوەرادنی لە شەڕی سوریەدا دەریخست کە حازر نییە وا بە سانایی ملکەچی ئەمریکاییەکان بێ. بەو چەشنە روسیە بەو قەناعەتە گەیشتەوە کە ئەو وڵاتە شوێن و دەوری یەکێتی سوڤییەتی لە ئاستی جیهانیدا بۆ پڕ نابێتەوە، بەڵام وەک زلهێزێکی ناوچەیی لە ئاسیای ناوەندی و رۆژئاوای ئورووپادا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ کایە بکا و بە هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەکانی تر پەل بکێشێتە ناوچەگەلێکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەو چەشنە لە ئاستی جیهانیدا ڕۆڵی زلهێزێک بەخۆیەوە بگرێ. پاش ئەو بەرنگاربوونەوەی روسەکان ئێستا رۆژئاوا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو زلهێزەدا لەسەر دووڕێیانەیەک ڕاوەستاون. دووڕێیانەیەک کە داخوا  دەبێ روسیە بخرێتە ژێر گوشارەوە و تەریک بکرێتەوە هەتاکوو بیروڕای رۆژئاواییەکان لەسەر نەزمی ناوخۆ و جیهانی قەبووڵ بکا؟ ئاخۆ فەزایەک بۆ پرۆسەی سیاسی ماوە کە  پێش بە نامۆبوونی دوولایەنە بگرێ یا بە لانی کەمەوە ئێشەکەی کەمتر کاتەوە لە هەوڵ بۆ گەیشتن بە کۆنسیپتیکی هاوبەش لەسەر نەزمی جیهانی؟[10] ئایا سنوورەکانی روسیە دەبێ ببنە هێڵێکی ناکۆکی و پێکدادان، یاخود دەکرێت ببنە ناوچەیەک بۆ هاوکاریی پێکەوبوونێکی ئاشتیخۆازانە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا کێشەکانی ئوکراین و سوریە بە باشی مەبەستی روسەکان دەردەخا. ئەوان بۆ بەدستهێنانەوەی جێگا و ڕۆڵی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر جیددین و تا ئەو جێگایە کە دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژئاواییەکان و بە تاێبەتی ئەمریکاییەکان، ڕوون نییە کە چلۆن لە گەڵ ڕوسیەی ئەو سەردەمە مامەڵە دەبێ بکەن.[11] روسەکان بەتەما نین نوێنەرایەتی هیچ جیهانبینی و تێگەیشتنێک بکەن کە جیهانشموول و هێژموونیخواز بێ. بەردی بناخەی سیاسەتی روسەکان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمای ڕیزدانان بۆ نەتەوە و دەوڵەتی روسیەیە کە لە باری مێژووییەوە هەڵگری کلتوورێکی دەوڵەمەندی تایبەت بەخۆ و خاوەنی ڕۆڵێکی مێژووییە لە سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش و تەباییدا لە دونیا. ڕیزگرتن و قەبووڵکردنی کلتوور، ڕۆڵ، قازانج و بەرژەوەندییەکان و قودرەتی روسیە پەیامی سەرەکی روسەکانە لە مەیدانی ململانێی جیهانی ئەمڕۆدا.

(٥) چین

وڵاتی چین خاوەنی هێزێکی لەسەریەک کەڵەکەبووی گەورەی ئابووری، سیاسی، نیزامی بە حەشامەتێکی زیاتر لە یەک میلیارد مرۆڤەوە کە دەتوانێ لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ. ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە سەردەمی شەڕی سارددا، خاوەنی نەریتێکی دوورودرێژ بوو کە ڕۆڵێکی چالاک وەئەستۆ نەگرێ. هەرچەند چینییەکان هیچ رساڵەتێکیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەرزش و پێوانەو نۆرمەکانی ژیانی خۆیان لە جیهاندا نییە، بەڵکوو زۆرتر باوڕیان بە رێزلێنان لە قاتبەندیی قودرتە و هەوڵ دەدا وڵاتانی تر هان بدا کە لەسەر ئەساسی ڕێز بۆ جێگا و ڕۆڵی چین لە دنیای سیاسی و ئابوورییدا، پێوەندییەکانی خۆیان دابڕێژن و جێگا و ڕۆڵی خۆیان دیاری بکەن. لەو ساڵانەی دواییدا وا وێدەچێ کە چین رۆڵ بۆ چالاکبوونی زیاتر لەو بوارەدا بگێڕێ تا وەک هێزێکی بەرهەمهێنەری جێگای متمانە ڕێز و پرستیژ  بۆ پێشەنگبوونی خۆی بەدەست بهێنی. چین ئێستا هێڵێکی دوورودرێژی سیاسی، ئابووری، کلتووری و ئەمنییەتی لە رۆژهەڵاتی دریای چین را تاکو کانالی ئەنگلیس بڵاو کردووەتەوە. چینییەکان خەریکن بە زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاوریشم لە ڕێگای ئاسیای ناوەندییەوە خۆ بگەیەننە ئەرووپا و لە ڕاستیدا ڕێگای ئاوریشم دەتوانێت ناوەندی ئابووریی و سیاسی لە ئەقیانووسی ئاتلانتیکەوە بگوێزێتەوە بۆ ناوچەی بەربڵاوی ئێرۆ-ئاسیا.[12] ڕێگایەک کە لە جەرگەی دەیان نەتەوە و کلتوور، ئایین و نەهاد و دەوڵەتی نەتەوەییەوە تێپەڕ دەبێ. لێرەشدا ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکاییەکان بە تایبەتی لەسەر دووڕێیانەیەک ڕاوەستاوەن کە چڵۆن لەگەڵ ئەو دیاردەیە هەڵسوکەوت بکەن. ئایا ئەمریکا کێشەیەکی ئیدیۆلۆژیکی لەنێوان خۆی و “چین”دا دروست دەکا و خوازیاری ئەوە دەبێ کە چین ملکەچی نۆرم و بایەخەکانی ژیانی ڕۆژئاوا بێ؟ یاخود لە بازاڕی ئازاددا دەکەوێتە کێبڕکێیەکی ئابووری بۆ وەدەستخستنی بازاڕەکان؟ لێرەدا ڕۆڵی ئورووپاییەکان زۆر گرینگە کە داخوا بە تەمان شانبەشانی ئەمریکا لە هەمبەر “چین”دا ڕاوەستن یاخود سەربەخۆ لەو وڵاتە پێوەندییەکانیان لەگەڵ چین درێژە پێ بەدەن. ئەوەی کە ڕوونە هەستی متمانە بەخۆ بوونی چینیەکان لە ئێستا دا لەو پەڕی خۆێدایە، کەچی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتاێبەتی لە گۆمان و دوو دڵیدا گیریانکردوە.

(٦) یەکێتی ئورووپا

ئورووپا وەک سەرچاوەی ئەسڵی بیر و ئەندێشە و جیهانبینییە مودێرنەکان، لە هەموو بوارە جوراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەلسفی و زانستی لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی ناوەندی لە داڕشتنەوەی کۆمەڵگا مودێرن و پێشکەوتووەکان و هەروەها لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کایە کردووە. لەو سەردەمەشدا لە باری ئابووری و تەکنەلۆژیی پێشکەوتووی سەردەم وەک زلهێزێکی جیهانی لە بازاڕی ئابووریدا خەریکی ململانییەکی بە‌هێزن، بەڵام لە باری سیاسی و سەربازییەوە خاوەنی ڕۆڵێکی ئەوتۆ نین کە لە هەمبەر ئەمریکا، چین و یاخود روسیەدا بە تەنیا بێنە کایەوە، هەر بۆیە وڵاتانی ئورووپایی بەبەردەوامی لە بەهێزکردنی ناوەندەکانی یەکێتی ئورووپادان کە هەم لە باری سیاسی و ئابوورییەوە و هەم لە باری سەربازییەوە جێ و شوێنی خۆیان دیاری بکەن. هاتنەدەری بریتانیا لە یەکێتی ئورووپا گورزێکی قورس بوو لە جەستەی یەکێتی ئورووپا کەوت کە لە لایەن کۆماریخوازەکانی ئەمریکاوە پێشوازی لێ کرا. هۆکارەکەش زۆر روون بوو، بوونی ئورووپایەکی بەهێز دەتوانێت مەیدانی مانۆر بۆ سەربەخۆبوونی ئورووپا لە  سیاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر بکا. هەڵویستی “ترامپ” لەسەر “ناتۆ” و هەروەها گرژی و ئاڵۆزیی پێوەندییەکانی نێوان ئورووپا و ئەمریکا لەو سەردەمەدا وای کردوەو کە وڵاتانی ئورووپایی بۆ یەکەم جار پاش شەڕی دووهەمی جیهانی باس لەو دەکەن کە ئورووپا دەبێ خۆی لە ژێر سێبەری سیاسی و نیزامی ئەمریکا دەرباز بکا. لە  ئاخر و ئۆخری ژانویە ٢٠١٧ لە نامەیەکی سەرئاواڵە کە بۆ ٢٧ ئەندامی یەکێتی ئورووپا نووسراوە، “دۆناڵد تۆسک” رئیسی شورای یەکێتی ئورووپا بۆ یەکەم جار سیاسەتەکانی سەرککۆماری نوێ ئەمریکای لە ریزی ئەو مەترسییانە دانا کە هەڕەشە لە یەکێتی ئورووپا دەکەن.[13] هەڵوێستێک کە نیشان دەدا کە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانە مێژووییەکانی وەک “ناتۆ”ش لەو سەردەمەدا دەتوانن بکەونە مەترسییەوە. هەر لەو پێوەندییەدا سەدری ئەعزمی ئاڵمان خانمی “مێرکڵ” لە سەر سەربەخۆیی ئورووپا پێداگری کرد و لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لەمەڕ یەکێتی ئورووپا و کێشە جیهانییەکاندا ئاماژەی بەوە کرد کە ئورووپا دەبێت زۆرتر لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت. بۆچوونێک کە هەتا دێت زیاتر لە هەمیشە لە بیروڕای گشتی و هەروەها لە ناو رێبەرانی سیاسیی ئورووپادا بەهێزتر دەبێ. لێ داهاتووی ئورووپا جیا لە هەڕەشە و مەترسییەکانی دەرەکی، لە لایەن هێز  و جوڵانەوە ڕاستگەراکانی نێوخۆی وڵاتانی ئەو یەکێتییەشەوە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە بەهێزبوون دان و دژ بە سیاسەت و ئیدئالەکانی یەکێتی ئورووپان، کەوتووەتە مەترسییەوە. ئورووپاییەکانیش بەرەبەرە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دان بە جیاوازییەکاندا بێنن و بە ڕێزەوە لەگەڵ جیهانبینی و کولتوورە جیاوازەکاندا هەڵسوکەوت بکەن و چیتر وەک جاران خەریکی بەڕێکردنی شێوازی ژیانی خۆ بۆ دەرەوە نەبن.

(٢) رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و قەیرانی هووییەت

١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دۆڕاوی سەرەکی شەڕی یەکەمی جیهانی نەتەنیا لە باری نیزامی و سیاسییەوە لەبەر یەک هەڵتەکا، بەڵکوو لە باری هووییەتیشەوە لە قەیرانێکی ماڵوێرانکەردا چەقی بەست کە تا ئەوڕۆ هەر درێژی هەیە. زلهێزەکانی فەرانسە و بریتانیا کە لایەنی سەرکەوتووی ئەو شەڕە بوون، کەوتنە دابەشکردنی لەگۆترە و ڕەمەکی سەرجەم ئەو ناوچانە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوریی عوسمانییەکان و پادشاکانی ئێراندا بوون. ئەو زلهێزانە کە نوێنەرانی سیاسەتێکی کلونیالیستی سەردم بوون، بە زاڵبوونی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆی خۆیان بەسەر سەرچاوەکانی ئابووری و بازاڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و هەروەها ڕێخۆشکردن بۆ داسەپاندنی ساختارگەلێکی کۆمەڵایەتی-کلتووری و سیاسیی رۆژئاوایی لە ڕێگای ڕێبەرانی سیاسی و نوخبەگانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووریی تازە پێگەیشتووی ناوچەدا، و بگرە جموجۆڵی بەلێشاوەی مسیونێڕە مەزهەبییەکان، خەریکی داڕشتنی ساختارگەلێکی نوێ لە ڕاستای قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەست پێ کرد. تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی ئەو سیاسەت و ئاڵوگۆڕانە ئەوە بوو کە لە کردەوەدا ململانییەک ساز کرا کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی شەرت و مەرجەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کلتووریی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە دەبوو لە ڕێگای لە مەیدان بردنەدەری دابونەریتەکان و باوڕ و ئەرزش و بایەخەکانی کە کۆمەڵگاکانی لەسەر ڕاوستابوو، ڕێگا بۆ پێشکەوتن و گەیشتن بە دونیایەکی مودێرن خۆش بکرێ.

هەر بۆیە دەبوو دوکتورینێکی نوێباو بێتە ئاراوە کە میراتی چەندسەد ساڵەی ئیسلامی لەبیر بەرێتەوە و لە جێگای ئەو سێمبولگەلێکی تازەی هووییەتی کلتووری بێتە بازاڕەوە بۆ دەوڵەتە مودێرنەکان و هووییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک لەگەڵ هووییەتی رۆژئاوایی پێک بگەن، هەر بۆیە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ بەولاوە دەبینین کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پرینسیپەکانی مشروعەییەتی سیاسی و سیمبولەکانی هووییەتی کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەکی خێڕا دێنە ئاراوە. پێناسەکردنی کۆمەڵگای سیاسی لە کادریەکی ئیسلامی و کلتووری کۆمەڵگاکانی ناوچە ڕا بەرەوە کادریەکی ناسیۆنالیستی ڕوو بە بایەخ و پێوانەکانی رۆژئاوایی گۆڕدرا. لەو پرۆسەیەدا هەوڵ دەدرا کە لە لایەکەوە ڕۆڵی مەزهب و ئایین  بەتەواویی لەکەڵک بخەن و لە لایەکی ترەوە دابونەریتەکانی دەورانی پێش ئیسلام لەگەڵ کلتووری رۆژئاوایی تێکڵاو بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕوایەکی سیاسی تازە و  هووییەتێکی گشتی  بۆ خەڵک.[14] لەو هووییەتە یەکدەستە نوێیەدا هیچ جێگایەک بۆ پلۆرالیزمی سیاسیی و کلتووری نەبوو و هەر فۆرمێکی جیاوازی ئیتنیکی، ئایینی، کلتووری و سیاسی تر کە لەگەڵ سیاسەتی گشتی دەوڵەتانی تازەدا نەهاتبانەوە، زۆر بە سانایی حاشایان لێ دەکرا و لەو جێگایانە کە پێویست با، بە زبر و زەنگی خوێناوی سەرکوت دەکران. سەرجەمی ئەو ئاڵۆگۆڕانە خاوەنی ئەو ژێرخانە ڕۆشنبیری، زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییانە نەبوون کە بتوانن لە راستیدا ئەو نۆرمە کلتوورییانە، ساختارە کۆمەڵایەتی و پێوەندییە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگایانە تووشی ئاڵۆگۆڕیکی بنەڕەتی بکەن کە لە خزمەت، ئاشتی، ئاسایش، پێشکەوتنێکی بەردەوام و بنەڕەتیدا بن. قودرتی سیاسی تەژی بوو لە نابەرابەری. دەست پێڕاگەیشتن بە سەرچاوە و کەرەسەکانی ئابووری و سیاسی تەنیا لە دەست کەمایەتییە لە بەڕۆاڵت نوخبەکانی دەستەڵاتداری کۆمەڵگادا بوون کە پێوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیان نەبوو. هەرچەند ڕێکار و کەرسەو ئامرازەکانی موبیلیزەکردنی کۆمەڵایەتی، ڕوو لە گەشەکردن بوو، کەچی خەڵک خاوەنی ئەو ئازادییە نەبوون کە خۆێان بە شێوەیەکی ئۆتۆنۆم سازمان بدەن. ڕێبەرانی سیاسی هەتا دەهاتن لە خەڵک دوور دەکەوتنەوە، چونکە خاوەنی بەرنامە و ئەفکارگەلێک بوون کە نە خۆێان خۆڵقێنەری بوون و هەر بەو پێیەش باشی لێ حاڵی نەبوون و نە لە توانایاندا بوو پاڵپشتێکی کۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێکردنی دروست بکەن. سەرەڕای کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی ئەرێنی و پێشکەوتنێکی نیسبی دەسەڵاتداران هیچ کات نەیانتوانی وەفادارییەکی بەهێز دروست بکەن بۆ دەسەڵات، ڕژیم و ئیدەکانی خۆیان. هەر بۆیە ئەو گۆڕانکارییانە هەتا دەهاتن بە شێویەکی سەرکوتکەرانە و بە زۆرەملی بە سەر خاڵکدا دەسەپێندران.

بە کورتی لەگەڵ هاتنی رۆژئاواییەکان و جیهانبینی و ئیدەکانیانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چەندین دەوڵەتی نوێ  وەک بەرهەمی بڕانەوەی شەڕ و لێک بڵاوبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی و دەستێوەردانی زلهێزەکانی رۆژئاوا (بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان)، پێک دێن. قوتبوونەوەی دەوڵەتی مودێرن وەک شێوەیەکی تر لە بەڕێوەبەرایەتی و سازدانەوەی کۆمەڵگا کە شەرعییەتێکی ئاسمانی نەبوو و تایبەتمەندییەکی سێکولاری لە خۆی نیشان دەدا و هووییەتێکی نەتەوەیی کە چیتر پشتی بە باوڕەکانی مەزهەبییەوە نەبەستبوو، نەتەنیا لە توانایاندا نەبوو کە ئاشتی، ئاسایش، ئازادی، و  بەڕواڵت پێشکەوتن بەدیاری بێنن بۆ خەڵک، بەڵكوو دەوڵەتە مۆدێرنەکان بە چەکی زەخت و زۆر و شەڕ بۆ جارێکی تر دەکەونە تێدابردن و قەڵاچۆکردنی لایەنە دژبەرەکانیان. لەم ڕەوتە نوێیەدا دەسەڵاتدارانی تازەپێگەیشتوو (نیزامییەکان و وردەبەگە بورژواکان) دەکەونە گیانی دەسەڵاتدارە سوننەتیەکان (دەربەگە گەورەکان، ڕێبەرانی مەزەبی و سەرەک عەشیرەکان) و بە زەبری زۆر هەوڵ دەدەن کە مەیدانیان پێ چۆل بکەن. بەکورتی بەدیهاتن و سەقامگیر بوونی دەوڵەتە ئوترێترە مودێرنەکان، ڕێگای هەر چەشنە گەشەکردن و پێشوەچوونێكی  بنەڕەتی لە کۆمەڵگا دەگرن و دەروازەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرەوە سیاسەتی زەخت و زۆر و نەبوونی کەش و هەوایەکی کراوە و ئازاد دادەخەن و ئەم ناوەچەیەی لە قەیرانەکانی دا دەخنکێنێ و ڕێگا بۆ گێرە وکێشەی تازەتر خۆش دەکا و بێ دەرەتانی دەخاتە ڕوو و ڕێچکەی ڕزگاری دەبەستێ.

لەم سەردەمەدا، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کوردستان دەکرێتە چۆار بەش و دابەش دەکرێ. هەر چەند لە پەیمانی ‘سێڤر’ی ساڵی ١٩٢٠دا، ماڤی دیاری کردنی چارەنووسی کورد لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە شێوەیەکی تەماوی، تەمای لە سەر دەگیرێ، بەڵام ئەم بەلێنە لەبەر بەرژەوەندی هاوپەیمانان و کەمتەر خەمی خودی کوردانیش لە بیر دەکرێ. دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان هەر لە سەرەتای ژیانی خۆیانەوە دەکەونە سەرکوت و قەڵاچۆ کردنی نەتەوەی کورد.

لە دەورانی شەڕی سارد، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک ناوەچەیەکی گرینگی ئیستراتیژیک دەبێتە مەیدانی ڕمبازێنی نفووزی سیاسی دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا و هەر چەشنە هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ و چارەسەر کردنی قەیرانەکان لە بازنەی نفووزی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکی ئەم دوو بلۆکەدا قەتیس دەمێنێتەوە. ڕژیمە ئۆتۆریتەرەکان نە تەنیا بوونیان ناکەوێتە مەترسییەوە، بەڵکوو دەسەڵات و هێز و توانستیان بە هاوکاری و لە ژێر کارکردی سیاسی ئەم دوو بلۆکەدا پتر پێ هەڵادەچێ. بە واتەیەکی تر یەکێتی سۆڤێەت و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەرگرتن لە پەرە ئەستاندنی کارکردی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکی یەکتر دەکەونە یارمەتی دانی ئەم ڕژیمانە و بەم شێوەیە ئەو دەوڵەتانە شەرعییەتێکی تر بۆ درێژەی ژیانیان وەردەگرن. بە تێداچوونی بلۆکی سوسیالیستی پارسەنگ ڕاگیرانی دەسەڵات کە بەرهەمی شەڕی سارد بوو، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبرێتەوە و لە ژێر تیشکی ئەم گۆڕانکارییانەدا کێشەی کورد لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریە پێدەنێتە فازیەکیتر لە ژیانی خۆیان و هەر لەو کاتە دا ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بە سەر دا دابەشکراوەن جێگا، ڕۆڵ و گرینگیان لە سیاسەتی ناوچەیدا تووشی ئاڵۆگۆڕ دەبێ.

(٢.١) ئیران
لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێڕان کە یەکێک لە هاوپەیمانە گرینگەکانی وڵاتە یەکگرتووه‌کانی ئامریکا و ڕۆژئاوا بوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگا بۆ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی چۆڵ دەکا و بەو چەشنە پاش حەفتا ساڵ دزه‌کردنی بیر و ئەندێشە و تێگەێشتن و سیاسەتی رۆژئاوا کە لە شۆڕشی مه‌شرووتەوه‌ دەستی پێکرد و لە بەرزە فەری مودێرنخۆازانەیکی سەرکوتکه‌رانەی ناسیونالیزمی فارسی محەمه‌د رزاشا دا ڕەنگی دایەوە بە ڕێگای شۆڕشیک کە بەزووی جڵەوکەی کەوتە دەست ئایەتووڵڵا خومه‌ینی ڕێبەری ئایینی و سیاسی کۆماری ئیسلامی، به‌ربەستکرا. حکوومەتی تازە لە تاران هەر زۆر زوو لە سیاسەتی ڕۆژئاواییەکاندا چۆ دەخانەی گۆمانەوە و بەرەبەرە قەیرانیكی سیاسی، ئابووری و نیزامی و دیپلۆماسی قووڵ بە هێرشبردنە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوا بە گشتی و وڵاتە یەکگرتووه‌کانی ئامریکا بە تایبەتی دەست پێدەکا.

ئێران لە گەمەی خۆی لە گەڵ ڕۆژئاوا زۆر زیرکانە لە کارتی شەڕی سارد کەڵک وەردگرێ و لە دروشمی( نە شەرقی نە غەربی، کۆماری ئیسلامی) هەر دووک لایەنی شەڕی سارد دڵنیا دەکا کە ئێران نابێتە ناوەندی نفووزیی لایەنێک بە دژی ئەوی تر و بەرەبەرە نیزامیکی کۆماری و ئیسلامی دادەمه‌زرێنیت، کە لە جیهانی ئیسلامدا بە گشتی و لە نێو شیعەکاندا بە تایبەتی پرستیژیێکی ئیسلامی دژ بە ڕۆژئاوایی وەدست دەهێنێت و دەسەڵات و نفووزی سیاسی و مه‌عنەوی ئێران لە سنوورەكانى خۆی سنووردار ناكا و ڕەق و بێزاری پنگخۆاردووه‌کانی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە دژی ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەتی لە دژی ئەمریکا بەهێز دەکا. ڕۆژئاواییەکان ئێستا کە دەزانن ئێڕان هەروا بە سانای ناکەوێتە ژێڕ چتری یەکیه‌تی سۆڤێیه‌ت، دەکەونە جموجۆڵی لاوازکردنی ئێران و هێرشی ئێڕاق بۆ سەر ئێران لە ساڵی ١٩٨٠دا هەلێکی باش دەرەخسینێ تا ڕۆژئاوا بە یارمەتی دانی نیزامی و ئابووری ئێراق، کۆماری ئیسلامی وەک نوێنەری ئیسلامی سیاسی بخاتە تەنگانەوە. ئێرانی شەکەت و لاواز لە شەڕی ٨ساڵە لە گەڵ ئێڕاق، هەوڵدەدا کە بەرەبەرە لەبەرزه‌فڕیە ئیسلامییەکانی کەم کاتەوە و دەکەوێتە هەوڵ بۆ ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانی لە گەڵ ڕٶژئاوا.

بەدوای مەرگی ئایەتووڵلا خومەێنی دا، ڕەفسنجانی وەک سەرکۆماری ئێران، لەو ئەرکەدا تا ڕاده‌یەک سەرکەوتوو دەبێت. ئامریکا و ئێران لە سەردەمی سەرکۆماری کلینتون و سەرکۆماری خاته‌میدا دەکەونە چاوبڕکی دیپلۆماسی بۆ ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانیان و بە پێ بیروەریەکانی خاتوو البرایت وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە نیوان ساڵەکانی ١٩٩٧-٢٠٠١، ئێڕان ئاماده‌ بوو بۆ نێشاندانی نیازپاکی خۆی هاوکاری ئامریکاییەکان بکا لە شەڕ لە دژی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان. بە هاتنە سەرکاری ئێداره‌ی بوشی کوڕ لە ساڵی ٢٠٠١ دا بە دوای کارساتی ١١ سێپتامبر و ڕاگەیاندنی بڕیاری شەڕ لە دژی تاڵیباندا لە ئوکتۆبەری ئەو ساڵەدا ئێران دەخرێتە بە ڕۆاڵت “مێحوه‌ری شه‌راره‌ت”، و بەوە تاوانبار دەکرێت کە خه‌ریکی بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمییە، و وەک مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەست نێشان دەکری. کۆماری ئیسلامی کە بە هۆی شەڕ لەگەڵ ئێڕاق و گەمارۆى ئابووریی و سیاسییەکانەوە تاقه‌تی لێبڕابوو، به‌ هۆی هێندیك سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی رۆژئاواییه‌كان له‌ ناوچه‌ دا تاقه‌تی هاته‌وه‌به‌ر. شەڕی ئامریکاییەکان لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و شەڕی ئێراق لە ٢٠٠٣ دا کە لە کردەوەدا بە مانای لە بێن بردنی دوو دووژمنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بو، بو بەهۆی ئەوە کە لەمپەرکانی نفوزی سیاسی ئێڕان لە ناوچەدا تا ڕادەیەک برچاو ولا بنرێن.

بەتایبەتی ڕووخانی سەدام بە مانای گەڕانەوەی دژبەرانی شیعەی ئێراقی لە ئێڕانەوە بۆ بەدەستەوگرتنی دەسەڵات لە ئێڕاق دا بوو. هەروەها شەڕی ناوخۆی سووریەش لە ساڵی ٢٠١١ دا بە ئاشکرا ئەو مەودایەی دەسته‌بەر کرد بۆ ئێران کە لە سەر داوای ڕەسمی رێژیمی به‌شار ئەسەد، بوونی خۆی لە سووریە سه‌قامگێر بکا. بەو چەشنە نفوزی سیاسی ئێران ژێرخانێکی جوغرافیایەشی پێەوە زیاد بوو کە بە هۆی شیعەکانی لوبنان تا سنوورەکانی ئیسرائیل بڕ دەکا. بە هۆی پەلوپوو گرتنی نفووزی سیاسی ئێران لە ناوچەکەدا و قەیرانی ئابووری و ماڵی ڕۆژئاوا، ئێرانییەکان توانیان لە ساڵی ٢٠١٣ بەولاوە دەرگای داخراوی ڕۆژئاوا بە سەر خۆیاندا لە ڕێگای وتووێژ لە سەر بەرنامەی ناوەکی ئێران بکەنەوە و بەوچەشنە گەلە کۆمەگییه‌کی نێودەوڵەتی کە لە سەر ئێران ساز کرابوو لە بەر یەک بەترازێنن و سەرجەم گەمارۆکانی ئابووری، سیاسیی و ماڵی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی، کە ئێرانی تووشی قەیرانێکی سەرسوورهێنەرکردبوو، لابەرن. ئێران لە ژێر سایەی تێک شکانی ستراتیژی ئامریکا بۆ دەستەبەرکردنی نەزمی نوێ جیهانی لە ڕاستیدا هەتا دێت وەک هێزیکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆی نێشان دەدا و کار گەێشتوتە جێگایەک کە سیاستمه‌داریەکی کۆنەکاری وەک هێنری کسنجیر پێوایە کە ئێران بەرو ئیمپراتۆری بوون هەنگاو دەنێ. ئەو بۆچوونەی کسنجیر هەرچەند لە ڕاستی بەدوورە و زۆرتر بۆ چاوترسین کردن و دڕدۆنگکردنی هەرچی زیاتری دژبەرانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاسته‌، زیاتر ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر ناکری و نابێ لە سیاسەتی نێوەدەوڵەتیدا ئێران وەبەرچاو نەگیرێ.

ئێران بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی بەدۆای ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی، لە ڕاستییدا تا ڕادیەکی بەرچاو لە تێگەیشتنی رۆژئاوای لە سەر کۆمەڵگا، مرۆڤ و ئاسایش و تەناهی ناوەچەی و نێودەوڵەتی، دا دەبڕی و لە هەوڵی ئەوە داێە کە تێگەیشتنێکی ناوچەگرایانە کە لە سەر بنەمای کلتوور و ئاین دامەزراوە وەک زلهێزیکی ناوچەیی تێڕۆانینێکی تازە بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچە دا بەداتە دەست کە لەو تێڕۆانینە دا ئێران لە دژی هێژمۆنخۆازی و جیهانشمول بوونی جێگا، ڕۆڵ و جیهابینی رۆژئاوای لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا ڕاوستاوە و بەربەرکانی لەگەڵ دەکا.

(٢.٢) ئێراق
ساڵەکانی ١٩٢٠ ئێراق وەک یەکێک لە ناوچەکانی پاشماوەی ئێمپراتۆری عوسمانى دەکەوێتە ژێر مانداتی بریتانیاوە و لە ساڵی ١٩٣٢ دەوڵەتی سەلتەنەتی ئێڕاق بە زاڵبوونی عەره‌بە سوننییەکان بە سەر دەسەڵاتدارەتی ئێراق دا سەربەخۆی خۆی ڕادەگەێنێت. لە ساڵی ١٩٣٦ هەتا ١٩٤١ چەندین کوده‌تا لە ئێراق دا دێتە کایەوە و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی دوور و درێژ دێتە ئاراوە. لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا دەوڵەتی ئێراق بەکردەوە لايەنگری لە نازیسم دەکا. لە ساڵی ١٩٤١ بریتانیایەکان بە هاوکاری ئاسوری و کوردەکان ئەو ڕێژیمە لا دەبن و سەرئەنجام ئێڕاق دەبێتە پێگەیەکی نفووزی ئینگلیسییەکان بۆ سەر ئێڕان. بەدوای کۆتایی شەڕ دا بەرەبەرە نفووزی یەکیه‌تی سوڤێيەت لە ئێراق دا پەرە دەستێنێت و لە ساڵی ١٩٥٨ لە ڕێگای کوده‌تایەکەوە کە لە لاێەن ژنراڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسم بەڕێوەچوو و وەک شۆڕشی ١٤ی ته‌مووز ناسراوە تاج و تەختی سەلتەنه‌تی تێکەو دەپێچرێت و بە ئیلهام وەگرتن لە جەماڵ عەبدولناسر دەوڵەتێکی کۆماری لە ئێراق دا دەمەزرێت کە سیاسەتی دژی ئیمپریالیستی و دژی سەڵتەنه‌تی کە خاوەن تایبەتمەندیگەلێکی سوسیالیستی و ناسیونالیستی بوو، بەڕێوەدەبرد. لە ساڵی ١٩٦٣ لە کوده‌تایەکدا عه‌بدولکه‌ریم قاسم لە دەسەڵات دەکەوەی و کلۆنیل عه‌بدولسلام عارف دێتە سەرکار. پاش ماوه‌یه‌كی كورت، لە ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعسی سوسیالیستی عەره‌بی ئێراق لە کوده‌تایەکدا بۆ یەکەم جار دسەڵاتی ئێڕاق بەدەستەوە دەگرێت. ڕەوتێکی سیاسی کە تێکهەڵکێشێک بوو لە ناسیونالیزمی عەره‌بی و سوسیالیزم. ئەو رەوتە سیاسییە هەتا کۆتایی ڕێژیمی به‌عسی ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ تەنیا دەسەڵاتی سیاسی ئێڕاق بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٩ بەولاوە سەدام حوسێن سەرکۆماری ئێراق ڕێبەرایەتی دەکرد.

هەروەک دەبینین سه‌قامگێری سیاسی لە ئێڕاق، پاش عوسمانییەکان لەرزۆک و مێژوویەکی پڕ لە کارەساتی سەرکوت و زەبروزەنگی هەبووە. ئەو وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٥٣ هەتا تێکڕووخانی بلۆکی ڕۆژئاوا تا ڕاده‌یەکی به‌رچاو، بیاڤی نفووزیی سیاسەتەکانی یەکیه‌تی سۆڤێيەت بوو. هەرچەند لە شەڕی ئێران و ئێراق دا ڕۆژئاوا بۆ بەرنگاربوونەوە لە هەمبەر ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەێشتووی كۆماری ئیسلامی لە باری سیاسی و نیزامییەوە پشتیوانی ڕژیم به‌عسی ئێراق بوو. بەدوای ڕووخانی رێژیمی سەدام، ئامریکاییەکان لە مەیدانی سیاسەتی ئێراقدا ڕۆڵی سەرەکییان کایە کردەوە. هەرچەند ئامریکاییەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بەلاوە هێزکانی خۆيان لە ئێراق کشاندەوە، به‌ڵام نفووزی ئامریکاییەکان لە سەر عیراقیيەکان بە تەواویی نەڕەویەوە و لە دوڵەتی فیدرالی ئیراقدا چ لە نێو کورده‌كان و چ لە نێو عەره‌بە سوننییەکان دا خاوەنی نفووزیەکی دیاریکراوە. جيا لەوانە ئامریکاییەکان ئێستا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئێراق لە دژی داعش لە شەڕ دان، و لە سەر یەکیه‌تی خاکی ئێراقێکی فیدرال پێداگرێده‌كه‌ن.

(٢.٣) تورکیا
دەوڵەتی تورکیا بەرهەمی سیاسەتێکی دیکتەکراوەی کۆلۆنیالیستی و لێک بڵاوبوونی ئیمپراتوری عوسمانی، لە سەر بنەمای تێگەێشتنێك، کە هەڵقوڵاو لە هزر، فه‌لسه‌فە و تێگەیشتنی ڕۆژئاوای لە سەر کۆمەڵگا، دەوڵەت و مرۆڤ و لە ژیر ناوەی بەڕۆاڵه‌ت بیرۆکەی کەمالیزم وەک یەکانێکی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵگایکی سێکولار دامەزرا. ڕێبەرانی ناسیونالیست و سێکولاری تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بە دوای دامەزرانی دەوڵەتی تورکیا بە بێ لە بەرچاوگرتنی شەرت و مەرجەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوری کۆمەڵگا، دەستدەنە ئاڵۆگۆرگەلێکی ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگای تورکیادا و هەر هێز و لايەنێک لە هەمبەر ئەو هەوڵی ئه‌وان بەرنگاری بكا، مەحکووم بە نەمان بوو. لە شەڕی دووهەمی جیهانی دا تورکیا وەک شەری یەکەم، لایەنی دۆڕاوی شەر واتا ئاڵمان دەگرێ، بەڵام لە کۆتایی شەر دا دەگەل هاوپەیمانان دەکەوی. تورکەکان بە هۆی دراوسێیەتی لەگەڵ یەکیه‌تی سوڤێیەت بە خێرایی سەرنجی جیهانی رۆژئاوا بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و لە سەرەتای شەری سارددا وەک هاوپەیمانێکی گرینگ لە سیاسەتی رۆژئاوا دا جێگای خۆی دەکاتەوە. بەم شێوەيە تورکیا دەبێتە دیوارێکی بڵیند بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی دەسەلات و کارتێکردنی سیاسەتی یەکیه‌تی سۆڤێیەت. هەر لەو پێوەندیەدا ساڵی ١٩٥٢ تورکیا وەک ئەندامی ناتو وردەگیری و لە کردەوەدا دەکەوێتە بلۆکی رۆژئاوایه‌وه‌. هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٦٠ بەولاوە هەوڵەکان بو بوون بە ئەندامی یەکیه‌تی ئورووپا دەست پێدەکا و لە ١٩٨٧دا تورکیا دەچێتە لیستی ئەم وڵاتانەوە کە کاندیدا دەکرين بۆ چوونە نێو یەکیه‌تی ئورووپا.

لە گەڵ کەمڕەنگ بوونەوەی شەری سارد و زەقبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و پەرەسه‌ندنی لە جیهانی ئیسلامدا لە لایەک و هەروەها وفادار ماناوەی ڕێبەرایەتی سیاسی ئەو وڵاتە بە ئەرزش و بایەخەکانی رۆژئاوا، گرینگی خۆی وەک هاوپەیمانێک گرینگ بۆ ڕۆژئاوا دووپات دەکاتەوە، بەڵام پاش ٤٥ ساڵ وتووێژ بۆ باس لە سەر شەرت و مەرجەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکیه‌تی ئورووپا، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەست پێدەکا. سەرەڕای سەرکەوتنی ڕۆاڵه‌تی کەمالیزم و قەول و بەڵێنیيەکانی ڕۆژئاوا بۆ مانەوەی تورکیا لە بەرەی رۆژئاوا دا، ئیسلامی سیاسی کە لە ساڵەکانی ١٩٥٠ بەولاوە وردە وردە خۆ لە بازنەی سەرکوت و نکۆڵی کەمالیزم درباز کرد بوو، لە سەرەتای سەدەی ٢١ دا ئەو جووڵانەوەی بە ڕێبەرایەتی پارتی (داد و گەشە) هەم لە ڕادەی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا و هەم لە ڕادەی کۆمەڵایەتی دا بە پشتیوانی جەماوەرێكی زۆر دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت. ئەو جووڵانەوەی بە ئیلهام وەرگرتن لە میراتی کولتوری زیاتر لە ٥٠٠ ساڵەی دەسەڵاتدارتی عوسمانییەکان، هەوڵدەدا وەک نموونەیەکی مودێرن لە وڵاتێکی ئیسلامی کە خاوەنی بەشێکی زۆر لە تايبەتمەندییەکانی جیهانی مودێرنە خۆی نێشان بدا. ڕێبەرانی موسلمانی تورکیە هەوڵدەدەن کە بەکەڵک وەگرتن لە میراتی عوسمانییەکان هانده‌ریەک و سەرچاوەیەکی ئیلهام بن بۆ ئەوە کە له‌ لایه‌كه‌وه‌ جووڵانەوە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان و لە لایەکی دیكه‌وه‌ وڵاتە داخراو و ئۆتۆکراتیکەکانی ئیسلامی بەشوێن تورکیا ئیسلامی کەوەن. بە سەرهەڵدانەوەی بەهێزى ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، یەکیه‌تی ئورووپا بيانووی گرینگی بەدەستەوەیە کە ڕەوتی بە ئەندامبوونی تورکیا نەتەنیا ودوا بەخا، به‌ڵکوو شانسی بە ئەندامبوونی تورکیا بەدوای کوده‌تا بێ ئاكامه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٦ دا، ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ لە کزیدایە. تورکیای ئەردۆغان بە پێچەوانەی سەردەمی سێکولارەکان نە تەنیا مەل نادا بە شەرت و مەرجەکانی ئورووپا، بەڵکوو پێوەندییەکانی لەگەڵ ئورووپا ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ئالۆزتر دەبێ و ئەو دوو لایەنە لێک دوور دەبنەوە. ئالۆزی و دڕدۆنگی لە پیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتو و بە تايبەتی ئامریکاییەکانیش وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیک لە پەرەسه‌ندن دایە. هۆکارە سەرکێیەکانی ئەو دڕدۆنگی و ئاڵۆزیە لە لایەکەوە پیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە نەمانی مەترسی کۆمۆنیزم. سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و کەمرەنگ بوونەوەی گرینگی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ستراتیژی ئامریکاییەکاندا لە گرینگی تورکەکانی کەم کردووتەوە. تورکەکان لە ساڵی ٢٠١٦ بەلاوە لە شەڕ و ناکۆكێیەکانی سووریە دا هه‌ر دێ لە بەره‌ی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەره‌بی دادەبڕی و بەرەوە بەره‌ی روسیە و ئێران دەڕوا.

تورکەکانیش وەک ئێڕانییەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە سەردەمی هێژمونی هزری و سیاسی و کولتوری ڕۆژئاوا بەسەر چووە و کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ناوچەکە بەڕەی خۆێان بۆخۆێان لە ئاو بکێشنە در و نەزم و ساختاریەک بێنە ئاراوە کە لە گەڵ کلتوور و داب و نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگایانە دێنەوە. تورکەکان بەو تێڕۆانینەوە هەوڵدەدن بەبن بە پێش قڕاوڵی جیهانی ئیسلامی سونی و بە ئیلهام وەرگرن لە کلتووری عوسمانی ڕۆانگەیەک لە سەر بەڕێوبەری کۆمەڵگا و پێوەندیەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست دابمەزرێنن کە تێک هەڵکێشێکە لە ڕۆانگەیکی ئیسلامی-رۆژئاوای

(٢.٤) سووریە
دەوڵەتی سووریا بەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا دەکەوێتە ژێر رکێفی فەرانسە. لە ساڵی ١٩٤٦ ئەو وڵاتە سەربەخۆی خۆی رادەگەینی. لە پاش شەری دووهەمی جیهانی دا ناسیونالیزم و پان عەره‌بیسم شان بە شان جیهانبینی سوسیالیستی لە هێندک لە وڵاتانی عەره‌بی و یەک لەوان سووریا گەشە دەکا و هەوڵدەدرا کە یەکیه‌تی عەره‌بی پێک بێت. سووریا لە گەڵ میسر بە ڕێبەرایەتی جەماڵ عەبدولناسر وەک پێشەنگی ئەو بیرە، یەکیه‌تی عەره‌بی پێک دێنن. ئەم زەماوەند هێندە ناخایەنێت و لە ساڵی ١٩٦٠دا سووریا لەو یەکیه‌تییە ماڵاوایی دەکا. لە ساڵی ١٩٧٠دا حافز ئەسەد لە رێی کودەتاوە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ و پرۆسەی سەقامگیر بوونی ڕێژیمێکی ئۆتوریتر له‌ سەر فەلسەفەی زەخت و زۆر و سەرکوت دامەزراو و کۆمەڵگایەکی داخراوی سیاسی و سیستمێکی پۆلیسی پێکدێ. سوسیالیزمی بەڕۆاڵه‌ت عەره‌بی وەک ئامرازێکی پێوەلکاوی ئیدیۆلۆژیک لە سووریە وەک بەشێکی تر لە وڵاتانی عەره‌بی بە لای زۆریدا سەرکەوتنێکی ئەوتو وەدەس ناهێنێ و لە دەستپێکی ساڵانی ١٩٨٠ بەولاوە ئیسلامی دەبووژێتەوە و دەوڵەتی ناوەندی بەتووندی بەرنگاری دەبێتەوە و سەرکوتی دەکا.

لەگەڵ هەرەسهێنانی نەزمی دوو جه‌مسه‌ری سووریا گرینگترین و بەهێزترین پشتیوانی خۆی کە سۆڤێیەت بوو، لە دەسدەدا و هەوڵدەدا کە پێوەندی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئورووپا بەهێز بکا. سووریە بۆ ئەوە کە رەزامەندی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووه‌کان بەدەس بەهێنی لە شەری رزگاری سووریە دەچێتە ژێر چەتر ئامریکاییەکان. بەڵام ئەو وڵاتە لە شەڕی دژە تێرۆری ئەمریکا بە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ەوە لە سیاسەتی ئەمریکا دا دەچێتە مێحوه‌ری شه‌راره‌ته‌وه‌ و وەک مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ نەزم و ئاشتی جیهانی چاوی لێدەکرێ. سووریە کە له‌ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکترین هەوپەیمانی ئێران و حیزبوڵڵاى لوبنان بوو، ئێستا بەکردەوە چارەنووسی بە چارەنووسی ئێرانەوە گرێدراوه‌، چوونکە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیه‌ کە لە مێحوه‌ری شه‌راره‌ت دایه‌. ناره‌زایەتییە مەدەنی و دوور لە تووندوتیژییەکانی کە لە ساڵی ٢٠١٠ بەولاوە له‌ چەند وڵاتی عەرةبیدا هاتبوونە ئاراوە و وەک “بەهاری عەره‌بی” نێوبانگی دەرکردبوو، لە ساڵی ٢٠١١ دا خۆی گەیاندە سووریەش کە لەگەڵ سەرکوت زەبروزنگی هێزە نێزامییەکانی دەوڵەتى به‌شار ئه‌سه‌د بەرەوڕوو بووە. لە ماوەیەکی کورتخایەندا شەڕێکی خوێناوی و ماڵوێرانکەری نێوخۆی لە نێوان دەوڵەتى به‌شار ئه‌سه‌د و بەرهەڵەستکاران و هێزە چەکداره‌كانی داعش لێکەوتەوە. شەڕێکی نێوخۆی که‌ سووریەی کردە مەیدانی ڕمبازين و پێکدادانی بەرژەوەندی ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا، روسیە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
هەر لە سەرەتایی سەرهەڵدانەکان لە سووریەدا، ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئامریکا، وڵاتانی کومکاری عەرەبی، بەتایبەتی عەره‌بستان، قەتەر، و ئیمارت و هەروەها تورکیە لە لايەک و چین، ڕوسیە و ئێران لە لايەکی دیكه‌وه‌ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو سەرهەڵدانەیان گرێدا بە قازانج و بەرژەوەندیە ناوچەیی و جیهانییەکانی خۆیان. ڕۆژئاوا زۆر بە ڕاشکاویی کەوتە كۆکردنەوەی هێز و لايەنەکانی ئوپۆزیسیونی سووریی و کومکاری عەرەبیش هاودەنگ لە گەڵ ڕۆژئاوا و تورکیە کەوتنە هەوڵدان کە جڵەویی ئەو جووڵانەوەیە بەخەنە دەست لە پێناویی گەێشتن بە کار و بەرنامە سیاسییەکانى خۆیاندا. چین و ڕووسیەش بە نۆبەی خۆیان، هەر لە سەرەتاوە بە دڕدۆنگییەوە سیاسەت و بەرنامەکانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبییان خستبووە ژێر چاودێریەوە و حازر نەبوون، هەروا بە سانایی پشت لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بکەن. سەرئەنجام ئێرانیش بە نۆبەی خۆی هەر لە سەرەتای ئەو سەرهەڵدانەوه‌، ڕاشکاوانە پشتگیریی خۆی لە ڕێژیمی ئەسەد ڕاگه‌یاند. بەو شێوەێە هەموو ئەو لایەنە ناوچەیی و جیهانییانە هەر لایەک بە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی و لە سەربنەمای قازانج و بەرژەوەندیی دیاریکراویی خۆیان، چوونە دە نێو کێشەی سووریەوە. پاش تێپەڕین ٦ سال بە سەر شەڕی نێوخۆی سووریە چ بەرهەڵستکارانی ئەسەد بە پشتیوانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەره‌بی و تورکیا و چ تووندڕەوە ئیسلامییەکانی وەک داعش لە پێکانی مەبەست کە بریتی بوو لە ڕووخانی ڕژیم ئەسەدا سەرکەوتوو نەبوون. کێشەیەک کە ژێر خانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوریی ئەو وڵاتەی رووخاندووه‌ و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار قوربانی لێکەوتووتەوە. بەڵام کۆتایى شەڕی سوریە ڕەنگە یەکەم هەنگاوەی بنەڕەتی بێ بۆ نەزمیکی کە لە داهاتوو دا لە پێوەنديیە نێودەوڵەتییەکاندا دەبێ بێتە کایەوە.

(٢.٥) کێشەی کورد پاش کۆتایی شەڕی سارد
هەروەک شەڕی یەکەمی جیهانی و سەرهەڵدانی دەوڵەتە مودێرنەکان، سەرەتای دابەشکردن و ڕۆژگاریکی پڕ لە کاره‌سات، چەوسانەوە و سەرکوتی نه‌ته‌وه‌ی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو، کۆتایی شەڕی ساردیش نوختەگۆرانێکی گرینگ بوو بۆ بزوتنەی نەتەوەیی کورد لە پێناوی ئازادییدا. سەرەڕای ئەویکە کوردستان بە درێژایی سەدەی بیستم لە چوار بەشی کوردستان بۆ گەێشتن بە ئامانجەکانی لە بەرخۆدان و ڕاپەڕین دا بوو، لە شەڕی دووهەمی كه‌نداو بەولاوە کورد هەتا دێ هێدی هێدی دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دا زیاتر دەچەسپێنن کە هاوپشتێکی جیدیی نێونەتەوەیشی بەدواوە بووە.
لە ئاگۆستی ساڵی ١٩٩٠ دا ڕێژیمی سەددام بە هێرشێیکی نیزامی وڵاتی کویت داگیر دەکا. ئەو دەستدرێژیە لە لایەن سیاسەتی نێودەڵەتی دا بێ وڵام نامێنێتەوە و لە ١٧ ژانویەی ١٩٩١ لە ماوه‌ی نزیک بە ٧ حەوتوودا ئیتلافێکی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئامریکا لە شەڕیەکی کورتخایەندا هێزکانی ئێراقیان تێک شکاند و وڵاتى کویت ڕزگار بوو. ڕاپەڕینەکانی خەڵکی کوردستان و باشووری ئێڕاق لە مانگەکانی مارس و ئاوریلی ئەو ساڵەدا لە گەڵ سەرکوتی دەڕندانەی هێزکانی ڕێژیمى به‌عس بەرەوڕوو دەبنەوه‌. سەرئەنجام دەبێتە هۆی ئەوە کە لە ٥ ئاوریلدا شوورای ئاسایشی ڕێکخراوه‌ی نەتەوە یەکگرتووه‌کان، بڕیارنامەی ٦٨٨ پەسند بکا. لەو بڕیارنامەیەدا ڕێگا بۆ بەرنگاربوونە لە گەڵ ئەو مەترسی و هەرەشە و ئەو هەلومەرجانە کە ماڤەکانی مرۆڤ لە ئێڕاق دا پێشێل دەکەن، خۆش کرا. هەر بە پێی ئەو بڕیارنامەیە ئامریکاییه‌کان به‌ هاو‌کاری بریتانیا و تورکیه‌ هێلێکی ئاسمانی نیزامییان وه‌ک چتریه‌ک بۆ پاریزگاری له‌ کورده‌كانی باشوورى كوردستان له‌ سالی ۱۹۹۱ دروست کرد. ئه‌و چترە ڕیگا خۆشکەر بوو بۆ دروستکردنی حكوومه‌تیكی هه‌رێمی بۆ کورده‌كانی باشوور. هێزە کوردییەکان بۆ یەکەمجار پاش خەباتێکی خوێناوی و پڕ لە کارەسات له‌ سالی ۱۹۹۲ دا هه‌لبژاردنیکی دێموکراتیکیان بۆ به‌رێوبرده‌نی ناو‌چه‌کانی ژیر ده‌سه‌ڵاتیان سازدا و بەو چەشنە دەسەڵاتداریەکی کوردی دامەزرێنن کە‌ سه‌رنجی دونیایی ده‌ره‌وه‌ بەگشتی به‌ شیوه‌یه‌کی ئەرێنی بۆ لای خۆیان رابکێشن. زۆرێ نەخایاند شه‌ڕیكی‌ نێوخۆی له‌ نێوان یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خه‌ریک بوو تەواویی ئەو دەسکەوتە نەتەوەیی و ئەو پرستیژە نێودەوڵەتییە لە گرێژنە بەرێت. شەڕیک کە بو به‌ جیگای سه‌رسوڕمانى هه‌موو ئەو لایه‌نانه‌ که‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌یان روانییه‌ کیشه‌ی کورد و متمانەی لایه‌نه‌كانی دوستی له‌ هه‌مبه‌ر کورده‌كان کەمڕەنگ کردەوە. ئەو شەڕە بێ ئاکامە کە بوو بە كه‌لێنێكی گه‌وره‌ لە کۆمەڵگای کوردستان. سەرئەنجام بە هۆی بێ درەتانی لایەنه‌کانی شەڕ لە پێکانی ئەمانجەکانی خۆیان و بە هۆی گوشار و هەوڵ و تەقلای ڕۆژئاواییەکان به‌ تایبه‌تی وڵاتە یەکگرتووه‌کانی ئامریکا که‌ ناوچه‌ی کوردستان گرینگییه‌کی تایبه‌تی بۆ ئه‌وان تیدا بوو، کۆتایی پێهات. بەڵام ئاسەوارە نالەبارەکانی ئەو شەڕە چ لە ڕاده‌ی نێوخۆی و چ لە ڕادەی نێودەوڵەتیدا حكوومه‌تی کورده‌كانی لاواز کرد.
سەرەڕای ئەو هەلومەرجە نالەبارە، هێرشی نیزامی ئامریکا و هاوپەیمانان بۆ ئیراق له‌ سالی ۲۰۰۳دا و رووخانی سه‌دام، بۆ جاریکتر کوردەکانی لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دا زیندوکردەوە و توانیان جێی پێییان له‌ هه‌مبه‌ر حکوومه‌تی ناوه‌ندیی ئیراقدا قایمتر بکەن. هاوکاری چالاکانە و به‌رچاوی کورده‌كان لە گەڵ ڕۆژئاواییەکان لە شەڕی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس دا بێ وڵام نەمایەوە و ئەگەر بەدوای شەڕی كه‌نداو دا لە ساڵی ١٩٩٢ کورده‌كان لە باشوور توانیان بەشێک لە خاکی خۆیان بەدەستەوبگرن و دەسەڵاتێکی هەرێمی دامه‌زرینن، ساڵی ٢٠٠٥ پاش دوو ساڵ بە دوای تێکرووخانی رێژیمی سەدام، یاسای بنه‌ڕه‌تی نوێ ئێراق کە لە سەربنەمایەکی فیدرالی گەڵاڵە کراوە، نەتەنیا حکوومەتی هەرێمی كوردستانی بە فه‌رمی قەبووڵکرد، بەڵکوو دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو بە هێزکرا و مەودای ئەوی بۆ ڕەخسا کە لە هەوڵی ئەوە دابێت کە وەک نموونەیەکی باش لە مودێلکی دیموکراتیک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی نێشان بدا. ئەو مودێلە دێموکراتیکە کە سەرکەوتنی بە شێوازی بەڕێوبه‌رییکی کارامە، سه‌قامگێرییكی درێژخایەنی سیاسی، و پتوکردنی هەرچی زیاتریی ژێرخانی کومەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەرێم گرێدراوه‌.
لە پەنا ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنانە دوو ڕووداویتری دیکە یانی شەڕی نێوخۆی سووریە و بەشداری چالاكانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان لە شەڕ لە گەڵ داعشدا، بۆ جارێکیتر  حکوومەتی هەرێم و دۆزی کوردیان بردە نێو رۆژه‌ڤی سیاسەتی نێودەوڵەتی. تا ئەو جێگایە کە دەگه‌رێتەوە سەر باشووری کوردستان بەشداری هێزی پێشمەرگە لە شەڕ لە دژی داعشدا لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گشتی و وڵاتە یەکگرتووه‌کانی ئامریکا بەرز نرخێندرا و بەدانی کەرەسە و ئامراز نیزامی و ناردنی کارناسان بۆ ڕاهێنانی هێزى پێشمەرگە، بە پێشۆازی کورده‌كانه‌وه‌ هاتن. هەروەها کاربەڕێوبرانى دەوڵەتی و ڕاگەیه‌نە گشتییەکانی ڕۆژئاوا بە بڵاوکردنەوه‌ی وتار، راپۆڕت و فیلم بە سەرنجێکی تایبەتییەوە باس لە ئازایەتی و کارامەی هێزى پێشمەرگە، ڕۆژانە هاتە ئاراوە. گیرۆدەبوونەوه‌ی حکوومەتەکانی ناوەندی ئێراق و سووریە لە شەڕه‌ نێوخۆییەکاندا لە دژی داعش و دژبەرکانیتریاندا، و ناکارمەی و لاوازی هێزی نیزامی ئه‌وان، هەلێکی مەزنی بۆ هێزی پێشمەرگە رەخساند کە ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان وەک کرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری بەتەواویی بەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و مەودای دەسەڵاتی کوردی بەرینتر بێتەوە، و هەروەها لە سووریە کوردان بەتوانن شێوازێک لە بەڕێوبەری کوردی لە ناوچە کوردیەکان دابەزێنن. لە هەل و مەرجێکی ئەوتۆ دایە کە  ویستی سەربەخۆی کوردان بەرەو بەهێز بوونتر دەچی و خۆازیاری ئەوەن کە ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتیە بەقۆزنەوە لە پێناوەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دا و بەو چەشنە باسی ڕیفراندۆم دێتە دە ڕۆژەوەی سیاسی کوردستانەوە.

(٣) ڕیفراندۆمی کوردستان هەل و مەرجی ناوخۆی و هەڵوێستی لاێەنە ناوچەی و نێودەولەتێەکان

لە کاتێکدا کورده‌كان لە عێراق و سووریە لە بێ دەستەوستانی و لاوازیی دەسەڵاتەکانی ناوەندیی ئەو دوو وڵاتە تا ڕادیەکی بەرچاو کەڵکی پێویستیان وەرگرتووە، هیوادار بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆى کوردی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە بیر و ڕای گشتی کۆمەڵگای کوردواریدا ڕوو لە بەهێز بوونە. سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە باشوور و هێزکانی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، گرتنەوەی کرکوک و ناوچە دابڕاوه‌كان، بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و فیداکاری نیزامی کورده‌كان چ لە ناوەنده‌ سیاسییەکان و چ لە بیر و ڕای گشتی ڕۆژئاواییەکاندا و هەروەها هاوکاری کورده‌كان لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان بە گشتی و وڵاتەیەکگرتووه‌کانی ئامریکا، بە تایبەتی لە شەڕ لە دژی داعشدا بە پشت بەستن بە مێژوویەکی پڕ لە کارەساتی ڕابردووی کورده‌كان لە سەد ساڵی ڕابردوو دا بە بێ گۆمان دەتوانن هەر کام لە جێی خۆێدا هانده‌ریەک بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. هەر بۆیە ڕاگەیاندنی بەڕێوبردنی رێفراندۆم لە باشوور بۆ سەربەخۆی هەر بەو هۆکارانە کە لە سەرەوە باسکران دەکرێ وەک هەوڵێکی ڕه‌وا و گونجاو چاوی لێبکرێ و بە دڵنیایەوە پشتیوانی زۆربەی هەر زۆری خەڵکی کوردستان دەتوانێت بەدەست بەهێنێ. بەڵام لە دنیای ئالۆز و پڕ لە گێروکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و هەروەها ئاڵۆزی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون لە داڕشتنەوەی نەزمێک کە بەتوانی لە خزمەت ئاشتی و ئاسایەشی گشتی لە دنیا دا و لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست دا بێ، هەر هەنگاو و بڕیاریەکی چارەنووس سازی وەک ڕێفراندۆمی باشوور چەند قات دەژوارتر دەکا.

هەر بۆیە لەو بەشەدا هەوڵدەدرێ لە ژێر تیشکی لێکدانەوەی پێوەندیە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵ و جێگای لایەنەکانی پێوەندیدار بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵویستی سیاسی ئەو هێز و لایەنانە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە کێشە کوردەوە گرێدراوەن لە مەڕ پرسی ریفراندم تاوتوی بکرێ و بە وردی گلبدرێنەوە. بڕیاری ڕیفراندۆم، لە سێ ئاستدا لە گەڵ هەڵوێستی سیاسی بەره‌و ڕوو بۆتەوە. یەکەم ئاستی نێوخۆی، دووهەم ئاستی ناوچەی و سێهەم ئاستی جیهانی. لە سەرەتای ئەو باسە دا هەوڵدەدرێ کە بە وەردی هەلومەرجی نێوخۆی باشووری کوردستان شێ بکرێتەوە، و لەو دەلاقەیەوە پاشان باسەکە دەپرژێتە سەر هەڵوێستی لایەنە پێوەندیدارەکانی ناوچەی و جیهانی لە سەر رێفراندۆم.

(٣.١) بۆاری سیاسی لە باشوری کوردستان

کۆمەڵگای کوردستان لە باشوور لە باری سیاسیەوە لە مەوای ٢٥ ساڵی ڕابردوو تووشی ئاڵوگۆڕی بەرچاو بووە. ڕیزبندییەکانی سیاسی چ لەباری نێوەڕۆکەوە و چ لە باری موبیلیزەکردنی کۆمەڵگا دا تووشی گۆڕانکاری بووە. سەرجەمی ئەو ڕەوتە سیاسیە کە هەرێمی کوردستان تا ئێڕەی هێناوە نێشان دەدا کە کوردستان لە باری سیاسیيەوە زیاتر لە جاران تووشی پلۆرالیزمیکی ڕادیکاڵ هاتووە و پشتیوانی بۆ سیاسەت و بەرنامەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و بەڕێوبەری حکوومەتی هەرێم لە کزی داوە. بۆ نێشاندانی ئەو ڕاستیە پێویستە چاوه‌یەک لە هەڵویستی دەنگده‌ران لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین. حکوومه‌تی هه‌رێم‌ له‌ سالی ۱۹۹۲ له‌ یه‌که‌م هه‌لبژاردندا به‌سه‌رکه‌وتنی بی ئه‌ملا و ئه‌ولای یه‌کیه‌تی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان دامەزرا. له‌ سالی ۲۰۰۵ دیسانەوە ئەو دوو هێزە سیاسییە لە ژێر ‌ناو‌ی “لیستی کوردستانی” نزیک به‌۰ ۹% ده‌نگه‌کانیان بۆخۆیان ترخانکرد‌، له‌ سالی ۲۰۰۹ دا ئه‌و پشتیوانییه‌ به‌ ۵۷% دابەزی و لە کەمیدا، که‌چی جووڵانه‌وه‌ی “گۆڕان” نزیک به‌ ۲۴% ده‌نگه‌کانی بەدەست هێنا. له‌ هه‌لبژارده‌نه‌کانی سالی ۲۰۱۳ گۆران توانی یەکیه‌تی نیشتمانی وەک دووهەمین هێزی دامه‌زرینه‌ری هه‌ریم وه‌پشت خۆی بخا.هه‌روه‌ها دوو هێزیی ئیسلامی بەناوەکانی کۆمەڵەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی خاوەنی ١٦ کورسی لە ١١١ کورسی پارلمانن.

ئەو ئاڵوگۆڕانە لە مەیدانی سیاسەتی باشوور دا دەریدەخا کە سازدانی ئیتلافەکان و هەروەها پاراستنیان کارێکی چەتوونە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو ئاڵوگۆڕانە باس و ده‌مقاڵە لە سەر دڕێژکردنەوەی ماوه‌ی سەرۆکایەتی هەرێم و داخرانی پارلمانی کوردستانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا بوو. ئاکامێکی تریی سیاسی ئەو ئاڵوگۆڕە بریتیە لەو ڕاستیە کە لە کوردستاندا هیچ لایەنێکی سیاسی بەتەنیا خاوەنی زۆرایەتییه‌کی ره‌ها نییە و لە هەر پرۆژیەکی سیاسی و نەتەوەیدا پێویستی بەهاودەنگی و پشتیوانی لاێەنەکانیترە. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا سەرکەوتن یا شکستی هەر پرۆژیەک بەستراوەتەوە بە ڕاده‌ی وەفاداریی و ئەخلاقی سیاسی لایەنەکانەوە کە تا چ ڕاده‌یەک لە هەلومەرجێکی دژوار و ئالۆز دا خۆ بە خاوەنی ئەو پرۆژیە دەزانن. پلۆرالیزمی سیاسی لە وڵاتێکی سەقامگیر و بەهێز و بە بوونی نەهادگەلێکی دێموکراتیکی پتەو و یاسامه‌ند دا و هەروەها لەکولتوریکی سیاسی کراوە کە هاوپشتی، هاودەنگی و یەکتر تەحمولکردن بەسەری دا زاڵە، گەلێک باش و بەکەڵکە، ئەگینا دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ ئاژاوە و هەرج و مەرجی سیاسی و پێک هاتنی ئیتلافگەلێکی لەرزۆک و بێ هێز. گرژبوونەوەی باس لە سەر سەرۆکایەتی هه‌رێمی کوردستان و داخرانی نەهادێکی دێموکراتیک وەک پارلمان ئەویش لە کاتێکدا کوردستان بەتەمایە وەک مۆدیلک لە بەڕێوەبەری سەرکوتووانەی دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست دا خۆی نێشان بدا، دەتوانی تەمی گومان و دڕدۆنگی لە سیاسەتی کوردی لە لایەن دوستانی کوردەوە بەهێزتر بکا.
بەو حاڵشەوە لە نێوخۆی باشووری کوردستاندا دوو هێزی سه‌ره‌كی کوردستان واتە پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیه‌تی نیشتمانی، پشتیوانانی سەرەکی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمن کە سەرجەم نزیک ٥٠% خەڵکی کوردستان دەنگیان پێداوەن. گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کە دەتوانن لە سەر پشتیوانی ٣٠% خەڵکی کوردستان حیساب بکەن دژ بەو ڕێفراندۆمن. باقی لایەنەکانی دیكه‌ش کە وادیارە پشتیوانی ریفراندۆمن یانی ٢٠% خەڵک کوردستان پێک دەهێنن. ئاکامی ئەو حیسابکردەنە یانی ٧٠ لە سەدی خەڵک لە باشووری کوردستان، واتا زۆرایەتی، پشتیوانی لەو بڕیارە دەکەن. بەواتایەکتر ڕه‌وا بوونی دەرئەنجامی دەنگێ “به‌ڵی” چ لە ڕادەی نێوخۆیدا و چ لە ڕادەی جیهانیدا سەرنج ڕاکێش و بەهێزە. دیسانیش ئاڵوگۆریک کە لە ڕووبەری سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان دا هاتۆتە پێش، دەبێ جێگای سەرنجی تایبەتی دەستپێشخەرانی ریفراندۆم لە کوردستان دا بێت.

(٣.٢) بۆاری ئابووری باشووری کوردستان
دامەزراندنی دەوڵەتێک بە پشتگیریی زۆرایەتی خەڵک، گەلێک گرینگە و بەردی بەناخی ئەو هەنگاوەیە. ئەو هەنگاوە لە کاتێکدا سەرکەوتوو دەبی کە بە بوونی ئابووریکی سالم و بە هێز پشت ئەستور بێ کە بەدوای سەربەخۆیدا دوڵەت و وڵاتێک پەرەی پێبدا و مەیدانی گەشەکردنی بۆ بەرەخسێنێ تا بەتوانێ پێداویستیە گشتییەکانی کۆمەڵگا دەستەبەر بکا، بەرهەم هێنەر بێ و بەرهەمەکانی درگای بەروڕووی بازاری جیهانیدا کرابێتەوە و بەتوانێ سەرمایەی دەرەکی بۆ گەشە پێدانی ئابووری بۆ لای خۆێ ڕابکێشێ. ئابووری باشوری کوردستان لە دە ساڵی رابردوودا و بەتایبەتی به‌ هۆی به‌رز بوونی نەرخی نه‌وت له‌ ساله‌کانی ۲۰۱۲ و ۲۰۱۳ دا و هەروەها به‌ هۆی ڕاده‌ی سه‌رمایه‌گوزاریه‌ دەرەکییەکان لە کوردستاندا، گەشی سالانه‌ی خۆی له‌ قه‌ره‌ی ۱۲% ده‌دا. حکوومەتی هەرێم لە توانای دابووە کە کەرتی وزە تا ڕاده‌یەکی بەرچاو گەشە پێبەدا و چه‌ندین كۆمپانیای مه‌زنی مه‌عامه‌لاتی نه‌وتی بۆ کوردستان پلکێش بکا و لە ڕێگای قەراردادیەکی ٥٠ ساڵەی نەوت و گاز لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا خۆی بگەێنێتە بازاری جیهانی.
سەرەڕای چەند ساڵ گەشه‌ی ئابووری کوردستانی باشوور، به‌ڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ وە تووشی قەیرانی ئابووریی هاتووە. ئابووری کوردستان لە گەڵ ئەوە کە گەشەکردنێکی به‌رچاوی لە که‌رتی نەوت و گاز دا بەخۆیەوە بێنیوه‌، بازاری کوردستان، بازارێکی مه‌سرفییە کە پارسەنگی بەرهەمهێنان و مەسرفی بە هۆی نەبوونی ژێڕخانێکی پتەوی بەرهەمهینان بە لای مەسرف دا شکاوتەوە. کوردستان لە باری سەنعه‌تی پێشەسازییەوە هیچ گەشەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە. سەرەڕای ئەوەیکە خاکی کوردستان گەلێک بە پیت و بەرەکەتە، لە سەنعەتی وه‌رزێڕیشدا زۆر لاوازە. بەرهەمەکانی کشت و کاڵ کوردستان دەروەستی پێداویستی خەڵک نایە و تا ڕاده‌یەکی زۆر بە ئەو بازارە بستراوەتەوە بە بەرهەکانی ئێڕان و بە تاێبەتی تورکیەوە. سەنعەتی گه‌شتیاری لە کوردستانێکی خۆش کەش و هەوادا و بە سروشتێکی دەست لێندراوەی سەرنج ڕاکێش زۆرتر بەستراوەتەوە بە توریستەکانی عەره‌بی ئێراقەوە و بە سه‌قامگێری و ئاشتی لە ناوچەکەدا. هەر لەو کاتە دا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتنی سەرمایە بۆ کوردستان بە هۆی مەترسی داعش و نەبوونی بەرچاوڕوونێک لە سەر داهاتووی ئێراقدا و نەبوونی سه‌قامگێری کەمبۆتەوە. دابەزین نەرخی نەوت و کەم بوونەوەی ناردنی نەوت بۆ دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بەولاوە کە سەرچاوەی سەرەکی ماڵی حکوومەتی هەرێمە، دەستەبەرکردنی بودجەی ساڵانەی حکوومەتی هەرێم بۆ جێی بە جێکردنی ئەرک و بەرنامەکانی خزمەتگوزاری گشتی، دانی موچەی کارمەندانی دەوڵەتی و بنکە و بنیاته‌ گشتییەکانی تووشی قەيرانکرد. قەيرانه‌ ئابووریی و سیاسییەکان لە ساڵانی ڕابردوو دا ناڕه‌زایەتی کۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە کە جاری واش زەخت و زۆری بەدواە بووە. بێکاری زۆرە و بە پێ ئەو دنگۆیانی کە لە ئارا دان کۆچی هێزی کاری کارامەی گەنجان لە کوردستان بۆ دەرەوە ڕوو لە زیاد بوونە. بژیویی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان بە نەهادەکانی حکوومەتی و دوو هێزی سەرەکی کوردستان پارتی و یەکیه‌تییەوە گرێدراوە. بە پێ زانیارییەکان زیاتر لە ٤ میلیون کەس لە کوردستان مووچەخۆری دەوڵەتی و هێزە سیاسییەکانن. دیاردەیەک کە لە درێژخایەندا نەتەنیا هیچ قازانجێکی بۆ گەشەى ئابووری کوردستان نابێ، بەڵکوو چاو لەدەستی خەڵک بە لایەنێک و یا خۆ دەوڵەت, ڕادەی هێزی کار بەرهەم هێنەر دەباتە خۆار و نۆرمگەلێکی کولتوریکی خەسیوی کە مرۆڤەکان فێری دەستەوەستانی، چاپلوسی و برتیلخۆری، نەهادینە دەبێ و لە کاتێکدا سەرچاوەکانی بژیوی ئەو کۆمەڵە لە خەڵک بە هەر هۆکاریک بەربست بکرێ و یا خۆ دەستەبەر نەکرێ، ئالۆزی کۆمەڵاتی و سیاسییەکانی لى دەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەو کێشانە حکوومەتی هەرێم هەتاساڵی ٢٠١٦ ٢٠ میلیارد دولار قەرزدارە. [15]
بە واتایەکى تر ئابووری کوردستان کە لە سەر پێ ڕاگرتنی دەوڵەتێکی کوردی ڕۆڵێکی حه‌یاتی دەگێڕێ تەک ره‌هه‌ندییه‌ و لە سەریەک بستراوەتەوە بە بەرهەم هێنانی نەوت و گاز کە خاوەنی ڕێگایەکی سەربەخۆ نییە بۆ گەێشتن بە بازارەکانی جیهانی و بەتەواویی بستراوەتەوە بە لۆلەکانی ناردنی نەوتی ئێڕاق و تورکیا. لە ناوچەی کوردستاندا. گرینگترین و مەزنترین کانگای نەوت کە دەتوانێ پاڵپشتێکی بەهێز بێ بۆ كارا كردن و وه‌كارخستنی داموده‌زگاکانی حکوومەتی ناوچەی کرکوکە کە جێگای موناقشەی کوردەکان و لایەنەکانی عەره‌بی ئێراقییە. گەشەی ئابووری هەر وڵاتێک بستراوەتەوە بە سەقامگیری و ئەمنیتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەگەر بە هەر هۆکاریەک ئەو ناوچانە کە جێگای باس و ناکۆکی لایەنی ئێڕاقی و کوردستانە لە ڕێگای ئاشتی و دیاڵۆگەوە چارەسەر نەکری، دەتوانی سەرچاوەیەک بێت بۆ گرژی و ئاڵۆزی و بە هەر ئەندازە ئەو گرژی و ناکۆکیان تووندتر و بەهێزتر بکرێن، هەر بەو ئەندازایەش سەقامگیری سیاسی لە ناوچەی هەرێم دەخاتە مەترسیەوە و بەو پێودانەش  ئالۆزی و ناکۆکیەکان سەرچاوەیەکی مەترسی دار دەبن لە سەر گەشەی ئابووری لە کوردستان.
(٣.٣) ئاستی نیزامی
جیا لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باری نیزامیشەوە وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی پێوێستی بە هێزێکی کۆک و پۆشتەی نیزامی نەتەوەیی هەیە کە بەتوانی لە دنیا ئالۆژی تەژی لە توندوتیژیی و دۆژمنایەتی دا پارێزگاری لە ئاسایش و سه‌قامگێری سیاسی کوردستان بکا. ڕاپورتە جوراوجورەکان نێشانی دەدەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەر سێ لاێەنی وەزارتی پێشمەرگە، یەکیه‌تی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان دا دابەشکراوەن کە بەشی زۆری ئەو هێزانە لە ژێر فەرمانی یەکیه‌تی و پارتی دان و وفاداری ئەو هێزانە پتر بە باری حیزبایەتی دا دەشکێتەوە هەتاکۆ باری نەتەوەیی. دەنگۆی ئەوش هەیە کە وه‌زارتی پێشمەرگە خاوەنی ١٤ بەتالیونە کە وەک باڵی نیزامی حکوومەتی هەرێم دەکرێت چاویان لێبکرێت. هەوڵ و تەقلاکان بۆ داڕشتنی ئەرته‌شێکی یەکگرتوویی کوردی کە تەنیا لە ژێڕ فەرمانی حکوومەتی هەرێمدا کار بکا لە ساڵی ٢٠١٤ بەولاوە ڕاگیراوە و لە کردەوەدا لە مەبه‌ستی خۆیدا کە بەتوانێ هێزیکی کارامەی نیزامی بێ لایەن پێک بەهێنێت کە تەنیا لە خزمەت قازانج و بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمدا بێت، سەرکەوتوو نەبووە و لە توانای دانییە کە مووچە و کەرەسە و ئامرازەکانی پێویستی هێز پێشمەرگە دابین بکا.
سەرەڕای ئەو کەم و کوڕیانە لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی داعشدا وه‌زیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیه‌تی ئورووپا بەتایبەتی ولاتانێکی وەک ئاڵمان، بریتانیا، فه‌رانسە و کۆماری چێک لە نیوه‌راستی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٤ دا بڕیاریان دا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پڕ چەک و چۆڵ کەن. وڵاتە یەکگرتووه‌کان هەر لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٣ بەولاوە لە هەوڵدابووە کە هێز پێشمەرگە چ لە باری ڕاهێنانی نیزامی و چ لە باری پێداویستی و کەرسە و ئامرازەکانی نیزامی یارمەتی بکا.[16]دیارە هیچ یەک لەو یارمەتییە نیزامییانە تا ئەو جێگایە بۆ دنیا دەرەوە ئاشکرا بووە، بە بێ چاودێریی و هاوکاری دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق نەهاتوونە ئاراوە.

رۆژئاوایەکان کە بە دۆای پاشەکەشەی هێزەکانیان لەعێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ بەولاوە بە دەگمەن حازرن هێزی  پیادەنیزامی خۆێان ڕاست و خۆ لە شەڕەکاندا بەشدار بن، بەکردەوە نیشانیان داوە کە لەو جێگایانە کە قازانج و بەرژەوەندیەکانیان ڕێگا دەدا ئەو هێز و لاێەنە خۆجێیانە پڕ چەک بکەن و بەو شێوەیە ئەو لاێەنە لە لە نەبوونی حەزوری نیزامی خۆێان قەرەبوو بکەنەوە. هەر لەو چۆارچێوەیەدا دەبیندری کە لە شەڕ لە دژی داعش دا دەکەونە یارمەتی هێز پێشمەرگە و هێز و لاێەنەکانی بەشدار لە شەڕی سووریەدا. پرسیاریەک کە لێرە دا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە داخۆا رۆژئاوایەکان بەدۆای کۆتای شەڕی داعش و کەمبوونەوەی پێویستی بە هێزی شەرکەر حازرن یارمەتیە نیزامیەکانیان لە گەڵ هیزی پێشمەرگەی کوردستان درێژە پێ بەدەن؟ یا خۆ لە بەر پێوەندیەک کە لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئێڕاق هەێانە چیتر هێزی پێشمەرگە ئەو گرینگی لە ستراتیژی نیزامی وان دا نامێنێت.

وەهەرحال هەل و مەرجی ناوخۆی کوردستان گرینگترین لاێەنە بۆ سەرکەوتنی پرۆژیێکی لە چەشنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی. بە بێ گۆمان لە ژیر تیشکی هەل و مەرجی ناوخۆ و تێگەیشتن لە هەڵویست و سیاسەتەکانی لایەنەکانی پێوەندیداری ناوچەیی و ناونەتەوەیی، خوێندنەوەیەکی دروست لە جێگا و ڕۆڵی کوردان و دەست نیشانکردنی خاڵە بەهیز و لاوازەکانی ناوخۆ و داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمی سیاسی و نەتەوەیی پێویستیەکی حاشا هەڵنگرە لە بە سەرئەنجام گەیاندن و سەقامگیرکردنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی لەو چەشنە.

(٣.٤) هەڵوێستی زلهێزەکانی نێودەوڵەتی و ناوچە لە هەمبەر رێفراندۆمدا
کێشەی کورده‌كان لە سەرەتایی سەرهەڵدانی شۆڕشه‌كانه‌وه‌ تاکوو ئێستا هەمیشە بستراوەتەوە بە پشتیوانی و هاودەنگی نێودەوڵەتی. دابەشبوونی کوردستان لە جوغرافیای سیاسی چوار دەوڵەتی ناوچەدا، گۆڕینی ئەو سنوورانه‌ى بۆ کورده‌كان چەتوون کردەوە و بێ پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ توانای كورده‌كان دا نییه‌. بۆیه‌ ئەگەر بە سەرنجەوە چاو لە مێژووی ١٠٠ ساڵ بەرخۆدانی کورده‌كان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوراست بکەین، بۆمان دەردەکەوەی کە ئەو جووڵانەوە ڕه‌وایه‌، چەندین جار بۆتە قووربانی سات و سودا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ و ڕاپەڕین کورد لە باشوور و پاشان کزکردنی جووڵانەوەی کورد لە باکوور و بەندکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەڵان لە لایەن تورکیا، هەر هەموویان بە فیت و سات و سەودای نێوان وڵاتی ئێران، ئێراق و تورکیا و هەروەها پشتیوانانی بەڕۆاڵه‌ت کێشەی کورد هاتوونە ئاراوە.

جێا لەوەش کوردستان لە شوێنێک هەڵکەوتوو کە زمانی سەرکوت و زەبر و زەنگ تەنیا کەرەسەیەکە کە لە دەست دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا کە بە بەردەوامی کەڵکی لێ وەردەگیری و لە کردەوەدا بوونی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکەرانە وای کردوەوە کە جێگای فەرهەنگی وتووێژ و دانوستان و یەکتر قەبووڵکردن کولتوریکی پڕ لە تووند و تیژی، نکۆڵیکردن و سەرکوت ببێتە کولتوری باڵادەستی ناوچەكه‌. هەر بەو پێیە هەر لایەنێک (جا ئەگەر سەر بە نەتەوەی باڵادەستیش بێ) باس لە ڕزگاری و ئازادی و پێکەوە ژیانی ئاشتیخۆازانەش بکا، بە زمانی زەبر و زەنگ وڵامی دەدرێتەوە و ئەو دیسان دەبێ ئەو جووڵانەوەیه‌ پەنا بۆ چەک و زەبر و زەنگ بری و بە شوێن پشتیوانی دەرەکی کەوێ بۆ پێکانی ئامانجەکانی. پشتیوانیک کە لە خواروه‌ دەست ناکەوی، بەڵکوو دەبێ قازانج و بەرژەوەندی لایەنی یارمەتیدریشی تێدا بێ. هەر کات هێزی پشتیوان هەستی بەوە کرد کە قازانج و بەرژەوەندییەکانی لە شوێن و لایەنی دژبەرەوە جێی بە جێی دەبێ و یا لە قازانجی دا نییە لەگەڵ دوژمنەکەت بەرەوە ڕوو ببێتە، خۆی لە کێشەکە دەدزێتەوە. هەر بۆیە پشتیوانی دەرەکی گەلێک گرینگە به‌ڵام بێ مەترسی و زەرەریش نییە.
لە دونیای ئاڵۆزی ئەوڕۆدا، وەک چۆن لە سەرەوە بە وردی باسی لێکرا، هاوپەیمانی مێژوویی و قوورس و قایمەکانی ڕابڕدووش، تەماوی بوون و هەر لایەن بە دڕدۆنگییەوە دەڕوانێتە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ دنیای دەوروبەری. بە واتایەکی تر فەلسه‌فەی کۆنباوەی ‘ دوژمنی دوژمنەکەم، دوستی منە’ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا زۆر باو بوو، ئیتر ئێستا بڕ ناکا، جێی پێی لیژ بووە. هەر بۆێە لێردا بە دوور لە هەر دڕدۆنگییەک سەرنج دەخریتە سەر ئەو هەڵویستانە کە دوستان و هاوپەیمانانی کورد لە هەمبەر پرسی رێفراندۆم ڕایانگەیاندووە ، تاکۆ بەتوانین لە هێندەک لە مەبست و نیازە سیاسیەکانی ئەو لاێەنانە تێبگەێن. هەرچەند سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان خاوەنی ڕوویەکی ئاشکرا بۆ دەرەوە و ڕوویەک هەمیشە لە پردەی تەم و مژی سات و سەودا شاراوەکاندا دەمێنێتەوە. لێ هەڵویستی ڕاگەیاندراو و ئاشکرای هەر لایەنێک لە هەر پرۆسە، پرۆژە و ڕووداو و ئاڵوگۆڕیەکدا میزانێکە کە دەبێ بە جیدی وەر بگیرێت، چوونکە هەڵویست و بەرنامە شارەوە و نادیارەکان مەێدانی خۆ دەزینەوەیان بەرفراوانە و زۆرتر خاوەنی تاێبەتمندیەکی ئەمنیتی و جاسوسین کە ناکری سیاسەت و داهاتووی پرۆژەیەکی مەزنی وەک سەربەخۆی کوردستانیان لە سەر دابەمەزرێندرێت.

(٣.٥) وڵاتەیەکگرتۆکانی ئەمریکا

 ئامریکاییەکان وەک هاوپەیمانی سەرەکی کورده‌كان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە قازانج و بەرژەوەندیەکی زۆرەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست هەر لەوکاتەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ تەمای کورده‌كانی بۆ بەڕێوبردنی رێفراندۆم ئاشکرا کرد و پاشان لە ساڵەکانی دواتریشدا دووپات و چەند پاتی کردەوە، بە بەردەوامی لە یەکیه‌تی خاکی ئێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای دانوستان پێداگری کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ دا دەزگای بەڕێوبەری ئۆباما لە ڕێگای جێگری سەرکۆمار جۆ باێدنەوە لە گەڵ پێداگری لە سەر پشتیوانی ئامریکا لە ئێراقێکی فیدراڵی یەکگرتوو و دێموکراتیک، داوای لە حکوومەتی ناوەندی و هەولێر کرد کە هەنگاو باوین بەرەو بەهێزکردنی سیاسەتێکی یەکگرتوو و سه‌قامگێری ئابووری.[17]

دەستاودەستکردنی ده‌سه‌ڵات لە ئیداری ئوباما بۆ ترامپ وای دەردەخا کە سیاسەتی ئۆباما لە مەڕ کوردستانی باشوور ڕەچاو دەکری. بە واتایەکی تر بە شێوەیەکی ڕەسمی دەوڵەتی ئامریکا لاگری سەربەخۆی دەولەتێکی کوردی نییە. ئەوە لە کاتێکدایە ‌کە ئەو وڵاتە پشتیوانیکی بەهێزیش بووە له‌ کیشه‌ی کورد له‌ ئیراقدا و له‌و دوایانه‌‌ خۆی لە کورده‌كانی سووریه‌ش نزیک کردووتەوە و لە ناوچەکەدا پێوەندیکی جێگای ڕەزامەندیان هەیە. بە تایبەتی لە شەر لە دژی داعش دا بە بەردەوامی ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوەیی نیزامی هێز پێشمەرگە و هێزکانی کوردیی لە سووریە بەرز دەنرخێنێ و کەرەسە و ئامراز و ڕاهێنانە نیزامییە پێویستییەکانی لە خزمەت هێزی پێشمەرگە ناوە.

بەڵام کاتێک لە هەڵویستی حکوومەتی ترامپ لە پێوەندی لەگەڵ ریفراندۆم بە باشی ورد بینەوە جیاوازیەکی تایبەتی دەبینین لەگەڵ هەڵویستی ئیدارەی ئۆباما. ڕۆژی پێنچ شەمە ٨ی ژانویەی ٢٠١٧ وەزاره‌تی دەره‌وەی ئەمریکا نیگه‌رانی خۆی لە بەڕێوبردنی ریفراندۆم دەربڕیی و بەڕێوەچوونی ئەو ریفراندۆمەی وەک هەوڵێک نەرخاند کە دەتوانێ ‘ ئەولەویەتگەلێکی هەنووکەیتر’ وەک تێک شکاندەنی داعش تووشی کێشە بکات. هەرچەند ‘ ڕەوا بوونی رێفراندۆمی’ بۆ کورده‌كان بەرز نەرخاند و بە ماڤی بی ئەملاو ئەولای کورده‌كانی زانی، بەڵام دیسانیش پشتیوانیکرد لە ” ئێراقیکی یەکگرتوو، فیدراڵ، سه‌قامگێر و دیموکراتیک”. ئەو وزارەتە ڕاگه‌یاند کە: “ئێمە … دەسەڵاتدارانی ناوچە(کوردستان) بانگهێشت ده‌كه‌ین کە لە گەڵ حکوومەتی ئێڕاق لە سەر کۆمەڵێک مەسەلەی گرینگ، بە تايبەتی پێوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەربنەمای یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێڕاق پێکەوە هەڵسووکەوت بکەن”.[18] هەر لەو پێوەندیەدا لە مانگی جولایدا، برێت مکگۆرک کە لە گەڵ ڕێبەرانی سیاسی کورد و ئێراقی وتووێژی لە سەر پرسی ریفراندۆم کرد، ئاشکرای کرد کە : “بەڕێوبردنی ریفراندۆمێک لە کاتێکی دیاریکراوی وا دا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی جێی ناکۆک، بە باوەڕی ئێمە ده‌توانێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگی بێ سۆباتی و ئێمە ئەو پەیامه‌ی خۆمان زۆر بەڕوونی دەربڕیوە.” [19]

ئەو پەیامە بۆ دنیای دەرەوە ڕەنگە ئەو لێکدانەوەی لێ بکەوێتەوە کە ئەمریکاییەکان کێشەیەکی ئەوتۆێان لە هەنگاو هەڵێنانەوە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە و تەنیا کات و ساتی بەڕێوەبەردنی ریفراندۆم بۆ وان نەخۆازراوە، مەگەر بەغدا خۆی ڕزای بێ کە لە ئێستادا کوردەکان لە ئێراق جودابنەوە. هەر لەو کاتە دا ئەمریکایەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە لە هەل و مەرجی ئێستا دا ئێمە خۆمان بەبەرپرس نازانین لە کاریەک کە دەبێتە هۆی بێ سۆباتی لە ناوچەکەدا. یانی ئەوان چاوەڕۆانی ئەوە دەکەن کە شانسی ئەوە کە ریفراندۆم بەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادنی نێوان ئێراقیەکان و کوردەکان هەیە و ئەمریکایەکان لەو پێوەندیەدا ئەگەر قازانج و بەرژەوەندیان لەوە دا نەبێ، خۆ لە قەرەی ئەو ناکۆکەیان نادان و وەباڵی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە دەتوانن بەهاوێنە ئەستۆی بکەرانی ئەو ئاڵۆزیی و ناکۆکیە. کەچی ئەمریکایەکان بە نفووزیەکی کە لە نێو کوردان، عەربە سوونیەکان و دەوڵەتی ناوەندی و بەتاێبەتی سەرۆک وزیرانی ئێراق ئاغای عیبادی هەیانە، دەتوانن ڕێگا چارەیەک بدۆزێنەوە بۆ پێش گرتن لە ناکۆکی و گرژی نێوان لاێەنەکان و پێش بە شەڕ و ئاژاویەک بگرن کە گریمانی ڕوودانی هەیە. هەر بۆێە ئەو هەڵویستە لە لاێەن سەرۆکایەتی کوردستانەوە دبێ زۆر بە جیدی تاوتوی بکرێ. و بە هۆی پێوەندییەکی باش و راستەوخۆ کە لەگەڵ وڵاتەیەکگرتووه‌کانی ئامریکا هەیەتی لە مەبەست و نیازی سەرەکی ئامریکايیەکان لەو بۆچوونانەیان بکۆڵێتەوە و لێ حاڵی بن. چوونکە ئەو پەیامە تەماویە و مەیدانی مانۆری سیاسی ئامریکايیەکانی بۆ هەڵبژاردنی جوراوجور لەمەڕ ئەو مەسەلەیە لە داهاتوو دا به‌رفراونتر دەکا. لێرە دا چەند پرسیار دەکری بێنە ئاراوە. ئایا ئامریکايیەکان بە تەمان بەدوای شەری داعش دا پرسی سەربەخۆی کوردستان بکەنە مەسەلەی سەرەکی خۆیان؟ ئەگەر وڵامی ئەو پرسیارە به‌ڵی بێ، ئەگەر وابێ ئامریکایيەکان خاوەنی بەرنامە و پلانێکی ڕوونن لە سەر داهاتووی باشووری کوردستان. ئەگەر لەو دەلاقەیەوە چاو لە مەسەلەکە بکرێ دەبێ کورده‌كان بزانن کە ئامریکايیەکان لە پرۆسەی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی لە باشوور دا تا چ ڕادەیەک دێنە پێش و چلۆن و لە چ ڕادەیەکدا لە کورده‌كان پشتیوانی دەکەن و مەودای ئەو پشتیوانەیە چەندەیە؟ گرینگتر لەوانەش پرسیار ئەوەیە کە کاکڵ و نێوەرۆکی ئەو پشتیوانیە لە سەر چ بنەمایەک دامەزراوە؟ بە واتایەکی تر ئامریکایيەکان لە هەمبەر ئەو پشتیوانیەدا چ شتێکيان لە کورده‌كان دەوێ؟ ئەگەر ریفراندۆم لەو سەردەمە دا لە ناوچەکانی جێی ناکۆک دەبێتە هۆی ئالۆزی و بێ سۆباتی، ڕۆڵ و ئەرکی ئامریکایيەکان لەو بێنە دا چ دەبێ و چە ڕێگاچارەیەک پێشنیار دەکەن و تا چە ڕادیەک وەزن و توانای خۆێان دەێنە مەێدان بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو پێشنیارە؟

بێ گۆمان وڵامدانەوە بەو پرسیارانە کاریکی چەتوونە، بەڵام بە پێ گۆڕینه‌وه‌ێ ئه‌و په‌یامانە‌ی  کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەیەکگرتووه‌کان دا هاتۆتە ئاراوە، مرۆڤ دەتوانێ تاڕاده‌یەک باس لە هێندک گریمان بکات. بەتایبەتی کاتیک لە ١١ی ئاگۆستی ئەوساڵدا هەواڵی پێوەنديیه‌کی تەله‌فونی نێوان تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی هەرێم مسعود بارزانی بڵاوەبووه‌، دەرکەوت کە ئامریکا جارێکتر پێداگریکردوە لە وتوێژ له‌ نێوان هەولێر و بەغدا و هەر لەو کاتە دا خۆازیاری دواخستنی بەرێوبردنی رێفراندۆم بووە. هەرچەند ئەو هەڵویستەی ئامریکا تازە نییە، بەڵام وڵامی بەڕێز بارزانی دەتوانێ جێگای سەرنج بێ. سەرۆکایەتی هەرێم لەو وتووێژە تەله‌فونیەدا بە ڕاشکاوەی دواخستنی ریفراندۆمی بەستۆتەوە بە گارانتی و ئالترناتیڤه‌کان و دەڵی بە هۆی نەبوونی ئەو دوو مەرجە رێفراندۆمیش دوا ناخری.[20]

بە پێی ئەو قسانه‌ی بەرێز بارزانی و هەروەها هەڵویستەکانی پێشتری ئەمریکایەکان لە مەڕ رێفراندۆم دەکری ئەو ئاکامە بگیرێ کە کە لە ڕاستیدا ئامریکایيەکان نە تەنیا هیچ پلانێک و بەرنامەیەکی ڕوون و تەمایەکی بەهێزیان بۆ پشتیوانی سەربەخۆی کورد لە دوارۆژدا، لە حالی حازر لە بەردەست دانیە، بەڵکوو لە هەمبەر دواخستنی ڕیفراندۆمیش دا هیچ گارانتی و ئاڵترناتیڤێک جگە لە دانوستاندن و وتووێژ لە سەر ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بنه‌ڕتی ئیراقی فیدراڵدا شک نابن و لە هیچ یەک لەو پەیمانەش دا ڕۆڵێکی ئەتۆیان بۆخۆێان دیاری نکردوە و هەر لەو ڕۆانگەيەشەوە ئەگەر بەڕێوبردنی و دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێی ناكۆك وەک کرکوک بەبێتە هۆی ئاڵۆزی و پێکدادان، ئەوان خۆ بە بەرپرسیار نازانن، چوونکە لە پێشدا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە کێشەکەكان کردەوە. لە ژێر ڕووناکی ئەو خوێندنەوەیەدا دەکری مرۆڤ به‌و ئەنجامە بگا کە ئەمریکاییەکان لە هەڵبژاردن لە نێوان حکوومەتی بەغدا و دەسەلاتی هەولێر دا پێویست ناکا هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ بکەن و سەرئەنجام ئەگەر پێکدادن و گرژی لە نێوان ئەو دوو لاێەنە دا هاتە ئاراوە بە پێ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تەما و مەبستی پیویستی خۆیان دەست نیشان دەکەن. وا وەێ دەچێت کە ئەمریکایەکان لە ئێستا و لە دواڕۆژیەکی نزیکیشدا بەتەما نین بەغدا بۆ تاران چۆڵ بکەن و لە سەر ئەو تێگەیشتنە هیوادارن کە هەولێر و بەغدا پێکەوە درێژە بە ژیانی خۆێان بەدەن، چونکە مانەوەی کوردان لە ئێراقدا دەتوانی پێگەیەکی گرنگ بێ بۆ نفووزی ئەمریکاییەکان لە بەغدا. بەڵام لە سەر هیوادار بوون سیاسەت چێ نابێ و سەرئەنجام ئالۆزی و ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر پێوەندی ئەمریکا لەگەڵ ئەو دوو لاێەنە ناڕوون دەکا و دەرئەنجامەکەی نادیار.

(٣.٦) وڵاتانی ئوروپا

ئورووپاییەکان چ لە خۆڵقانی کێشەی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و چ لە پشتیوانی کردنی جووڵانەوەکانی کوردیدا بە درێژايی مێژوو ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. لە کاتی تێوەگەلانی کورده‌كان لە شەڕ لە دژی داعش دا لە ساڵی ٢٠١٤، بەشێکی بەرچاو له‌ وڵاتانی ئورووپای یارمەتی نیزامی کورده‌كانیان داوه‌ و بەشداری کارگێر و چالاکانەی پێشمەرگە و هێزکانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ كوردستانی سووریە، وەک دیاردەیەکی بەرز دەنرخاند. بۆ نموونە هەر لە ساڵەکانی ٢٠١٤-و ٢٠١٥ زیاتر لە ١،٨٠٠ تۆن چەک و تەقەمەنی و پێداویستیەکانی تری سەربازیان بۆ هێزی پێشمەرگە ناردوه‌.[21] لە دیسامبری ٢٠١٥ دا ده‌وڵەتی ئالمان ڕاێگەیاند کە سیستمگەلێکی ڕاکێتی و زرێپۆشی سەربازی تەحویلی هێزی پێشمەرگە داوە.[22] جیا له‌ وڵاتی ئاڵمان، وڵاتانی ئیتالیا، نوروێژ و بریتانیا بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕاهێنانی هیزەکانی پێشمەرگەدا بەشداریان کردووە.[23]

بەڵام سەرەڕای یارمەتێکی بەرچاوی نیزامی وڵاتانی ئورووپای و بەتايبەتی ئاڵمان هەر لە سەرەتای سازبوونی دەنگۆکان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە نەسازاوەن. لە کۆنفرانسی ئەمنییەتی مونیخ لە ساڵی ٢٠١٦ دا چاوپێکەوتنێک لە نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وزیری دەرەوی ئەوکاتی ئاڵمان فرانک والتر شتانماێر دا هاتە ئاراوە. لەو چاوپێکەوتنە دا وه‌زیری دەرەوی ئاڵمان نیگه‌رانی خۆی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان بە ئاگاداری بەڕیز مسعود بارزانی گەیاند.[24] هەروەها ساڵێک پێشتر یانی لە دیسامبری ٢٠١٥ دا لە سەفەریەک دا بۆ هەولێر، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە هەولێر و بەغدا، داوا کرد کە یەکیه‌تی خاکی ئێراق بەپارێزن و هەر لەو کاتە دا دژایەتی خۆی لە گەڵ درووستبوونی سنوورگەلیکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەربڕی.[25] هەر لەو پێوەندیەدا به‌رپرسی سیاسەتی دەرەەوەی یەکیه‌تی ئورووپا خاتوو موگرینی لە ڕوونکردنەوەی هەڵویستی یەکیه‌تی ئورووپا دا ڕایگەێاند کە: ” یەکیه‌تی ئورووپا یارمەتی هیچ بەرنامەیەکی سەربەخۆی کورده‌كان ناکا – چ ئەو هەوڵە لە تورکیە بێ یا لە ئێراق یان سووریە.” [26] هەر لە درێژای ئەو هەڵویستانەدا لە ١٩ جولای ٢٠١٧ وه‌زیرانی دەرەوەی یەکیه‌تی ئورووپا داوایان لە کورده‌كان کرد کە خۆ بەپارێزن لە بەڕێوبردنی ریفراندۆم لە ٢٥ی سپتامبردا. ئەو وەزیرانە پێداگریان لە سەر ئەوە بوو کە ” لە هەر چەشنە هەوڵێکی یەکلایەنە دەبێ دوورە پەرێزی بکرێ و سەرجەم پرسەکان لە ڕێگای لێک تێگەێشتن لە سەر بنەمای یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێراق بێنە چارەسەرکردن”. جیا لەو هەڵویستە وەزیرانی دەرەوەی یەکیه‌تی ئورووپا ئاماژەیان بەوەشدا کە ئەو یەکیه‌‌تییە لە سەر داوای دەوڵەتی ئێراق هەوڵدەدا کە ” تیمێکی ڕاوێژکاری و یارمەتیدر” پێک بەهێنن بۆ یارمەتیدانی ئاودانکردنەوەی ئێراقی پاش شەڕ لە دژی داعش دا.”. [27]

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بە باشی لە هەڵویستی ئورووپاییەکان ئاگادار بوو لە مانگی ژانویەی ٢٠١٧ دیسانەوە لە سەردانێك بۆ ئورووپا کەوتە هەوڵی ئەوە کە پشتیوانی ئورووپا بۆ لای بڕیاری ریفراندۆم ڕابکێشێ. لە ٨ ژانویە پاش چاوپێکەوتنی مسعود بارزانی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا، دیسانەوە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بێ مێلی وڵاتەکەی له‌ مەڕ پرسی رێفراندۆم راگه‌یاند و ئەو بڕیاره‌ی بە سەرچاوەیەک بۆ پەرەهەسه‌ندنی گرژی و ئالۆزی و نه‌بوونی سه‌قامگێری لە ناوچەکەدا، ناوبرد. ئاغای زیگمار گابریل لەو پێوەندیەدا گوتی کە: ” لەسەر‌ڕا داڕشتنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت، ڕێگایەکی دروست نیە و کۆمەڵێک گێر وکێشە و هەلومەرجێکی بێ سه‌قامگێری لە هەولێر و بەغدا ئەوه‌ندی دیكه‌ش بە ئاقاریەکی خراپ دا دەبا.” [28]

هەڵویستی ئورووپاییەکان لە مەڕ رێفراندۆم پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی ئەوتۆ نییە. ئورووپاییەکان بە هۆی هاوسنوور بوونیان لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست بۆیان دەرکەوتووە کە شەڕ و پێکدادانه‌کان لە ناوچەیە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، بە نەرخێکی مەزن بۆ ئه‌وان تەواو دەبێت. چونی هەزاران پەنابەری ناوچە ئاڵۆزەکانی شەڕ لێدراو بۆ ئورووپا، نەتەنیا لە بۆاری ماڵییەوە نرخێکی مەزنی بۆ ئه‌وان بەدواوەیە، بەڵکوو به‌ هۆی ڕادەی زۆر بوونی پەنابەران، ناره‌زایەتی خەڵکی وڵاتانی ئورووپایی لێکەوتۆتەوە و هەروەها بۆتە خۆراکێکی باشی پرووپاگه‌نده‌ بۆ حیزبه‌كانی ڕاستگەرا لە موبیلیزەکردنی خەڵکی نارازی. سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتانە نەتەنیا دژ بە پەنابەرانن، بەڵکوو خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسیشن کە لە دژی پرۆژەی یەکیه‌تی ئورووپان و بەهێز بوونی ئه‌وان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لە سەر مانەوەی ئەو یەکیه‌تییە. رێفراندۆمی “نا” لە بریتانیا توانی بە زەقکردنەوەی کێشەی پەنابەری بەشێکی زۆری دەنگەکانی خۆی بەدەست بەهێنێ. وادیارە ئورووپاییەکان لەوە دەترسن کە پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی شەر و ناکۆکی و بێ سه‌قامگێری لێدەکەوەێتەوە، هەر بۆیە زۆر ڕاشکاوانتر لە ئامریکاییەکان لە هەمبەر ڕیفراندۆم دا هەڵویستی خۆیان دەرخستووە. یەکیه‌تی ئورووپا هەروەها پێویستی بەرچاوی بە نەوەت و گاز ئەو ناوچەیە هەیە، بۆ ئەوەی کە ئابووری ئەو یەکیه‌تییە بە باشی بەگەڕی، کە تازە لە قەيرانێکی ئابووری و ماڵی کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ بەلاوە تووشی بوو، خۆی رزگار کردەوە. شەر و ناکۆکی تازە لە ئێراق و ناوچەکەدا دەتوانێ کاردانەوەیەکی نالەباری بۆ ئابووری یەکیه‌تی ئورووپا لێبکەوێتەوە

(٣.٧) روسیه‌ و چین

روسیه‌ لە سەردەمی ئێستا دا پێوەندیەکی باشی لەگەڵ کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا هەیە و چەک و چۆڵ بە هەر دوو لایەن بۆ شەڕ لە دژی داعش ده‌دا. لە ساڵانی ڕابردوو دا رووسەکان کەوتنە هەوڵ کە خۆ بگەێنە بازاری نەوتی کوردستان و ئێستا یەکێک لە كۆمپانیا نەوتەییەکانی رووسیە گرێبه‌ستێ لە گەڵ کوردستانی باشوور هه‌یه‌. رووسەکان زۆریان پێخۆشە لە کێبڕکی پشتیوانی كردن له‌ کورد لە گەڵ ئامریکاییەکان وەپێش کەون. لە پێوەندی لەگەڵ رێفراندۆمدا رووسەکان لە زمانی باڵيو‌زی ئەو وڵاتە لە ئێراق پێداگری کردوەوە، لە سەربەخۆیی و یەکیه‌تی ئێراق و لایان وایە کە هەر چەشنە باسێک لە سەر دوڵەتی فیدراڵی ئێراق دەبێ دەرئەنجامەکی لە ڕێگای وتووێژ لە نێوان بەغدا و هەولێر دا بێتە ئاراوە. ڕەنگە روسەکان بە شێوەیەکی ئامرازی پشتیوانیش لە ریفراندۆم بکه‌ن، لە ئەگەری پشتیوانی نێودەوڵەتی لە رێفراندۆمی کوردستان. تا ڕه‌وابوونی ریفراندۆمی کریما بەسه‌لمێنیت و هەروەها ڕێگا خۆش بکا بۆ جودایخوازانی ئوکراین و یا کەمایەتییەکانی قفقازی باشوور. زۆر جێگای گومانە کە پێوەندی خۆی لە سەر ریفراندۆم لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی و یا خۆ لە دواتردا لەگەڵ ئێران و تورکیا بەخاتە مەترسییەوە

 لەو پێوەندییەدا پێوێستە بە کورتی ئاماژیەک بە هەڵویستی چین لە سەر ریفراندۆمی کوردستاندا بێتە بەر باس. چین لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی کورد سیاسەتێکی دیاریکراوی نیە. چین زۆرتر لە بواری ئابووری لە هەرێمی کوردستان دا چالاکە و لە بواری سیاسییەوە خۆی لە کێشەگەلێکی ئاڵۆزی وەک ریفراندۆم لە ئیستا دا نادا و بە لە سەرەخۆیی چاوەڕوان دەمێنێتەوە تا به‌زانی پرسی ریفراندۆم بەکام لا دا دەکەوێتەوە. جیا لەوەش هەم چین و هەم روسیە بە شێویەکی نەریتی دوو لاێەنگری سەرسەختی یەکیه‌تی خاكی دەوڵەتانن. هەروەها چین کێشەی کەمایه‌تی نه‌ته‌وه‌‌كانی وەک تەبەتییەکانی هەیە کە تا ڕادەیەکی بەرچاو پشتیوانی رۆژئاواشیان لە پشتە. جا هەر بەو هۆیە پشتیوانی چین لە ریفراندۆمی کوردستان کێشەی تەبەتییەکان و کەمایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی و پشتیوانانی جیهانی ئەو کەمایه‌تیییانه‌ بەهارووژێنێ کە لە سەر چارەنووسی ئه‌وانیش ڕێگا، بۆ ڕیفراندۆم خۆش بکرێ.

(٣.٧) وڵاتانەی عەربی

وڵاتانی عەرەبی ناوچە بە گشتی و وڵاتانی قەتەر، عەره‌بستان و ئیمارت بە هۆی بەهێز بوونی نفووزی به‌رچاوی ئیران لە ئێراق، سووریە و لوبنان و هەروەها دزه‌کردنی ئەو نفووزە بۆ وڵاتێ یه‌مه‌ن لە لایەک و ئاسای بوونەوەی پیوەندی ئێران لە گەڵ بەشێکی به‌رچاوی کۆمەڵگای نێوەدوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦ بەولاوە، هەست بە مەترسێکی مەزن دەکەن. هەر بۆیە لەو ساڵانەی دوایدا و بە تایبەتی بە دەست پێکردنی شەڕ لە سووریەدا و رێكه‌وتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە وتوویژەکانی ٥كۆی١ لە گەڵ ئێران لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زۆر بە ڕاشکاوی و چالاکانە هاتنە مەیدان بۆ بەرپه‌رچدانەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. ئیتلافی عەره‌بی لە شەڕی یه‌مه‌ن دا، هەروەها هەوڵه‌كانی عەره‌بستان بۆ سازدانی بەره‌یەکی ئیسلامی دژە تێرۆر و یارمەتی ماڵی، سیاسی و نیزامی زۆری ئەو وڵاتانە بە دژبەرانی به‌شار ئەسد لە سووریە، کۆمەڵێک هەنگاوەن کە عەره‌بەکانی ناوچە لە دژی ئێران لە خۆيان نێشان داوە. ئەو وڵاتانە لە دەلاقەیەکی سیکتاریستیەوە چاویان بڕیه‌ رووداوەکانی سووریە و ئه‌و جووڵانەوەیان وەک ڕاپەڕین و خەباتێکی زۆرایەتی سووننییەکان لە دژیی کەمایەتی عەلەویی لێکداوە کە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، نیزامی و ئابووریی ئەو وڵاتەی لە چنگ دایە و هەر لەو کاتە دا هاوپەیمانێکی ستراتیژیی گرینگی ئێرانە لە ناوچەكه‌دا. ئێرانێکی شیعە کە وڵاتانی عەره‌بی سوننی، بەتایبەتی عەره‌بستانی سه‌عوودیی و قەتەر، وەک مەترسێکی مەزن لە هەمبەر خۆیانی دا دەبێنن.

 ئەو وڵاتانە لە ساڵی ٢٠١٥ بەولاوە لە کورده‌كاندا کە زۆربەیان سوننی مەزهه‌بن، هاوپەیمانێک دەبێنەوە کە هاوسنوورە لە گەڵ دوژمنی سەرەکییان لە ناوچەکەدا. میوانداری و پێشوازى بەشکۆی پاشای عەره‌بستان لە بارزانی لە دیسامبری ٢٠١٥ دا، ئەو دەنگۆیە بڵاو بۆوە کە کورده‌كان لەجه‌مسه‌ربه‌ندی نوێی ناوچەكه‌ دا چوونه‌ جه‌مسه‌ری تورکی _ عەره‌بی سوننییەوە. هەرچەند بوونی هاوپه‌یمانێكی لەو چەشنە بە تەواوی ڕوون نیيە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ساختاری ئەو یەکگرتنە بەدوای قەيرانێک، کە لە نێوان قەتەر لە لایەک و عەره‌بستان و ئیمارت لە لایەکەی دیكه‌وه‌ سەرجەم پرۆژه‌کانی تورکی-عەره‌بی لە ناوچەکەدا تووشی نسکۆی کرد. قەتەر و تورکیە بە کردەوە لەو هاوپه‌یمانییه‌ هاتنە دەر. هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە دەکرێ، لە بێدەستەوستانی ئەو لایەنانە لە تێک شکانی ئەو پرۆژه‌یه‌دا بەبێنینەوە کە لە ناوچەکەدا بەڕێوەیان دەبرد. پرۆژه‌ی لایەنی عەره‌بی-تورکی و ڕۆژئاوا لە سووریە کە لە سەر ئەو باوەڕە دامەزرابوو کە رێژیمی ئەسەد لە ماوەی چەند مانگ دا برۆخی، نەتەنیا سەری نەگرت، بەڵکوو ڕێژیمی ئەسەد بە هاریکاری ئێران، حیزبوڵڵا و روسیە، هەر وا له‌ ده‌سه‌ڵات دایه‌. رۆژئاواییەکان مەرجی لاچوونی به‌شار ئەسەد لە سەر کاریان، وه‌لا ناوە. دووهەم پرۆژە پێوەندی بە یه‌مه‌نەوە هەیە کە پاش نزیک بە دوو ساڵ ئیتلافی عەره‌بی هیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی تیدا بەدەست نەهێناوە. سێهەم پرۆژە هەوڵێکی هەمەلایەنەى سعودییەکان بوو، بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی سوننی، بۆ ئیزۆلە کردنی ئیران لە جیهانیی ئیسلامدا، کە ئەویش دەسکەوتێکی ئەوتۆی بەدواوە نەبوو.

وڵاتانی کەنداو لە ڕاستیدا بە هۆی پوڵ و په‌له‌یه‌كی زۆر، لە سەر خۆیان و ئەو ڕۆڵ و جێگایە کە لە جیهانی ئیسلامدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێ نوێنەرایەتی بکەن، تووشی لێکدانەوەیەکی نادروستبوون. وڵاتانی کەنداو خاوەنی هیچ یەک لە فاکتۆره‌کانی کۆمەڵایەتی، هێزی مرۆڤی، نیزامی، سیاسی و ئابووریەکی بەرهەمهێنەر نین کە بەتوانن وەک ڕێبەر لەو ناوچەیە دا بێنە مەیدان. عەره‌بستان لە جیهانی ئیسلامیدا تەنیا بە هۆی بوونی شارەکانی پێرۆزی مه‌كکە و مەدینە و هەروەها بوونی سه‌روه‌ت و سامانی زۆر نەوتی، خاوەنی ئوتۆریتەیەکی دەستکردە لە جیهانی ئیسلامیدا. ده‌سه‌ڵات و نفووزی قەتەر و ئیمارتیش تەنیا بە ئەو سه‌روه‌ت و سامان بەستراوەتە. لەوەش زیاتر ئەو وڵاتانە بۆ سیستمی پارێزگاری وڵاتەکانی خۆیان بەتەواویی بستراوەنەوە بە وڵاتە یەکگرتووه‌کانی ئەمریکا و هەرچەند مۆڵگەکانی نیزامی ئەو وڵاتانە پڕە لە چەک و چۆڵی مودێرن، لێ بۆ بەکارهێنانی ئەو چەک و چۆڵەش، پێویستیان بە هاریکاری و پشتیوانی ئەمریکایەکان هەیە. هەر بەو تێگەیشتنە لە سەر جێگا و پێگە و هێز و توانای ئەو وڵاتە عەربیانە لە ناوچەکەدا،  ئەو وڵاتانە ناتوانن لە درێژخایەندا هەڵگری پەیمایەکی بەهێز سیاسی بن لە پشتیوانی کوردان لە ناوچەکەدا، هەر بۆێە نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتانە لە کوردان دەکرێ نزیکبوونەوەیەکی ئامرازی بێ کە وەک چەکێکی گووشار لە سەر ئێران  دخۆازن کەڵکی لێ وەرگرن کە لە درێژ خایەندا چی وای لێ شین نابێتەوە.

(٣.٧) تورکیا، ئێران و ئێراق و پرسی ڕیفراندۆم

دوا بە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ریفراندۆم، هەر سێ وڵاتانی ئێران، ئێراق و تورکیا، ئەو بڕیاره‌یان بەهەنگاویەکی هەڵە زانی، کە بە باوەڕی ئه‌وان ده‌بێتە هۆی سەرچاوەیەکی ئاژاوە و بێ سه‌قامگێری لە ناوچەکەدا. دیارە ئەو هەڵویستانە دوور لە چاوەڕوانی نەبوون، بەڵام بێ گۆمان شوێندانەر ده‌بن لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچە بە دوای بەڕێوەچوونی رێفراندۆمدا.

لەو پێوەندیەدا رۆڵ و هەڵویستی تورکیا زۆر جێگای سەرنجە. لە دە ساڵی ڕابردوودا هه‌تا پێوەندی نێوان بەغدا و هەولێر ئاڵوزتر دەبووە، هەر بەو ئەندازه‌یش پێوەندی ئانكارا و هەولێر لە پەرسه‌نددا بوو. تورکیە ڕێگای هەره‌ گرنگی ناوچەیی هەرێم، بۆ جیهانی دەرەوە بوو. پێش هاتنە سەرکاری ئەردۆغان کێشەی کورده‌كان لە باشوور هەمیشە وەک مەترسێک بۆ یەکیه‌تی خاکی تورکیا چاویی لێدەکرا، به‌ڵام لە ساڵانی رابردوو دا بەڕێوبه‌رانی حکوومەتی هەرێم میوانی زۆر بەڕێزى دوڵەتی تورکیا بوون. بۆ نموونە لەساڵی ٢٠١٣ دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە دیاربکر پێکەوە وتاریان پێشکەش کرد. بەڵام بە هاتنە گۆڕی پرسی ریفراندۆم وا وەێ دەچێ کە ئەو پێوەندییە بکەوێتە مەترسی و ڕوو بە ئاڵۆزبوون بەچێت. چونکە دەوڵەتی تورکیا مەسەلەی ریفراندۆم بە بڕیاریکی زۆر هەڵه‌ی مەترسیدار ده‌زانی و داوای لە هەرێم کردەوە کە لەو بڕیارەی خۆی پاشگەز بێتەوە. گرینگی تورکیە وەک ڕێگای سەرەکیی پێوەندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ دنیای دەرەوە و بە تایبه‌تی وەک تەنیا ڕیگای هه‌نارده‌ كردنی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان، دەتوانی کاردانەوەیەکی نەرینی لە سەر ئابووری کوردستان هه‌بێت. جیا لەوەش تورکیا، بە هۆی بوونی گه‌لی تورکەمەن لە ناوچەی کرکوک، دەتوانی لەو ڕێگایەشەوە کێشە خۆڵقێن بێ لە سەر هێمانایەتی ناوچەی هەرێم. دیارە کوردەکان لێکدانەوەیان لە مەڕ پێوەندیان لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندی ئابووری دامەزراوە و لاێان واێە کە ئەو قازانج و بەرژەوەندیانە هێندە مەزنن کە تورکیا مەجبور دەکا کە لە درێژخایەندا بە بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ ڕازی بێ. بەڵام ئەو تێڕوانینە لە پێوەندیەکان زۆر برتسک و لاوازە و بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا هەم لە باری سیاسی و هەم لە باری ئاسایش و ئەمنیتی نەتەوەیی و هەم لە باری نیزامیێەوە بۆ تورکەکان نەخۆازراوە، هەر بۆێە بەژەوەندیە ئابووریەکان هەرچەند مەزن بن لە هەل و مەرجێکی ئەتۆ دا لای تورکەکان گرینگی خۆێان لە دەست دەدەن. لە ڕۆانگەی ئەتۆویە کە‌ تورکەکان هیچ ناێشارنەوە ئەگەر بە پێویستی بزانن هێزی نیزامیش لە دژی هەرێم بکار دەهێنن.

پێوەندی نێوان ئێران و حکوومەتی هەرێم تا ئاشکرا بوونی بەڕێوەبردنی ریفراندۆم ئاسایی بوو. پێوەندی ئابووری ئێران له‌ گه‌ڵ هه‌رێم، كه‌متره‌ له‌ تورکیا، بەڵام نفووز سیاسی ئێران لە باشووری کوردستان حاشای لێ ناکری. ئەویکە ئەو نفووزە تا چ ڕاده‌یەک دەتوانی بە فریای ئێرانەوە بێ، بۆ دەستتێوردان و ئاڵۆزی ناوچەی لە هەرێمدا زۆر ڕوون نیە. ئێرانییەکان بە هۆی نفووزێکی بەرچاو کە لە نێو شیعەکانی ئێراق دا هەیانە دەتوانن بە بێ ئەوە کە خۆیان ڕاستەوخۆ کێشە بۆ کوردەکان دروست بکەن، لە ڕێگای هێز چەکدارییەکانی شیعە لە نانەوەی ئاژاوە و شەر و پێکدادان لە گەڵ کورده‌كاندا کەڵک وەرگرن. هەر لە پێوەندیەدا ئێرانیش هەروەک تورکیا ریفراندۆمی ٢٥ سیپتامبری ٢٠١٧ی وەک هەنگاویکی پڕ مەترسی ناو بردەوە و لە دژی ڕاوستاوە.

 دەوڵەتی فیدرالی ئێڕاق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ بەلاوە لێک دوور کەوتوونەوە. بەتايبەتی بڕینی بودجەی کوردستان لە لايەن حكوومه‌تی ناوەندییەوە، کە قەیرانێکی ئابووری بۆ هەرێم لێکەوتەوە، ئەو پێوەندی‌ ئەوەندەێتریش لەرزۆکتر کرد. هەر چەند لە شەڕی داعش دا و لە هەوڵەکان بۆ گرتنەوەی موسڵ هێزی پێشمەرگە و هێزە نیزامییەکانی ئێراق بە باشی لە گەڵ یەکتر کەوتنە هاوکاری، به‌ڵام دوڵەتی فیدرالی ئێڕاق وێدەچی کە مل بۆ قەبووڵکردنی بڕیاری ریفراندۆم ڕا نەکێشێت. ئێراقییەکان ئەو بڕیارە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای بنچێنەی ئێڕاق دا دەنێن و هەر بەو پێیەش ڕەتی دەکەنەوە. گەورەترین سەرچاوەی ئاڵۆزی و پێکدادانی ئیحتمالی کورده‌كان لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر ناوچە جێناكۆكه‌كان دەگرێتەوە. ئێراقییەکان بە درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لەگەڵ هێندیک گێروکێشەی داڕشتنەوەی سنوورەکانی نێوان خۆیان و دەوڵەتی کوردی بەرەوڕوو دەبنەوە. ناوچەکانی کرکوک و خانەقین وەک ناوەندی سەرەکی وزە و توانستی دەوڵەتی کوردی بە هۆی بوونی سەرچاوە نەوتییەکان و هەروەها ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ دەتوانن سەرچاوەیەکی مەزن بن بۆ ئاڵۆزی و پێکدادانی نێوان کورده‌كان و دەوڵەتی ئێڕاق.

 دیار هەڵوێستی ئەو وڵاتانە رابردوویه‌كی مێژوویی دوور و درێژیشی هەیە کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشە کورد لەو وڵاتانە دەستی پێکردەوە. ئەویش دەگه‌رێتەوە سەر ئەوە کە ئەو دەوڵەتانە بە شێوەیەکی سیستماتیک نکۆڵیان لە ماڤی کورده‌كان کردەوە و تاکۆ ئێستاش لە تورکیا و ئێران رێگایه‌كی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی کێشەی کورد نەدۆزراوەتەوە. هەر ئەو هەل و مەرجەش هۆكاریكه‌ کە کورده‌كانی ئەو دوو وڵاتە لە هەر هەل و درفەتێک کەڵک وەرگرن بۆ ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە. هەر بۆیە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە باشووری کوردستان لە پلەی یەکەمدا، کاردانەوەیەکی به‌رچاویی دەبێ لە زەقبوونەوە و بەهێزبوونی کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانی وڵاتانی تورکیا و ئێڕاندا. دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەرکەوتوویی کورد، بێ گۆمان لە باری ساێکۆلۆژییەوە دەتوانێ ببێ بە سەرچاوەی ئیلهام و هاندەریکی بە هێز بۆ کورده‌كان لە ئێران و تورکیا کە زیاتر لە هەمیشە و لە ڕاده‌یەکی جەماوەریتر و به‌ربڵاوتر دا بۆ بەدەست هێنانی ماڤەکانی خۆیان بکەونە بەرخۆدان.

هۆکارێكی دیكه‌ی دژایەتی تورکیا و ئێڕان لە هه‌مبه‌ڕ پرسی ڕیفراندۆم، دەگه‌رێتەوە بۆ ترسێک لە سەر شێوه‌ی پێوەندی دەوڵەتی کورده‌كان لە گەڵ دنیای دەرەوەیه‌. هەم ئێران و هەم تورکیا لایان وایە کە کوردستانی باشوور دەبێتە هاوپەیمانێکی ڕۆژئاوايیەکان و بە تایبەتی ئامریکا و بەو چەشنە جێی پێی ئە لایەنانە لە ناوچەکە دا خۆشتر دەکا. ئێران کە دژایەتێکی دێرینی لە گەڵ ئامریکا و ئیسرائیل هەیە و پێوەندی تورکیا لە حاڵی ئێستا دا لە گەڵ ڕۆژئاوا ئاڵۆزە و خاوەنی داهاتوویکی ناڕوونە. بەو هۆکارە هەردووک وڵات‌ ئەو مەترسییە هەست پێدەکەن کە ئاواڵە بوونی دەستی ئامریکاییەکان لە کوردستان، دەتوانێ هەڕشەیەکی گه‌وره‌ بێ لە سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە. دیارە بە بێ شک بوونی ئامریکا لە سنوورکانی ئێران تێچووی هه‌ڵگره‌ بۆ ئێران، و له ئه‌گه‌ری‌ پێکدادانی ئێران و ئەمریکا دەتوانی تەواوی ناوچەکە لە شەڕیکی ماڵوێڕانکەر دا نوقم بێت، کە کۆتاییەکی نادیاری دەبێ. هەم ئێران و هەم تورکیا لەو دەلاقەیەوە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی بە سەرچاوەیەک لە بێ سۆباتی و ئاژاوە لە ناوچەکەدا لە قەڵه‌م دەدەن و هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخنە گەڕ کە ئەو پرۆسەیە به‌ربەست بکەن.

(٤)ریفراندۆم و دەرئەنجامەکانی

بە لە بەر چاوگرتنی هەلومەجی ئالۆزی نەزمی نێودەوڵەتی، دژایەتی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا لە گەڵ ڕێفراندۆم و هەلومەرجی نێوخۆی کوردستان کە خاوەنی یەکیه‌تییەکی سیاسی بەهێز نییە و هەروها ناکۆکی و گرژی لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئێراق چاوەڕووانی ئەوە دەکری کە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزی بێت. ئەزموونی گۆڕانکارییەکانی ئەو دوایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی وڵاتی سووریە نیشانی داوە کە دوست لەو سەردەمەدا زۆر چەتوونە کە لە دووژمن جیا بکرێتەوە و ویست و داخۆازییە ڕەوا و ئینسانییەکان بە سانای دەتوانن ببنە قوربانی سات و سەودای هێز و لایەنەکان بەرژەوەندیدار و هیچ مانایەکییان نەمێنێ.

بەوردبوونەوە لە هەڵویستی رۆژئاواییەکان لە هەمبەر بڕیاری رێفراندۆم دا بۆمان دەردەکەوەێ کە کوردەکان ناتوانن لە سەر پشتیوانییکی ئەوتۆی رۆژئاواییەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی حیساب بکن. بەواتایەکی تر بەشداری چالاکانە و سەرکەوتنی کورده‌كان لە شەڕ لە گەڵ داعش دا ڕۆڵی ئه‌وان لە باری نیزامییەوە لە ڕادی جیهانیدا بەرچاوتر و گرینگتر کردوە. هەر بەو هۆیەشە کە هاریکاری و پشتیوانی و سەرنجێکی گرینگیان پێدراوە، بەڵام لە باری سیاسییەوە تاکوو ئێستا نەبۆتە هۆی دەستمایەکی جێگای متمانە بۆ پشتیوانی سیاسی بۆ سەربەخۆی کوردستان لە لايەن هێز و لایەنێکی نێودەوڵەتی وەک ئامریکا و یا وڵاتانی یەکیه‌تی ئورووپا کە پشتیوانی سەرەکیی کورده‌كان لە شەڕ لە گەڵ داعش دان. بە پێچەوانەوە، لێکدانەوەی سیاسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاش لێک ڕاستبوونەوەیەکی خوێناوەی، لایەنە مەزهەبی و ئیتنیکییەکان کە دوژمنایەتی ئەو لایەنانەی لە ناوچەکەدا قوڵتر کردەوە، تازە بەو ئاکامە گەێشتووە کە دابەشکردنی هەرچێ زیاتری ئەو ناوچەیە بە سەر لایەنە دژبەره‌کانی ئیتنیکی و مەزهەبیدا مایەی بی سوباتی و تێکدانی نەزم و ئاسایش لە ناوچەکە دایە، کە ڕێگا خۆش دەکا بۆ شەڕ و پێکدان و پێشێلکردنی هەرچی زیاتری ماڤی مرۆڤ. لەو پێوەندیە دا بەداخەوە کوردانیش تاوانبارکراوەن بە پێشلکردنی ماڤی مرۆڤ.

لە هەل و مەرجێکی دژواری ئەتۆدا بە بێ شک کاریێکی زۆر چەتوونە کە ڕەوتی ڕووداوەکان بە جۆڕیەک پێش بینی بکرێن کە مرۆڤ بەتوانی دەرئەنجامێکی زۆر ڕوون و بێ گرێوگۆڵی لێ هەڵێنجی. هۆکارەکەشی دەگرێتەوە بۆ ئاڵۆزی و بوونی قازانج و بەرژەوەندیگەلێكی زۆری دژ بەیەک لەو ناوچەیەدا، کە هەر کام دەتوانی ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاقاریک دا بری کە ڕەنگە هیچ یەک لە لایەنەکانیتر چاوەڕۆانی نەکەن و کۆنترۆلی هەل و مەرجەکەیان لە دەست بچێتەدر. لێ بەو حاڵەشەوە مرۆڤ دەکاری ریفراندۆم لە سێ گریمان و سناریودا جێ بکاتەوە کە لێرە دا بەکورتی ئاماژیان پێدەکری.

یەکەم: ریفراندۆم پاڵپشتێك بۆ یەکلا کردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی بڕیاری بەڕێوەبردنی ریفراندۆم هێندک لایان وایە کە دەستپێشخەرانی ریفراندۆم لەو دیاردەیە وەک چەکێکی گووشار بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندی کەڵک وەردگرن بۆ ئەوە کە هێندەک لاێەنی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر دابەشکردنی سامانی نەوت، دیسنترالەکردنی هەرچی زیاتری دسەلاتەکان و هەروەها داڕشتنەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، چارەسەر بکەن. گرینگترین لێکدانەوە لە سەر ئەو گریمانە ئەوەیە، کە کوردان بە بوونی پشتیوانی خەڵکی کوردستان دەتوان بەهێزتر و بە متمانەیەکی زۆرترەوە لە سەر کێشە و ناکۆکیەکانی نیوان خۆێان و حکوومەتی ئێراق دانوستان بکەن و بەو تۆشەبەریەوە ئامادەی خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیان لە گەڵ بەغدا دەردەبڕن و هیوادارن  بە پشت ئەستور بوون بە دەنگی خەڵک هەروەها سەرنجی پشتیوانی سیاسەتی نێودەوڵەتیش بۆ لای خۆێان ڕابکێشن تا گۆشار بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندی بە ڕادیەک بەرنە سەر کە ناچار بەوە بکرێ کە بە شێویەکی جیدی پرس و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە جۆریەک چارەسەر بکری کە کوردەکان بەشی زۆری مەبەستەکانی خۆێان بە پێکن بە بێ ئەوەی کە یەکێتی وڵاتی ئێراق بکەوێتە مەترسی. پرسیاریەکی کە لێرە دا قووت دەبێتەوە ئەوەیە کە گەلۆ داخۆا لە گەڵ حکوومەتێکی ناوەندی کە بە ڕاشکاوی دژ بە ریفراندۆمە و پێوایە کە ئەو ڕیفراندۆمە یەکلایەنە و لە دەرەوی قانوونی بنچینەی ئێراق دێتە ئاراوە، هەر بۆیە بەڕێوبەردەن و دەرئەنجامەکەشی نامشروعە، چلۆن حازر دەبێ لە گەڵ کوردان دانوستان بکا؟

دیارە لە وڵامی ئەو پرسیارە دا دەکری مرۆڤ ئاماژە بەوە بکا کە دەوڵەتی ناوەندی لاوازە و ناخۆازی کار بگاتە جێگایەک کە جارێکیتر تووشی شەڕیکی نادیاریتر بێ. دیارە لێرە دا پێویستە کە ئاماژە بەو ڕاستیە بکرێ. هەرچەند بەغدا ڕیفراندۆم ڕد دەکاتەوە لێ دەرگای باس و وەتووێژی گاڵە نەداوە. لە لاێەکیترەوە سیاسەتی نێودەوڵەتیش پێداگرە لەسەر بن بڕ کردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە چۆارچێوەی ئێراقی فیدراڵدا. بە واتەیەکتر ئەو گریمانە بە هۆی ئەوە کە لە چۆارچێوی ئێراقی فیدرالی دەرباز نابێ، دەتوانێ پیشوازی و پشتیوانیکی مەزنی نێودەوڵەتیشی لێبکەوەێتەوە، بەجۆریەک کە شانسی دەستەبەرکردنی زۆریەک لە مەست و ئەهدافەکانی کوردانی دەتوانی بەدۆوە بێ. بەو مەرجە کە کوردان دەرئەنجامی ریفراندۆم و یا خۆ پێداگری لە سەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بکەن بە پاڵپشتێک بۆ هاندانی ئەو پشتیوانیە دەرەکیە ( کە لە سەر وەتووێژ لە چۆارچێوەی  وڵاتی ئێراق دایە) بەرەو پشتیوانێکی کۆنکرێتی سیاسی لەو خاڵانەی جێگای ناکۆکی خۆێان لە گەڵ بەغدا. و داوکاری ئەوە بن کە بەغدا بە شێوەیەکی جیدی و لە گەڵاڵەیەکی رووندا هەنگاو بەرەو چارەسەری ئەو ناکۆکیان هەڵێنێتەوە. دانوستانی وەفدیەکی کوردان لە جولاێدا لە گەڵ سەرۆک وزیرانی ئێراق دەرێدەخا کە گرینگترین نارەزایەتیەکانی کوردان لە پێوەندی لەگەڵ بەغدا دەگرێتەوە بۆ بڕینی بودجە هەرێم لە لاێەن بەغداوە، جێ بە جێ نەکردنی مادەی ١٤٠ کە سنوورکانی دەسەڵاتی جۆغرافیای سیاسی کوردستان دەبێ یەکلا بکاتەوە و هەروەها برفراونترکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە بۆاری ماڵی و ئابووریەوەیە. ئەگەر کوردان بتوانن لەو بۆارانەدا بە دەسکەوتی برچاو بگەن، دەتوانن بیر و ڕای گشتی خەڵکی کوردستانیش بەو دەسکەوتانە ڕازی بکەن. لێ لە ئاکامی سات و سەودایەکی لەو چەشنەدا کوردان دەبێ بیرۆکەی سەربەخۆی کوردستان بۆ ماوەیەکی برچاوی دوور و درێژ لە دیوخانەی سیاسەتی کوردیدا هەڵپەسێرن.

دووهەم: ریفراندۆم بۆ گەێشتن بە داڕشتەیەکی کۆنفیدرالی

دووهەمین گریمان کە دەتوانی جێ تێرامان و سەرنج بێ دەگرێتەوە بۆ ئەوە کە سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕێگای ریفراندۆمەوە حکوومەتی ئێراق بەخاتە هەل و مەرجێکەوە کە پێوەندیەکانی خۆێ لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمایەکی کۆنفیدرالی لە سەرڕا پێناسە بکاتەوە. حکوومەتی هەرێم ئێستا بە پێداگری لەسەر بەڕێوبەردنی ریفراندۆم گوشارەکانی خۆی بۆ سەر بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ماکزیمالیزە دەکا، بەو هیوایە هەموو لاێەنە پێوەندیدراەکان بە هەست بە برپرسایەتی کردن بۆ پێشگرتن بە شەڕ و پێکدانێکێتر لەو ناوچە ئاڵۆز و شەڕ لێدراوەدا بەو ئاکامە بگەن کە دەبێ جارێکتر بەغدا و هەولێر چاویەک بە پێوەندیەکانی خۆێان دا بەخشێنەوە و لە چۆارچێویەکی کۆنفیدرالدا بگەنە قەراردادیەکیتر کە لەوێدا حکوومەتی هەرێم سەربەخۆی و دسەڵاتی قانوونی و سیاسی و ئابووری و ماڵی خۆی بەرفراونتر بکا و بەغدا و هەولێر وەک دوو واحیدی سەربەخۆ پێکەوە لە سەر دیاریکردن و داڕشتنەوەی سنوورەکانی دەسەڵاتی ناوەند پێک بگەن.

لە هەل و مەرجێکی ئەتۆدا ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتاێبەتی ئەمریکایەکان بەخۆازن، ڕەنگە بتوانن هەر دووک لاێەن هان بەدەن بۆ لێک تێگەێشتنێکی لەو چەشنە. بەڵام لێرە دا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە سیاسەتی نێودەوڵەتی تا ئێستا زۆر بە پەرێزەوە لەو کێشەێە نزیک بۆتەوە و سەرۆکایەتی هەرێمیش بە بەردەوامی باسی لەوە کردەوە کە سیستمی فیدرالی لە چارەسەر کردنی خاڵە کۆنکرێتەکانی جێگای ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر (بڕوانە گریمانی یەکەم) دا سەرکەوتوو نەبووە، هەر بۆێە کوردان داخۆازی سەربەخۆێن. ماکزیمالیزە کردنی ویستی کوردان ڕەنگە دەرفەتی مانۆردانی سیاسی و دیپلۆماسی کوردان بۆ هێنانە گۆڕی گریمانێکی لەوچەشنە زیاتر بکا، بەو ماناێە کوردان لە ویستی سەربەخۆی ڕا دا دابەزنە سەر پێوەندیەکی کۆنفدرالی کە دەتوانی بۆ یەکلا کردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان دوو لاێەندا جێگای رەزامەندی کوردان بێ. دیارە ئەوە کە ئەو گریمانە چەند پاڵپشتی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی دەتوانی ڕا بکێشەی زۆر ڕوون نیە. ئەوە کە زۆر ڕوونە، لە لایەکەوە سیاسەتی نێودەوڵەتی پێداگرە لە سەر ئیراقێكی یەکگرتوویی فیدرال و هەر لە سەر ئەو بنەمایە خۆازیارە کە هەولێر و بەغدا لە چۆارچێوی قانوونی بنچینەی ئێراق دا ناکۆکیەکانێان یەکلا بکەنەوە و ڕەنگە لەو پێوەندیەشدا وەک نێوبژیوان یارمەتیدر بن لە سەرخستنی ئەو پرۆسەێەدا. لە لەیەکتریشەوە لە هەڵویست و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێراقیش را وا وەێدەچێت کە ئەو وڵاتە لە بازنەی گریمانی یەکەمدا لە گەڵ کوردان بکەوێتە مامەڵە و دانوستان.

سێ هەم: ڕیفراندۆم هەنگاو بەرەو سەربەخۆی

لە لایەکترەوە ڕیفراندۆمی کوردستان بە ریفراندۆمی بریتانیا دەشۆپێندری کە بڕیاری جیابوونەوەی بریتانیایی لە یەکێتی ئوروپا لێکەوتەوە.[29] بە واتەیەکتر  مەبەستی سەرەکی و بی ئەولاو ئەولای ڕیفراندۆم هەمان سەربەخۆی کوردستانە و هیچیتر. هیچ دوور نیێە کە هەریمی کوردستان  ئەو ستراتیژیە بگرێتە پێش کە لە پێوەندی لەگەڵ برکگزیت دا بە کار دەهێندرێ.[30] بە واتەیەکتر پاش ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکەی کە بێ گۆمان سەرکەوتنی لاێەنگرانی ‘بڵێی’ بۆ سەربەخۆی لێدەکەوەیتەوە، ڕێبەرانی کوردی هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگای دانوستان و گۆفتوگۆ دەوڵەتی ناوەندی ئێراق و دراوسیەکانی باشووری کوردستان بەو قەناعەتە بگەێنن کە مل کەچی ڕای خەڵکی کوردستان بن کە هەمان سەربەخۆی کوردستانە و چیتر نەبنە ڕێگر لە سەر ئەو داخۆازیە ڕواو و بەرحەقە.

لەو پێوەندیە دا سەرۆکایەتی هەرێم مەسعود بارزانی زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردەوە کە پاش ڕاپەراندنی ڕیفراندۆم دەکەوێتە هەوڵ بۆ دیالۆگ و دانوستان لە گەڵ بەغدا تا سازوکارەکانی جودابوونەوەی کوردستان دەستە بەر بکا و مەواوەیەکی دوو سالەشی بۆ یەکلا کردنەوەی ئەو پرۆسەیە ترخان کردوە. رێبەرانی کورد لە سەر ئەو باوەڕەن کە دەرئەنجامی ریفراندۆم  ئەگەر زۆربەی هەرەزۆری دەنگەکان بە لاێەنگری لە سەربەخۆی کوردستان بەدەست بەهێنی، بە تاێبەتی لەو ناوچانە کە جێگای ناکۆکی نێوان بەغدا و کوردستانن، ئیتر حکوومەتی ناوەندی و بە تاێبەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی هیچ بیانویەکیان بۆ پێشگرتن لە سەربەخۆی کوردستان نامێنێ و لە ئاکام دا مل کەچی دەنگی خەڵکی کوردستان دەبن و بە پشت بەستن بە زۆرینەی دەنگەکان ڕیگا بۆ وتووێژ و دانوستان خۆش دەکری و لەو ڕێگایەشەوە کار هاسانی دەکری بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان. دیارە ئەو تێڕۆانینەی دەستپێشخەرانی ڕیفراندۆم تا ئێستا تەنیا پشت ئەستورە بە دەنگی خەڵکی کوردستان و لە ڕادەی نێودەوڵەتی، ناوچەی و هەروەها لە ئاستی ئێراق دا هیچ خوێندنەوەیەک و هەڵوێستێک نیە کە یارمەتیدر بێ لە جێ بە جێ کردنی ئەو ڕۆانگەیەدا. لێ ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تێڕۆانینەدا لە پەلەی یەکەمدا جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە ڕێبەرانی کوردی باشترە لە شۆپاندنی ریفراندۆمی کوردستان بە ئەزموونی بریتانیاوە هێندەک بە پاریزەوە بجوڵێنەوە.

شک لەوە دانیە کە کەڵک وەگرتن لە ئەزموون و دەسکەوتەکانی دنیای دەرەوە بۆ پێکانی هەرچی باشتری مەبەستەکان، کاریەکی گەلێک شێوا و بە جیێە، بەڵام هەر لەو کاتەشدا چ لە باری مێژویەوە و چ لە باری سیاسیەوە هەل و مەرجی برکگزیت لە گەڵ ڕیفراندۆمی کوردستان خاوەنی هیچ خاڵێکی هاوبەش نین. ڕەنگە لە باری حقوقیەوە بکرێ ریفراندۆمی کاتالۆنەکان و بریتانیا لە گەڵ ریفراندۆمی کوردستان پێک بگیرێن، بەڵام لە باری مێژوویەوە بە ئەندامبوونی بریتانیا نە خاوەنی مێژوویەکی خوێناویی و پر لە سەرکوت و زبەر و زەنگ بووە و نە لە ڕووی زۆرملی و ناچاریەوە بووە، بەڵکوو ئەندامەتی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا دا لە پرۆسەیەکی دووردرێژی دانووستان و وتووێژ و لە سەر بنەمای بە دی هێنانی قازانج و بەرژەوەنەی هەمە لایەنەی وڵاتانی پێک هێنەری یەکێتی ئوروپا دا هاتۆتە ئاراوە و لە پێناوەی مسۆگەرکردنی ئاشتی، ئاسایش و ریفای ئەو ناوچەیەدا بووە. کەچی مێژوی کوردان لە گەڵ دەوڵەتی ئێراق مێژویێکی پڕ لە کارەسات و پێکەوە ژیانێکی زۆرەملی بووە و ئەو ژیانە هاوبەشە بەدوور لە دەسەلاتی کوردان بڕیاریاری لە سەر دەراوە. لە باری سیاسیشەوە بریتانیا وەک یەکانێکی جوگرافیای و سیاسی سەربەخۆ و وەک زلهیزیکی جیهانی بە ئابووریەکی پێشکەوتوو و بەهێز لەگەڵ وڵاتانی تری ئەندامی یەکێتی ئوروپا خاوەنی زیاتر لە ٧٠ سال ئەزموونی پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیکن و هەر لە سەر ئەو پێوودانە لێک تێگەیشتنیەکی سیاسی لە سەر بنەمای پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و هێمانیەتی هەمە لاێەنە لە گۆڕی دایە کە هەم خاوەنی داب و نریت، بایەخ و پێوانەگەلێکی کەلتوری سیاسی دەوڵەمەندەن و هەم خاوەنی نەهادگەلێکی بەهیز و قانونمندی دێموکراتیکن. کەچی هەم کوردستان و هەم ئێراقیەکان تازە لە سەرەتای ڕەوتێکی سیاسی لەو چەشنە دا دەژین کە بەشێکی زۆری لەو تاێبەتمندیانە لە خۆێاندا شک نابن. سەرەڕای ئەو لایەنانە، ئێراق و کوردستان چە لە ناوخۆێاندا و چە لەو ناوچەیەدا کە تێدا هەڵکەوتوون لە گەڵ شەڕ و ماڵوێرانی و پێکدادنێکی هەمەلاێنە بەرو ڕوون، کەچی بریتانیا تەنیا لە مەترسی ئاسەواری شەڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوراستدا، یانی ترۆریزم، داێە. گرینگتر لەوانەش بریتانیا وەک واحدیەکی سیاسی بە دەسەڵاتێکی بەتەواوی سەربەخۆ لە جوگرافیایکی دیاریکراودا نە پێویستی بە ڕا و ڕاوێژ و نە بە پشتیوانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە ، کەچی کوردستان بۆ دامەزراندن، سەقامگیرکردن و درێژدان بە ژیانی ، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا پێویستی بە پشتیوانی نیودەوڵەتی هەیە و بەلانی کەمەوە بەشێکی گرنگ و بەرچاوی جوغرافیای سیاسی کوردستان جێگای ناکۆکیە و کوردان تازە دەبێ لە سەر ئەو جوغرافیایە کە لە باری مێژوویەوە بەشێک لە کوردستانە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی پێک بگەن.

بە تێگەێشتن لەو جیاوازیە بەنەڕتیانە زۆر گرینگە کە چلۆن کوردەکان دەتوانن بۆ نموونە لە سەر ئەو ناوەچانە کە جێگای ناکۆکی هەولێر و بەغدان بە بێ ئەوەی کە ئینتگریتەی مێژوویی خاکی کوردستان بەشێوێنن، بە بێ شەڕ و پێکدادن لە گەڵ ئێراق پێک بگەن. ئایا وەتووێژ و دانوستان دەتوانی ئەو کێشەیە یەکلا بکاتەوە؟ دیارە لەو پێوەندیەدا جێگای سەرنجە کە گۆیا شیعەکانی ئێراق هیچ دەژایەتیەکیان لەگەڵ سەربەخۆی کوردستان دا نیە بەو مەرجە کە کوردان بەتوانن چاوپۆشی بکەن لە ناوچەی کەرکوک. ناوچەیەک کە لە ڕاستیدا شاڕەگی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی پێک دەهێنی. ئەوەی کە زۆر ڕوونە پێک گەێشتن و لەیەک گەێشتنی جی رەزامەندی هەموو لایەک لە سەر ناوچەکانی جێ ناکۆکی کاریەکی گەلێک چەتوون و پر لە گرێوگۆڵە کە دەتوانی لە باشترین حاڵتدا سەرچاوەیەک بێت بۆ ئاڵۆزی و گرژبوونەوەی پێوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە خراوترین حاڵتدا بەبێتە ماکەی شەڕ و پێکدادانی ئەو دوو لاێەنە کە دەکاری دەستتێوردانی زلهێزە ناوچەی و نێودەوڵەتیەکانیش بەدۆاوە بێ. سەرڕای ئەو مەترسیانە، نابی ئەوەش لە بیر بچی کە پرسی سەربەخۆی کوردستان لە دنیای دەرەوە دا پێشوازیەکی ئەتۆی لێ نەکراوە. جا بۆێە لە جێ بە جێ کردنی ئەو گریمان و یا خۆ هەرکام لەو گریمانانە دا کوردان دەبێ پشت ئەستوور بە خەڵکی خۆێان و لە سەر بنەمای مانۆری سیاسی، دیپلۆماتیکی کارامە و لێکدانەوەی دروست و ورد بینانەی خۆێان لە هەل و مەرجەکان کەڵک وەگرن و سەرکەوتن بەدەست بێنن. وەهەر حاڵ ئەو گریمانە ئاستمترین دەرئەنجامە کە ڕێبەرایەتی کوردی بە لەسەرخۆی و تیژبینێکی لە ڕادەبەدەرەوە دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکا.

(٤.١) دەرئەنجام

بەدوای تێکقرمانی یەکیه‌تی سوڤێیەت و نەمانی شەڕی سارد پێوەندیيە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کۆمەڵێک گۆڕانکاری و کێشەی چاوەڕووان نه‌کراو بەرەوڕوو بووە. ئەو کێشانە کە لە سەرەتادا زۆرتر وا ویدەچوو پێوەندی بە کێشەی لێکترازانی باڵانسی ده‌سه‌ڵات لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دایە، بەرەبەرە بو بە کێشەیەکی هوویەتی کە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا ئینسانییەکانی گه‌رتەوە و ده‌رکەوت کە تێکڕووخانی یەکیه‌تی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنیا لێک هەڵوشانەوەیەکی فیزیکی نەبوو، بەڵکوو تێکڕمانی جیهانبینی و تێگەیشتنیەکیش بوو لە سەر مرۆڤ، کۆمەڵگا، ئاشتی و ئاسایش و بەختەوەری و رزگاری مرۆڤ. لە پێی کەوتنی جیهانبینی سوسیالیزمی مارکسیزم-لینیزم کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئیلهامده‌ر و هاندەری میلیونها ئینسان بوو، دەیان جووڵانەوە و ڕەوتی لایه‌نگری ئه‌و ئیدیۆلوژییه‌ له‌ ئاستی جیهاندا كه‌ هیوادار بوون بە دنیایەکی باشتر، لاواز کرد. کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک کە خۆی خۆش کردبوو ئەو جێگایە پڕ کاتەوە لە پێکانی مەبەستی خۆیدا سەرنەکەوت. ڕۆژئاوا وەک ئاڵا هەڵگری ئەو جیهانبێنییە لە چەسپاندنی هێژمونی ئەو جیهان بێنییە لە دنیا دا سەر نەکەوت و لە ناوخۆشیدا تووشی قەیران هات.

سەرهەڵدانەوەی ڕەوتە ڕاستگەراکان، پەرەسه‌ندنی بێ باوەڕی بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و گه‌رانەوە بۆ کاپیتالیزمێکی ڕووت، داپڵۆسینی دەوڵەتی خوشگوزه‌رانی، پەرەسه‌ندنی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و دژایەتی ئاشکرا و کەمبوونەوەی تۆلرانس لە هەمبەر خەڵکان و کولتورەکانی تر و بەو شێوە لەرزۆك کردنی باوەڕ بە ماڤی مرۆڤ و بایەخە دێموکراتیکەکان، چەندین نموونەیه‌ لەو قەیرانانە کە ڕۆژئاوا لە ناوخۆ دا لە گەڵیان بەرەوروو بۆتەوە. ئەو ئاڵوگۆڕ و قەیرانانە لە ڕۆژئاوای کاپیتالیستی و لیبرال دێموکراتدا لە ئێستادا بۆتە هۆی ئەوە کە ئاخۆ دەبێ ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی لە بایەخگەلێکی وەک دێموکراسی، بازاری ئازاد و ماڤەکانی مرۆڤ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا بکا یا كوو بە پێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی خۆی هەڵسوکەوت بکا. سەرنەکەوتنی ڕۆژئاوایيەکان لە چسپاندنی هێژموونی ئیدیولۆژی کاپیتالیستی لیبرال دێموکرات بە سەر دنیا دا ڕێگای بووە خۆشکردووە کە زلهێزە جیهانی و ناوچەیەکانی دیكه‌ بە کولتوور یا ژێرخانی ته‌مه‌دونگەلێکی جیاوازوە بۆ دۆزێنەوەی جێگا و ڕۆڵی خۆیان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بکەونە ململانی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان و هەتا دێ لەو پێکدادانە دا ڕۆڵی ئیدیولۆژی لە ڕەوایدان بە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا بەره‌و لاوازی دەچێ و قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان جاریکتر دەبنە پێوانە بۆ هەڵسوکەوت لە گەڵ یەکتر کردندا.

لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی لەو چەشنە دایە کە ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاست وەک ناوەندی سازدانەوەی نەزمی جیهانی دەبێتە مەیدانی بەره‌نگاربوونەوە و ململانی چەندین هێزی ناوچەیی و جیهانی. باشووری کوردستان هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ وه‌ بە هاریکاری رۆژئاوا، دەسەڵاتداریەکی کوردی دادەمەزرێنی و بە سەرهەڵدانی شەڕ لە سووریە و هەروەها سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامی داعش و شەڕ لە دژی ئەو دیاردەیە دیسانەوە کوردەکانی باشوور و رۆژئاوا لە چۆارچێوەی ستراتیژیی شەڕ لەگەڵ داعش سەرنجی ڕۆژئاوا، روسەکان و هێز ناوچەییەکان بۆ لای خۆیان ڕا دەکێشن. ڕۆژئاوا و مسکو هەر کام بە بەشی خۆی دەکەوەنە یارمەتی هێزەکانی کوردی لە شەڕ لە گەڵ داعش دا و بەو چەشنە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هێندک ناوچەی ئۆتۆنۆم لە لاێەن کورده‌كانه‌وە دا دەمەزری. ئەو پشتیوانی و سەرنجە نێودەوڵەتییانە و هەروەها سەرکەوتنی کورده‌كانی باشوور لە گرتنەوەی ناوچە دابڕاوه‌كان لە هەرێم و بە تایبەتی کرکوک کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی نەوتییە هانده‌ریک دەبن بۆ کوردى باشوور کە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆ دا هەنگاو بەرو سەربەخۆی هەڵگرن.

دیارە بی گۆمان مسۆگەرکردنی ویست و داخۆازی سەربەخۆی دەتوانی لایەنی کوردی تووشی کەند و کۆسپ بکا و پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاقاریەکی پڕ لە گرێوگۆڵ و ئاژاوە و حتا پێکدادن بەری. چوونکە، یەکەم ریفراندۆم لە باری سیاسیەوە نێتوانی پشتیوانێکی ڕوونی نێوەدەڵەتی بۆخۆی بەدەست بەهێنی، دووهەم ئەو بڕیارە دەژایەتی دوڵەتی ئێراق و دەراوسیەکانی باشووری کوردستانیشی بەدواوە بووە و سێ هەم لە ناوخۆی کوردستان دا ئەگەرچی پشتیوانی لە رێفراندۆم دەتوانی لە سەر زۆربەی دەنگەکان حیساب بکا، بەڵام حکوومەتی هەرێم و سیاسەتی ناخۆی کوردان خاوەنی گەلێک کەم و کوڕی بەرچاوە و یەکڕیزیو یەکدەنگێکی لەرزۆک لە بێ پڕۆژە و ستراتیژیکی ڕوون ئارا دایە کە گەرەکە کوردان بە مشوورەوە لەگەڵ ئەو هەل و مەرجە هەڵسوکەوت بکەن. ئەوە زۆر ڕاستە کە ماڤی سەربەخۆی لە لایەن هیچ لایەن و زلهێزیه‌كه‌وه‌ وەک دیاری بە کورده‌كان نادرێ، و کورد یەکەم بەرپرس و ئاخرین بەرپەرسە لەو هەنگاوەدا. سەرکەوتن و یا تێکشکانی پرۆسەیەکی لەو چەشنە لە هەر هەلومەرجێکدا دەگه‌رێتەوە سەرشانی کورده‌كان، جا هەر بۆیە ڕێبەرانی سیاسی باشوور وەک بەر پرسی سەرەکی ڕێکخستنی ریفراندۆم دەبێ بە باشی سناریو و گریمانەکانی کە ئەو هەرێمە لەگەڵیان بەروڕوو دەبێتەوە هەڵسه‌نگاندبی و زەرەروو و قازانجەکانی ئەو هەنگاوەیان لێکدابێتەوە و بە ئاگا بوون لە خاڵه‌ لاواز و بەهێزکانی خۆیان بڕیاریان دابێ و لە لێكدانه‌وه‌ی وەرد و دەقیقی خۆشیاندا بەو ئاکامە گەێشتبن کە ئەو ڕێگایە کە کوردستان گرتویەتە بەر، بەرەو هێمنایەتی و ئاسایش و بەختەوەری هەرچێ زیاترە دەڕوا. ئەگینا چکۆڵترین سەنگ و سووک کردنێکی بەهەڵەی سیاسی لە ناوەچەیەکی ئاڵۆز و پڕ چککراو و قەێراناوەی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانی کوردستانیش ببێتە مەیدانیکی تر لە ململانی و پێکدادانیکتر بە بێ داهاتوویەکی ڕوون.

[1]Trouw (2017): “Referendum voor Iraakse Koerden over Onafhankelijkheid Autonome Regio ”.   https://www.trouw.nl/home/referendum-voor-iraakse-koerden-over-onafhankelijkheid-autonome-regio~a2de1334/.

[2] Parsons, T. (1977a). The evolution of societies. Englewood Cliffs (N.J.): Prentice-Hall.

[3] See: Derreda, J. (1970); Dews, P. (1987); Foucault, M. (1979); Lyotard, J. (1984) &

 Marcuse, P. (2004). Said’s Orientalism: A Vital Contribution Today. Antipode, 36(5), 809-817.

[4] Fukuyama, F. (1992). The end of history and the last man. New York.

[5] Huntington, S. (1996). The clash of civilizations and the remaking of world order. New York (N.Y.): Simon and Schuster.

[6] Eisenstadt, S.N. (2000) Multiple Modernities. Daedalus 129: 1-29.

[7] The guardian (2001): “Text of Georg Bush’s speech”:  ttps://www.theguardian.com/world/2001/sep/21/september11.usa13

[8] بروانە باس لە سەر پێوەندی نێوان وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەمریکا. ئەمریکایەکان چیتر حازر نین وەک پارێزریەکی سروشتی بۆ پارێزگاری لە وڵاتانی هاوپەێمانی ناتۆ بێنە مەێدان.

[9] Foreign Policy (2017): “Trumps presidential speech on Afghanistan”. http://foreignpolicy.com/2017/08/22/trumps-presidential-afghanistan-speech/

[10] The Atlantic (2016): “World Chaos and World Order”. https://www.theatlantic.com/international/archive/2016/11/kissinger-order-and-chaos/506876/

[11] بڕاونە کێشەی پێوەندی ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپا لە سەر ئوکراین و هەروەها مەسەلەی دەستێوردانی ڕوسەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، کە لەڕاستیدا پێکدادانێکی ناوخۆی نیشان دەدا لە سەر ئەوە کە ئاێا ئەمریکایەکان دەبێت روسیە وەک زلهێزیەک قەبووڵ بکەن و ڕۆڵ و جیگایەکی دەبێت لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا هەبێت یا دەبێت لە هەمبەر ڕۆژئاوا و ئەمریکا دا تەسلیم بێت.

[12] The Atlantic (2016): “World Chaos and World Order”. https://www.theatlantic.com/international/archive/2016/11/kissinger-order-and-chaos/506876/

[13]Independent (2017): “Donald Tusk says Donald Trump poses existential threat to Europe”.   http://www.independent.co.uk/news/world/europe/donald-tusk-donald-trump-existential-threat-europe-brexit-eu-theresa-may-a7555061.html

[14] بۆ نموونە لە تورکیا، زمانی تورکی وەک یەکەم زمانی مرۆوایەتی کە قسەی پیکراوە، پێناسە دەکرا و بە گۆڕینی پیتەکانی ئەو  زمانە لە ئارامی بۆ لاتینی لە ڕاستیدا خەڵکی تورکیا لە سەرجەم مێژۆ، زانست و کەلتوریی نووسەراوەی میراتیی ئەمپراتۆریی عوسمانی و ئیسلامی دەرکەی لە سەر گاڵە دەدری. یاخۆ لە ئێران دا باس لە تەمەدونی مەزنی فارسی زەمانی کورش دەکرا و کورش وەک بناخەدانەری بنەماکانی ماڤی مرۆڤ پیناسە دەکرا. بەشێکی زۆر لەو مێژوویە لە لاێەن رۆژاوایەکانەوە دەنووسەرانەوە و یا خۆ لە ژێر چاوەدێری و ڕێنونەی ئەواندا پێداچوونەوەیان بەسەر دا دەکرا! بەکورتی بەشێکی زۆری ئەو هۆویەتانە لە سەر بنەماگەلێکی لێڵ و تەماویی و نادیار پێناسەکرابوون کە لە گەڵ هوویەتی واقعی خەڵک بەتەواویی نامۆ بوو.

[15] Economist (2016): “Dream on hold”. https://www.economist.com/news/middle-east-and-africa/21701773-despite-string-military-successes-kurds-are-nowhere-near

[16] NOS (2017): “Wie geeft wat aan de koerden”.https://nos.nl/artikel/689279-wie-geeft-wat-aan-de-koerden.html

[17] Daily Sabah (2016): “EU against formation of Kurdish state in Middle East, Mogherini says.” http://www.dailysabah.com/eu-affairs/2016/02/23/eu-against-formation-of-kurdishstate-in-middle-east-mogherini-says

[18]Business Insider (2017): “US State department concerned that Iraqi Kurdish independence vote will distract ISIS fight”.     http://www.businessinsider.com/r-us-concerned-iraqi-kurdish-referendum-will-distract-from-war-state-department-2017-6?international=true&r=US&IR=T

[19] Bloomberg (2017): “US against Kurds holding Referendum in September”. https://www.bloomberg.com/news/articles/2017-07-14/u-s-against-kurds-holding-referendum-in-september-mcgurk-says

[20] Presidency (2017) “President Barzani and Secretary Tillerson Discuss the Kurdistan Independence Referendum”. http://www.presidency.krd/english/articledisplay.aspx?id=NL18vpOtcbI=

[21] Wallace, Stephan (2015): “Germany Steps Up Military Aid to Kurdish Forces in Iraq.” http://www.aicgs.org/issue/germany-steps-up-military-aid-to-kurdish-forces-in-iraq/

[22] Der Spiegel (2015): “Kampf gegen den IS: Deutscher Waffennachschub für die Peschmerga.” http://www.spiegel.de/politik/deutschland/deutscher-waffen-nachschub-fuer-diepeschmerga-a-1068371.html

[23] News 24 (2016): “Cabinet approves expansion of Bundeswehr operations in Iraq, Mali

https://news24.global/cabinet-approves-expansion-of-bundeswehr-operations-in-iraq-mali/.”

[24] The National Interest (2016): “2016: The Year Kurdistan Finally Breaks from Iraq?” http://nationalinterest.org/feature/2016-the-year-kurdistan-finally-breaks-iraq-15321

[25] Federal foreign affaires (2015): http://www.auswaertigesamt.de/EN/Infoservice/Presse/Reden/2015/150208_MueSiKo.html

[26] Daily Sabah (2016): “EU against formation of Kurdish state in Middle East, Mogherini says.” http://www.dailysabah.com/eu-affairs/2016/02/23/eu-against-formation-of-kurdishstate-in-middle-east-mogherini-says

[27]Apnews (2017): EU discourages Iraqi Kurds From holding Independence vote”.

[28] Reuter (2017): “Germany warns Iraqi Kurds against ‘one-sided’ referendum plans.” http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-germany-idUSKBN18Z2BM.

[29] New York Times (2017): “For Iraq’s Long-Suffering Kurds, Independence Beckons”. https://www.nytimes.com/2017/09/09/world/middleeast/iraq-kurdistan-kurds-kurdish-referendum-independence.html?mcubz=0

[30]  دیارە شۆپاندنی ریفراندۆمی کوردستان لەگەڵ ریفراندۆمی بریتانیا و کاتەلانەکان لە کوردستان دەکەوێتە بەر گویان و پێتر گاڵبراێتیش وەک یەکێک لە ڕاوێژکارانی حکوومەتی هەرێم لە سالەکانی ٢٠٠٥ دا لە کاتی گەڵالەکردنی قانوونی بنچینەی ئێراق، لە وتووێژیەکدا لەگەڵ نیویورک تاێمز  ئاماژە بە بریکسیت دەکا و پێ وایە کە سەرئەنجام رێفراندۆمی کوردستانیش هەر ئەو دەرئەنجامەی لێدەکەوەێتەوە کە ریفراندۆمی بریتانیا بۆ بریتانیای هەبوو. هەر بۆێە زۆر بەدوور نیە کە سەرۆکایەتی هەرێم ستراتیژیی بریتانیای وەک سەرچاوەی ئیلهام و هەروەها وەک نموونەیەک بۆ ڕوا بوونی ئەو هەنگاوەی خۆی لە بەر چاو گرتبی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌