کەرکووک و نەوتەکەی ساڵانێکە بە ئێران فرۆشراوە؟/ڕاپۆرتی تایبەتیی ڕۆژی کورد

0
32

ڕۆژی کورد: لە ١٦ئۆکتۆبری ٢٠١٧ـەوە، بەردەوام لە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی و بەشێک لە یەکیەتیی نیشتمانی، ئەو ڕستەیە دەبیستین کە “کەرکووک فرۆشترا”. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، “ئایا کەرکووک ئەو کاتی فرۆشترا؟” یان “مێژووی ئەو فرۆشتنەی ئێستای کەرکووک هەندێک لەمێژترە؟”. لێرەدا مەبەستمان باسێکی مێژوویی نیە، لێ فرۆشتنی ئێستای کەرکووک، بناخەیەکی دوورتر لە ١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی هەیە. بەشی تایبەتیی ناوەندی ڕۆژی کورد و چەندین سەرچاوەی سەر بە ئەو ناوەندە لە ناو هەناوی ڕژیمی ئێراندا، هەوڵیان داوە وڵامی ئەو پرسیارە بە بەڵگەوە بدەنەوە کە لێرەدا دەیخەینە ڕوو.

بەپێچەوانەی ئەو بیرۆکە چەوتەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردستان و ئەو  بانگەشە ناڕاستەی پارتی دێموکراتی کوردستان و بەشێک لە یەکێتیی نیشتمانی کە ئێستا زۆرتر بە باڵی کاک کۆسرەت ڕەسووڵ دەناسرێ، فرۆشتنی کەرکووک، لە خولی دووهەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژادەوە دەستی پێکرد.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی واتا ٢٠٠٩ی زایینی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد بە دزینی دەنگێکی زۆر، بۆ جاری دووهەم کراوە بە سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی 1390ی هەتاوی، ڕووستەم قاسمی لە قەرارگای خاتەمەوە هێنرا بۆ وەزارەتی نەوت و بوو بە وەزیری نەوت. ڕۆستەم قاسمی هەمان کەسە کە ئێستا ڕاوێژکاری باڵای وەزیری بەرگریی ئێران واتا پاسدار حوسێن دێهقان ـە. کە قاسمی بوو بە وەزیری نەوتی ئێران، تیموتی گایتنێر، هۆشداری دا کە ئیتر نەوتی ئێران کەوتە بەردەستی سپای پاسداڕانەوە.

لەو ساڵەدا، باڵێکی یەکیەتیی نیشتمانی کە ئێستا بە باڵی هێرۆ خان، خێزانی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراق و سەرۆکی هەمیشەیی یەکیەتیی نیشتمانی کە دەستێکی باڵای لە دابڕان و لێک ترازانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات واتا کۆمەڵە و دێموکراتدا هەبووە، سەردانی ئێرانیان کردووە و ڕێکەوتنی ئەسپاردنی نەوتی کەرکووک بە ئێران هەر ئەو کاتی واژۆ کراوە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، گەلۆ چۆن و چما، دەزگا بەهێزەکانی ئاسایشی پارتی دێموکراتی کوردستان کە دەگوترێ لە هیچ بوارێکەوە درزیان تێناچێ، بەو ڕێکەوتنە ئاشکرایەیان نەزانیوە؟ ئایا زانیویانە و سەرپۆشیان لەسەر داناوە و لە هەمبەر ئەوە، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگای تورکیەیان پەرە پێداوە؟ یان ئەوانیش هەوڵی مامەڵە خۆشترکردن لەگەڵ ئێرانیان داگە؟

تانکێرە نەوتەکانی هەرێم لە سنووری سلێمانی و باشماخەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و پاریزگای ئیلام و کرماشان وفرۆشتنی تاڵانی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیەوە تا ئاستێک زەق و بەرچاو بووە کە لە مەریوان، بە هۆی کوژران و بوونە قوربانیی چەند هاونیشتمانی و تەقینەوەی چەندین تانکێری نەوت، کەمپەینێک بۆ دژوەستانەوەی بە ناوی “نا بۆ تانکێری مەرگ” سەریهەڵدا و دواتر وەک جووڵەیەکی مەدەنیی مەزن هاتە ئاراوە و چەند کەسیش لەو پێناوەدا دەستبەسەر کران.

زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد و لێکۆڵەرەکانی لە ناوخۆ باس لەوە دەکەن کە ئەو شاندەی یەکێتی کە ساڵی ٢٠١١ و دواتریش لە ٢٠١٣ لە قەڵادزێ مامەڵەیان لەگەڵ ئێران کردووە بریتی بوون لە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، حاكم قادر حەمەجان، عومەر فەتاح، بڵێسە جەبار فەرمان و چەند کەسی تر کە ئەو چەند کەسەی کە ئاماژە بە ناویان کرا، لە ماوەی ڕابردوودا چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی پێکهاتوو لە عومەر محەمەد، مستەفا عەبدوڵڵا، خەرامان محەمەد جاف، عوسمان كاروانی، ئەنجام دا ئەو سەردانەش دوای ئەوە بوو کە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی سەردانی ئێرانیان کرد.

دیسان دەبێ ئەو پرسیارە بکەینەوە، چۆن و چما، پارتی و دەزگا هەواڵگری و زانیاری و ئاسایشە لق بە لق و پۆپەکانی، ئاگاداری مامەڵەیەکی ئەوتۆ نەبوون؟ ئایا نەبوون یان چاویان نووقاندووە؟

سەیر ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانی کە لە ساڵی 2011ـوە ئەو مامەڵەی لەگەڵ ئێران ئەنجام دابوو، لە مانگی ٣ی ٢٠١٧ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووك لەمەڕ پڕۆژەیەک بۆ گەڕانەوەی کەرکووك بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێك تایبەتمەندییەوە، دەست بەگفتوگۆ دەکات، ئەوە لە حاڵێکدا بوو بە تەواوی هەر ئەو کاتیش، ئەو باڵەی یەکیتیی نیشتمانی، دەیزانی لە ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسی، ئێران هێرش دەکاتە سەر کەرکووک و هەرێم.

خاڵی جێگای سرنج، لێرەدا پلانێکی ئەمریکایە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمریکا لە سەرەتاوە ئاگاداری مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ ئیران لەسەر نەوتی کەرکووک و ڕادەستی کردنی یەکجارەکیی ئەو نەوتە و ئەو شارە بە ئێران بووە. ئایا نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشوو و ئەوسای کەرکووک و دانەری سەنتەری ڕۆشنبیریی خومەینی ـیش لەو پیلانە بێ ئاگا بووە و ئاگاداری چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوتی پارێزگاکەی نەبووگە؟

ئەمریکا هەر لەو کاتەوە، بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە کۆنگرێس، ئاگاداری هەموو مامەڵەکان و ڕووداوەکان و چاوەڕوانی هێرشی ئێران بۆ کەرکووک بووە و هەر بۆیەش بە گشتی دژایەتی لەگەڵ بەڕێوەچونی گشتپرسی لەو کاتیدا دەکرد و لەلایەکی تریشەوە کە هێرش کرایە سەر کەرکووک و کوردستان، بێدەنگەی کرد تا ئێران بەپێی پیلانەکەی خۆی و بەپێی پلانێک کە ئەمریکا چاوەڕوانی بوو، بچتە ناو کەرکووک و نەوتەکەی بەپێی ڕێکەوتن لەگەڵ باڵێکی یەکێتیی نیشتمانی داگیر بکات کە هەر ئێستا ڕۆژانە ١٢ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کەرکووکەوە بۆ کرماشان و پاڵاوتگەکانی نەوتی ئەو شارە دەڕوا بەڵام دوای ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و ئاش بەتاڵی یەکجارەکیی ئەو باڵەی یەکێتی کە پێی وابوو، کەرکووک لە دەست پارتی دێنێتە دەر و دەبێتە خاوەنی نەوتەکەی بەڵام ئێستا سەری بێ کڵاو ماوەتەوە، ڕێژەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە زێدەتر دەبێ، نەوتێک کە بریتیش پەترلیۆم خۆی لێ مات دابوو بەڵام بەرەو تاران خولێر بۆوە.

بەریەک کەوتن و لێک پرینگانەوەی ئیران و ئەمریکا، پێش ئەوەی کە لە سووریە بێ یان لە لوبنان یان لە کەنداو یان هەر شوێنێکی تر، بە دڵنیاییەوە لە کەرکووک و کوردستانەوە دەبێ، لە ئەگەری چەسپاندنی بوودجەی 365 میلیۆن دۆلاریی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، پێدرانی ئەو پارەیە بە بێ چاوەدێریی ئێراق، دەکرێ لایەنە شاراوەکانی ببینی.

لە ئەنجامدا ئەو لایەنەی یەکێتیی نیشتمانی کە هەر لە سەردەمی مان و زیندووبوونی مام جەلالدا، زیاتر لە جاران چوونە ئامێزی ڕژیمی ئێرانەوە، دیارە و مەحکووم بە نەمانن، بەڵام ئایا بارزانیش ئەو جارە لە داخی ئەمریکا و لەبەر تەنیا مانەوەی، ئەو هەڵەیە دەکات خۆی لە باوەشی ئێران باوێژێت؟ ئایا ڕەوتی سەرقاڵ بە کودەتای ناو پارتی، هەروا بەدەروام دەبێ و بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی بارزانی و هاتنە سەر کاری هەمیشەیی نێچیروان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و فازڵ میرانی، کار دەکات و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زیاتری مەسروور بارزانی دەدات یان ڕەوتێکی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت؟ یان ئەوەی کە بەو شێوەیە دەبنە هۆکاری پەرە ئەستاندنی ئیسلامیەکان و گەڕانەوەی مەلا کرێکار کە ئێستا بەپێچەوانەی جاران، زیاتر لە هەر کات پشتی ئیسلامیەکان و لە ناویاندا کۆمەڵ و یەکگرتوو دەگرێت و باس لەوە دەکات کە مافیانە لە نیشتمانی کوردان ئاڵایەک هەڵکەن کە تەنیا ئی ئەڵا بێت و کورد لە ڕێگای ئەڵادا بکوژرێن نەک “کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم” و لە جیاتی ئەوەی “گیان و سەر و ماڵیان، فیدای نیشتمان بکەن” لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاڵای داعشدا شەڕ بکەن و لە جیاتی شەهیدانی سوورخەڵاتی وەک مامە ڕیشە، مەلا شوانەکان بەرهەم بهێنن؟

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌