نامەی ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە.

1
38

ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ۱۴ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، بۆ یەکەم جار نامەیەکی بڵاو کردەوە و لە نامەکەدا ڕایگەیاند: ” ئەمڕۆ زۆرتر لە جاران بە دۆستایەتی و خوشەویستی و ئەوین بە خەڵکی، خۆشحاڵم و لەوەی کە لەگەڵیانم هەست بە شکۆ دەکەم “.

مرۆڤایەتی: ئەو چالاکە سیاسییە، کە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەنووسێت: ” بۆچی دەبێت کرێکاران بەو شێوەیە بژین؟ بۆچی دەبێت منداڵان کار بکەن و زەحمەت بکێشن؟ بۆچی دەبێت ژنان و دایکانمان ئەو هەمووە ستەم و نابەرابەرییە قبووڵ بکەن؟ بۆچی دەبێت جێگایەک کە لەوێدا دژەین و لەوێدا گەورە بووین، ئاگر بگرێت و پیس بێت؟ بۆچی نابێت هەموو ئێمە ئازاد بین و لە لای یەکدا بە ئازادی بژین؟.

ڕامین حوسێن پەناهی، چالاکی سیاسی کورد، لە ڕێکەوتی ۲ی پووشپەڕی ۲۷۱۸ی کوردی لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ۲۵ی ژانڤییەی ۲۰۱۷ی زایینی بەرانبەرە لەگەڵ ۵ی ڕێبەندانی ۲۷۱۷ی کوردی، لە کاتێکدا تەنیا لە یەک کۆبوونەوەی دادوەریدا دادگایی کرا، لە لایەن لەقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی و دادوەرێکی دیکەوە بە تۆمەتی بشێوی و تێکدان ئاسایشی نیشتمانی و ئەندام بوون لە کۆمەڵەدا سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا.

دەقی نامەکە بەم شێوەی خوارەوەیە.

” نامەیەک لە ڕامین حوسێن پەناهی
بەندکراوى سیاسیی سزا دراو بە سێدارە، لە بەندیخانەى ناوەندی شاری سنە.

بۆ ئەو کەسانەی وا خۆشم دەوێن

نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، لە کوژرانی ئەشرەف یان لە سزای سێداری برا گەورەکەمان ئەنوەر حوسێن پەناهی، لە فرمێسکەکانی دایکم یان لە تێکشکانی هەرڕۆژەیی باوکم، لە خوشکە جەرگسووتاوەکانم یا لە ترس و دڵەڕاوکێیەک کە چرکە و خوولەک بەرى نەداوین.
دەستی قەزا منی هێناوەتە شوێنێک و بارودۆخێک کە پێشتر برا گەورەکەم ئەنوەر حوسێن پەناهی تێدا بوو.

ڕەنگە لەمەوبەدوا قسەکانم ساناتر بۆم بێن، چونکە لەگەڵ برا گەورەکەم ئەفشین لە یەک بەندیخانەین. ئەفشین بە هەشت ساڵ و نیو سزا دراوە و چاوەڕێ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەیەتی و گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە و منیش سزای سێدارە بە سەرمدا سەپێندراوە و کەسیش ناتوانێت سەردانم بکات و نازانم داهاتوو چی لێدێت.
زیاتر لە هەر شتێک بیر لە دایکم و جەرگسووتان و خەمەکانی دەکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە کە تا ئێستا چۆن ئەم ڕۆژانە دانی بەخۆدا گرتووە.

جاران بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم هەموو ئازار و دڵەڕاوکێیەى لە کوێوە دێت و هۆکاری ڕاستەقینەی چەوسانەوەی ماڵباتەکەم چییە؟

ئەمڕو بە باشی وڵامەکەیم دەست کەوتووە:
ئێمە بەردەوام پێمان خۆش بووە لەگەڵ ئەو کەسانەی وا دەیانناسین، لەگەڵ دراوسێکان، لەگەڵ خەڵکانی کومەڵگا و ئەو کەسانەی کە بە هەر شیوازێک پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، دۆستانە هەڵسوکەوت بکەین و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ یەک بین. ئەمڕۆ بە باشی لەوە تێگەیشتووم، کە ئەم وانەیەم لە دایکمەوە فێر بووم کە بۆ دەبێت کرێکاران بەم شیوازە ژیان بە سەر بەرن؟ بۆ دەبێت منداڵان کار بکەن و زەحمەت بکێشن؟ بۆ دەبێت ژنان و دایکانمان ئەم هەموو ئازارە و نابەرابەرییە قبووڵ بکەن؟ بۆچی دەبێت جێگایەک کە لەوێدا گەورە بووینە ئاگر بگرێت و پیس بێت؟ و بۆچی نابێت هەموومان ئازاد بین و لەگەڵ یەکدا بە ئازادی بژین؟

کەم نین ئەو کەسانەی ئەم پرسیارانەیان بە دەنگی بەرز خوێندووتەوە و بە تاوانى ” دژی شوڕشی ئێران، دژایەتی لەگەڵ خودا، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستی و تۆڕە سیخوڕییەکان یان بە ئەندام بوون لە گرووپە دژبەرەکانی کوماری ئیسلامی ” تۆمەتبار کراون. منیش یەک لەو کەسانە بووم کە لە ڕێگەی پاڵپشتی چالاکی مەدەنی ـ سیاسی، مافی مرۆڤ، ژینگەیی و پاڵپشتی لە مافی منداڵان و ژنان و کرێکاران بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانە بووم.

ئەمڕۆ زۆرتر لە جاران بە دۆستایەتی و خوشەویستی و ئەوین بە خەڵکی خۆشحاڵم، لەوەی کە لەگەڵیانم هەست بە شکۆ دەکەم.
کاتێک بیر لە چرکەساتەکانی ئەو هەشت ساڵ و نیوە دەکەمەوە کە ئەفشین لە بەندیخانە تێدەپەڕێنێت، دڵم پر دەبیت، ئەگەرچی چاوەڕێکردنی سێدارە خۆى زۆر ئەستەمە، بەڵام بەها و شکۆمەندی ژیان لەگەڵ ئەو خەڵکەی خوشم ویستوون و ئەو سروشتە و کرێکارانەی کە لەگەڵیاندا ژیاوم لە ئازارەکانم کەم دەکاتەوە و شانازی دەبەخشێتە من و ئەفشین و ماڵباتەکەم.

ڕامین حوسێن پەناهی
بەندیخانەی ناوەندی سنە
سێ شەممە، ١٤ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎بۆچوونێك

‎وه‌ڵام بده‌وه‌