وتووێژ لەگەڵ حیسام دەست پیش/ هەڵبژاردن لە ئێران، بایکۆت یان بەشداری/بەشی یەکەم

0
147

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەممەی١٣٩٤ (٢٠١٦) لەگەڵ بەریز حیسام دەست پیش مامۆستای زانکۆ،

حیسام دەست پیش
حیسام دەست پیش

نووسەر و چاوەدێری سیاسی و بە پێشکەشکاری بەڕێز  یۆسف ادری، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافیمرۆڤ لەسەر مژاری (هەڵبژاردن لە ئێران) ئەنجام دراوە.

بەشی یەکەم:

ڕاوێژ: سەرەتا  پێناسەیەکمان لەهەلبژاردن لە چۆار چیوەی کۆماری ئیسلامیدا  بۆ بکەن، دواتر دەچینە سەر باسی سەرەکی.

دەست پێش: لە بارەی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا دەکرێ، دەبێ لەو ڕەهەندەو بێ کە سیستەمی سیاسی لە ئێران لە ئەساسدا مەشروعەیەتی خۆی لە کوێیەوە بە دەست دێنێ و مکانزیمی ئەم مەشروعیەتە چین؟ دیارە مەشروعەییەت لە کۆماری ئیسلامی بەرلەوەی پێگە و جێگەیەکی ماددی هەبێ، پێگە و جێگەیەک ئیلاهی هەیە، واتا بونیادە مەعرفییەکانی ئەم شەرعییەتە، کەمتر خۆی بە دونیای مادییەوە گرێدەدا، هەر بۆیە سیستەم دەکەوێتە پێش خەڵکەوە و ئیتر سیستەم دەبێتە کیانێکی متافیزکی کە خەڵک دەبێ پارێزگاری لێ بکەن بۆیە هەڵبژاردن لەم جۆرە لە سیستەمانە لە ناوەڕۆکی خۆی کە ئاڕاستەکردنی هاوکێشە سیاسیەکان بێ دەگۆرێ بۆ مانەوە ئەم کیانە ئیلاهییە لێرەوەیە کە هەڵبژاردن ناتوانێ لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی کە ئیرادە و دەنگی خەڵك کاری پێ بکرێت بۆیە کاربەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمەش بە زمان دێنن بەهەرحاڵ هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی هەرچەن کەرەسەیەکە بەڵام هێندێجارێش کێشەی ساز کردوووە

ڕاوێژ: بەشداری کردن یا بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە  چە ئاسەوارێکی لە سەر سیستمی ئێران دەبێ؟

یۆسف قادری
یۆسف قادری

دەست پێش: ئەو کێشە بۆ هێزە زەمینییەکان دەگەرێتەوە، من پێم وایە کە بایکۆت یان بەشداری لە هەڵبژاردندا لە ئێران دەبێ لە خانەی خۆمانەوە چاوی لێ بکەین، واتا کورد دەبێ لە دەلاقەی خۆیەوە خوێندەوەی بۆ بکات. لێرەدایە کە دەبێ ڕاوەستە لە سەر بابەتەکە بکرێت  وئاسەوارەکانی لە ڕووانگەی کوردە ئەوە دەبێ کە لە بنەڕەتدا ڕژیم لە ئێران پێویستی بە دەنگی کورد نیە یانی لێرەدا دەنگدان و دەنگ نەدانی کورد یەک مانای هەیە ،چونکە سیستەم ئەوەندە بچووک بۆتەوە کە جێگای خۆیانی تێدا نابێتەوە بەڵام لە ڕەهەندە ئێرانییەکەوە، بەشداری نەکردن زۆر گرنگە چونکە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتداری لای ئەوانە، لەم نێوەدا کورد ناتوانێ ئەکتەر بێ بۆیە لە پەراوێزی گەمەکاندا دەمێنێتەوە بەهەرحاڵ من لەو باوەڕەدام کە کورد بە جێگای ئەوەی خۆی بەم پرسەوە سەرقاڵ بکات باشترە خۆی بە کۆمەڵگای کوردییەوە خەریک بکات وەک بەشەکانی تری کوردستان.

ڕاوێژ: بەدەنەی زیندووی هەر کۆمەڵگایەک  چالاکانی سیاسی و مەدنی و مافی مرۆڤ و خویدکارانی ئەو کۆمەڵگایەن. رۆلی ئەوان لەو وەها کاتێک دا چیە؟

دەست پێش: هەرچەند ئەم پرسە بۆ ئەو کەس و گوتارانە مانای هەیە کە باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و تێیدا چالاکی دەکەن، واتا ئەگەر لەو سۆنگەوە چاوی لێ بکەین لە ئێستادا پانتای سیستەمی سیاسی مەودایەکی بۆ گەمەی کۆمەڵگای مەدەنی نەهیشتۆتەوە ولە نەبوونی ئۆپۆزیسیوندا  مەبەستمە، خودی ئەم بزاڤانەش توانای گوتار و پراکتیکیتی تریان نیە، بۆیە لە ئێستادا لەو باوەڕەدام لە ناوخۆ لە جۆرێک لە سەرلێشێوای شوناسیدا دەژین کە ناتوانێ ڕێگایەک بۆ خۆی ببینێتەوە، بۆیە لە کۆماری ئیسلامیدا، بەرنامە و سیاسەتی جۆرێک لە ڕاهێنان لە ئارادایە کە هەموو جمگەکانی کۆمەڵگای بەو شێوە لە گەمەی سیاسیە ڕابێنێت، ئەم ڕاهێنانە دیارە لە زۆر بەشدا کاری کردووە بۆیە ئیتر لە ئێران بێجگە لە کورد ئوپۆزیسیونێک لە ئارادا نیە بەڵکوو تەنیا ڕەخنەگر بوونی هەیە، کەواتە تاکوو ئێستا ئاسۆیەکی روون بۆ ئەو بزاڤانە لە ئێراندا بەدی ناکرێ.

ڕاوێژ: تەحریم و بەشداری کردن دوو ڕوانگەن کە لە ئێستادا بوونیان هەیە بەڵام تەحریم بە چ ئامرازێکەوە و بەشداری بە چ ئامرازێکەوە؟ دیارە لایەنگرانی بەشداری دۆخ و دەرفەتێکی زیاتریان لەبەر دەستیدا هەیە بۆ؟

دەست پیش: چونکە بەشداری پرۆژەیەکی ئێرانییە لە ئەنجامدا بەشداری نەکردن پرۆژەیەکی گۆڕانکارانەیە. لایەنگرانی بەشداری دوو تەیفی سەرەکین، ئەوانەی بیر لە دوای خامنەیی دەکەنەوە و ئەوانەی بیر لە کۆنترۆڵکردنی زیاتری هێز دەکەنەوە. بۆیە ئامرازەکانی لایەنگرانی بەشداری زۆرن و جیهانی دەرەوەشی لەگەڵە بەڵام لایەنگرانی تەحریم کەمتریان لەگەڵە، بەهەرحاڵ ئەمە ململانێکە بەڵام داهاتووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوکێشە سیاسیەکانی ناو سیستەمی ئێران و هیچ پەیوەندی بە خەڵکەوە نیە.

ڕاوێژ: ئیسڵاح تەڵەب و ئوسوولگەرا بۆ کورد چ جیاوازیەکیان هەیە؟

دەست پێش: دیارە جیاوازیان هەیە ڕێفۆرمخوازەکان هەوڵی لاوازکردنی ئوسوڵگەراکان دەدەن، کوردستانیش بەدەستی ئوسولگەراوەیە بۆیە خەڵکی کورد بە سیاسییەکانەوە هێندێ جار لا دەکەنەوە لە ئیسلاح تەڵەبەکان چونکە لە ئەگەری لاوازی ئسولگەراکان لە کۆتاییدا دەسەڵاتی ئەوان لە کوردستانیش لاواز دەبێ چونکە کەیسی کورد بە دەستی ناوەندی نیزامی و ئەمنیەتیەوەیە بەڵام ئەم شیکارییە تا کاتێک ڕاست بوو کە ئێمە ئیسلاح تەڵەبمان وەک گوتار و هێزی سەرەکی هەبوو بەڵام ئەمرۆ ئەم شیوازە بەدی ناکرێ چونکە خودی ئیسلاح تەڵەبەکان کەمبوودی کەسیان هەیە و هێندێ لە ئوسوڵگەراکانیان هێناوەتە ناو لیستەکەیانەوە بۆیە لەمڕۆدا هەڵەیە ئەگەر بە مەنتقی سەردەمی ئیسلاح تەڵەبان چاوی لێ بکەین.

ڕاوێژ: تاکەی خەڵک دەبێ وەک تماشاچیەک تەنیا بینەر و تەماشاچی ئەو هەلبژاردنانە بێ یان ئەوەتا چاوەڕوانی دەستێکی دەرکی بێ؟

دەست پێش: پێم وایە دەبێ ماڵئاوایی لە دەستی دەرەکی بکەین چونکە ئەم پاردایمە شکستی هێنا، باشتر وایە چاو لە تاقەت و تواناکانی کۆمەڵگای کوردی بکەی،ن ئێرانیەکانیش چاو لە کۆمەڵگای خۆیان بکەین ئەمە ئەو پرسەیە کە ئێمە دەبێ ڕاڤەی هێز لە کۆمەڵگای کوردی بکەین و ئەوانیش ڕاڤەی هێز لە کۆمەڵگای خۆیان بکەن ئەمە بەو مانایەیە کە کورد دەبێ ئاوڕ لە کۆمەڵگای کوردی بداتەوە و بزانێ کە چۆن دەتوانێ خەباتێکی نوێ رێک بخات و خۆی بەم کایە لاوەکیانەوە واتا کایەی هەڵبژاردن خەریک نەکات، بۆیە لەو باوەڕەدام کە ئێمە لە وێستگەیەکی زۆر گرینگداین کە تێیدا یان پەیوەست دەبین بە ئێرانەوە یان کوردایەتی دەبێ سەر هەڵبداتەوە تاکو ئەگەر هەڵبژاردنێکیش هەبێ ئێمە ئاراستەی بکەین تاکو هێزێک لە تاران یان کۆمەڵێک کەسی گرێدراو بە تارانەوە لە کوردستان.

ڕاوێژ: تا چەندە دەتوانین بڵێین کە دەنگی خەڵک لە ناو سندوقەکانی دەنگدان دەژمێردرێن؟ ئایا لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، پێوەر دەنگی خەڵکە (میزان رای مردم است)؟

دەست پێش: سندوقی دەنگدان خودی خۆی مانای نیە، ئەوەی مانا دەدات بەم سندقانە خودی سیستەمی سیاسیە بۆ نمونە لە عێراقی سەردەمی سەدامیشدا سندوق هەبوون یان لە ئەمریکاش سندوقی دەنگدان هەیە بەڵام جیاوازییەکە ڕوونە بۆیە سندوقی دەنگدان زۆرتر وەک دەخیلەی منداڵ دەچێ کە باوەکەکە ئاراستە و چارەنووسەکەی دیاری دەکات نەک خودی منداڵەکە، ئەم دەخیلەیە هەمیشە مەترسی لە سەرە بۆیە سندوقی دەنگدان لە ئێران تەنها تەوهومی دیموکراسییە نەک خودی دیموکراسی.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە ئەگەر بێتو کورد بە شێوەیەیەکی یەکگرتوو و گشتی لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدار بێت  یان بە هەمان شێوە بە کۆمەڵ بایکۆتی بکات ئایا دەتوانێ کاریگەری هەبێت؟

دەست پێش: ناتوانێ کاریگەر بێ بەڵام دەتوانێ پەیامێک بە خەڵک بدات چونکە ئێمە هێشتا ئامرازی ئەو گەمەیەمان بەدەستەوە نیە بەڵام لەهەمان کاتدا دەتوانێ پەیامێک بە کۆمەڵگا بدات کە بزاڤی رزگاریخوازی کورد پەیام و ئاسۆیەکی پێیە بۆیە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم کە تاکو ئامرازی گۆڕێنی دۆخی هەڵبژاردنمان پێ نەبێ کاریگەری ئێمە تەنها لە دوورەوە دەبێ و ئەویش کاریگەری تەنیا لەسەر تاکە وەفادارەکانە بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد.

ڕاوێژ: پێدەچێ لەم خولە لە هەڵبژاردنەکان شورای نیگابان بەشێوەیکی محافزەکارانە هاتبێتە پێشەوە  و لە هەموو لایەنەکان  بەشدارن ئیوە چۆنی دەبیین؟

دەست پێش: دەزانی من پێم وایە کە کاکڵەی گەمەکە لە سەر شورای نیگابانە چونکە ئاراستیە هاوکێشەکان ڕووی لە نەمانی خامنەییە بۆیە تاکو ئێستا نابینرێ کە لایەنی ڕەخنەگری خامنەیی بتوانن لەوێ براوە بن، بۆیە لە ئەگەر سەرنەکەوتن لەو بەرە دێنەوە بۆ مەجلس تاکو خۆیان بۆ مەیدانی دەوڵەت ئامادە بکەن و پێم وایە خامنەیی پێش مردنی بابەتی سەرۆک کۆماری یەک لایی دەکاتەوە دەیکات بە نخست وەزیری (سەرۆک وەزیری) تاکو لەو رێگەوە لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری کەم بکاتەوە بەهەرحاڵ دەبێ چاوی لێ بکەین کە داهاتووی خوبرەگان چی لێدێ.

ڕاوێژ: ڕای ئێوە لەبارەی ئەو خەڵکەوە کە لەو شار و ناوچانەی کوردستان کە دوو یان سێ نەتەوەی لێ دەژین، بۆ نموونە کورد و تورک لێی نیشتەجێین چییە؟ ئایا لاتان وا نیە کە لەو شوێنانە دەبێ بەشداری بکردرێت کە نوێنەرەکە لانیکەم کورد بێت ؟

دەست پێش: لێرەدا دوو بابەت هەیە. یەکەم ئایا دەبێ بەو شێوە بەشداری بکەین و ململانێ خۆمان لەگەڵ تورک زەق بکەینەوە یان دەبێ بە ڕێکخستن کاری بۆ بکەین و بە سانایی خەریکی ئەو گەمە بین؟ من پێم وایە کە بەشداری کورد زۆر گرینگە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم کە بە ئاشکرا هاوارای بۆ بکەین چونکە ئەمە خۆی پێکناکۆکی زۆر دەکات و لە توانایی جووڵەی ئێمە کەم دەکاتەوە باشترین ڕێگە ئەوەیە کە بە ڕێکخستن ئەو کارە بکرێت تاکوو لە بڵینگۆدا هاواری بۆ بکەین و باشتر وابوو کە هەموو پارتە سیاسییەکان لەم بوارە بە هاوبەشی کاریان بکردبا چونکە ناسیۆنالیزمی تورک پاشنەی ئاشیلی کۆماری ئیسلامییە و ئەگەر بێتو ئەم پاشنە ئاشیلە ڕووی لە ئێمە بێ زۆر مەترسیدارە و ڕژیمیش ئەمەی دەوێ بۆیە من لەگەڵ بەشداری زۆری کوردم بەڵام نەک بەم هات و هاوارە.

ڕاوێژ: هەر وەک دەزانن هەر شێوەی و ستراتژی و تاکتیکێکی سیاسی بە دەستکەوتە سیاسیەکان و بەو ڕیگا و متودە هەڵدەسەنگێندرێت کە بوویەتی، تەحریم لەم چەند ساڵەدا دەسکەوتە و مازادی سیاسی بۆ گەلی کورد بە شێوەی بەرچاو و دیدەیی چ بووە؟ ئایا دەتوانین وەک گەمەیەکی سیاسی لە کات و زەمەنی خۆیدا چاوی لێ بکەین؟

دەست پیش: لە سەردەمی ئیسلاحاتدا دیارە دەسکەوتی بۆ ئێمە هەبوو بەڵام ئێستا ئێمە لە کات و زەمەنێکی تردا دەژین بۆیە لەو باوەڕەدام کە دەرنجامی ئەم گەمە ڕووی لە کۆمەڵگای ئێرانی نیە چ بگاتە کورد چونکە ڕووی لە خودی هاوکێشە سیاسییەکانی سیستەمە، ئەمە دەتوانێ بۆشاییەکیش بێ کە ئێمە بتوانین ڕێکخستنی خۆمانی بۆ بکەین. بەهەرحاڵ ئەوانەی کە بەم شێوە قسە دەکەن، پرسی کورد وەک پرسێکی ئێرانی دەبینن. بەڵام دەبێ لە بیری بکەین کە پرسی کورد ئیتر ئێرانی نیە بەڵکوو پرسی کورد پرسێکی ناوچەییە و نابێ بەم شێوە پێوانەی بۆ بکەین.

ڕاوێژ: تا چەند کۆماری ئیسلامی دەتۆانی هەڵبژاردن موهندسی بکات؟ ئەگەر هاتوو ئەو کارەی کرد ئەگەر ئەوە هەیە کە چ فەزایک دروست ببێ؟ چونکە زۆر کەس و لایەن چاوەڕوانی ئەو دەرفەتەن، ڕای ئێوە لەمبارەوە چییە؟

دەست پێش: ئێستا کۆماری ئیسلامی کایەکەی موهەندسی کردووە بۆیە گەمەکە لە قەوارەیەکی دیاریکراودایە. ئەم گەمەیە لە پاش هەڵبژاردنی ٨٨ی هەتاویەوە و لە چوارچێوەی بە ئەمنییەتی کردنی پرسی سیاسی دەستی پێکرد و توانی پاشەکشە بە هەموو ئەکتەرەکان بکات، ئەوەی کە شۆرای نیگابان ئامادە نەبوو کە سەلاحیتی نەوەی خومەینی ڕاست بکاتەوە مانای ئەوە بوو کە ئەم کاییەی موهەندسی کراوە و دەرەنجامەکە دەبینن بۆیە کێشەکە لێرەدایە کە ئەوانەی بەشداری دەکەن لە گەمەیەکدا بەشداری دەکەن کە دەرەنجامەکەی دیارە.

ڕاوێژ: زۆربەی خەڵک لە نوێنەران  نارازین و دەڵێن ئەوان کاتی هەڵبژاردنەکان و پروپاگەندە بەڵێنیان پێدەدن و دواتر نایانهەوێ یان ناتوانن بەکرداری بکەن تا چەند ئەوە دروستە؟

دەست پێش: هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمە لەگەڵ سیستەمێک ڕووبەڕووین کە شەرعییەتی خۆی بە خەڵکەوە گرێ نەداوە، لێرەدا وەک حەجاریان دەڵێ سیستەم وەک ئەژدیهایەکی لێهاتووە دەبێ خزمەتی بکەی ئەوە سیستەمە کە نرخ و بەهاکان بەش دەکا نەک خەڵک، جا ئەمە لە هەموو بوارەکان وەک ئابووری، سیاسی و کلتوری زەق و بەرچاوە لە ٧٦ی هەتاوی هەوڵێکی گوتاری و سیاسی هەبوو و دەیویست ئەم ئاراستە بگۆڕێت بەڵام شکستی هێنا و بوو بە ،٨٨ لەو ساڵە بەولاوە ئێمە کیانێکی بەئەمنیەتی کراومان هەیە کە ئەوە سیاسەت نیە حوکم دەکا بەڵکوو هێزی چەکدار و ئەمنیەتییە کە ئاراستەی سیاسی و سیاسەت دەکا، کەواتە ئەگەر خزمەت بە خەڵکت دەوێ دەبێ بزانی ئاخۆ لەو خانەدا جێگایەک بۆ ئەمە هەیە؟

ڕاوێژ: لە سەردەمیکی ئەوتۆدا بەراستی بەڕای ئێوە کورد دەبێ چ بکات و کام لایەن هەڵبژێرێت؟ تەحریم یان دەنگ دان؟

دەست پێش: تەنیا کارێک کە کورد لەم کاتەدا دەیکات ئەوەیە کە خۆی ئاوێتەی ئەم گەمەیە نەکات نمونەی هەرە باشی ئەوەی بوو کە لە “نێ” هاتە ئاراوە واتا خۆیان دوور بگرن چونکە ئێمە لە چرکەساتە مێژوییەدا دەژین بەو مانایە کە چی بە سەر گرێدراوی کورد بە سیستەمی سیاسییەوە دێ ئاخۆ دەچێتە پاڵی یان خۆی دوور دەگرێ؟

ڕاوێژ: کۆدەنگیەک لە باسە بکەن کاک حیسام  و ڕای خۆتان لە کۆتاییدا بێژن؟

دەست پێش: پێموایە هەموو تاکێکی کورد لە خۆرهەڵات ئەمڕۆ دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە چارەنوسی ئێمە وەک کورد چی بە سەر دێ؟ ئەگەر هەستیاریەکی هەیە باشتر وایە ڕووی خۆیان لە هێزی سیاسی و کۆمەڵگا بکەن بۆ ئەوەی ئاوێتەی سیاسەتێکیتر بین، سیاسەتێک کە لە بەشەکانی تری کوردستان بوونی هەیە ئەگەر هەستیاری نیە باشتر وایە وا هەست نەکەن کە ئەکتەرن و چارەنوسی خۆیان بەدەستەوەیە، بەڵکوو دەبنە کەرەسەیەکی سیاسی کە چارەنوسیان بۆ هەتا هەتایە بەدەستی کەسانیترەوە دەبێ، بۆیە من پێموایە هیواکان لە کۆمەڵگای کورد لە هی ئێرانی زۆرترن، چونکە ئێمە ژیان و خەباتی سیاسییمان لە بەرچاوە بەڵام ئەوان هیچ مودێلێکیان لە بەردەست نیە کە واتە ئەگەر و دەرفەتی دەرچوون لەم دۆخ و کەش و هەوایە هەیە، بەڵام نەک بە مێتۆدی ئێرانی بەڵکوو بە مێتوۆدی کوردی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت