هەقیقەتی دوازدە سوارەی مەریوان…

0
315

پێداهاتنەوە و نووسینەوەی: هادی عەزیزی

لە مێژووی هەر نەتەوەیکدا، ڕووداوەکانی مێژوو خاڵێکی بەهێز و بەڵگەن بۆ سەلماندنی هەبوونی هەمان نەتەوە لە ڕابردوودا.

لە ناو ئێمەی گەلی کوردا، بە داخەوە جیا لەوەی قارەمانانی خۆمان ناناسین، زۆر جاریش لە مێژووی داگیرکەر و بێگانەدا، چەندین کەس ناویان بە قارەمان هاتووە کە ڕەنگە هی ئێمە بن،بەڵام چوونکە ئێمەی کورد خاوەنی هیچ بناغە و ئەساس و نووسراوەیەکی بەڵگەیی نین، ناتوانین هیچ تاڵێکی لێک بکەینەوە و تەنانەت ئەگەر مێژووشمان دزرابێ کە دزراوە، مەگەر بە کۆدی زمای کوردی یان وێژەی زارەکی یان زارگۆتن، ئەو ڕوداوانە و ساڵەکانی بە سەر بکەینەوە و بیاندوورینەوە.

چیرۆکی دوازدە سوارەی مەریوان، هەموومان بە تایبەت رۆژهەڵات و باشوور بیستوومانە و چوونکە لە نێوان سنووری ئەو دوو پارچەیە ڕووی داوە، وەک دەستەواژەکەی “دوازدە یان دوانزە سوارەی مەریوان” دێتە سەر زمان و لە ناو چاند و کلتوور و هونەریشدا ڕەنگی داوەتەوە و تەنانەت گەنجانی کورد، گرووپی هەڵپەرکێیان بە ناوەوە داناوە.

ڕاستییەکەی ئەم چیرۆکە وەک ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1720 هەتا 1730 ی زایینی و دەماودەمی ڕووخانی سەفەوی و دەسەڵاتدارییەتی مەحموودی ئەفغان لە ئێران، کە نەیتوانیوە یەک بست خاکی کوردستان داگیر بکات، دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکان بەو جۆرەی باسی ئەم ساڵانە دەکەن، کەمێک پاش و پێشیان هەیە، بەڵام حەقیقەتی ئەو داستانە، لە سەردەمی سەفەویدا ڕوویداوە و ئەحمەد خانی بابان، کە فەرمانڕەواییەکەی لە قەڵاچوالان بووە، فەرمانڕەوایی هەموو ئەو ناوچانەی بە شارەزووریشەوە کردووە.ئەحمەد خان فەرمانڕەوایی دواتر لە لایەن والی بەغدای دەوڵەتی عوسمانی لێ دەستێننەوە و بەو جۆرە کۆتایی بە حکوومەتەکەیان دێت کە دوو سەد ساڵی خایاند و دواتر جێگرەوەیان بۆ دادەنێن.

لە یەکێک لەو ساڵانەدا، بەراز زۆر دەبن و هێرش دەکەنە سەر مووچە و مەزرای خەڵک و هەر چی لەو ڕێیە وەبەر ڕمبەیان بێت،بە شفرە هەڵدەتەکێنن.

گلەیی و گازندە لە لای ئەحمەد شای ‌”بەبە” زۆر ببوو و خەڵک لە تاوی بەراز وەزاڵە هاتبوون.

ناچارەن ئەحمەدشا دەستوور دەدا، کە هەتا لە ناو دەسەڵاتەکەیدا کەسانێکی سوارچاک و جوامێر و ئازا کۆ بکاتەوە، هەتا بە ڕاوکردنی بەراز و هەڵبڕینیان ئارامی بۆ ناو خەڵکی جووتیاری ناوچەکە بگەڕێتەوە.هەر بۆیە ئەم دوازدە کەسەی خوارەوە بە فەرمانی خانی قەڵاچوالان خۆیان لە زین دەبەستن.

1.جوامێر ئاغای رەنگێنە

2.ئاخاڵ ئاغای سیوەیلی

3.زەینەڵ بەگی مەسرەف

4.دارا ئاغای میرەدێ

5.فەرامەرزی زەنگەنە

6.سوار ئاغای بڵباسی

7.مەمەند ئاغای میراودەلی

8.شاپوور ئاغای بەختیاری

9.زوڵاڵ ئاغای مەرگەیی

10.میران بەگی وەلید بەگی هەمەوەند

11.سەلیم بەگ

12.مەحموود بەگی قەدیمی باشچاوەشی.

سواران خۆیان ئامادە کردووە و دەست دەکەن بە ڕەدوونان و کوشتنی بەرازان و هەتا شارەزوور ڕاناوەستن.

لە گەرمەی ڕاوە بەرازدا هەواڵ دێ کە لەشکەری ئێران، هاتوونەتە لای مەریوان و خەریکە نزیک دەبنەوە.[حکوومەتی قەڵاچوالان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوو، کە دوای ڕووخانی سەفەوی هەمەدانیشیان گرتەوە و نەیانهێشت ئەفغانییەکان، داگیری بکەن.]

دوانزە سوارەکە، کە هەواڵەکە دەبیستن، بێ ئەوەی بە کەس بڵێن، دەست لە ڕاو هەڵدەگرن و بەرەو دیوی مەریوان شۆڕ دەبنەوە. ئەوان کە دەگەنە مەریوان نزیک ئێوارەیە و لەشکەر تازە هاتووە و دەیهەوێ مۆڵ بدا.

دوانزە سواړەی کورد کە دەبینن ئەوان زۆر و خۆشیان کەمن، ڕادەوەستن هەتا شەو دابێ و دەستیان لێ بوەشێنن، چوونکە بە ڕۆژ دیار دەبوو کە چەند کەسن و تێدا دەچوون.

شەو دادێ، سوارچاکانی کورد، لە سێ چوار دەستەدا و بە کوتانی دەهۆڵ و هات و هاوار(گۆشە نیگایەک بەرەو کاردۆخ و ئاناباسیز لە گێڕانەوەی گەزنەفون)، گوڕەگوڕی سەرکەوتن هەڵدەدەن و تێیان دەکەون. دوای شەڕێکی چاک و هەڵاتنی لەشکەری سەفەوی و بەجێمانی خێوەت و پێخەو و پێخۆریان، دوانزە سوارەی مەریوان سەردەکەون و لەشکەری ئێران ڕاودەنێن.

لە بەری بەیانیدا، کە لەشکەر لە قەڵاچوالانەوە دێ بۆ شەڕی ئێرانییەکان، دەبینن کە شەڕ تەواو بووە و دوژمن هەڵاتووە. هەر لەوێ بە شایی و هەڵپەڕکێ ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن و بەداخەوە لەو شەڕەدا یەکێک لە سوارەکان بە ناوی سەلیم بەگ بە سەختی بریندار دەبێ.

دوانزە سوارەی مەریوان، بۆ هەتا هەتایە ناویان وەک ئەستێرە لە ئاسمانی مێژووی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە.

سەرفەرازی بۆ کورد و کوردستان

تێبینی،1. لە نێوان نووسینەکانی پیرەمێرد و گێڕانەوەی ناوچە و نووسینەکەی جگەرخوێن و مێژووەکەی ئێران چەند ساڵێک جیاوازی هەیە، کە حەولم دا هاوتەریبیان کەمەوە.

2.ئەم بابەتە دیاری بێت بۆ هەموو کوردێک بە گشتی و بۆ برای هێژام هەڵمەت مەعرووفی بەتایبەتی، کە نەخۆش بوو لە سوئیس و نەمتوانی سەردانی بکەم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌