ناچالاک بوونی مهاباد، هۆکار و ڕێگاچار

0
160
سۆهراب کەریمی

لە مێژووی کورددا، شارەکانی مهاباد، سلیمانی و جزیرە، داڕێژەری گوتاری نەتەویی کوردن و ڕەنگە مهاباد لە چەند بوارێکەوی لە دوو شاری جزیرە و سلیمانێش کاریگەرتر بێت، ڕەنگە شاری مهاباد و دەورووبەری، نیوەی تێچووی خەباتی کوردی لە ڕوژهەڵات به ئێستاشەوە بەئەستوو گرتووه، بۆیە چ  لە بواری سیاسی و فەرهەنگیەوە چ لە بواری کۆمەڵایەتیەوە، جێگەوپێگەی تایبەتی هەیە و لەناو کۆمەڵگای کوردیدا خەڵکی مهاباد جێگای ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتن.

هەتا ئێستاش، مهاباد لە کاریگەرترین شارەکانی کوردستانە، لە هەر کۆڕوکۆبوونەوی هەر لایەنەێکدا بێ گومان جێگای دەستی خەڵکی مهابادی تێدا هەیە، بەڵام ئەوی کە بووە بە هۆی نووسینی ئەم بابەته، ئەوەیە کە لە ساڵانی دواییدا لە کۆبوونەوه جەماوریەكاندا، مهاباد و بۆکان، بەپێچەوانەی جاران و هەمووی مێژووی خۆیان، کەمتر پێشەنگی ڕاپەرین بوون.

هەرچەند لە ئاستی چالاکیی مەدنی و سیاسیدا، مهاباد هەر بەشداری کردوە، بەڵام  بەپێی ئەو چاوەڕوانیەی کە لە مهاباد هەیە، دەکرێ بڵێین مهاباد تاڕادەیەکی زۆر تووشی نسکۆ بووە، گرنگیی ئەم باسە لەوەیدایە کە چالاکی جەماوەری هەم پیشاندەری زیندووبوونی بزووتنەوەی کوردیە، هەمیش گۆڕەپانی چێژ وەرگرتن و ناساندنی خرۆشی بزووتنەوی کوردایەتی بە نەوە نوێیەکانی کوردە.

لێرەدا ئەم پرسیارە دەکرێ کە، چی بەسەر مهاباد هاتووە؟ دەکرێ ئەم پرسیارە بڕێک وردتر بکرێتەوە کە مهاباد بەو ڕابردووە زێڕینەو بەو دەورە گرنگەی کە لە مێژووی کورددا هەیبووە، بۆ وەک جاران بەشداریی چالاکانە و هێمایین لە ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و لەناویاندا لە بۆنەی نەتەوەیی نەورۆزدا ناکا؟

لە کۆمەڵاگای کوردستاندا، بە هۆی نەبوونی سیستمێکی ناوندی و دامودەسگای حکومی و پێوەندیی سیستماتیک و ئابووری، هەر شار و ناوچەیهک خاوەنی کۆمەڵێ تاێبەتمەندین کە بە شێوەیەک لە شار و ناوچەکانی تری کوردستان جیاوازە. کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و خاوەن پێنووسانی کورد، خۆیان لەناو ئەم تایبەتمەندیانەدا نوقم کردووە و بە ئەم تێڕوانینەوە لە تایبەتمەندیی شارەکان دەڕوانن کە زۆر جار ئەم ڕوانینانە وەک دەق و بەڵگە، بوونی نیە بەڵام بە شێوەی زارەکی و نەنووسراو لە هزری سوبژێکتیڤی خەڵکدا هەیە. بۆ نموونە کۆمەڵێک کەس پێیانوایە کە ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنگرە کە، مهاباد خاوەن کۆمەڵێک کەسایتیی گەورەو نەتەوییە کە لە ئاستی کوردستانی و جیهانیدا کەموێنەنن و خاوەنی یەکەم کۆماری کوردستانە، بەڵام خەڵکی مهاباد لە خۆیاندا خاوەن کلتورێکی شوڕشگیڕی نین و لە کاتێکدا کە دەرفەت ڕەخساوە تێچووی چالاکی كەم بووه هاتوونەتە گۆڕەپان و بوون بە پێشەنگی نەتەوەیی، بەڵام هەرکات حکومەتی ناوەندی بەهێز بووە مهاباد و خەڵکەکەی بە سانایی گۆڕەپانەکەیان چۆڵ کردووەو چوونەتەوە ماڵی خۆیان.

کەسانێک کە ئەو بانگەشەیە دەکەن بۆ سەلماندنی ئەو گریمانەیە، ئاماژە بە دوو ڕووداوی مێژوویی دەکەن کە کاتی کۆماری کوردستان خەڵکی مهاباد لە دەرفەتی چۆڵ بوونی ناوچەکە لە هێزەکانی حکومەتی ناوەندی، پشتگیریان لە چالاکانی کورد و پێشەوا قازی محەمەد کرد بەڵام هەر دوای هاتنی ئەرتەشی ئێران، چوونەوە ماڵەکانی خۆیان و قازی محەمەد و هاوڕێیانی بە مەزڵوومی لە بەرچاوی هەموویانەوە لە سێدارە دران، کەسیش دەنگی لێوە نەهات. ئەم کەسانە پێان وایە کە ئەگەر خەڵکی مهاباد شوڕشگیڕ بوایەن، لانیکەم دەنگیان بەرز ئەکردەوەو  بە ئەگەری زۆر قازیەکان لانیکەم ئەو شەوە لە سێدارە نەدەدران.

دووهەم: لە ساڵەکانی دوای شوڕشی گەلانی ئێران کە شەڕ لە نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی هەڵگیرسا، کۆمەڵێك له خەڵکی مهاباد بە نووسینی نامە بۆ حکومەتی ئێران، خۆیان بە لایەنگری حکومەت زانی و داوایان لە حیزبەکانی کوردستان کرد کە شار چۆڵ بکەن و ئاسایشی خەڵکی تێک نەدەن و نابێ خەڵک قوربانیی حزوری گرووپە چەکدارەکان بێ (ابریشمی عبداللە/خاطرات و زبدگی نامە١٥٦)، واتە لە جیاتی ئەوە تاوانبار مەحکووم بکەن، قوربانیان مەحکووم دەکرد.

ئەمە خۆی بۆچوونێکە کە لە زاری زۆر کەس بیستراوە، بەڵام ئەمە لە خۆیدا ناتوانێ هۆکاری سەرەکی بێ، لەبەر ئەوە ئەم شێوە کاردانەوانە لە ڕۆژگەلی هەستیار و مەترسیدار وەک ئەو ساڵانە کە ئاماژەی پێکرا، تەنیا تایبەت بە خەڵکی مهاباد نیە، خەڵکی مەدەنی لەو کات و ساتانەدا ناچارن بۆ پاراستی ژیانی خۆیان کاری وەها بکەن ڕەنگە کەسانێک لەبەر ڕەقی خۆیان لە لایەنە سیاسیەکان لەو دەرفەتانەدا کەڵکی سیاسیان وەرگرت بێ.

بۆچوونێکی تر کە زۆرتر لە زاری چالاکانی شاری مهابادـەوە دەبیسترێ، ئەوەیە کە بە هۆی بە هێزبوونی چەند لایەنی سەر بە خێڵی مەنگوڕ، خەڵک ناوێرن کە چالاکیی جەماوەری بکەن، لەبەر ئەوەی کە بەشێکی زۆری ئەو خێڵ و لایەنانە سەر بە حکومەتی ناوەندین و وەک فاڵانژی حکومەت هێرش دەکەنە سەر جەماوەری خەڵک و ئەگەری توندوتیژی هەیە، بۆیە چالاکان بڕیاریان داوە کە بۆ بەرگری لە توندوتیژیی چالاکیی جەماوەری بەڕیەوە نەبەن. ئەوەی کە جێگەی سرنجە ئەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردووە زۆربەی چالاکیە جەماوەرییەکان لەو گەڕەکانه بەڕێوە دەچوو کە دانیشتوانیان زۆربەی مەنگوڕ بوون، زۆربەی خەڵکی مەنگوریش لە گەڵ باقی خەڵکی کوردستاندا جیاوازیان نەبووەو هەر بەشداری شوڕشەکانی کورد بوون.

بۆچونی سێیەم  کە لە سەر شەقی  نێوان چینی ناوندیی شاری و چینی خوارەوە و پەراوێزی شاری مهاباد، ئەم پرسە لێکدەدەنەوە. ئەمیش ئەوەیە کە خەڵکی قەدیمی مهاباد کە خۆیان بە سابڵاخی و شاری پێناسە دەکەن، لەگەڵ خەڵکی پەراوێزی شارەکە یان باشترە بێژین گەڕەکەکانی قەراخی شار کە زۆرتر خەڵکی گوندەکانی مهابادن و ئەمڕۆ نیشتەجێ مهابادن، ناکۆکن و بە هیچ شیوەێک نایانهەوێ لەگەڵ ئەواندا تێکەڵ بن، بۆیە خۆیان لە هەر جورە کۆبوونەویەکی جەماوەری بەدوور دەگرن، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە شاری مهاباد لەگەڵ باقی شارەکانی کوردستان هاواهەنگ نەبن و لە ئەنجامدا وەک  ناوچەکانی تری کوردستان چالاک نەبن.

هۆکارێکی دیکە کە ئاماژەی پێدەکرێ ئەوەیە کە بە هۆی هەستیاربوونی مهاباد، حکومەتی ناوندی بە زەبروزەنگی زۆرترەوە چاودێریی ئەم شارە دەکا و هەروەها پارێزگای ورمێ کە تا ڕادەیەکی زۆر، لایەنە پان-تورکەکان دزەیان کردووەتە ناو ڕێکخراوە ئاسایشیەکانی پارێزگاکە. زەختێکی چەند قاتیان خستووەتە سەر شاری مهاباد. بۆیە زۆر ئەستەمە کە وەک شوێنەکانی تری کوردستان خەڵک بتوانێ بەشداری لر چالاکیی جەماوەریدا بکا. ئەم هۆکارە ناتوانی زۆر دروست بێ چونکە  شارەکانی تری نزیک بە مهاباد وەک پیرانشار و سەردەشت و ڕەبەت …. ئەوە زەختەیان لەسەرە بەڵام هەرکات ویستویانە دەرفەتیان خۆلقاندووەو جەماوەر توانیویەە ڕێوڕەسمی بەربەرینی باش بەڕێوە ببەن.

کۆمەڵێکی تریش پێیان وایە کە گوتاری ڕێفورمخوازن و پێوەندیی چڕی چالاکوانانی مهاباد و دەوروبەری ئەو دیاردەیەی خۆڵقاندوە کە ڕوحی شۆڕشگیریی خەڵک کەم بکاتەوە، لە بەر ئەوەی کۆمەڵێک کەسایەتیی بەرچاو لە مهاباد بە ئەو قەناعەتە گەیشتوون کە بۆ بەرنگاربوونەوە لە هەمبەر ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵی تورک لە ورمێ و بە گشتی لە ناو تورکەکان، کورد ناچارە پاڵ بداتە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری حکومەتی ناوەندیەوەو پێان وایە کە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی تورکان ئەوەیە کە لەناو دامودەزگا حکومەتیەکان حزور و دەستڕۆیشتووییان هەیە، ئەمە خۆی کەسانێکی هانداوە کە ئەم ڕێگایە بگرنە بەر کە بە خۆ نزیک کردنەوە لە دامودەزگاکانی حکومەت، موکریان بکەنە پارێزگایەک بە ناوندی مهابادە و چەند ساڵە بێ ئەوەی حکومەت وڵامیان بداتەوە خەریکی بەدواداچوونی ئەو پرۆژەن.

وتەی کۆتایی و ئەنجام:

هەرکامە لەم هۆکارانە دەتوانێ بەشێکی بچووک لە خەڵک لەخۆی بگرێت، بەڵام ناتوانێ تا ئەم ڕادەیە لەسەر ناچالاک بوونی مهاباد و خەڵکەکەی کاریگەر بێت، بۆیە پیویستە سرنج بدەینه ئاستی ڕەوتی مێژووی فەرهگی سیاسیی شارکە. گەورەترین بەرهەمی فکری و سیاسیی نەوەکانی ڕابردووی مهاباد بۆ کورد و کوردستان، دامەزراندنی یەکەم تەشکیلاتی هاوچەرخی سیاسیی کوردە کە نەتەنیا لە کوردستانی ئێران، بەڵکو لە ئاستی هەر چوار پارچەکەی تری کوردستانیش کاریگەری هەبووە. زۆربەی هەر زۆری ڕێکخراوەکانی کورد و چالاکیە سیاسیەکان، بە شێوەیەک بەرهەمی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتن کە لە شاری مهاباد بە ئێرادەی چالاکانی ئەم شارە دامەزرا، بۆیە شۆناسی شاری مهاباد بە جورێک بەستراوە بە ئەم حیزبەوە.

خەڵکی مهاباد، بەپێچەوانەی شارەکانی تری کوردستان، بە شێوەیکی هەست پێکراو، لەگەڵ حیزبی دێموکرات پێوەندیان هەیە، هەر بنەماڵە و هەر کەسێک لەم شارە ئاگاداری حیزبی دێموکرات و چالاکیەکانی ئەو حیزبەیە. زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزب دێموکرات یان مهابادین یا بە شێوەیک لەم شارە ڕابردوو و پلەو پێگەیان هەیە، بۆیە خەڵکی مهاباد بە سرنجەوە گوڕانکاریەکانی حیزبی دێموکرات دەشۆپێنن و هەر گوڕانکاریەکی ناو ئەو حیزبە ڕاستەوخۆ لە سەر مهاباد کاریگەر دەبێ. ئێنشعاب و دابڕانی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی لەناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لە سەر بێ هێوایی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو بەڵام دیارە کە بەپێی ئەو هۆکارانەی کە باس کرا، لە سەر مهاباد قورسایی زۆرتر بوو چ لە ئاستی بژاردەکانی ئەم شارە و چ لە ئاستی  کۆمەڵانی خەڵکی مهاباد. گوایە خەڵکی مهاباد جورێک لە حیزبی دێموکرات زیز و زویرن و بەم شێوەیە لە هەمبەر ئەو دابڕانە ناڕەزایەتیی نەرێنیی خۆیان دەردەبڕن.

بە جۆرێک لە جۆرەکان، خەڵکی مهاباد بەهۆی ڕابردووەکەیەوە. خۆیان بە خاوەنی شکۆیەک دەبینن، بۆیە  چاوەڕوانی هەڵسوکەوتێکی شیاوتر لە حیزبی دێموکرات دەکەن. حیزبی دێموکرات دوای ئەوەی کە ناچار بوو ژیانی سیاسیی خۆی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان درێژە پێبدا، ئەندامانی تووشی بڕێک کێشەی کۆمەلایەتی و کێبەرکێی نەرێنی بوون کە ئاکامەکەی ئێنشعاب و لەیەکدابڕانەکەی سەرماوەزی ١٣٨٥ بوو کە  ڕەنگدانەوی وەک بێ هیوایی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتاێبەتی شاری مهابادی لێکەوتەوە. لە شاری مهاباد، چالاکانی کوردی سەر بە حیزبی دێموکرات، ئیتر وەک جاران خاوەن پێگەی جاران نین  و کۆمەڵێک لە بژاردەکانی ئەم شارە ئیتر فاکتەری حیزبەکان لە لێکدانەوەکانی خۆیاندا لەبەرچاو ناگرن و ئاقارێکی دیکەیان گرتووەتە بەر. خەڵکی مهابادیش، بەتاێبەتی چینی ناوەند بەرەوە سەرەووی شارەکە، خەریكی ژیانی تاێبەتیی خۆیانن.

لە هوکارەکانی یەکەم هەتا چوارمدا کە ئاماژەی پێکرا وەک بیانوو لە بەر دەستیاندایە کە هۆکاری ناچالاک بوونی خۆیانی پێ  پاساو بكەن

لێرەدا مەترسیی ئەوە هەیە کە بێدەنگی و ناچالاکیی شاری مهاباد وەک پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتیی کورد، پەرە بستێنێت و شارەکانی تری کوردستانیش وەک بۆکان و سەقز …هتد، تووشی ئەو ناچالاک بوونە ببنەوە، بۆیە هاوکات ڕەخنە ڕووبەڕووی حیزبەکانی کوردستان و چالاکانی ناوخۆ دەبێتەوە کە ڕیگەی هەڵەیان هەڵبژاردووە.

هەر بۆیەش پێویستە پێداچوونەوە به هەڵویست و کردەوەی خۆیاندا بکەن و حیزبەکانی کوردستان، بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، دەبێ ئەوە بزانن کە درێژەدان بە دووبەرەکی، نەتەنیا لە بەرژەوەندیی کورددا نیە بەڵکو پێگەی کۆمەڵاتیی خۆیان خەریکە ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر دەكات و چالاکانی کوردیش دەبێ ئەوە بزانن کە ئەگەر لە سەر دیکۆرسی نەتەوایەتیی کورد و هەوڵ دان بۆ زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوی کورد تێنەکۆشن، ئەو ئاقارە بەرەو مەرگی بژاردەیان دەبات و لە ڕۆژەڤی گوتاری کوردستان و ئێراندا بوونیان نامێنیت.

لە ئاکامدا بەو ئەنجامە دەگەین کە هۆکاری سەرەکیی بەشدار نەبوونی خەڵکی مهاباد بەستراوەتەوە بە هەڵسوکەوتی حیزبی دێموکراتەوەو باقی هۆکارەکانیش بە شێوەیەک ئەگەڕیتەوە بۆ ئەم هۆکارە، ئەمە خۆی مەترسیەکە کە دەتوانێ شارەکانی تری کوردستانیش بگرێتەوە، ئەمە خۆی هوشدارێکی جیدیە کە دەبێ سەرکردایەتیی حیزبەکان و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات لەبەرچاوی بگرن و هەروەها چالاکانی ناخۆش دەبێ ئەوە بزانن کە هەرچێ ئەو شارانە ناچالاکتر و بێ دەنگ بن، ئەوەندەش پێگەی ئەو چالاکانە لە ئاستی کوردستان و ئێراندا لاواز دەبێ و ناتوانن کاریگەریەکی ئەوتۆیان هەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌