مامەند ڕۆژە: کێشەی سەرەکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە لەناو بەستێنی ڕاستەقینەی جیۆسیاسیی خۆیاندا نین

0
104

جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، لەبەردەم گۆڕانکاری دان، گۆڕانکارییەکان دەستیان پێکردووە، دۆخی یەمەن لەپڕێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، داعش لە هەندێک وڵات و شوێن پووکاوەتەوە و دۆخی سووریەش پێی ناوەتە قۆناخێکی ترەوە، لابینەی ترامپ، باس لە گۆڕانکاری تا سەقامگیرکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەش بە ئیسراییل و فەلەستینەوە دەستی پێکردووە و شیمانەی ئەوە دەکرێ، ئامانجی سەرەکی، ئێران و کۆماری ئیسلامی بێت، گەلۆ، پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دۆخێکدا هەن کە بتوانن ڕێبواری ئەو ڕێگا کەم بوارە یان بوار نادیارە بن؟ بۆ شیکردنەوە ئەو پرسیار و مژارانە، وتووێژێکمان لەگەڵ مامەند ڕۆژە، چاوەدێر و شیکاری سیاسیی کورد پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: گۆرانکارییەکان لە جیهاندا، بە چڕی و بە توندی قۆناخەکان دەبڕن بە جۆرێک کە پێش بینی کردنیشیان ئەستەم بووە، وەک ئەوەی لە یەمەن ڕووی دا یان وەک سیاسەتی نوێی ئەمریکا بۆ ئیسراییل، پێتان وایە، ئەو قۆناخانە بەرەو هەڵپاچینی دەست و پێوەندەکانی ئێران و بۆ نموونە چەک کردنی حیزبووڵا دەڕۆن؟

مامەند ڕۆژە

ڕۆژە: ئەم دۆخەی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێ پێناسەیەکی نوێی پێویستە. جۆرێک لە ناهاوسەنگیی ستراتیژی و جۆرێک لە تێکچوونی نەزمی جیهانی هەست پێدەکرێ کە پێموایە زۆر ناخایەنی و ئەم چەقبەستوویی و ناهاوسەنگیە بە کۆمەڵیک جەنگی ناوچەیی بەرەو دۆخێکی نوێ وەردەسووڕێت.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بووەتە هارتلاندی نوێی جیهان و بەشێک لە ململانێ جیۆسیاسی و جیۆئیکۆنۆمییەکانی جیهان لێرە ئەنجامدەدرێن. بۆیە لەدوای دۆخی یەمەن، لوبنان، سوریا و عێراق و هەرێمی کودستان، هاوتەرازیی هێز بەسوودی ئێران و بلۆکەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ترەمپ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوتەرازییە دژەهێرشی دەست پێکردووە کە گوایە لەدژی ئێرانە و پرسی قودسی هێناوەتەکایەوە. بەڵام ئەمە ڕێک ئامانجەکە ناپێکێ و تەنیا بەلێنی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل پێکدەهێنێ و پێناچێ ئێران لە پەلوپۆ بخات.  بەڵام بەگشتی لەم ماوەیەدا شایەتی کۆمەڵێک پێکدادانی ناوچەیی گەورە و مامناوەندی دەبین.

ڕۆژی کورد: ئیسراییل لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار هێرشی کردۆتە سەر سووریا، یەکێک لە هێرشەکان بە ئەسەحی ئەڕا سەر پایەگاکانی ئێران بووە، ئێران هەم نکوڵی دەکا و هەمیش بێدەنگە، دەگوترێ ئێران گەرەکیەتی لەگەڵ ئیسراییل شەڕ نەکا و بەو شێوەیە هاوپشکی و شەراکەتی سیاسیی خۆی لە ڕووداوەکان لە دەست نەدا، پێتان وایە ئێران دەتوانی لە درێژماوەدا خۆ لە شەڕی ئیسراییل بشارێتەوە؟

ڕۆژە: ڕاستییەکەی هاوسەنگییەکە بەزیانی ئیسرائیل، سعودی و جیهانی سوننە گۆڕاوە، بۆیە ئیسرائیل زۆر ناخایەنێ ناچارە دەست بکاتەوە، تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە عەرەبستانیش شتێک بکات. بۆیە ئەم دوو وڵاتە هاوسەنگیی نوێ بە باڵادەستی ئێران قبوڵ ناکەن.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە دۆخی ئێستای خەباتی ڕۆژهەڵات چۆنە و ئایا ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و چوونە ناو هاوکێشەکان هەیە؟

ڕۆژە: دۆخی ڕۆژهەڵات هەم لەڕووی فاکتەری ناوخۆیی، هەم ناوچەیی و هەم سەرووناوچەیی دۆخی خەبات و بەرەنگاربوونەوەیە. بەڵام لە فاکتەری خودیدا هێزە سیاسییەکان نائامادەن. پێش دوو ساڵ لە وڵامی هەمان پرسیاردا نووسیم، ڕۆژهەڵات ئاوس بە وەرگۆڕانی ستراتیژییە بەڵام ئەم هێزانەی ئیستا توانایی پێشەنگی کردن و ئافراندنی قەیرانیان نییە. ئەوەتا دوو ساڵ تێپەڕی و لەوە تێگەیشتین. ئێستاش هەمان حاڵەت هەیە. کێشە لە هێزە سیاسییەکاندایە.

ڕۆژی کورد: تا چەند لاتان وایە دۆخی ئێستای ناوچە و جیهان بەسەر ئێراندا دەشکێتەوە؟ ئەگەر بەسەریدا بشکێتەوە، لاتان وایە بەو هەموو کێشەی لە ناو خەڵک و هەروەها ناو خودی ماڵی ڕژیمدا هەیە، ڕژیم دەتوانێ بەرنگاری هێرشەکان ببێتەوە؟

ڕۆژە: جارێ شیمانەی جەنگێکی گەورە و لێدانێکی توند لەدژی ئێران ناکرێ، بەڵام جەنگی وەکالەتی بەردەوام دەبێ و بڕستی لێدەبڕێت. هەروەها ئەگەر جەنگی مووشەکی هەیە چونکە ئێران لەڕێی حوسییەکانەوە جەنگی مووشەکی دەست پێکردووە و ئەگەر هەیە شتێکی وا ڕووبدات. هەر دەسپێشکەرییەکی وا بەستێن بۆ هەڵتەکانی ناوخۆیی خۆشدەکات.

ڕۆژی کورد: ئێوە زۆر جاران باستان لە پێویستیی دانانی سپای هاوبەش یان بەرەی هاوبەش لە ڕۆژهەڵات کردووە، تا ئێستا هیچ سەرکەوتنتان بووە؟ هۆکاری ناسەرکەوتووییەکان لەو بوارەدا چین؟ پێتان وانیە بە هۆی هەبوونی و زاڵ بوونی هزری حیزبایەتی لە ناو کورددا و ناهاوسەنگیی هێز لە ناو حیزبەکان، ئەوە زیاتر خەیاڵە؟ ئەگەر نا! چ بکرێ؟ ڕێگاچار چیە؟

ڕۆژە: کێشەی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەپلەی یەکەم نە ڕیفۆرمی ناوخۆییە، نە سڕینەوەی باڵێکە، بەڵکوو کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هێزانە لەناو بەستێنی ڕاستەقینەی جیۆسیاسیی خۆیاندا نین و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئەو بەستێنە. واتە: گەڕانەوە بۆ قووڵایی وڵات ئەولەویەتی یەکەمە.

ڕۆژی کورد: داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینن؟ ئەگەریش جیا لە پرسیارەکان، خۆتان وتەیەکتان هەیە، تکایە بفەرموون.

ڕۆژە: ئێران وڵاتێکی بەهێزە لە دەرەوە بەڵام لاوازە لە ناوەوە. ئەگەر هۆکارەکانی تەقینەوەی ناوخۆیی بەپاڵپشتیی هۆکاری دەرەکی بڕەخسێ، ئەوە ئەم وڵاتە لە ماوەیەکی کەمدا لەبەریەک هەڵدەوەشێت. واتە ئێرانیش هاوشیوەی ئێراق و سوریا و یەمەن لوبنانیزە دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌