مامەند ڕۆژە: بەرخۆدانی پێشمەرگانە تاقە ئامرازی ڕزگاری وڵات و نە‌هێشتنی کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییە

0
241

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر لە ٢ دەیەیە کە دڵی لە لێدان کەوتووە و زیاتر خەباتی مەدەنی ئەویش بە نێوەچڵ و ناوەناوە کراوە، خەڵک لەمێژە پێشمەرگەی نەدیتووە و نەوەیەک لە دایک بووە کە لەوانەیە

 لەگەڵ زۆرێک لە ئارمانجەکانی حیزبەکان و تەنانەت هەستی نەتەوەییش نامۆ بێ (هەڵبەت ئەوە قسەی چینێک لە ڕووناکبیرانە)، لە هەمان کاتیشدا کورد پێدەچێ لە کۆن و لە ئێستاشدا هێزی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕووی سەربازییەوە نەبێ، بەڵام لەو سەردەمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان جەژنی ساڵی نوێی ٢٧١٦ی کوردی و ١٣٩٥ی هەتاوی گرت و ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش هەندێ پارچەکرداری لێکەوتەوە و لە زۆر شوێن خەڵک نەترسانە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و جەژنیان بە سروودی شۆڕشگێڕییەوە گرت، کەسانێکیش لە بەرانبەردا ئەوە تەنیا بە پڕۆپاگەندە دەزانن و کەسانێکیش لە حیزبەکانی کوردی، لایان وایە هێشتا بەستێنی خەبات ئامادە نەبووە. بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد چەند پریسارێکی ئاڕاستەی بەڕێز، مامەند ڕۆژە، چالاک و لێکۆڵەری سیاسی، کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟mamend roje

ڕۆژە: بەرخۆدانی چەکداری یەکێک لە ئامرازەکانی دەستەبەرکردنی هێزە. هەموو گروپێکی سیاسی خاوەن پلان و بەرنامەی خۆیەتی، بەڵام ئەگەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی هێزی پێ نەبێ، ئەوە ئاستەمە بتوانێ بەرنامەکانی لەسەر زەمینەی واقیع پیادەبکات. ئامرازەکانی هێزیش بریتین لەم فۆرمولەی خوارەوە:

یەکەم: توخمی جوگرافی هێزی نەتەوەیی کە بریتین لە: پێگەی جوگرافیایی و سەرچاوە سروشتییەکان دوەم: توخمی بەشەری هێزی نەتەوەیی کە بریتین لە: ژێرخانی سیاسی، ژێرخانی سەربازی، ژێرخانی ئابووری، ژێرخانی کولتوری – کۆمەڵایەتی.

کاتێک دیاردەکە ڕاستەوخۆ بە پرۆسەی داگیرکاری و ڕزگارییەوە بەند بێ، ئەوە تاقە ژێرخان کە دەتوانێ زەمینە بۆ ژێرخانەکانی دیکە خۆش بکا ژێرخانی سەربازی واتە هێزی چەکدارییە، بەتایبەت بۆ ئەو گەلانەی ڕووبەڕووی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم بوونەتەوە، ئەوە بوونی هێزی چەکدار و بەرخۆدانی چەکداری بە گرنگترین ئامرازی نەهێشتنی داگیرکاری و رزگاری نیشتمانی دەزانرێت.

بۆیە پلانسازی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرخۆدانی چەکداری لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەجێی خۆیدایە و بگرە دواشکەوتوە. بەڵام ئەمە پێش جاڕدانی، پێویستی بە چەند پایە و ستونێک هەیە کە بێ ئەوانە دەسپێکردنی گەلێک ئاستەمە.

ڕۆژی کورد: ئایا بەستێنەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات ئامادەن؟

ڕۆژە: لەمەڕ ئەوەی ئایا زەمینەی بەرخۆدانی چەکداری لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەبارە یان نا؟ دەتوانم بێژم هێشتا نا! بۆ چی؟ ئەمەش بەندە بەوەی کام هێز ئەم بەرخۆدانە دەسپێبکات. ئەگەر هێزە نەریتی و ڕەسەنەکانی خۆرهەڵات بن، ئەوە ئاستەمە، بەڵام ئەگەر هێزی نوێ بێ لەنمونەی ه.ر.ک ئەوە پێناچێ زۆر ئاستەم بێت. جا ئەگەر مەبەستمان ئەوەیە کە گرووپە نەریتی و ڕەسەنەکان ئەمە بکەن گوتمان سەختە. بوونی کەمپی بنەماڵەکان، خوگرتن بە ژیانی باشووری کوردستان و کۆمەڵێک کێشەی پێکهاتەیی، ستراتیژی و تاکتیکی دەبنە ئاستەنگ. بۆ نمونە وای دابنێین کە حدکا یان حدک دەیانهەوێ دەست بە بەرخۆدانی چەکداری بکەن، ڕۆیشتن و ئەمەشیان کرد. ئایا کۆماری ئیسلامی دەستەوەستان ڕادوەستێت؟ ئایا بوونی ئەو شپرزی و پەرش و بڵاوییەی ناو کەمپەکان و پەنابەران و بنەماڵەکان نابێتە باشترین ئامانج بۆ ئەوەی دوژمن دەستیان لێ بوەشێنێت؟

بۆیە ئەم پرۆژەیە پێویستی بەم هەنگاوانەی لای خوارەوە هەیە: پلانسازی و بەرنامەڕێژی ستراتیژی، جیاکردنەوەی ساختاری حیزب یان حیزبەکان لە کەمپی بنەماڵەکان و جێگیرکردنی بەرە – بەرەی لە چیاکان، ڕاهێنانی ساختار و سازمانی سەربازی تازە، لەناوخۆ و لە چیاکان، دەستەبەرکردنی ڕێکخستنێکی بەرین لەناو شارەکان بۆ ئەوەی پاڵپشتی لەم پرۆژەیە بکات، پشت بەستن بە سنوری نێودەوڵەتی چەند وڵاتێکی هاوسێ لەباتی قەتیس مانەوە لە هەرێمی کوردستان و تاد.

ڕۆژی کورد: بەکار هێنانی خەباتی مەدەنی و خەبات لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەی نەرم و لە چوارچێوەی پارلمان و هەندێک هێز وەک بەرەی یەکگرتوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕۆژە: خەباتی سیاسی و مەدەنی لەناوخۆ باشە بەڵام ئاڵترناتیڤی خەباتی پێشمەرگانە نییە. ئەوە کارکردی خۆی هەیە و ئەمەش کارکردی خۆی. ئەگەر دەسبدا بکرێ هەردوو میتۆدەکە هاوتەریب بەڕێوە ببرێن زۆر باشە. بەڵام ئەزمونی گەلان ئەوەی سەلماندوە هیچ نەزمێکی تۆتالیتاری – کە کۆماری ئیسلامیش یەکیانە- بەڕەزای خۆی و بە خەباتی مەدەنی لەبن هەڵنەکەنراون. لەبەر ئەمە بەرخۆدانی پێشمەرگانە تاقە ئامرازی رزگاری وڵات و نە‌هێشتنی کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییە. واتە هێزی خۆیی کە لە زانستی سیاسەتدا پێیدەڵێن “فاکتەری ناوخۆیی” لە گۆڕینی چارەنوسی گەلاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە.

ڕۆژی کورد: تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە خەباتی چەکداری جارێکی تر تووشی شکست ببێتەوە؟

ڕۆژە: سەرکەوتن یان شکستی هەمو بزاڤێک بە کارلێکیی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییەوە بەندە. هەروەها بە بوون یان نەبوونی پلانسازی ستراتیژی، ڕێبەرێتی ستراتیژی و شێوەی خۆراگری چەکداری و هێزە پاڵپشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانییەوە بەندە. لە هەمووشی گرنگتر بە ئیرادەی سەرکردایەتی ئەو بزاڤەوە بەندە، چونکە سەرچاوەی هەمو شکستێک ڕاستەوخۆ لە باوەڕی سەرکردەکانەوە و لە پرسی بەڕێوەبەرییەوە هەڵدەقوڵێت.

ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان و ئەگەری پشتیوانیی جیهانی لەو خەباتە چەکدارییە نوێیە چۆن پێش بینی دەکەن؟

ڕۆژە: هەمیشە فاکتەری خۆیی لەپێشەوەی فاکتەری دەرەکی دێت. بەڵام جاری وا هەیە بۆ ئەوەی فاکتەری خودی سەربگرێ، ئەوە فاکتەری ناوچەیی و بەزۆریش فاکتەری سەروناوچەیی ڕۆلی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. ئەگەر ئەمە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان خورد بکەینەوە دەتوانین بێژین هەم هەلومەرجی ناوچەیی و هەم هەلومەرجی سەروناوچەیی بۆ ئەم بەرخۆدانە لەبارە.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە ناوخۆ چۆن وڵامی ئەو سەرهەڵدانەوەیە دەداتەوە؟ پێش بینیتان چیە؟

ڕۆژە: سایکۆلۆژیای کورد بە ئامرازی سەربازییەوە بەندە. وەک دەڵین “دەنگی تەقە لەکوێ بێ خەڵکی کورد ڕووی لەوێیە”. بەڵام دەشێ بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش لەم پرۆسەیە زیانمەند ببن و بگرە لەدژیشی بوەستنەوە. بۆیە ئەوە دیاردەیەکی ڕەها نییە و بگۆڕە. واتە هەمو هەنگاوێک لایەنگران و نەیارانی خۆی دروست دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌