لاوی کورد و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکەکانی لەنێو رێکخراوی” داعشد”دا

0
272

ئاژانسی کوردپا: پاش دروست بوونی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خیلافەتی ئیسلامی و درووستکردنی کتیبەکانی سەلاحەدین ژمارەک هاووڵاتی کوردی کوردستانی ئێران چوونەتە ریزی ئەو گرووپە چەکدارەوە.

ئاژانسی کوردپا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌لوومه‌رجی ئێستای داعش و کورده‌کانی ناو ئه‌م رێکخراوەیە، چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ موختار هووشمه‌ند لێکۆڵه‌ری بواری ئیسلامی سیاسی و گرووپه‌ رادیکاڵه‌ ئیسلامییه‌کان، پێک هێناوه‌ که‌ تێیایدا هووشمه‌ند بۆ یه‌که‌مجار چه‌ند زانیارییه‌کی تایبه‌ت و سه‌رنجراکێش ده‌درکێنێت.

موختار هووشمه‌ند لێکۆڵه‌ری بواری ئیسلامی سیاسی و گرووپه‌ رادیکاڵه‌ ئیسلامییه‌کان
هووشمەند باسی لەوە کرد: “له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی خیلافه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ تاکوو ئێستا نزیک به‌ ٧٠٠ گه‌نجی کوردی باشورر و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان روویان لەناو داعش کردووە و و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش له‌ شه‌ش مانگی یه‌که‌می درووستبوونی خیلافه‌تدا پەیوەست بەو ریکخراوەیە بوونە”.

دەقی وتووێژەکە بەو شێوەیەی خوارەوەیە:

کوردپا: به‌و پێیه‌ که‌ جه‌نابت به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام و رۆژانه‌ به‌دواداچوون بۆ که‌یسی ئیسلامی سیاسی و سه‌له‌فییه‌تی جیهادی ده‌که‌ی، پێمان خۆشه‌ دوایین زانیارییه‌کانت سه‌باره‌ت به‌ داعش بزانین و له‌وه‌ تێبگه‌ین که‌ ئه‌م رێکخراوه‌ ئێستا زیاتر به‌ چییه‌وه‌ خه‌ریکه‌ و تا چه‌ند تووانیویه‌تی به‌رنامه ‌و پلانانه‌ی که‌ پێشتووتر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کردن، بخاته‌ قۆناغی کرده‌وه ‌و لێیان نزیک بێته‌وه‌؟

موختار هووشمەند: له‌ ئێستادا داعش خه‌ریکه‌ له‌ یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی خیلافه‌ت نزیک ده‌بێته‌وه‌و له‌ رۆژی ١٠ی ٦ی ٢٠١٤ به‌ملاوه‌ که‌ لایه‌نگرانی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی گه‌وره‌ شاری مووسڵیان کۆنترۆڵ کرد و پاشان خیلافه‌تی ئیسلامییان راگه‌یاند، هاوکێشه‌ نێوخۆییه‌کانی وڵاتی عێراق گه‌لێک گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌و داعشیش فاکته‌ری سه‌ره‌کی گۆڕانکارییه‌کان بووه‌.

داعش له‌ پێناو به‌رفراوانترکردنی خیلافه‌ته‌که‌یدا به‌رده‌وام خه‌ریکی هێرشبردن بووه‌و گرنگییه‌کی زۆری به‌ کۆنترۆڵکردنی شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کان و چاڵ و پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌کان داوه‌. ئه‌وان له‌و پێناوه‌دا له‌ لایه‌ک شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌ باشووری کوردستان ده‌که‌ن، له‌ لایه‌ک شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی و چه‌کدارانی سه‌حوه ‌و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ شه‌ڕی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و کورده‌کانی رۆژئاوای کوردستان ده‌که‌ن. جگه‌ له‌وه‌ش به‌ هه‌مان مه‌به‌ست شه‌ڕی گرووپ و رێکخراوه‌ ئیسلامییه‌ رادیکاڵه‌کانی جێگیر له‌ سووریاش ده‌که‌ن و چه‌ند رۆژێکه‌ شه‌ڕیان دژی به‌ره‌ی نوسره‌ی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ ده‌ستپێکردووەته‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک بوو راگیرابوو.

به‌گشتی داعش وه‌ک هێزێکی هه‌ره‌ رادیکاڵ و توندڕه ‌و ئێستاکه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و حیزب و گرووپ و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا که‌ سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، له‌شه‌ڕدایه ‌و سه‌رباری تێکشاکانیان له‌ چه‌ندین به‌ره‌ی شه‌ڕدا، دیسان سوورن له‌سه‌ر هێرشکردن، هه‌روه‌ها له‌سه‌روه‌بوونی رێژه‌ی چالاکیی “ئیستشهادی” واته‌ خۆته‌قاندنه‌وه‌ تووانیویه‌تی به‌راده‌یه‌کی زۆر هاوکێشه‌کانی شه‌ڕ به‌لای داعشدا بشکێنێته‌وه‌. به‌و حاڵه‌ش ده‌توانین بڵێین ئه‌م رێکخراوه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌کوو پێویست و به‌وجۆره‌ی که‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد، له‌ پێشڕه‌وییه‌کانی به‌رده‌وام بێت. ئه‌وان له‌ ئێستادا هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشانه‌ی که‌ ده‌یکه‌نه‌ سه‌ر دژبه‌رانیان، له‌ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیشیاندا خه‌ریکی چه‌سپاندن و دابه‌زاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامن به‌ سه‌بک و شێوازی خۆیان.

رۆژ به‌ رۆژ بازنه‌ی مه‌حدوودییه‌ته‌کان ته‌نگتر ده‌که‌نه‌وه‌و رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان زیاتر ئاشکرا ده‌که‌ن. دام و ده‌زگاکانی رێکخراوه‌که‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانی خه‌ڵکیان خسرووەته‌ ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیان و ئێستا ئیتر بۆ‌ پرسه‌ ورد و بچووکه‌کانیش به‌رنامه ‌و یاسا دانراوه‌و وه‌کوو خۆیان ده‌ڵێن شه‌ریعه‌ت به‌ته‌واوی خه‌ریکه‌ “ته‌تبیق” ده‌بێ. قوتابخانه ‌و خویندنگه ‌و زانستگاکان به‌ ته‌واوی ئیسلامیزه‌ کراون و زۆربه‌ی ماده‌ ده‌رسییه‌کان وه‌لا نراون. بۆ نموونه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رس و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ندییان به‌ هونه‌ر و زانسته‌ مرۆوییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌لا نراون و سه‌رجه‌م ئه‌و کتێب و سه‌رچاوانه‌ش که‌ پێوه‌ندییان به‌ زانستی مرۆوییه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کانی وه‌ک قوتابخانه ‌و زانستگا و کتێبخانه‌ گشتییه‌کاندا، له‌ لایه‌ن دیوانی “الحسبه‌”ه‌وه‌ له‌ناوبراون و قه‌ده‌غه‌ کراون.

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبانه‌ له‌ ماڵی که‌سێکدا بگیرێت، رووبه‌ڕووی سزای قورس ده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ زۆر که‌س پێش گه‌یشتنی هێزه‌کانی کۆنترۆڵ و پشکنرانی ماڵه‌کانیان، بۆخۆیان کتێبه‌کانیان ده‌سووتینن. ئێستا منداڵانی پۆله‌ سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و دوواناوه‌ندییه‌کان زۆربه‌ی کات به‌ خوێندنی قورئان و ره‌وایه‌ته‌ دینییه‌کانه‌وه‌ خه‌ریکن و له‌ مه‌دره‌سه‌کاندا ته‌نیا حیساب و هیندسه ‌و زمانی ئینگلیزی ده‌رس ده‌درێت و ماده‌ ده‌رسییه‌کانی دیکە حه‌رام کراون. هه‌روه‌ها له‌ دانشگاکانیشدا کۆمپیته‌ر، پزیشکی و کیمیاو چه‌ند بوارێکی فه‌ننی و موهه‌ندیسی ده‌رس ده‌درێن و سه‌رجه‌م بواره‌کانی تر قه‌ده‌غه‌ کراون. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ردباران کردن، هه‌ڵواسین، سه‌ربڕین، ده‌ست و قامک بڕین و خستنه‌ خواره‌وه‌ له‌ به‌رزایی، بۆته‌ به‌شێک له‌ ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدان و بچووکترین نافه‌رمانی و سه‌رپێچیکردن، مرۆڤ رووبه‌ڕووی یه‌کێک له‌و مه‌ترسییانه‌ ده‌کاته‌وه‌.

داعش ئێستاکه‌ ناوچه‌یه‌کی جوگرافیایی به‌ پانتایی وڵاتی بلژیک و به‌ بڕی نه‌وه‌د هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ له‌ عێراق و سووریادا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ نزیک به‌ ٨ ملوێن که‌س تێیایدا ده‌ژین.

کوردپا: له‌م دوواییانه‌دا کورده‌کانی ناو داعش زیاتر ده‌رده‌که‌ون یان باشتر وایه‌ بڵێین داعش به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌ بۆ دانراو و مه‌به‌ستدار ئه‌وان به‌کار ده‌هێنێت. بۆچوونی جه‌نابت له‌مباره‌یه‌وه‌ چییه‌ و ئایا له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاگاداری ورده‌کارییه‌کان هه‌یت؟

مووختار هووشمەند: ئه‌توانین بڵێین ئێستا له‌نێو داعشدا که‌یسیک کراوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی که‌یسی کورده‌کان یان که‌یسی کوردستان ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ داعش پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ کوردستان هه‌یه‌و نایه‌وێ به‌و ئاسانییه‌ چاوپۆشی له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی بکات که‌ به‌ یه‌کێک له‌ دوژمنه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیی ده‌زانێت‌. راستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که‌ ئه‌وان هه‌م له‌ رۆژئاواو هه‌میش له‌ باشوور توانای سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر کورده‌کاندا نه‌بوو و له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌ کوردییه‌کان تووشی شکست هاتن بۆیه‌ چ به‌شێوازی گشتی و به‌رده‌وام چ ئه‌وکاتانه‌ی لایه‌نی کوردیی گورزیان لێده‌وه‌شێنێت، په‌نا بۆ شه‌ڕی ده‌روونی ده‌به‌ن و یه‌ک یان چه‌ند که‌س له‌و دیله‌ پێشمه‌رگانه‌ ده‌کووژن.

له‌و پێناوه‌شدا کوشتنی پێشمه‌رگه‌ دیله‌کان ده‌سپێرن به‌ ئه‌ندامه‌ کورده‌کانی خۆیان و وه‌ک ئاگادارن تاکوو ئێستا چه‌ندین جار ئه‌مکاره‌یان کردووه‌. دیسان له‌پێناو به‌هێزترکردنی شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌که‌دا، هه‌وڵیان داوه‌ له‌ رێگای به‌شی راگه‌یاندنه‌وه‌ که‌ ده‌توانین بڵێین له‌ ئاستێکی حیرفه‌یی و پڕۆفشناڵدا ده‌رکه‌وتووه‌، کوشتن و ئێعدامه‌کان کارگه‌ردانی ده‌که‌ن و له‌ شکڵی گرته‌ی ڤیدیۆییداو به‌ گرافیک و کوالیتییه‌کی به‌رزه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌. کاراکته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ناو ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ واته‌ چه‌کداره‌ کورده‌کانی ناو داعش، له‌ کاتی ئه‌نجامدانی کوشتن و سه‌ربڕینه‌کاندا به‌ کوردی په‌یام ده‌نێرن و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ به‌خشینی مه‌به‌ستدارانه‌ی شوناسێکی کوردییه‌ به‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌کان.

له‌ راستیدا ئه‌وان پێش هه‌موو شتێک ئه‌یانه‌وێ به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ بلێین که‌ کورد ته‌نیا بریتی نین له‌وانه‌ی شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌لێک گه‌نجی کوردیش هه‌ن که‌ داکۆکی له‌ دابه‌زاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و خه‌لافه‌ته‌که‌ی به‌غدادی ده‌که‌ن هه‌ر ئه‌وانیشن که‌ قورسایی شه‌ڕی هێزه‌ سیکۆلاره‌ کورده‌کانیان که‌وتۆته‌ سه‌رشان و پلانه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

هه‌روه‌ها کاتێک چه‌ند چه‌کداری کورد به‌ جلی کوردییه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌ربڕینی سێ ئه‌ندامی حه‌شدی شه‌عبییان پێ ده‌درێت ئه‌مه راست له‌پێناو درووستکردنی که‌لێنی نێوان کورد و شیعه‌دایه‌و داعش به‌شێوه‌ی مه‌به‌ستدار ئه‌و کاره‌ ده‌کات. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ رێکخراوه‌که‌ی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵی ٢٠١٥ی زاینییه‌وه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ درووستکردنی که‌تیبه‌یه‌کی نیزامیی تایبه‌ت به‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌و که‌تیبه‌یه‌ ناوی “سه‌لاحه‌دین”ه‌و ئه‌ندامانی که‌تیبه‌که‌ خۆیان به‌ نه‌وه‌کان “الاحفاد”ی سه‌لاحه‌دین ده‌ناسێنن. ئه‌م که‌تیبه‌یه‌ له‌ یه‌که‌م چالاکیدا شه‌وی ٢٩.٠٢.٢٠١٥ له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌تیبه‌یه‌کی تری داعشدا هیرشێکی به‌ربڵاویان کرده‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری که‌رکووک.

رێبین ناسراو به‌ “موهاجیر”
به‌ پێی پلانێک که‌ دایان نابوو ئه‌وان به‌ته‌مای دزه‌کردنه‌ ناو شاری که‌رکووک بوون و له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا که‌ پێش ده‌ستپێکردنی شه‌ڕه‌که‌ گیرابوو و رۆڵی موجاهیده‌ کورده‌کان به‌تایبه‌ت مه‌لا شوانی تێدا به‌رجه‌سته‌ کرابوو‌، ئه‌وان باسی پلانه‌که‌یان واته‌ باسی فه‌تحی که‌رکووکیان ده‌کرد. دیاره‌ سه‌رباری به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتن له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌که‌وه‌، دواتر ئه‌وان تێکشکێندران و ژماره‌یه‌کی به‌رچاویان لێ کوژراو که‌تیبه‌ی سه‌لاحه‌دینیشی له‌م شکست و کوژرانه‌ بێبه‌ش نه‌بوو. له‌و شه‌ڕه‌دا سێ گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش کوژران که‌ یه‌کێکیان ناوی “فه‌رزاد مه‌یسوورابی” و خه‌ڵکی ناوچه‌ی کامیاران بوو.

رێبوار غه‌فاری ناسراو به‌ “مه‌ناف”
ماوه‌یه‌ک دواتر و به‌ده‌ستپێکردنی هێرشی ئەرته‌شی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆسه‌ر پارێزگای سه‌لاحه‌دین، چه‌کدارانی که‌تیبه‌ کوردییه‌که‌ ره‌وانه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ کران و به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕیان کرد.

له‌و شه‌ڕانه‌شدا دیسان ژماره‌یه‌کی تریان لێ کوژراو بریندار بوو که‌ چه‌ند که‌سێکیان خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون. “ئیدریس نه‌غه‌ده‌یی” ناسراو به‌ “ئه‌بوو مه‌حه‌ممه‌د خۆراسانی”، “رێبوار غه‌فاری” ناسراو به‌ “مه‌ناف”، “رێبین” ناسراو به‌ “موهاجیر” و “ئه‌سعه‌د بۆکانی” که‌ وێنه‌کانیان لای من ئاڕشیڤ کراون، به‌شێکن له‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌ کوژراوه‌کانی که‌تیبه‌ی سه‌لاحه‌دین. هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌ فه‌رمانده‌کانی ئه‌و که‌تیبه‌یه‌ که‌سێکی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ که‌ پێشتر له‌ ناوچه‌ی مه‌هاباد ژیاوه‌و به‌ “مینه‌ قوت” ناسراوه‌.

ئه‌سعه‌د بۆکانی
ناوبراو ماوه‌یه‌ک پێس ئێستا بریندار بوو به‌ڵام ره‌نگه‌ ئێستا ده‌ستی به‌ چالاکی کردبێته‌وه‌. ئه‌و پێش په‌یوه‌ستبوونی به‌ ریزه‌کانی داعش، ئه‌ندامی رێکخراوی قاعیده‌ بووه‌و به‌شداریی “جیهاد”ی پاکستان و ئه‌فغانستانی کردووه‌و ماوه‌یه‌کیش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی پاکستانه‌وه‌ زیندانی کراوه‌.

کوردپا: دوایین زانیارییه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ کورده‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ناو داعش چییه‌ و ئایا ژماره‌ی کورده‌کانی ناو داعش له‌م دواییانه‌دا زیادی کردووه‌ یان نا؟

موختار هووشمەند: ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی خیلافه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ تاکوو ئێستا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ رۆیشتنی نزیک به‌ ٧٠٠ گه‌نجی کوردی باشورر و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆناو داعش ده‌که‌ن. زۆربه‌ی ئه‌م که‌سانه‌ش له‌ شه‌ش مانگی یه‌که‌می درووستبوونی خیلافه‌تدا واته‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی مانگی ٧ی ٢٠١٤ تاکوو کۆتاییه‌کانی مانگی ١٢ی هه‌مان ساڵ روویان له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ عێراق و سووریا کردووه‌. به‌شێکیان پێش هێرشی داعش بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له‌ رێگای باشووری کوردستانه‌وه‌ خۆیان گه‌یاندۆته‌ ناو داعش و دواتریش هاتووچۆکان به‌زۆریی له‌ رێگای وڵاتی تورکیاو باکووری کوردستانه‌وه‌ بووه‌.

به‌ پێی ئاماره‌کان له‌و ژماره‌یه‌ نزیک به‌ ١٠٠ که‌سێکیان به‌شێوازی جۆراوجۆر ریزه‌کانی داعشیان جێهێشتووه‌ و شێمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێ ٢٠٠ که‌سیشیان لێ کوژرابێ که‌ تاکوو ئێستا راگه‌یاندنه‌کانی داعش کوژرانی ٩٠ که‌سێکیان پشتڕاست کردۆته‌وه‌. به‌گشتی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ کوژرانی ئه‌و ژماره‌ به‌رچاوه‌، ماوه‌یه‌که‌ رۆیشتن یان “هیجره‌ت” کردنی گه‌نجانی کورد بۆناو داعش که‌م بۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش هۆکاربووه‌ بۆ دابه‌زینی رێژه‌ی چه‌کداره‌کانی ناو رێکخراوه‌که‌.

پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، له‌ نێوان رۆژانی ٢٧ بۆ ٢٩ی ٤ی ٢٠١٥دا شه‌ش گه‌نجی کورد خۆیان گه‌یاندۆته‌ ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. وه‌ک زانیاریی ورد له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ناو داعش ده‌توانم زانیارییه‌ک به‌ ئێوه‌و به‌رده‌نگه‌کانتان بده‌م ئه‌ویش بیریتییه‌ له‌ به‌شداری کردنی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌ تایبه‌ته‌کانی رێکخراوه‌که‌دا.

کوشتنی پێشمه‌رگه‌ دیله‌کان به‌ دەستی ئه‌ندامه‌ کورده‌کانی نێو داعش
له‌ راستیدا ده‌بێ بڵێم له‌م دوایانه‌دا رۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ناو داعش یه‌که‌م سه‌ربڕینیان ئه‌نجام دا. بۆ یه‌که‌مجار کوردێکی خه‌ڵکی ناوچه‌ی مووکریانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌گه‌ڵ دوو چه‌کداری تری کورد، ماوه‌یه‌ک پێش ئێستاو له‌ شاری مووسڵ، سێ پێشمه‌رگه‌یان سه‌ربڕی. له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌کی چه‌ند خوله‌کیدا که‌ کاتی خۆی داعش بڵاوی کرده‌وه‌، گه‌نجه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ هه‌ڵده‌ستێ به‌ سه‌ربڕینی پێشمه‌رگه‌ی دیل “پشتیوان عوسمان چه‌مچه‌ماڵی”. ئه‌و گه‌نجه‌ که‌ تاکوو ئێستاش له‌ ریزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا ماوه‌، خه‌ڵکی یه‌کێک له‌ شاره‌کانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوایه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ‌و ماوه‌یه‌کی که‌م پاش راگه‌یه‌ندرانی خیلافه‌تی ئیسلامی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، به‌ریزه‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌ په‌یوه‌ست بووه‌.

له‌ راستیدا ئه‌و که‌سه‌ به‌ یه‌که‌م سه‌ربڕی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌ژمار ده‌کرێت و ده‌بێته‌ که‌سێکی هاوشێوه‌ی “سه‌ید حوسێین” قادرکه‌ره‌می که‌ له‌ سه‌رده‌می جوندولئیسلامداو له‌ شه‌ڕی خێلی حه‌مه‌دا، یه‌که‌م پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی سه‌ربڕی.

ماوه‌یه‌ک دواتریش به‌شی ئێعلام و راگه‌یاندنی خیلافه‌ت ئیسلامی گرته‌ ڤیدیۆییه‌کی تری بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تێیایدا چوار دیلی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ لایه‌ن چوار چه‌کداری کورده‌وه‌ سه‌رده‌بڕدرێن. دوان له‌و چه‌کدارانه‌ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن که‌ به‌ هاوڕێیه‌تی مه‌لا شوان هه‌ولێری و که‌سێکی تر، له‌ شوێنێکی گشتی و له‌ناو ئاپۆرای چه‌کداران و لایه‌نگرانی داعشدا سه‌ری دیله‌کان له‌ لاشه‌یان جیاده‌که‌نه‌وه‌.

پێشتر رۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ناو داعش به‌وه‌ ده‌ناسران که‌ زیاتر هۆگری خۆته‌قاندنه‌وه‌و عه‌مه‌لیه‌ی “ئیستشهادی”ن به‌ڵام دیاره‌ به‌هۆی مولته‌زه‌م بوونیانه‌وه به‌ بیروباوه‌ڕی سه‌له‌فییه‌ت و پێبه‌ندبوونیان به‌ به‌رنامه ‌و رێساکانی رێکخراوه‌که‌، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات که‌ به‌شداری زیاتر له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پلان و به‌رنامه‌ تایبه‌ته‌کاندا بکه‌ن و له‌مه‌ودواش ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ده‌رکه‌وتنی زیاتری ئه‌وان بین.

ئاژانسی کوردپا: سپاس بۆ موختار هووشمەند

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌