قسەکانی پێشووی موراد قارائیلان لەسەر کۆماری کوردستان، دژکردەوەی لێکەوتەوە

0
252

ئەوڕۆ دووی ڕێبەندان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامی پێشووی موراد قارایلان ئەندامی سەرۆکایەتی پ ک ک، لەمەڕ بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بڵاو بۆوە.

موراد قارایلان وێڕای بەڕێز نرخاندنی کۆماری کوردستان، ئەو کۆمارە بە کۆماری مهاباد ناو دەبات و باس لە زیندووبوونی کۆمار لە ناو دڵی هەر تاکێکی کورددا تا بە ئەوڕۆ دەکات و دەڵێ: کۆماری مهاباد بۆ دۆزی گەلی کورد و هەموو خەڵکی کوردستان، هەنگاوێکی مەزن و پیرۆز بوو، هەرچەند کۆماری مهاباد تەنیا بۆ ڕۆژ هەڵاتی کوردستان دامەزرا و ڕاگەیێندرا بەڵام لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستاندا جێگای خۆی گرت.

ناوبراو وێڕای دووپاتە کردنەوەی بەردەوامی وشەی کۆماری مهاباد دەڵێ: ئەو دەرکەوتنەی مهاباد بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی هەنگاوێکی مەزن بوو.

شایانی باسە کە قارائیلان لە درێژەی قسەکانیدا باڵ دەکشێنێتە سەر هەبوونی تەسفیە لە کۆماری کوردستاندا و دەڵێ: ئێمە کە سیاسەت دەکەین هەمومان لێکۆڵینەوەمان لەسەر کۆمار کردووە کە چۆن چاک بوو و بۆ هەڵوەشا.

قارائیلان، پێشەوا بە کەسێکی ڕۆشنبیر و پاقژ و نەتەوەیی دەزانێ بەڵام دەڵێ، کەسانی کە لە دەوری پێشەوا بوون کۆنەپەرەست و بەرژەوەندی پەرەست ىوون و ئەوەش بوو بە هۆکارێک کە کۆمار نەتوانێ سیستمی خۆی بەرفراوان بکات.

ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەری پ ک ک، لە درێژەدا ئاماژە بە بەرژەوەندی خوازی سۆڤییەت دەکات و دەڵێ: ئەو سەردەمی سیستەمی جیهانی جۆرێک بوو کە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوروپا، ڕووسیە دەستی لێ بەردواو کۆمار لە ناوچوو و ئەوە بوو بە هۆکار کە هەوڵی قازی محەممەد و هەندێک کەسی تر نەگاتە  ئەنجام.

ناوبارو لە درێژەدا قسەکانی دەباتەوە سەر عەبدووڵا ئۆجەلان دەڵێ: بە سەرنجدان بەو ئەزموونەی کۆمار، ئۆجەلان کادری گەورەی پەروەردە کرد و پشتمان بە خۆمان بەست نەک دەرەوە.

قارائیلان دواتر قسەکانی دەباتەوە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەڵێ: ئەوان ئەزموونیان لە کۆماری مهابا وەرنەگرت و ئەو کاتە کە دیسان حیزبەکەیان دامەزراندەوە، پشتیان بە خۆیان نەبەست و باوەڕیان بە خۆیان نەکرد و پشتیان بە ئەمریکا و وڵاتانی تر بەست، بۆیە خەڵکی ئێمەی ڕۆژهەڵات دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن کە هەر خەباتێک پشت بە هێزی زاتی نەبەستێ سەر ناکەوێ.

ئەو لێدوانەی موراد قارایلان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەی لێکەوتەوە، هەندێک لە چالاکوانانی سیاسی لەو بارەوە بەو شێوەیە بۆ ڕۆژی کورد لێدوانیان کرد.

ئارام نەسیمی چالاکی سیاسی لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی:  کۆماری کوردستان، یەکەم جوڵانەوەی سیاسی پاش نسکۆیە کە ڕەگەزەکانی بیری نەتەوایەتی نوێی لەخۆ گرتووە و بەشداری کوردان لە هەموو پارچەکانی ترەوە شاهێدی فراوانی ڕوانگە و بیر تیژی پێشەوا قازییە کە ئامانج لێ ی خەبات بووە لە پێناوی ڕزگاری هەموو پارچەکانی تری کوردستان نەک تەنها ڕۆژهەڵات، ئەو دەستکەوتانەی کۆمار لە تەمەنێکی کەم و لەنێو تەنگەژەکانی ناوچەکە بەدەستی هێناوە شاهێدی لێزانی و لێهاتویی پێشەوا و هاوەڵانی بووە کە ڕەنگە وەک معجیزە تەماشا بکرێت بە ١٠ مانگ و چەند ڕۆژێک بتوانرێت لە کۆمەڵێک بواری جیاوازی وەک پەروەردە و فێرکردن و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتی ئەو بەرەو پێش چونە بەرچاوە بەرجەستە بکرێت کە شیاوی ئەوە بێ وەک ئەزمونێک بگوازرێتەوە و چاوی لێ بکرێت.

ڕەشید زەرواوی چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: یەکەم: ئەم قسەیەی قەرەیلان تەواو پێچەوانەیە. قەرەیلان مەبەستی هەرشتێک بێ، بەڵام ناتوانێ حاشا لە شۆڕشگێرانی پارچەکانی تری کوردستان بکات، چوار ئەفسەری شەهیدی باشووری کوردستان و دەیان شەهیدی تر کە لە شەڕی دژی رێژیمی حەمە ڕەزاشا بۆ پارێزگاری لە کوردستان و کۆماری کوردستان گیانیان بەخشی و هەروەها نوێنەرانی پارچەکانی تری کوردستان لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو کۆمارە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن بۆ بەرپرچدانەوەی قسەکانی قەرەیلان. قەرەیلان و حیزبەکەی و پەل و پۆکانی باس لەوە دەکەن کە “کۆبانێ” شەڕەفی کوردانە کە بێ گومان وایە، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیەی قەرەیلان بە هەند وەگرین دەبێ گومان لەو شەرەفەش بکەین کە پارچەکانی تری کوردستان بە هی خۆیان دەزانن،  بەرخودانی کوبانێ مەگەر هەر بۆ کۆبانێ نەبوو؟ با قەرەیلان ئەم دوو خاڵە بە یەک بگرێ و ئەو کات بەو شێوەیە لەسەر کۆماری کوردستان بدوێ.
دووهەم: قارایان لە قسەکانی دا باسی لەوە دەکات کە هەم کۆماری کوردستان و هەم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئێستادا پشتیان بە هێزی دەرەکی بەستووە، ئەم قسەیەی قەرەیلان تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێ کە وانییە، بەوحاڵەش پێویستە ئاوڕێک لە خۆی و حیزبەکەی و پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی بەشار ئەسەد، عێراق، رووسیا و وڵاتانی کمونیستی بداتەوە.
لەبەر چی حیزبەکەی قەرەیلان ئێستا لە ڕووسیا نووسینگەی کردۆتەوە؟ ئەی بەپشت بەستن بە رووسیا هەر ئێستا لە شەڕی حکوومەتی تورکیا نییە و ئەی هەو هەموو هەواڵانەی تایبەت بە هەڵوێستی ڕووسیا کە لە میدیاکانی بڵاو دەبنەوە چی ؟
سێهەم قەرەیلان باس لەوە دەکات کە ئەوە تەنیا ئەوانن دەرسیان لە کۆماری مەهاباد(کوردستان)، وەرگرتووە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە پەکەکە تەنانەت پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە بە خەیانەت و بێ ئەخلاقی دەزانێ. ئەو نە بڕوای بە ئالا هەیە و نە بڕواشی بە سنوور و پرسی نەتەوەیی هەیە. خواستەکانی لە ژێر هێندێک درووشمی کولتووری کورت کردۆتەوە و هەر رۆژەی بە جۆڕێک هەڵوێست دەگرن و بە کردەوەش لە هەموو کوردستان جگە لە پەل و پۆکانی خۆیان کەسیان قبووڵ نییە و کەسیتریش بە نەتەوەی کورد حیساب ناکەن، ئەو پەل و پۆیانەش بە تەنیا خزمەتی سیاسەتەکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان دەکەن.

سیاوەش محەممەدی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی و ڕەخنەگری سیاسەتەکانی پ ک ک، بەراوردێک لە نێوان قسەکانی نەیارانی کورد و قسەکانی موراد قارائیلان دەکات و دەڵێ: زۆرێک لە لێکۆڵەرانی فارس و تورک و عەرەب لە دوای ڕووخانی کۆمار هەتا ئێستا حەوڵی چەواشەکاری مێژووی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان-یان داوە و هەمووشیان لە سەر دووخاڵ کۆک بوونە و لە هەموو نووسین و بابەتەکانیان لەهەموو توانایاندا کەڵکیان وەرگرتووە تا ئەو دوو خاڵە زەق بکەنەوە، خاڵی یەکەم پێداگری لەسەر ناوی “کۆماری مەهاباد” و ناو نەهێنانی “کۆماری کوردستان”-ە، واتە زیاتر ئەو ناوەند و کەسانەی کە دژی بزووتنەوەی کوردستان شتیان نووسیوە و کاریان کردووە تێکۆشاون بسەلمێنن کە “کۆماری کوردستان”، تەنها و تەنها “کۆمارێکی قەتیس” لە چوارچێوەی شاری مەهاباد و دەوروبەریدا بووە و هەر بۆیە بە ئەنقەست دەڵێن “کۆماری مەهاباد”، ئەمە لەحاڵێکدایە لە هەموو بەڵگە و نووسینەکانی سەردەمی “کۆماری کوردستان” تەنانەت یەک بەڵگە و یەک لاپەڕەیش نییە کە بەرپرسانی ئەو کاتی کۆمار، ناوی کۆماری کوردستان-یان بە “کۆماری مەهاباد” ناو هێنابێت ولەباری پانتایی و دەسەڵاتی کۆماریشەوە ئەگەر چاوی لێ بکەین دەبینین کە لە سەقز تا نزیکەی ورمێ لە ژێر کونترۆڵی کۆماری کوردستان-دا بووە و لە هەموو سەردەمی کۆماریش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تێکۆشاون تا ناوچەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر داگیرکەری حکومەتی بریتانیا و حکوومەتی ناوەندی دەربێنن.

خاڵی دووهەم، پێداگری نووسەرە شۆڤێنیەکانی ئێرانی و تورک و عەرەب لەسەر بەستراوەیی کۆمار بە سۆڤیەتی ئەو کاتە، واتە دەیانهەوێ بە ناسەربەخۆ نیشان دانی کۆماری کوردستان، شەرعیەتی کۆمار بخەنە ژێر پرسیار و وا نیشان بدەن کە ئەوە نەک خواستی ڕەوای گەلی کورد بەڵکوو تەنها پیلانێکی زل هێزەکان بوو بۆ گۆشار خستنە سەر حکوومەتی ناوەندی و شێواندنی باڵانسی هێز لە ناوچەکە، لە کاتێکدا ئەوەی مێژووی کوردی خوێندبێتەوە بە باشی تێگەییشتووە کە کۆماری کوردستان، بەرهەمی خەباتی نەتەوەیی و درێژەی شۆڕشی شێخ عۆبیدۆللای نەهری، شیخ سەعیدی پیران، مەلک مەحموودی برزنجی و سمکۆی شەکاک بووە و ئاوات و هیواکانی شۆڕشی ئاگری و هیوا و کۆمەڵەی ژێ.کاف بوو کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، گلێر کرایەوە و گەییشتە لووتکە، بەرهەمەکەیشی “کۆماری کوردستان”-ە. لێرەدا وەک نموونە بۆ هێرش کردنی نووسەرانی شۆڤنیستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەتوانین بە کتێب و نووسراوەکانی، دوکتور حەمیدی ئەحمەدی ئۆستادیاری زانکۆی تاران و یەکێک لە شۆڤەنیستەکانی نەتەوەی باڵادەستی فارس، ئاماژە پێ بکەین کە لە کتێبی “قوم و قوم گرایی در ایران، از افسانە تا واقعیت”، هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ و ڕاست لە دەوری ئەو دووخاڵەدا دەخولێتە و بە چەواشەکاری مێژوو و بەڵگەی ساختە، پێداگری لەسەر ئەو دووخاڵە دەکات. ئەوڕۆ جارێکتر بە بیستنی قسەکانی بەرێز مۆراد قەرەیلان ڕاست وام زانی بەڕێزیان ئاغای حەمید ئەحمەدی-یە (حمید احمدی) و بە کرمانجی قسە دەکات، مۆراد قەرەیلانیش وەک زۆربەی نووسەرانی فارس و تورک و عەرەب کە بۆ نووسینی ئاوەها کتێبانێک و دەڕبرینی ئەو جۆرە قسانە لەسەر مێژووی کورد و بزووتنەوەی کوردستان، پارەی خەیاڵی وەردەگرن، لەو گرتە ویدیۆییەدا بەداخەوە ڕاست دەستی نا بەسەر ئەو دووخاڵە و هەتا کۆتایی گرتە ویدیۆییەکە تەنانەت یەکجاریش ئاماژەی بە ناوی “کۆماری کوردستان” نەکرد و تەنها بە “کۆماری مەهاباد ” ی ناودەبرد، لە هەمان کاتیشدا وێڕای هێرش کردنە سەر حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستانیشی بە بەستراوەیی و ناسەربەخۆ لەقەڵەمدا، لە حاڵێکدا بۆ خۆی و حیزبەکەی لاقێکیان لە مۆسکۆیە و لاقێکیان لە تاران و دەمشق.

ڕەحمان ئەمیری ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسی لەوبارەوە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی و گوتی: دیارە ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە کە موراد قەرەیلان، هاوشێوەی زۆرێک لە نەیارانی کۆمار، ناوی کۆماری کوردستان بە کۆماری مەهاباد ئاماژە پێدەکات کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە ڕاستای سیاسەتی بچوک کردن و بێ بایەخ کردنی ئەزموونە پڕ دەستکەوەتەکانی ئەو کۆمارەیە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جووڵانەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان بەوە تاوانبار دەکات کە پشتیان بە وڵاتانی دیکە بەستووە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی سەرنەکەوتنی خەباتی کورد، بەڵام لە کەس شاراوە نییە پەکەکە تاکە هێزی کوردی بووە لە سەرەتای دامەزرانیانەوە تاکوو ئێستاش پشتی بە یەک بە یەکی وڵاتانی داگیرکار بەستووە و بەرژەوەندی حیزبیان بەردەوام خستووەتە پێش بەرژوەندییە باڵاکانی کوردەوەوە.

لایق مورادی چالاکی سیاسی لە لیدوانی خۆیدا بۆ ڕۆژی کورد ناوبردنی کۆماری کوردستان لە لایەن قەرەیلانەوە بە پیلانێکی سیاسی دەزانی و دەڵێ:   ناوبردنی کوماری کوردستان به کۆماری مهەاباد لەلایه ن موراد قەرەیلان، مەبەست و ئامانجی سیاسی له پشته وه یه و ئه و ڕاستیه نەتەنیا به پ ک ک و قەرەیلان بەڵکو به دوژمنه کانیش ئینکار ناکرێت، به شداری کردنی کوردانی باشور له کۆماری کوردستاندا، وڵامدەری ئه و پیلانه سیاسبه ی قەرەیلانه که به جۆرێک دەیهەوێت له گه ورەیی پێشەوا قازی موحەممەد و کۆمار کەم بکاتەوه و بەو جۆره لەسه ری دەدوێت که گوایە تەنیا ڕۆژهەڵاتی به کوردستان داناوه وبەڵام کاتێک پکک باوه ڕی به دەوڵە ت نەتەوه نیه ئه م پیلان گێڕیه له چی دایه؟

مورادی لە درێژەی لێدوانەکەی خۆیدا باس لە پشت بەستوویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  و کۆمار بە هێزی دەرەکی لە قسەکانی قارایلاندا دەکا و دەڵێ: خاڵێکی تر کە جێگای ئاماژەیە باسی پشت بەستنی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانە ئێرانە لە قسەکانی بەڕیز قارایلاندا، ڕاستە ئێمەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان و هەموو پارچەکانی تریش بە پێی ئەوەی کە چوار دەورمان دوژمن و داگیرکەرە، دەتوانین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کەڵک لە هێزی دەرەکیش وەربگرین بەڵام نەک لەسەر حیسابی پارچەکانی تر و تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆمان و ئەوەش سیاسەتە، بەڵام ئەو کارەی کە پ ک ک لەگەڵ ئێران و سووریە دەیکات و لە پێناو هەبوونی پەیوەندی بەو وڵاتانە ئامادەیە هەموو بایەخەکان و پارچەکانی تری کوردستان قوربانی بکات جێگای ڕەخنەیە نەک هەوڵی دێموکرات یان هەر حیزبێکی تر بۆ گەیشتن بە ئەنجام و دەستکەوتی بەهێزتر و زووتر. پ ک ک بەو شێوازە تەنیا دەیهەوێ هەڵەکانی خۆی بشارێتەوە و خەڵک بەرەو ئامانجەکانی خۆی ڕاکێشێت و هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی و نیاز پاکانەی لە پشت نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌