شیکارییەکی کۆمەڵگای ئێران لە چوارچێوەی هێرەمی پیداویستییەکانی مەزلوودا

0
158

نووسەر: ڕەحیم قەدروون

پێداویستیەکانی مرۆڤ بەشێکی گرینگ لە سرووشتی مرۆڤە، بایەخەکان، ڕێ و ڕەسمەکان و نەریت و بڕواکان، لە نێوان گەلان جیاوازە، بەڵام بە گشتی خەڵک پێداویستی هاوبەشیان هەیە. ئابراهام هێرۆڵد مەزلوو (١٩٠٨، ١٩٧٠ م ) تیۆریسیەنی دەروونناس و مرۆڤگەرای ئامریکایی، لە ساڵی ١٩٤٣ بابەتێکی بە ناوی پێداویستیە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە کە بە تیۆری زنجیرە (سلسلە مراتب) پێداویستیەکانی مرۆڤ بەناوبانگە.

بە پێی تیۆری هێرەمی مەزلوو پێداویستیە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێنج بەشن کە بریتین لە:

 پێداویستیه‌ سه‌ره‌تایی (جه‌سته‌ییه‌کان)،  پێداویستی به‌ ئاسایش و هێمنایه‌تی، پێداویستی کۆمەڵایەتی،  پێداویستی به‌ متمانه‌به‌خۆ بوون، خۆهێنانه‌دی

شی کردنەوەی یەک بە یەک و هەڵسەنگاندنیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ( بە هۆی نەبوونی ئاماری درووست و درێژە نەکێشانی بابەتەکە، بابەتەکە کەم و کۆری زۆری و پێویستە کەسانی پسپۆر و شارەزا هەڵوێستەی لە سەر بکەن )

١- پێداویستی جەستەیی ( فیزیکی ) و مادی : خواردن، خەو، پۆشاک، خانوو یا جێگەی حەوانەوە لە پێداویستیە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤن و نەبوونیان کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

هەژاری بە مانای نەتوانینی دابین کردنی پێداویستی سەرەتایی مرۆڤ وەکوو خواردن، پۆشاک، خانوو و بژێەی بۆ بنەماڵە دێت، کە هەژاری پێوەندی راستەوخۆی بە بەشی یەکەمی تیۆری هێرەمی مەزلووە هەیە لە رێ ی شی کردنەوەی رێژەی هەژاری لە رۆژهەڵات و ئێران هەوڵ دەدەین بەرچاو روونی بدەین کە تا چەند ئەو خاڵە بەدی هاتووە.

لە راستیدا بە هۆکاری سیاسی و شاردنەوەی راستیەکان لە لایەن حکوومەت بە هیچ شێوەیەک ئامارێکی دەقیق لە هیچ بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەردەست نیە، بەڵام جگە لەو ئامارانەش هیچ ئامارێکی تر بوونی نیە بۆیە لە ناچاری و بە هۆی نەبوونی سەرچاوە و بە کەم و کۆری ئامارەکان دەخەینە بەردەم خوێنەران، بە پێی قسەی بەرپرسی لێکۆڵینەوە ئابووریەکانی مەجلیس هێڵی هەژاری دوو میلیۆن و سێ سەد هەزار تمەن دیاری کراوە، بە پێی ئەو قسەیە ٣٠ میلیۆن کەس لە ئێران هەژارن.

پارێزگای لورستان پێنجەم پارێزگای هەژاری ئێرانە و ٣٠٪ خەڵکئ ئەو پارێزگایە لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەژین، کرماشان بە رێژەی ٢٩.٤٪ ، ئیلام بە رێژەی ٢٧.٧٪ ،  کوردستان بە رێژەی ٢٦.٥٪ و ورمێ بە رێژەی ٢٦.٧٪، دەتوانین بڵێین خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی نیزیک بە ٢٨.٠٦٪ لە ژێر هێڵی هەژاری دان، یەکێک لە بەشە هەرە دواکەوتووەکانە لە لایەنی ئابووری لە سەراسەری ئێران ( ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ). هیچ ئاسوویەکی روونیش لە بەردەم نیە چوون بە گشتی رێژەی سەرمایەدانان ( سرمایه گذاری ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣٪ تا ٤٪ تێپەر ناکات کە بە پێی رێژەی حەشیمەت و خاک زۆر کەمتر لەو رێژەیەیە کە بەری دەکەوێ.

بێکار لە ئابووری بە کەسانی تەمەن ١٥ تا ٦٥ ساڵ دەوترێ کە هیچ سەرچاوەیەکی داراییان نیە و خوازیاری کارن، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی پارێزگای لورستان ٢٠.٣٪ خەڵک بێکارە، کرماشان ١٩.٣٪، کوردستان ١٦٪، ورمێ ١٤٪ و ئیلام ١٢.٢٪.

رێژەی گەشە سەندن لە بواری تەندرووستی ( بهداشت ) کە دەرمانخانە بە پێی حەشیمەت، قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بە پێی حەشیمەت، پزیشکی گشتی بە پێی حەشیمەت، ناوەندەکانی خزمەتی دەرمانی بە پێی حەشیمەت، ناوەندی پەرتۆ نگاری، ناوەندەکانی وزە پێدان (توان بخشی) و رێژەی مردن، دەگرێتەوە، ورمێ کەمترینی ئەو خزمەتانەی پێ گەییشتووە و ٢٨مین پارێزگایە لە ٣٠ پارێزگای ئێران، لورستان ٢٣مین پارێزگا، ئیلام ١٨مین پارێزگا، کرماشان ١٧ مین و کوردستان ١٦ مین پارێزگایە.

ئەوەی تا ئێستا باس کرا ئامارە فەرمیەکان بە شێوەیەکی گشتی بوو بەڵام هەندێ ئاماری نافەرمی باس لە بێکاری بە رێژەی ٤٠٪ دەکا  هەروەها هەندێ سەرچاوەی نافەرمی تریش هەیە کە باس لەوەدەکا ٣٥٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەژین کە بێگوومان لە بواری بێکاری و هەژاری رۆژهەڵاتی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێ بە هۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئەمنیەتی بوون و ناخۆیی بوونی کوردستان.

٢- پێداویستی بە ئاسایش و هێمنایەتی ( گیانی، کۆمەڵایەتی و ماڵی )

ئەمنیەتی گیانی : لە ساڵی ٢٠١٤ بە پێی ئاماری لێبووردنی نێونەتەوەیی ٧٥٣ کەس لە ئێران ئێعدام کراوە کە ١٣ کەسیان لە ژێر ١٨ ساڵی گیراون و حووکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بە پێی ئاماری هەمان سەرچاوە ٦٩٤ کەس ئێعدام کراون.

رێژەی خۆکووژی لە ساڵەکانی ٩٠ تا ٩٤ ئیلام، لورستان، کرماشان، تاران و گیلان ( حەشیمەتی تاران زۆر زیاترە لە هەر سێ پارێزگا کوردەکە و گیلانیش حەشیمەتی لەو پارێزگایانە زیاترە ) لە پێشەوەی هەموو پارێزگاکانی ئێرانن.

ئاماری پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵات لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی گەییشتۆتە ٦٠٤ حاڵەتی ئاشکرا ( کە زۆر کەمترە لە حاڵەتە گشتی و نهێنیەکان )، ئەو حاڵەتانە لە کووشتن، گرتن، دەرکردن، بێبەش کردن، فشار، ئەشکەنجە و دەست بەسەرداگرتن لە هەموو بوارەکانی گیانی و ماڵی و کۆمەڵایەتی لە خۆ دەگرێ و لە دژی هاوڵاتیانی کورد کراوە.

ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی : لە ساڵی ٩٣ لە هەر سەعاتێکدا ١٩ جیابوونەوە رووی داوە و بە رێژەی ٣.٥٪ لە ساڵی ٩٢ زیادی کردووە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٩٤ی هەتاوی ، ٨٣٢٧٧ جیابوونەوە رووی داوە و بە نیسبەت نیوەی یەکەمی ساڵی پار ( ٩٣ی هەتاوی ) بە رێژەی ٩.٣٪ زیادی کردووە، ئامارە فەرمیەکان باس لە یەک میلیۆن و سێ سەد و بیست و پێنج هەزار کەس و هەندێکی تریش باس لە نیزیک بە دوومیلیۆن و نیو کەسی تووشبوو بە هەموو جۆرەکانی مادەی هۆشبەر دەکەن، ئایدز دیاردەیەکی بەربڵاوە و نیزیک بە سەدوو بیست هەزار تووشبووی لە سەراسەی ئێران هەیە، حەفتا هەزار تووشبوو بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، زۆرترین رێژەی بێکاری لە نێو لاوان، بەربڵاوبوونی سیغەی موەقەت و ئیزدواجی سپی ( ازدواج سفید )، دەست رێژی بە کۆمەڵ، لەشفرۆشی و هتد، بەشێکی زۆری کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی هۆشداری لێک هەڵوەشانەوەی بنەماڵە دەدەن و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەزانن، جگە لەوانە هەست کردنی بە نائەمنی، ترس لە بەینی تاکەکان و بێ باوەری پەرەی سەندووە کە بێگوومان هەر کام لەمانە بەشێک یا چینێک یا کۆی گشتی کۆمەڵگایان کردۆتە ئامانج و لە سەرمایەی گشتی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگا کەم دەکاتەوە و دەیخاتە بەر مەترسی جیدی و گشتیان پێوەندیدارە بە سیاسەتەکانی رێژیم.

ئاسایشی ماڵی : کاتێک دەتوانرێ باس لە ئەمنیەتی ماڵی بکرێت کە هەموو سێوەکانی تری ئەمنیەت لە کۆمەڵگا بوونی هەبێت و بنچینەی داکووتابێ، بنەماڵە و گرووپەکان وەکوو گرینگترین نەهادی ئابووری و بازار دەبێ بتوانن لە کەشێکی تەندرووست و یەکسان پێشبرکێ بکەن. کە بێگوومان بە هۆی روانینی ئەمنیەتی ، نابەرابەری و هەڵاواردنی نەرێنی لە هەموو بوارەکان لە لایەن دەسەڵات بۆ کوردستان ئەو شێوەیە لە ئەمنیەت وەکوو هەموو بەشەکانی تر بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل و دەهێنرێتە خوار، جگە لەوەی باوەری  کۆمەڵگا بە نەهادهای گشتی ئابووری بە هۆی دزی و گەندەڵی و تاڵانچیەتی کە بە پێی ئامارە ئاشکراکان نیزیک بە سی هەزار میلیارد تمەنە، لە نزمترین ئاست دایە.

پێداویستی کۆمەڵایەتی : بنەماڵە، خۆشەویستی، ژیانی هاوبەش، ئەندام بوون لە گرووپە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و هتد.

بەشێکی کەم لە رەوشی بنەماڵە و خەسارەبەرکەوتووەکانی شی کرایەوە، خۆشەویستی بە هۆی هەموو ئەو کەم و کۆریانەی کە باس کرا زیاتر لە بەرژەوەندی خوازی و بەتاڵ کردنی هەستە سەرکووتکراوەکانی هەر دوو رەگەز لە گشت بوارەکان نیزیکترە تا واتای راستەقینەی خۆشەویستی، لە بواری نەتەوەییەوە، کورد لە کەمترین مافە نەتەوەییەکانی بێ بەهرەیە و بە شێوەیەکی فراوان و سیستێماتیک هەوڵی ئاسێمیلە کردن و سرینەوەی نەتەوەیی، زمانی، مێژوویی، کوولتووری و فەرهەنگی و هتد، دەدرێ و زۆر بە جیدی لە بەردەم هەرەشە دایە، نانەوەی بشێوی لە بەینی ئایین و مەزهەبەکان، زاراوەکان و ناوچەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ لێک جیاکردنەوە و چاندنی تۆوی رق و کینە و زیاتر بەش بەش کردنی کوردستان بەرێوەدەبرێ، ئەندام بوون لە هەر گرووپێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری قەدەغەیە و چالاکانی ئەو بوارانە یا کپ دەکرێن و یا دەگیرێن و قورسترین سزایان بۆ دیاری کراوە.

متمانە بە خۆیی : گشت مرۆڤەکان پێویستیان بە باوەر بە خۆبوون، پەسەند بوون، رێز گرتن، هەوڵ دان بۆ رێبەری لە ناو گرووپ و باشتر بوون لە خەڵکی تر هەیە.

تاکی کورد وەکوو هاوڵاتیەکی دەرەجە دوو و تەنانەت دەرەجە سێ سەیر دەکرێ، خاوەنی هیچ رێز و کەرامەتێک نیە و لە لایەن دەسەڵاتی ناوەند و نەهادە ئەمنیەتیەکانی دەسەڵاتدار لە رۆژهەڵات و تەنانەت لە لایەن رۆشنبیرە دانسقەکانی نەتەوەی باڵادەست بە کەم و بێ نرخ و بێسەواد و ناتێگەییشتوو سەیر دەکرێ کە بە هیچ شێوەیەک نە تەنیا شیاوی ئەوەی نابینن کە رێبەری کۆمەڵگای گشتی بگرێتە دەست بەڵکوو شیاوی بەرێوەبردنی ناوچەکانی خۆشی نابینن.

باوەر بە خۆبوون یا اعتماد بە نفس، بینین یا دیتنی کەسێتی خود و خۆد وەکوو کەسێکی لێهاتوو و خۆشەویست و جیاوازە. ( لە شوێنێکی وەکوو کرماشان بە شێوەی بەرنامە بۆ دارێژراو کورد بوون و زمانەکەی بە بێ کلاس و دواکەوتوو لە قەڵەم دەدرێ ).

باوەری کۆمەڵایەتی، هۆکاری سەرەکی و پێویستە بۆ بەردەوام بوون و بڵاوبوونەوەی پێوەندی یە کۆمەڵایەتیەکانە، گەشە سەندنی پێوەندی کۆمەڵایەتی پێویستی بە باوەری کۆمەڵایەتیە، نەبوونی، شک و گوومان و ترس و دڵەراوکێ لە هەمبەر یەکتر لە کۆمەڵگا بڵاو دەکاتەوە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناچالاک بوونی جڤاک، حکوومەت هەوڵی قەتیس کردنی تاک لە نێو خۆی دەدا و ناهێڵی ویست و داخوازیەکان ببن بە گشت و لە ئاکامدا کاردانەوەی کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە.

پشکووتن یا خۆ پشکووتن ( خود شکوفایی ) : ئەو شتەی کە مرۆڤ دەیهەوێ ببێ دەبێ ببێ، مرۆڤ تەنیا کاتێک رێی پێشکەوتنی بۆ دەبێتەوە کە خۆیەکی راستی خۆی بێت نە کەسایەتیەکی ناچاری و خۆیەکی درۆیین بەڵام هەم لە نێو کۆمەڵگا و هەم لە رووی زۆر و جەبری دەسەڵاتداران تەنیا رێگەی پێشکەوتن خۆیەکی نێو بازنەی دەسەڵات و تواوە لە نێو باوەر و هزری ئەواندا بی.

شایستە سالاری یا کەسانی شیاو بۆ شوێنی شیاو، کەسانی شیاو لە روانگەی ناوەندەوە کەسانی تواوەن و زێدەتر عەسگەرتاریست و نیزامیەکان لە شوێنە هەستیار و تایبەتیەکاندا بە جێی کەسانێکی ئاکادیمیک و لێهاتوو.

رازی بوون لە ژیان، زۆرینەی خەڵک بە قسە و زمانی خۆیان بێزاری لە ژیان دەردەبرن.

داهێنان و نوێ گەرایی، تەنیا لە چوارچێوەی پێداویستیەکانی دەسەڵات و بە پەسەندی ئەوانە، نوێ گەرایی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هزری و ئیعتقادی بڤەیە و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێ.

بەڵام بۆ چی لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا هیچ کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیر و راستەقینە نە لە رۆژهەڵات و نە لە ئێران دەبینین.

( لە بابەتی داهاتوودا شی دەکرێتەوە )

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌