سالار پاشایی: دیسکۆرسی شوناسخوازانە دەبێ پەرەی پێ بدرێ

0
173

زنجیرە وتووێژ (11)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا ( سالار پاشایی، نووسەر و چالاکی سیاسی) وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

خوێندنەوەتان بۆ پرسی زمانی دایکی لە ساڵڕۆژی زمانی دایک کە ھێشتا نەتەوەکانی پانتایی جوگرافیای فرە نەتەوەی ئێران لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەشن و رەوت و ھەوڵەکان لە پێناوی توانەوە و سڕینەوەی زمانی ئەم نەتەوانە کە کوردیش یەکێکە لەوانە بەردەوامە چۆنە و بە چ شێوازێک دەنرخێنن؟ بۆ لەم نێوانەدا لە لایەن دەسەڵاتی باڵادەستەوە یەکەم ھەوڵ بێ زمان کردن یان زمان لە گۆ خستن بووە؟

سالار پاشایی: بێگومان زمانی دایکی وەک یەکێک لە سەرەکیترین فاکتۆرەکانی بیچم گرتنی شوناسی نەتەوەیی لە ھەلومەرجی ئێستەی ئێران، ساڵانێکی زۆرە بە سیاسەتی بە ئەنقەستی ئاسیمیلاسیۆنی حاکمییەت دژ بە رۆڵ و پێگەی ئەم پرسە، خەساری زۆری بەسەر نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و لەوانە کوردیش سەپاندووە. دیارە ئەم سیاسەتە راستەوخۆ لە ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیسمی عەزەمەتخوازانەی فارس/ئێرانییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ھەموو زمانە سەربەخۆکانی دیکە بە بن زاراوەی زمانی فارسی دەشوبھێنێت و ھاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دەوڵەت نەتەوەی مودێرنی ئێرانی لە ٩٠ ساڵی رابووردوو، بەتەمایە شوناسە جیاوازەکان لە چەمکی درۆیینی نەتەوەی تاقانەی ئێراندا بتوێنێتەوە. ئەم سیاسەتە دژ بە پرسی زمای دایکی و دابەزاندنی بۆ سەر تەنیا پرسێکی فەرھەنگی، سەرەرای خەسارەکانی، لەگەڵ شکستێکی مێژوویی بەرەروو بووەتەوە. بۆ وێنە ئێستە خواست و مەیلی خوێندن بە زمانی دایکی، وەک زمانی سیاسەت و بەرەنگاریی، زمانی دەریڕینی خواستە مێژووییەکانی ستەمدیتوان، زمانی پێداگریی لەسەر شوناسی سەربەخۆی نەتەوەیی و ھتد، لە ھەموو کاتێک لە کوردستان زیاترە و دەیان و سەدان کۆڕو کۆبوونەوەو رێکخراوە لە دەوری ئەم خواستە فۆرمی گرتووە.

تەنانەت لە خوارووترین بەشی کوردستان وەک ئیلام و کرماشان حەرەکەتێکی گەوەرەو بێدارییەکی فەرھەنگی و روناکبیریی بۆ پێداچوونەوە بە ئەدەبیات و فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکی بە فراوانی لە حاڵی خەمڵین و گەشەکردن دایە.

 لە و ھەموو ساڵانەی کە لە دەسەڵاتداری و داگیرکاری بە سەر کوردستان تێپەڕییوە ھەوڵەکان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی سیاسەتی رەتکردنەوە و سڕینەوەی زمان وەکوو سەرەکیترین شوناس و ناسنامەی مرۆیی لە لایەن چالاکان و ھەڵسووڕاوانی کورد چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

سالار پاشایی: من لاموایە ئەگەرچی وردەکاریی ھەموو ئەو ھەوڵانە کە لە ناوخۆی وڵات بۆ بەرەنگاریی سیاسیەتی ئاسیمیلاسیۆن ئاگادار نین لەبەر ئەوەی گەلێک رھەندی شاراوە بەڵام بەرفراونی ھەیە و بە لەبەرچاوگرنتی دۆخی دیکتاتۆری و سەرکوت، سروشتییە کە وابێت، بەڵام ھەوڵەکانی ھەتا ئێستا دیارو بەرچاوی چالاکانی بواری ئەدەبی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی، روناکبیریی و سیاسی، کاریگەریی و رەنگدانەوەیەکی گەورەی لە فۆرمگرتنی بەرەیەکی بەھێز بۆ پێداگریی لەسەر پرسی زمانی دایکی و شوناسی سەربەخۆی نەتەوەیی و راکێشانی سەرنجی منداڵان و جیلی نوێ بە جێ ھێشتووە.

ئەو بەرھەمە فرەچەشنە ئەدەبی، فیکری و فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لە دوتوێی بڵاوکراوەی جیاواز یان لە وێبسایتگەل و دنیای مەجازیدا بڵاو دەکرێنەوە، زۆر بە پێزو پڕناوەرۆکن و ئاشکرایە کە زەحمەتی زۆریان بۆ تەرخان کراوە. ئەم ھەموو ھەوڵانە لە پچووکەوە تا گەورە، ھەموو شایانی رێز و بەرز نرخاندن و پشتیوانییە. بێ گومان ئاسۆگەیەکی روونیشیان بۆ خۆیان وێنا کردووە.

لەم ساڵانە بە جاران بینیومانە لە لایەن دام و دەزگا راگەیاندنییەکان و ناوەندە فێرکارییەکانی سەر بە دەسەڵات ھەوڵی چەواشەکارانە بە ئاراستەی بچووک کردنەوەی شوناس و ناسنامەی نەتەوەکان و پێناسەی چەمک و دەستەواژەکانی وەکوو زمان، نەتەوە، جوگرافیا و … دراوە و ھەمووشی لە پێناوی چەساندنی گوتە و ئاخاوتە نازانستی و نامرۆییەکان بووە، دەکرێت لە ئاوا کەش و بارودۆخێک دا و چی و چۆن بکرێت بۆ ئەوەی ئاستی کاردانەوەکانی ئەم جۆرە سیاسەت و ھەوڵە چەواشەکارانە بە تایبەتی بۆ پرسی زمان کەم بکرێتەوە؟

سالار پاشایی: لام وایە پێویستە لە وەھا دۆخێکدا ھەرچی بەربڵاوتر بەرھەمی ئەدیبان و شاعیران، نووسەران و وەرگێڕانی بەتوانا بە پانایی ھەموو شارو ناوچەکانی کوردستان بڵاو بکرێنەوە، پشتیوانی گەورەی مادی و مەعنەویان لێ بکرێت و کۆرو کۆمەڵی ئەدەبی و فیکری زۆرتر پێک بھێندریت و ببێت بە جوڵەو ئەکتێکی گەورەتری فیکری و کۆمەڵایەتی. بە گشتی لەم رێگەیەوەیە کە دەکرێت دیسکۆرسی حاکمییەت و ئەو پرسەی تۆ ئاماژەت پێکردووە پاشەکشەی گەورەی پێ بکرێت، ھاوکات دیسکۆرسی شوناسخوازانە کە توانایی پێناسەکردنی شوناسی نەتەوەیی خۆی دژ بە پرۆژەی ئاسیمیلاسیۆن ھەیە زۆرتر بەھێز بکرێت و پێویستە دەیان گۆڤاری فیکری و فەلسەفی، ھەرکامە و لە گۆشەنیگایەکەوە، ئەم دیسکۆرسە پەرەپێ بدات. بە دڵنیاییەوە پڕۆژەیەکی وەھا قابیلی پراکتیزە کردن و بە خێرایی گەشە سەندنە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت