زێنەب، تەوارێکی تەژی لە مەینەت/ تابلۆیەک لە ئازاری گوندی قاڕنێ

0
52

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

هەموو ڕۆژ بەیانی زوو بە بەر دەرگای قوتابخانەکەدا ڕادەبرد، بێ ئەوەی متەقی لێوە بێ، چەند بەردێکی ڕەئاڵاکە دەهاڵاند و کەمێکی لە دوورەوە تف باران دەکرد و دەڕۆیی.

وشکەڵەدارێکیشی بە دەستەوە بوو، دیوار دەنگی لێوەهاتبا ئەو نا.

من باش دەمزانی قاڕنێ و قەڵاتان، چ داخێکیان لە دڵیدا چەقیوە و هەناوی ڕەش کردوون بەڵام چیرۆکی زێنەب، لای من نهێنیەک بوو کە دەبا سەرم لێدەرهێنابا.

ئێوارەیەک بەرەو ناو ئاوایی کەوتمە ڕێ، ڕیزێک گەنجی لەبەر دڵان لە سەربانێک وەک ئەوەی بڵێی چاوەڕوانی هاتنە دەری گراوێک بن یان بۆ دەربڕینی ماندوویەتیی ڕۆژانە لێک کۆببنەوە، وێستابوون.
– یاخوا بەخێر بێی مامۆستا، سەرچاوان. ئەوە چۆنە؟

ماوەیەک بە دەم ئەو قسە و نەزیرە و یەکتر ناسینەوە ڕاوەستاین.

زێنەبم بینی، لەو تەلان و بەندەنانەی دووردەستی ئاواییەوە بێ دەنگ و ماندوو و شەکتر لە کوردستانی بندەست، پشت کوڕ بۆوە و سەر سپی، بەرەو ئاوایی دەهاتەوە، ڕێگاکەی وەک هەمیشە دیار بوو، بەرەو قوتابخانەی گوند ڕۆیی و هەمدیسان ئاڵاکەی دا بەر بەرد و تف و لەبەر خۆشیەوە نرکەیەکی نیوەگیانی لێوە دەهات کە هەر خۆی دەیزانی چیە.

محەممەد گەنجێکی کامڵ بوو، جلێکی کوردی ڕەش و جوانی لەبەر بوو، پشتوێنەکەی هێندە جوان بەستبوو، دڵت دەبزووت لێی بستێنی، بەرەو زێنەب ڕۆیی، گەیشتە لای، کەس متەقی لێوە نەدەهات، تەمێک بەسەر گشتیانەوە نیشتبوو، یەکێک لەبەر خۆیەوە گوتی: “هەی لە بابی ئەو حکومەتەت…”، یەکێکی تر بە دزییەوە وەک ئەوەی لە نەیهەوێ من بیبینم، گوتی: “بێدەنگ بە ئەو مامۆستایە نەزانێ، چوزانی کێیە و چ کارەیە؟”.

محەممەد دەستی زێنەبی گرت و بەرەو ماڵی بردەوە، زێنەب دەتکوت کوڵی دڵی ڕشتووە، ئەرکی خۆی ئەو ڕۆژەش بەڕێوە بردبوو. کەوشەکانی لەو پیدەشت و هاتووچوویە، ڕەنگی خۆڵیان گرتبوو، جلەکانی دەتکوت ٢٠ ساڵە نەگۆراون، جلێکی مەیلەو ڕەش، لەچکێکی بۆر هەڵگەڕاو کە نیوەی پرچە سپییەکانی داگرتبوو.

ڕاستیت دەوێ نەمتوانی و نەموێرا هیچ بپرسم، نا نەمزانی چۆن بپرسم. وام لێهاتبوو هەموو ئێواران بۆ هەڵکەوتنی دەرفەتێک بچمە سەربان و خۆم لە دەرفەتێک مات بکەم داکو بزانم چیە، ئاخر قوتابیەکانیش خۆیان لە قەرەی باسەکە نەدەدا، منداڵیش بوون چۆنم بپرسیبا؟ نا!نا! نەدەکرا دەبا چاوەروانی دەرفەت بم.

ئەو ئێوارەیە، سەربان چۆڵ بوو، ئاخر ساردی کردبوو، دەی خوایە تەنیا چۆن بچمە سەر بانەکە، ئاخر خەڵک هیچی خراپ ناڵێن؟ هەر لەبەر دەرگای قوتابخانەکە دەستم کرد بە پیاسە، زێنەب هات، کەمێک کشامەوە، نەکا منیش بداتە بەر گاشە بەردان، بەڵام دەشمزانی بێ ئازارە.

محەممەد گەیشتە جێ، مامۆستا گیان تۆ خوا ببوورە، هیوادارم لە دۆخەکەمان تێبگەی.

بە خۆم گوت: “دەرفەت هەڵکەوت، لەوەی باشتر نابێ”، ڕووم لە محەممەد کرد، کاکە محەممەد دەتوانم بپرسم هۆکار چیە؟ ئەو خوشکەت بۆ وایە؟

مامۆستا گیان بە یارمەتیت سبەی ئێوارە دەتبینمەوە. بەڵام من سبەی بەرەو شار دەبوومەوە بۆیەش کوتم، سبەی کە ئێوارە دەڕۆمەوە بۆ شارە، مەگەر ڕۆژێکی تر.
بە نەرمی گوتی: “خەمت نەبێ مامۆستا گیان، نەمرین دەرفەت زۆرە”.

سبەی لەسەر ڕێگای چوونەوەم، پەیکانێک هات، خۆی بوو محەممەد، براکەی زێنەب، وادیار بوو زانیبووی دەڕۆمەوە و هاتبوو یانیش لەوانەیە هەڵکەوت بووبێ، نازانم بەڵام هاتبوو و ئیستا کاتی ئەوە بوو چیرۆکی زێنەب بزانم.

باسەکە لە دوای کەمی بڕینی ڕێگا دەستی پێکرد.

مامۆستا نازانم کێی و چ کارەی، بەڵام لە خۆوە هەست دەکەم دەتوانم بڕوات پێبکەم، هیوادارم هەڵە نەبم.

نەمدەزانی بڵیم چی. ئاخر چ نهێنیەک لەو چیرۆکەدا بەستەیە کە وا لە گێڕانەوەی بۆ منی نامۆ و نائاشنا دەترسێ؟

بڕوام پێبکە براکەم، قسە لای من تا مردن لە ناو سینگمدا حەشار دەدرێن.

دەستی پێکرد: “دوای ئەوەی کە پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر حەجەمان لە لای نەغەدەی و گورزێکی باشیان لێ وەشاندن، حەسەنی کەوتە خۆ، کوڕەکانی عەلی و حسێنی هێنان بۆ گیانی خەڵک و تۆڵە ئەستاندنەوە”.

دەتکوت گەرووی ویشک بووە یانیش کوڵی گریانی هەستاوە. پاش چەند خولەکی دەستی پێکردەوە.

حەسەنی و پاسداڕ و جاشەکانی تا لای دووئاوان دێن و کە دەبینن ناگەنە پێشمەرگان و دەستیان وێڕاناگا، بەو شاخانەدا و بەو تەپکانەدا دەگەڕێنەوە، هەر پیاوێک دەیبینن ڕەحمی پێناکەن، خوشکە زێنەبم و چەند کچی گوندیش لەگەڵ ڕەحمەتی شەریفی برام بە هەرەوەز چووبوونە یارمەتیی نۆک ڕنینەوەی ماڵە کاک بایزی، کچەکان کە جاش و پاسداڕ دەبینن دەترسن، دەزانن پیاو ببینن دەیکوژن، محەممەد تازە خەریک بوو خەتی سمێڵانی دەدا، هەڵبەت من وەبیرم نایە ٥ ساڵان بووم.

کەمیکی تر ڕاوەستا، فرمێسکی هاتنە خوار، من کە واق مابووم، حەپەسابووم، چ بڵێم لەوەی زیاتر کە بڵێم کاکە تکایە ئارام بە. نەشمدەوێرا بڵێم بۆم مەگێڕەوە.

دیسان هاتەوە خۆ و درێژەی دا:”کچەکان تەکبیر دەکەن و دەستێک جلکی ژنانە دەکەنە بەر شەریف، جاش و پاسدار دەگەنێ، بۆ ئەوەی بزاننن کێ ژنە و کێ پیاوە، بە جلکەکانیش ناوەستن و دەست لە سینگ و مەمکیان دەدەن، دەبینن شەریف مەمکی نیە و دەزانن پیاوە.”

پاسداڕێکی تورک دەسووڕێتەوە و دەڵێ: “ها بی شەرەفێ تەرسوو، ئەز تەرس زەن شودی؟”

ئیدی هەر لەوێ شەریف جیا دەکەنەوە و دوو رەگباری لە پاڵ دەکەن و شەهیدی دەکەن. زێنەب بە چاوی خۆی دەیبینێ و لە تاوان دەم دەخاتە ناو برینەکانیەوە و دوای ئەویش تا ئێستا شێت بووە و لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو شەو دەیان جار لە خەو رادەچەنێ و هەموو ڕۆژ تا ئێوارە دەچتە شوێنی ڕووداوەکە و کوڵی دڵی خۆشی بە بەردپێدادان بەو ئاڵایە دەڕژێ.

حەجەمەکان دێنە ناو گوند، مەلای ئاوایی قورئان دەباتە پێشیان، ڕەگبارێکی لەپاڵ دەکەن، دەچنە ماڵمان، براکەم دەبەن، دایکم جاشێکیانی ناسیەوە، ئەوەم باش لەبیرە من بریندار بووم، سەربازێکی کورد لەوبەری پەرژینەکەی هاویشتم تا کەس نەمبینێ، ڕووداوەکانم بە چاوی خۆم دەبینی، برینەکەم ئەستەم نەبوو، دایکم م بینی، خەریک بوو لەسەر سێهەمین پلیکانی بەردەرگای ماڵمان دەچۆوە ژوورێ، بە جاشەکەی گوت دەتناسمەوە حەمەی گەواد، ڕۆژی تۆش دێ. نەگەیشتە پلیکانی چوارەم، ڕەگبارێکیان لە پاڵ کرد و لەوێ شەهید بوو.

فرمێسکم هاتنە خوارێ، دڵم دەتگوت دەیهەوێ لە سینگم بێتە دەر، هەناسەم سوار بوو، ،وەخت بوو بخنکێم، “کاک محەممەد ڕایگرە ئەو مەودایەی ئێرە تا شار بە پێیان دەڕۆم”. بە دەم مژی جگەرەوە تا شەو ڕێگای شارم بەپێیان بڕی، ڕێگای من تەواو بوو بەڵام خەمی کورد هەروا بەبەریەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌