دەی خاکەلێوە(ڕۆژی شەهیدانی کوردستان)دەتوانێت سەلمێنەری بەشێک لە شووناسی کورد بێت

0
225
نووسەر: حەمە جاف
نەتەوەى کورد بە درێژایى مێژوى بەهۆی داگیرکاری و ماڵ وێرانی لەلایەن بەشخۆر و بەرچاوتەنگی فاشیزمەوە کەوتۆتە بەر پەلامار و بەهەموو شێوازێکی نامرۆڤانە هەر چەشنە مافێک کە دەبێ بۆ هەرنەتەوەیەک دەستەبەر بێ لێی زەوت کراوە و تەنیا بەش مەینەت و ژێر چەپۆکەیی بە نسیبی بووە، لەسەر ئەو هەموو تراژیدیا و زوڵم و زۆر و داگیرکاریەی تووشی بووە بەردەوام لە کات و شوین و شێوازى جیادا خەباتى کردوە بۆ ڕزگار بوون لە ژێردەستەیى و سەلماندنى خۆی وەک نەتەوەیەک کە خاوەنى خاک، زمان، ئاڵا و کەلتورى تایبەت بە خۆیەتى، لەو پێناوەشدا مەزنترین نرخی داوە بۆ دەستەبەر بوون و سەلماندنی خۆیی وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەن خاک، زمان، جوگرافیایەکی دیاری کراوە.
کۆمارى کوردستان یەکێک لە دەستکەوتە درەوشاوەکانى خەباتکارانى نەتەوەى کوردە لە مێژوى هاوچەرخ دا کە سەلماندى کورد هەردەم لە پێناو مافەکانیدا خەبات دەکات، لە پێناویشى دا ئامادەیە قوربانى گەورە بدات و دەشتوانێ بە تێکۆشان و فیداکاری، قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەو مافەی کە پێویستی هەر نەتەوەیەکە دەستەبەری بکات تاریک پەرەستانی کۆنەپەرەست پاش ڕووخانى کۆمارى کوردستان بە خەیاڵى خاویان بۆ چاوترساندنى ڕۆڵەکانى نەتەوەى کورد پێشەواى کۆمارە تاقانەکەى کوردستان و هاورێ گەل ویست و بە ئەمەگەکانى بیر و هزرى کۆماریان لە رێکەوتى 26/12/1325 شەهیدان:
1- عەلى بەگى شێرزاد 2- ئەحمەد خانى فارووقى 3- عەبدوڵڵا خانى مەتین 4- محەمەد خانى دانیشوەر 5- محەمەد خانى فیزوڵڵا بەگى 6- حەسەن خانى فیزوڵڵابەگى 7-ئەحمەد خانى شەجیعى 8-عەلى خانى فاتیح 9- عەلى خانى جەوانمەردى 10-شیخ سدیقى ئەسعەدى 11- شیخ محەمەد ئەمین ئەسعەدى 12- رەسوڵ ئاغاى جەوانمەرد لە شارى سەقز و هەروەها لە ریکەوتى 10/1/1326 شەهیدان1- پێشەوا قازى محەمەد 2- محەمەد حوسین خانى سەیفى قازى 3- سەدرى قازى لە چوارچراى شارى مهاباد شەهید کرد.
حیزبى دیموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژساڵە بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانى کوردستان رۆژى 10 خاکەلێوە (رۆژى شەهیدکرانی پێشەواى کۆمارى کوردستان) وەک ڕۆژى شەهیدان دیارى کردوە. کورد وەک هەر نەتەوەیەکى دیکە کە بیهەوێت کیانى سەربەخۆى خۆیی هەبێت، پێویستى بە دیارى کردنى هێما و ڕۆژى میژووى هاوبەشى خۆیی وەک: ئاڵا، ڕۆژى سەربەخۆیى، ڕۆژى پێشمەرگە، ڕۆژى شەهیدان و … هتدە.
مخابن  تا ئێستاش بە هۆى پارچە پارچە بوونى کوردستان ،شۆرشەکانى کورد و بەرژەوەندى حیزبى نەتوانراوە لە سەر رۆژگەلێک ساخ ببێتەوە،رۆژى 10 خاکەلێوە رۆژى لە سێدارەدانى پێشەوا باشترین رێکەوتە بۆ دیارى کردنى رۆژى شەهیدان لە هەرچوارپارچەى کوردستان، لەبەر ئەوەی:
1-پێشەوا یەکەم سەرۆککۆمارى یەکەم کۆمارى دیمۆکراتیکى کوردستانە
2- بۆ پەرەگرتن و بەردەوامى کۆمار، کورد لە پارچەکانى دیکەى کوردستان تێدا بەشدار بوون و بەشداری دەستەڵاتی سیاسی کۆمار بوون
3-لە سەردەمى کۆمار و پێشەوا دا شەرى براکوژى کورد نەکراوە
4-پێشەوا ئیدئۆڵۆژیکى سیاسى – مەزهەبى تایبەتى نەبوە کە ببێتە هۆى پەراوێز خستنى چین و تویژ یا ئایینیکى دیکەى کوردستان .
سەرەڕاى هەوڵەکانى حیزبى دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە داخەوە تائێستاش بەشێک لە هیزەکانى کوردستان رۆژى 10 ى خاکەلێوەیان نەک هەر وەک رۆژى شەهیدانى کوردستان قەبووڵ نەکردوە بەڵکوو پێیان وایە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی تایبەت نیە بۆ ڕۆژی شەهیدان و بۆ خۆشیان ڕۆژێک دیاری ناکەن لەسەری ساغ ببنەوە وەکوو ڕۆژی شەهیدان، بۆیە پێویستە ئێمەی کورد بۆ سەلماندن و پەرە گرتنی بیری نەتەوایەتی و ڕێگەنەدان بە ئاسمیلەبوونی زیاترمان ئەرکە لەسەر شانمان چیدی دەستهەڵگری خۆگەوجاندن، چاووچنۆکی، دووبەرەکی، بەتایبەت ئەو دەمارگرژیە ببین کە بووە بەهۆیی یەکتر قەبووڵ نەکردن و دواکەوتووی ئەو هێمایانەی کە دەتوانن شووناسی ئێمە زیاتر بە دوونیا بناسێنین هیوا دارم هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەت پارلەمانی باشووری کوردستان پێداگری لەسەر ئەم ڕۆژە پرشنگدارە بکەن کە هەوێن و ئیلهامبەخشی ناسیۆناڵیزمی کوردیە لە رۆژى 10ى خاکەلێوەدا سەرى رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆهەموو شەهیدانى کوردستان ، بە تایبەت شەهیدانى کۆمار و پێشەواى کۆمارە تاقانەکەى کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌