داهاتووی ئێران و بەرجام لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئوروپا

0
30
هەڵمەت مەعرووفی

ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢ی جۆزەردان/23ی مای، مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە نێوەراستی مانگی ژوئەندا لەگەڵ ئوروپا لەمەڕ بەرجام پێکەوە کۆ دەبنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە بەرجام چۆتە دەرێ بەڵام ئوروپا تا ئێستاش ڕایگرتووە، هاوکات بڕیاریشە سێ لایەنی ئوروپا، عرووس و چین لەو ماوەیەدا بە بێ ئەمریکا، لەمەڕ ئێران کۆببنەوە.

ئەوان بە نیازن بەرجام ڕاگرن بەڵام ڕێکەوتننامەیەکی تر بەسەر ئێراندا بسەپێنن کە دەست تێوەردان و سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچەکە سنووردار بکەنەوە و بەرنامە مووشەکیەکانی ئێرانیش سنووردار بکەنەوە.

هەڵوێستی ئەمریکاش دیارە، ئەمریکا دەیهەوێ ڕێکەوتننامەیەکی نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ و ئێران سنووردار بکاتەوە بەڵام بەو جیاوازیە کە نابێ بەرجام بمێنێ. ترامپ، ڕۆژی چوارشەمە، 9ی مارس/19ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی ئەو لیدوانەی دا بەڵام نەیگوت، خوای نەخواستە ئەگەر ئێران ئامادەی دانوستان نەبێ، چ ڕوو دەدا.

قسەکانی ترامپ، پێدەچێ وڵامی ئەو قسەی بوریس جانسن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا بێ کە گوتی، ئیدی ئەوە ئەرکی ئەمریکایە گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئێران بکاتەوە و ڕێگایلۆ بدۆزێتەوە.

ئاڵمان، چین، عرووس و فەڕانسە، هەر کامیان بە جۆرێک لە گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێران، خەساریان پێدەگا، عرووس دەترسێ هێڵی بۆڕیی گازی عرووس بۆ ئاڵمان گیری تێبکەوێ، فەڕانسە نیگەرانی دەیان کۆمپانیا و لە ناویاندا تووتاڵ و ڕینۆیە.

لە ئێستادا، ١٠ هەزار کۆمپانیای ئاڵمانی لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن و ئێران دەدۆشن. بەشێک لەو کۆمپانیایانە ئەوانەن کە مادەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی گازی کمیاییان بە ئیران فرۆشتووە و ئەویش داویە بە ئەسەد. لە هەمان کاتدا، ١٢٠ کۆمپانیای ئاڵمانی کە کۆڵێکیش فەرمانبەریان هەیە لە ئێران کار دەکەن و ئێران دەدۆشن. بەڵام ژووری بازرگانیی ئاڵمانیش ڕایگەیاندووە، ئەگەر بێت و ترامپ گەمارۆکان زێدە بکا، ماڵی ئاڵمان و ئابووریەکەی کاول کردووە.

هەڵوێستی ئێرانیش تا ئێستا ڕوون نیە بەڵام ئەوەی ڕوونە، دۆش داماویی ئێرانە. ئێران بەر لە چوونە دەری ئەمریکا لە بەرجام هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە لە ڕێکەوتنی ئێن پی تی دەچتە دەر. ئێستاش ماوەی ٦٠ ڕۆژ کاتی داوە بە ئوروپا کە گارانتیەک بدا بە ئێران کە بەرجام بپارێزرێ. ئێن پی تی، پەیماننامەی قۆرغ کردنی چەکە ناوکیەکانە کە لە ساڵی ١٩٦٨ـەوە لە نیوان چەند وڵات بەستراوە واتا لە دوای دوو شەڕی جیهانی.
تا ئێستا 188 وڵاتی جیهان ئەو ڕێکەوتننامەیان واژۆ کردووە. هیند، پاکستان و ئیسراییل، سێ وڵاتن کە تا ئێستاش ئەو ڕێکەوتننامەیان واژۆ نەکردووە. بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە، ئەو وڵاتانەی کە چەکی ناوکیان هەیە نابێ نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ، یارمەتیی وڵاتانی تر بدەن بۆ ئەوەی کە دەستیان بە چەکی ناوکی ڕابگا.

حەسەن ڕووحانی، ڕۆژی یەکشەمە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی ڕایگەیاند کە ئەگەر بێت و بەرژەوەندیەکانی ئێران بارێزرێ، ئەوا ئێران لە بەرجامدا دەمێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەڕەشەی توندی دەکرد، عێراقچی، جێگری پەیوەندیە ناودەوڵەتیەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە وتوێژێکی تەلەفزیۆنی گوتبووی:”ئەگەر ئەمریکا لە بەرجام بچتە دەر، ناوچە و جیهان دەشێوێنین”، بەڵام تا ئێستاش تەنیا سەردانی وڵاتانیان کردووە کە گارانتی وەربگرن کە پێدەچێ بێ ئەنجام مابێتەوە، هەم چین و کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەو وڵاتە، گارانتیان نەداوە بە ئێران و هەمیش فێدریکا موگرینی کوتی: “شانسی ئەوە هەیە کە بەرجام ڕزگار بکرێ بەڵام هیچ گارانتیەکیش نیە”،
ترامپ، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە 13ی ماری/23ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی لە تویتێکدا بە ئاماژە بە چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام، نووسی: “ئێران دەیهەویست بە هەر شێوەیەک بۆی بلوێ، ڕۆژهەڵاتی ناڤین داگیر بکا بەڵام ئیتر کار لە کار ترازا و بۆی نالوێ”.

پێشتریش سارا ساندیرز، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی 21ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی، لە لێدوانێکدا گوتی، ئێران لە سووریە هێرش دەکاتە سەر ئیسراییل و لە یەمەنەوە هێرش دەکاتە سەر سعوودی. ساندێرز گوتی: “بۆیە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین کە بە دژی ئێران هاوکارمان بن و پشتی ئەمریکا بگرن”.

بە سرنجدان بەو قسانە دەتوانین بڵێین کە ئامانجی ئەمریکا لە ئێساتدا دوو خاڵە:

یەک: سنووردار کردنی هەموو دەست تێوەردانەکانی ئێران و وزەی ئەو وڵاتە تۆ تەراتێن لە ناوچەکە و گەورەتربوونی بازنەی دەسەڵاتی ئێران.

دوو: ئیفلیج کردنی ڕژیمی ئێران لە ڕووی ئابووریەوە بۆ بەرنامە ناوکیەکانی کە ئەوە خۆی چەند خاڵی تری لێدەکەوێتەوە وەک:

یەک: زیاد بوونی گوشار بۆ سەر خەڵک لە ڕێگای چوونە سەر پارەی ئاو، کارەبا و گاز کە ئەوەش ناڕەزایەتیی زیاتری خەڵکی لە داهاتوودا لێدەکەوێتەوە.

دوو: کێشە و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕژیم کە ئێستا لە ڕاستیدا هەست بە ناکۆکی لە نێوانیان دەکرێ.

سێ: سەر بە ئێران نەمانی هێزە تیرۆریستیەکانی وەک حیزبووڵا، حەمسا، فەتح، حوسیەکان، تالیبان، حەشدی شەعبی و ناچار بوونی ئێران بۆ کشاندنەوەی زەینەبیوون و فاتمیون و …تاد لە سووریە کە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر نەبوونی توانایی مادی بۆ دابین کردنی تێچووی ئەو گرووپانە.

ئامریکا باش دەزانێ کە ئیفلیج کردنی تواناییە ئابووریەکانی ئێران بە واتای ئیفلیج کردنی ڕژیمی ئێران لە ماوەیەکی زەمەنیی ٣ تا ٥ ساڵەیە کە ئەوەش ڕەزامەندیی وڵاتانی عەڕەبی و لاوازکردنی هێزی عرووسەکان لە ناوچەکە و گەورەتر بوونەوەی هاوپەیمانەتیی ئەمریکای بەدواوەیە.

لە ئەنجامدا دەکرێ بێژین ئەگەر ئێران بە شێوەی ئێستای خۆی درێژە بە سەرەڕۆییەکانی خۆی بدات (کە ئێران ناچارە درێژە بە سەرەرۆییەکانی خۆی بدات کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پتانسیەلی سەرەڕۆیی لە ئەو ڕژیمەدا و بەپێی دروشمی هەناردەکردنی شۆڕش کە بناغەی ئەو ڕژیمەیە، پێویستیی ڕژیم بە سەرەڕۆیی بۆ مانەوە، هاتنە سەر کاری تاقمێکی یەکجار توندئاژۆ و سەرەڕۆ لەو ڕژیمەدا، پیویستیی ڕژیم بە وزەی ناوکی و چەکی بالستیک بۆ مانەوە، تاقی کردنەوەی هەموو ڕێگاکانی تر و بێ ئەنجام مانەوەیان) کەواتە ڕژیمی ئێستای ئێران لە ماوەیەکی زەمەنیی ٣ تا ٥ ساڵەدا لە ناو دەچێ، وەک بوریس جانسن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەڵێ، پێش بینی بۆ ئەوەی کە سیستەمی داهاتووی سەر کار لە ئێران چ دەبێ سانا و ساکار نیە لێ ناشتوانین بێژین هەر گۆڕانکاریەک باش و ئەرێنیە، ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە و گرنگە، کوردە کە چۆن مامەڵە دەکا، چەند ئەزموون لە مێژوو وەردەگرێ، بە کام لای نەتەوەیی یان ئێرانچێتیدا دەشکێتەوە و چەندە خۆی دەکاتە ئاوردوو بۆ ساغ کردنەوەی ئێرانی داهاتوو و سەدپات کردنەوەی ئەزموونی شکست خواردووی مێژوو بەتایبەتی ئەزموونی کوردستانی باشوور.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌