بەڕێز خالید عەزیزی دوێنی و ئەمڕۆ، لە دروشمەوە بۆ پراکتک(ڕوانینێکی ڕەخنەیی لە پەرتووکی جووڵانەوەی ئێستای کوردستان)

0
161

نووسەر: هادی عارفی

هادی عارفی
هادی عارفی

ئەم نوسینە بەشێک لە نامیلکەیەک لە نووسینی بەڕێز خالید عەزیزی یە کە ساڵی ١٣٦٥ لەژێر ناوی جووڵانوەوەی ئێستای کوردستانی ئێران و دیاری کردنی مافی چارەنووسدا بڵاو کراوەتەوە.

مەبەست لەم نووسینە، هەڵسەگاندنی کەسایەتی و هەڵوێستی سیاسیی ئەوکات و ئیستای خالید عەزیزیە چ ئەوکات لە مەوزعی کۆنەکادرێکی کۆمەڵە و ئیستا لە پێگەی کەسی یەکەمی لایەنێکی سیاسییەوەیە.

عەزیزی لەو نامیلکەیەدا سەدان گلەیی و ڕەخنە لە بزوورتنەوەی کورد لەو سەردەمەدا دەگرێ، و دەڵێ ویستی خودموختاری وەکوو دروشم و خواستێکی لاوەکی خزێندراونەتەوە ناو بزووتنەوەی کوردەوە.

خۆ ئەگەر بەشێک لە ڕەخنەکانیشی ڕەواو لە جێگەی خۆیدا بن (کە لام وایە وەک پێشەکییەک بۆ بابەتی سەرەکی خۆی کەڵکی لێ وەرگرتووە کە کوتانی حیزب و دوکتور قاسملوویە)، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە وەرچەرخانی ١٨٠ پلەیی لە وتە و هەڵوێستەکانی ئیستا و ئەوکاتی بەڕیزیان بۆ چ مەبەستێکە. ئاخۆ ئەو وەرچەڕخانە بە واتای ناجێگیربوون و ناسەقامگیریی ئەخلاقی لە دنیای سیاسیەتدا نییە؟

کاک خالید لەو نامیلکەیەدا دنووسێ:

“قسە کردن لە خودموختاری تەبلیغی ئەوە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس یانی خودموختاری و ئوتۆنۆمی، یانی پشت کردن لە هەمووی ئەو ئوسووڵ و پرەنسیپانە یانی پەروەردە کردنی جوولانەوە بە ئەدەبیات بە دروشمی لاوەکی، یانی تورمز کردنی جووڵانەوە لە پێناو دابین کردنی دروشمی حیزبی و بەس”. ل، ٤ پاراگرافی یەکەم

با بزانین جووڵانەوەی کوردستانی ئێران لەپێناو دیاریکردنی چارەنووسدا لە چ قۆناغ و دۆخیکدایە: جووڵانەوەی ئێستای کوردستانی ئێران لەسەر درووشمی دیمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بو کوردستان خۆی گرتووە، دروشمی هەر دوو هێزی جوڵانەوە حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە هەر ئەوەیە، هەرچەندە هەر دووی ئەو حیزبانە لە لاپەڕەکانی  بەرنامەی خۆیاندا باسی مافی چارەنووس دەکەن، بەڵام لە دروشم و تاکتیک و ستراتژی  ئەدەبیاتێک کە تەبلیغی بۆ دەکەن و دەیبەن بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک، سەرتاپا لەگەڵ مانا و مەبەستی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد جیاوازیی هەیە و یەکناگرێتەوە. پاراگرافی کۆتایی ل، ٤

گریمان ئێستاش  دیاری کردنی مافی چارەی خۆ نووسین خواستی کاک خالید بێ، بەڵام ئاخۆ مافی دیاریکردنی چارەی خۆ نووسن بە دیسکۆرسی بەناو “ئیسلاحتەڵەب”ی هەتا چەندە جێ بە جێ دەکرێ؟ لە ئیختیار دانانی تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ بۆ کۆنە پاسدارە چەک بەدەستەکانی دۆێنێ و ئیسلاح تەڵەبە قەڵەم بەدەستەکانی ئەمڕۆ لەخزمەت دیاری کردنی مافی چارەی خۆ نووسین‌دایە؟ ئاخۆ بانگەشە کردن بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان و بە فەرمی ناسینی قەسیم عوسمانییەکان وەکوو نوینەری شارەکان کە بەرئەنجامی دەنگی خەلکی ناوچەکانی خۆیان بن! لە خزمەت دیاری کردنی مافی چارەی خۆ نوویسندایە؟

لە درێژەی نامیلەکەکەیدا دەنووسێ وشەی خودموختاری و ئۆتۆنۆمی وەکوو دروشمێکی لاوەکی و خزێندراو لەناو جوڵانەوەی کوردستان، زۆرتر دروشمی حیزبە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە بۆ چارەسەریی مەسەلی کورد و لەو وڵاتانەدا. لە ئێرانیشدا کاتی خۆی  حیزبی دتوودەی ئێران بۆ ئەوەی لە هێزی گەلی کورد کەلکی وەرگرتبێ، مافی چارەنووسی لە خودموختاریدا ناساندووە و کردوویە بە سوننەت و لە روانەگی جەپی ئێرانی و دێمۆکرات و کۆمەڵەوە مافی چارەنووس لە شکڵی خودموختاریدا تەفسیر دەکرێ. پاراگرافی کۆتایی ل، ٥

با قسەکانی کاک خالید کە ئەوکات وەکوو کۆنە کادرێکی کۆمەڵە و چ ئێستا وەکوو “کەسی یەکەم”ی گرووپێکی سیاسی لە بەرامبەر یەکتردا دابنێین و بەراوردیان بکەین. کاک خالید ئەوکات  سەرەڕای ئەوەی حیزبی دێمۆکرات بە ئێرانچیەتی تۆمەتبار دەکات و تەنانەت کوردستانی بەبێ یەک بست کم ناوێ، بەڵام بۆخۆی ئێستا هاتۆتە سەر داخوازییەک کە لاوازترین حیزبی کوردی دژایەتی ناکات. خۆ لە کەس شاراوە نییە لە پەیامی نەورۆزیی ٩٥دا بووی نوینەرانی مەجلیسی ئیسلامیی کردە نوینەری راستەقینەی خەلكی کورد و گوتی “ئەگەر ئیستا ئەوان لە مەجلیسدا هەن لە ئەنجامی دەنگی ئەو خەڵکی ناوچەکانی خۆیانە کە لە مەجلیسن و ئەرکی نەتەوەییشیان دەکەوێتە سەرشان”.

ئێستا جێگەی خۆیەتی کاک خالید ئەگەر ئەمڕۆ لە میدیاکاندا بەردەوام لە لقێکەوە بۆ لقێکی‌تر باز ئەدات، پێویستە ئەوە بزانێ کە جیلی ئێستا و داهاتوو وشە بە وشەی قسەکانی دەخەنە بەر زەڕەبین و دەپرسن ئەدی کوا تۆزێ جهانبینی و مەنتق و واقعبینی لە دنیای سیاسەتدا. ئاخۆ ناپرسن ئەو هەڵوێستەی ئێستا و ئەوکاتی جەنابت ئاماژە بە ناسەقامگیری لە هەڵوێست و هەڵوێستەی سیاسیی ئێوەیە؟

ئەدی چۆنە ئەوکات دیاری کردنی مافی چارەنووس و کۆی خاکی کوردستان بەبێ یەک بست کەموکەسری داخوازیی کاک خالید بووە، بەڵام ئیستا هەوڵدان بۆ ئازادکردنی گوندێک لە توانای هێزی هەموو حیزبەکاندا نابینێ؟

بەڕێزی لە نوویسنەکەیدا بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: “جووڵانەوەی  کوردستانی ئێران لەماوەی چل ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لەژێر تەئسیر و بۆچوونەکانی حیزبەکانی ئیرانی و شۆڤێنیزمی ئێرانیی حیزبی توودەدا بووە، هەرچەندە ئەو کاتە حیزبی دێمۆکرات نەچووە ژێر باری ئەو بۆچوونەی حیزبی توودە، بەڵام ئیدی نەشیتوانی مەرزبەندی لەگەڵ شوێنەواری شوڤێنیزمی ئێرانیدا بکات. تەنانەت رۆژ بەڕۆژ لە مەبەستە سەرەکییەکان و ئوسولیجوولانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دوور دەبێتەوە”. پاراگرافی یەکەم ل، ٦

کاک خالید ڕەخنە لەوە دەگرێ کە بۆچی کوردستان لەو کاتەدا وەکوو سەنگەری ئازادیخوازانی ئیران ناوبردراوە. لە درێژەدا دەڵێ هەموو ئەو حیزبانە  بە چەپەکانیشەوە هەموو کە لە جمهووریی ئیسلامی نائومید بوون و کۆماری ئیسلامی هێرشی کردنەوە سەر، کوردستان بۆ ئەوان بوو بە سەنگەری ئازادی، لە کاتێکدا ئەوان دژی مافی دیاریکردنی چارەی خۆ نووسین بوون. دیسان لێی زیاد دەکا و دەڵێ رەنگە زۆر کەس ئەو دروشمەین پێخۆش بی و بە شانازییەوە تەبلیغی لەسەر بکەن. بەڵام ئەو جۆرە دروشمانە لەناو جووڵانەوەی کوردا نیشانەی دواکەوتووی، دونباڵەرەویی لە شۆوێنیستەکانە.  پاراگرافی کۆتایی لاپەڕەی ١٣

ئەو وتە و ڕەخنەی کاک خالید ئاماژەیە بەو قسەیەی دوکتور قاسملوو کە لە وتارێکیدا دەلێت: ئێستا تەنیا کوردستانە دژی ڕژیمی خومەینی ڕاوەستاوەو بەداخەوە دەتوانم بڵێم کە کوردستان بۆتە سەنگەری ئازادیخوازانی ئێران.

هاتنی ئەحزابی وەکوو چریکەی فیداییەکان و هەتا ڕادەیەکیش موجاهیدن و حیزبی کۆمۆنیست و (دواتریش خۆسەپاندنی بەسەر کۆمەڵەدا)، ئەوە بە ویستی خەلکی کوردستان و حیزبی دیمۆکرات نەبووە، بەڵکوو ئەوە هەقیقەتی ئەو مەسەلەیە بوو کە شۆڕشگێڕیی خەلکی کوردستان کە لەژیر گوتاری حدکادا بوون، خەڵکێکی ڕاپەڕیو و لەسەنگەردا بوو.

بەڵام کاک خالید ئەوەی بە غەدر زانیوەو بەپێی قسەکانی بەڕێزیان، دەبوایە حیزبی دیمۆکرات شەڕی ئەوانەشی بکردایە، چونکە لە سەرەتاوە هەمووی ئومێدیان بە کۆماری ئیسلامی بوو. بەڵام بە سەرنجدان بەو قسانەی بەڕێزیان و ڕەوتی ڕووداوەکان و پرسی مەسەلەی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای ئینقلابدا بە چ پرۆسەیەکدا تێپەری، جوان ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە بەڕێزیان لە دەرەوەی ئەوکاتی کوردا بەسەریان بردووە. دەنا لە کەس شاراوە نییە کە خودی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هیچ ماهییەتێکی ڕوونی نەبووە.

لەدرێژەی نامیلکەکەیدا بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: “وشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر مەزهەب دەبێ بەشێوەیەک بێت کە نابی وەکوو حیزبی دیمۆکرات ئەوندە راستڕەو بیت کە پاش هاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی تەنانەت ئەسلی جیایی دین لە دەوڵەت ل ەبەرنامەی خۆیدا هەڵگری و پاشی رابگەیەنێ کە پشتیوانی لە مەراکزی مەزهەبی و دینیی خەڵک دەکات و ئیمکاناتیان لە ئیختیاردا دادەنێ.

دیسان کاک خالید لێرەدا لە پێگەی کۆنە کادرێکی کۆمەڵەوە دەیهەوێ حیزبی دیمۆکرات بەگژی خەڵکەکەی خۆیدا بکاتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە سەدا ٨٠ی نەتەوەی کورد پەیڕەوی لە ئایینی ئیسلام دەکەن، تەنانەت خۆ بەشێکی رێبەرایەتیی ئەوکاتی حدکا لە حوجرەکاندا دەرسی مەلایەتییان خوێندبوو و یان لانیکەم باوەریان بەو ئایینە هەبوو.

بەرێزیان دەنووسێ : “داگیرکەرانی کوردستان بەباشی هەستیان بە ریشە و واقعەتی مێژووی جووڵانەوەی کورد کردووە و بەهێزبوونی جووڵانەوە راستەوخۆ بە خەرەوری خۆیان دەزانن، ئەوان تا ئەو جێگەیە بزانن بە پیلانگێڕی، یەکیەتیی ریزەکانی جوولانەوە تێک ئەدەن و پڕش و بڵاوی دەکەن. ل ١٩

لێرەشدا زۆر پێویست بە درێژدادری ناکات، تەنیا ئەوندە بەسە بڵێین کە ئەگەر پێویست بە یەکڕیزی هەبوو یەکم: بۆچی ئینشعابتان کرد؟ دووەمیش: “ئاوڕێک لە تەنیا چەند وتە و دیمانەی تەلەفزیۆنی لە هەلبژاردنەکانی ٧ی رەشەمەوە بدەوە هەتا دوایین قسە کردنتان لە تەلەفزیۆنێکی باشوور و دژایەتی کردن لەگەڵ حدکا، ئینجا ویژدان بکە بە قەزاوەت و بڕیار بدە.

ئەو بەرێزە لە پێگەی کۆنە کادری کۆمەڵەوە دەنووسێ : حێزبی دێمۆکرات کە لەسەر یەک ناتوانێ جوابدەری داخوازیی پێشکەوتوانەی کۆمەڵانی خەلک لەناو جووڵانەوەدا بێم بە کەلک وەرگرتن لە دواکەوتوویی خەلک تێ دەکۆشی لە ئاڵوگۆڕی تازە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا بەرگری بکا”. ل ٢٠ ، پاراگرافی یەکەم

بەپێی قسەکانی بەڕێزیان ئەم پرسیارە دیتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەو گرووپەی کە بەرێزیان نوینەرایەتی دەکەن پاش ئینشعاب لە حیزبی دیمۆکرات بوونەتە کام داخوازیی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵانی خەڵک؟ ئاخۆ ئەرک خستنە سەر شانی شۆرای شار و گوندەکان ئەو پێشکەوتنەیە؟ ئاخۆ ملکەچبوون بە اددەی ١٥ و ١٩ جوابدەربوون بە داخوازیی پێشکەوتوانەی کۆمەڵانی خەلکە لە ناو جووڵانەوەدا؟

لە کۆتاییدا ئەرک دەخاتە “سەر شانی رووناکبران و نووسەران کە بەربەرەکانێ لەدژی هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی  نادروست و لادەرانە لە مافی چارەنوسی گەلی کورد بکەن، حەوڵ بدەن کە گەلی کورد شارەزایی و زانیاریی زۆرتری لەسەر مانای مافی چارەنووس پی بدرێ”. عەزیزی لێی زیاد دەکا و دەڵێ: “دەبێ حەول بۆ راماڵینی هەرجۆرە دروشمێکی لاوەکی و بێگانە و کۆن (مەبەستی عەزیزی خودموختارییە) لەسەر ئەساسی پەروەردە کردنی کۆمەڵانی خەڵک بە ئەدەبیاتی جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان لە باری دروشم و ستراتیژەوە ئەرکی رووناکبیرانە”.

دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە ئاخۆ خودموختاری دروشمێکی لاوەکی و و بێگانەیە یان ڕازی و ملکەچ بوون بە ماددەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتیی ڕژیمی خومەینی؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە