بەرخۆدانی عەفرین و قەسیدەیەکی  بەژن کەسک

0
35

نووسینی: هۆمەر نۆریاوەیی

وشەی بەرایی:

چه‌مکی ئه‌ده‌بی به‌رخۆدان وه‌ک ده‌سته‌واژه‌، چه‌مکێکی نوێیه‌ و مێژووه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ کۆن نییه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بکرێت بڵێین مێژووی ئه‌ده‌بی به‌رگری، ئه‌وه‌نده‌ی خودی دیرۆکی ئه‌ده‌ب، کۆنه‌. ڕاسته‌ ئه‌ده‌بی به‌رخۆدان زۆر جار باس له‌ ئازار و مه‌ینه‌ت و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی گه‌لان ده‌کات لێ، ناچێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی پووچگه‌راییه‌وه‌ به‌ڵکوو وره‌ و ئیرادە وه‌به‌ر دڵان ده‌نێت و هیوا و ئومێد دروست ده‌کات و جه‌ماوه‌ر بۆ به‌رگرییه‌کی ڕه‌وا له‌ دۆزی گه‌ل و نەتەوەکەی خۆ ته‌یار ده‌کات و ئاستی وریایی و وشیاریی جه‌ماوه‌ر به‌رانبه‌ر مافە ڕەواکانی گه‌ل به‌رزتر ده‌کاته‌وه‌ و هەروەها گه‌ل هیوادار ده‌کات به‌ داهاتوویه‌کی پرشنگدار. شێعری به‌رگریی یان به‌رخۆدان لە ‌ناو گه‌لانی سه‌رزه‌ویدا خاوه‌نی دیرۆک و مێژوویه‌کی دوور و درێژه‌ و گه‌لانی بنده‌ست له‌ ڕێی شێعره‌وه‌ په‌یامی میلله‌ته‌که‌ی خۆیان بۆ جیهان گوێزتۆته‌وه‌. “فدریکۆ گارسیا لۆرکا”ی ئیسپانیایی(1936-1898)،  نازم حیکمه‌ت”ی تورک (1902-1963)،”پابلۆ نێرۆدا”ی شیلیایی (1970-1922) و “غه‌سسان که‌نه‌فانی”،شاعیری فه‌له‌ستینی(1936-1972)لە سیما هەرە دیارەکانی نێو ئەدەبی بەرگریی لە ئاستی جیهاندا دێنە ئەژمار.

کوردیش، یه‌ک له‌ میلله‌تانی بێ کیانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌ که‌ شێعری کردۆته‌ چه‌کێکی کارا بۆ ده‌ربڕینی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی خۆی و ئه‌م کاروانه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می خانی،حاجی قادری کۆیی،قانع،جگه‌رخوێن و…ه‌وه‌ تا شێرکۆ بێکه‌س،ڕه‌فیق سابیر،له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،عه‌بدوڵڵا په‌شێو،دڵشاد مه‌ریوانی،جه‌وهه‌ر کرمانج و …ه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌بووه‌ و ئێستایش ئه‌م ڕه‌وته‌ هه‌ر ڕووی له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و ڕووبەری ئەدەبی بەرگریی کورد لێوانلێوە لە شێعری باڵابەرزی شاعیرانی وەک هێمن،شه‌ریف حسێن په‌ناهی،جه‌لال مه‌له‌کشا،مارف ئاغایی،ڕه‌حیم لوقمانی و… . ده‌یان کاره‌ساتی سه‌ر کورد هه‌ر له‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و چه‌ندین مه‌رگه‌ساتی وه‌ک کۆمه‌ڵکوژییه‌وه‌ تا دۆخی ئێستای شنگال و کۆبانێ و عەفرین،‌ هه‌مان ڕاستیی ده‌سه‌لمێنن. له‌ ناوخۆشدا شێعری به‌رخۆدان، هه‌میشه‌ گوڕ و تین و ته‌کانێکی به‌ شۆڕش و خه‌بات و ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کورد به‌خشیوه‌ و وره‌ی پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتکار و گه‌ریلا و شه‌ڕڤانی چه‌ند هێنده‌ به‌رز کردۆته‌وه‌. نموونه‌ی هه‌ره‌ ڕوونیش شێعری هه‌فتا و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوو که‌ شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ی ناو سه‌نگه‌ر،ده‌وری ده‌بینی. ئه‌م ڕه‌وته‌ نهاش بۆ شنگال و کۆبانێ و عەفرین دووپات ده‌بێته‌وه‌ و که‌م شاعیر و هۆزانی کوردت پێ شک دێت که‌ خاوه‌نی لانیکه‌م کۆپله‌یه‌کی شێعریی به‌م بۆنه‌وه‌ نه‌بێت. سه‌رباری ئه‌وەیش ده‌وری ڕاگه‌یاندن ئێستا له‌ گوێزتنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤان و گه‌ریلای کورد زۆر به‌رچاوتر له‌ ڕابردوویه‌ که‌ پێشتر ،ته‌نیا ڕادیۆ و بڵاڤۆک ئه‌و ئه‌رکه‌ی ڕاده‌په‌ڕاند.

هاواری بڵندی بەرگری لە قەسیدەی “هەستێو پەی عەفرینی”

“کەیهان عەزیزی”یەکێکە لە دەنگە نوێیەکانی پانتایی شێعری هاوچەرخی کوردی لە دەڤەری هەورامان کە لە مێژە ناخەکەی بەری کوردی دەگرێت و بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و ورد بۆ تۆرەی کوردی، نها خاوەنی دەنگ و ڕوخساری تایبەت بە خۆیەتی و بە وشیارییەوە دەست بۆ پێنووس دەبات. شاعیر، لە دوو دیالێکتی زەنگینی زمانی کوردیی(کوردیی نێوەڕاست و هەورامی)دا توانای شێعریی خۆی تاقی کردۆتەوە و لە ڕێی زمانێکی پاکژ و دەوڵەمەندەوە ،وێنە و تابلۆی نیگارینی شێعریی دەئافرێنێت. لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لەسەر جیهانە شێعرییەکەی ئەم شاعیرە دەرفەتی تایبەت بە خۆی گەرەکە و نووسەری ئەم دێڕانە لێرەدا نایەوێت خۆی لە قەرەی ئەو پرسە بەرفرەوانە بدات و هیواخوازە لە ڕێی وتارێکی جیاوازەوە، ماف و حەقی تەواوەتی بەم دەنگە شێعرییە بدات. ئەوەی لێرەدا مەبەستە، پتر لاکردنەوە و سووکە ئاوڕدانەوەیەک دەبێت لە نوێترین شێعری ئەم شاعیرە کە قەسیدەیەکی شێعرییە و ڕووی لە دارزەیتوونەکانی بەرخۆدانە.

قەسیدەی شێعریی “هەستێو پەی عەفرینی”، بۆکڕووزی دڵی شاعیرێکە ناڵەی تێکەڵ بە هاواری بڵندی پیری مەزنی هەورامان “پیرشالیار” دەکات و هەر هەموو دار و بەردی هەورامانەکەی ڕادەچڵەکێنێت و دەیەوێت لە هەورامانەوە دەنگ هەڵبڕێت و بە عەفرین بڵێت ،تەنێ نییە و چاوی هەر هەموو هەورامان و بگرە کوردستانەکەی، ڕووی لە بەرخۆدانی ئەو ناوەی ڕۆژاوای نیشتمانە. شاعیر لە هەمان سەرەتای قەسیدە شێعرییەکەدا عەفرین بە دار و درەختێکی کەسکی کوردستان دەچوێنیت کە بەرەکەی هەست و نەست و کیژی بەرخۆدانە.ئەم قەسیدە شێعرییە بە ڕووبەری هەر هەموو جوگرافیا، مێژوو، شۆڕش، فۆلکلۆر، پەندی بەرینان، ستران و گۆرانیی و تۆرە و ئەدەبی کوردییدا دادەگەڕێت و جارێ، گوڵی گەرمیانی ناخ لە یەخەی عەفرین دەدات و جارێکیش، کوڵی دڵی موکریانی ڕەنگین بۆ ڕۆڵە نەبەزەکانی ئەوێندەرێ وەترپە دەکەوێت و  سۆراخێکی “هەژار” و “بۆ کوردستان”ەکەی دەگرێت کە چلۆن لە “هەنبانە بۆرینە”دا واتا و مانایەک بۆ عەفرین بدۆزێتەوە کە پڕ بە پێستی بێت:

یا خودا هەر کەسێ کوردی خۆش نەوێ

وەک پووشی پووشپەڕ بە ڕوودا کەوێ”

(بۆ کوردستان، هەژار،چاپی چوارەم،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،هەولێر،2001)

جاری وایشە هاواری عەفرین تا بە ئیلام و کرماشانی دێرین دەبات. دیارە شاعیر تەنیا نایەوێت بە چەند وێنەی شێعریی و تابلۆی خەیاڵاویی و مێتافۆر و خوازەیەک، هاوارە پەنگخواردووەکەی ناخی بگوێزێتەوە بۆ عەفرین. ڕەنگە ئەوەی خوێندنەوەیەکی ورد و باشی بۆ سەرپاک سامانی چاندیی کورد نەبێت، نەتوانێت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و نزیک لەگەڵ ئەم قەسیدە شێعرییەدا بەرقەرار بکات. چونکە شاعیر بەردەوام وەک پەپوولە بە دەوری هەر هەموو گوڵە ڕەنگاڵەییەکانی نیشتماندا دەسووڕێتەوە و لە شوێنێکەوە ئارام ناگرێت. ئەم بێقەرارییەی شاعیر، قووڵایی ئەو ڕەوشە دڵتەزێنە بۆ خوێنەر دەردەخات کە کورد ئێستا لە ڕۆژاوادا بەدەستیەوە ناڵانە و ناڵەی تا بە عەرش دەگات.

کەیهان عەزیزی، شاعیرێکی دەروەست و خودان هەڵوێستە و نیشتمان لە هەر هەموو پەیڤە شێعرییەکانیدا هاژەی دێت و بە گریانی هەر زارۆکێکی نیشتمانەکەی و بە ئەسرینی هەر دار و دەوەنێکی وڵاتەکەی، زمانی شێعریی ئەمیش بەکوڵ دەگریت و هەرگیز خۆی تەنێ بە شێعری ڕووکەشەوە سەرقاڵ ناکات و لە پەنا بایەخدان بە فۆرم و شێواز و تەکنیک، شاعیرێکی بە هەڵوێستە و لە هەمبەر هەر بویەر و کارەساتێکی سەر نەتەوەکەیشی، هاواری بەرزە و هەرگیز ناتوانێت شێعرەکەی لە نەتەوەکەی جیا بکاتەوە. لەم ڕێگەوە دەیەوێت سووچێک بۆ خۆی لە ئەدەبی بەرگرییدا تەرخان بکات.

عەفرین، لای شاعیر لە کۆپلەیەکدا دەبێتە گومبەزەکەی پیرشالیار، کە سەوز سەوز کڵپە دەکات و دەناڵێنێت و بە دەم عاجیزیی و بێئۆقرەییەوە ڕوو لە  کرماشان دەنێت و سۆراخی دەگرێت و پێی دەڵێت ،من لێرەوە ئاگام لێتە و تۆ بە تەنیا نیت. کەچی دواتر عەفرین، هەر خۆی دەبێت بە ئاو و تینوویەتی نیشتمانە گڕگرووتەکەی دەشکێنێت و هیوا بۆ دڵان دەگوێزێتەوە. لەم کۆپلە بەپێزە شێعرییەدا شاعیر مژدەی کەوتن و سەرشۆڕیی ناحەزان و بەهارێکی گەشمان پێ دەبەخشێت. تۆ بنۆڕە شاعیر چلۆن بە زمانێکی ئاهەنگین و ناسک و سادە و ساکاری شێعریی ئەم هەستە دەگوێزێتەوە:

عەفرین ئاویەنە

هەر وڵاتێ دڵو ئاوێ ماڕاۆ

سینەو گۆراڵا مەکەرۆ بۆ

هەندێک جاریش ،عەفرین خۆی ڕێواسەکەی “کەلیخان”ی بانەی وڵاتە و مژدەی سەوزی بەهار و ژیانەوە دەبەخشێت و ئەوەی تامی بکات،هەرگیز لێی تێر نابێت.

عەفرین ئارۆ ڕیواوەو کەلی خانیەنە

هەر وڵاتێ نامێش بەرۆ

وێحەن دەمش ئاوی کەرۆ

هەر ئەم عەفرینە ئاورینە ،لای شاعیر هەمان “بابەگوڕگوڕ”ی کوردانە و ئەڤینێکی قووڵ بە دڵ دەبەخشێت و ورەی گەل بەرز دەکاتەوە. دەڵێت، کوردە گیان، دەزانم لە کەرکووکدا چییان دەرحەق نەکردوویت! بەڵام پاش ئەم هەموو مێژووە تاڵە ،عەفرین هاوڕێی “جگەرخوێن” بە ڕێی تەلبەندکراو و سنووری دەستکرددا بە هەموو هەورامانی نیشتماندا دەگەڕێت و قەرەبووی بێتاقەتی ئەم گشت غەدرە دەکاتەوە و لێرەوە باسکی هیممەت هەڵدەماڵێت و بە هانای گەلە لێقەوماوەکەیەوە دەچێت و کولێرە مەژگەی هەورامان مەتەرێز بە مەتەرێز بەسەر هێزی بەرگریکاری گەلەکەیدا دابەش دەکات و پەیامی داکۆکیی هەورامان دەگوێزێتەوە. شاعیر لەم قەسیدە شێعرییەدا دەچێتە لای پێشەواکەی کوردان و “قازی” لە “چوارچرا”وە ،پەیامی گەڕانەوەی ڕووگەی کوردان بۆ ئامێزی نیشتمان و سەرکەوتن ڕەوانەی عەفرین دەکات. فرەی پێناچێت دوور دوورتر دەڕوات و دەبێتە “مەحموود خانی دزڵی” و بۆ داکۆکیی لە “شێخی نەمر” ملی ڕێی ناهەمواری ڕۆژگار و “دەربەندی بازیان” دەگرێتە بەر.  تووڕەیی شاعیر ئەمجار لە دەست مرۆی بێویژدانی بە ناو شوێنکەوتەی ئایینە و یەخەی دەگرێت و زمانی تیر و توانج دەکار دێنێت و پێی دەبێژێت،ئەردۆغان،دە دوو ڕکات وانەی ئازادی بخوێنە.

هەی ئەردۆلە!

شەوانە ،جیاتی شەریعەتو غەدری

دوێ ڕەکاتێ ئازادی وانە

شاعیر کە ئیتر لە هەمبەر ئەم هەموو غەدر و ستەمکارییە دۆش دادەمێنێت، هیچ ناوەستێت و ڕوو لە ڕستەیەکی کورتی شێعریی شاعیری مەزنی کورد “شێرکۆ بێکەس”دەنێت کە دەڵێت:

“مامە ڕیشە!

ئەی پڵنگی چنگ بە گڕی گەرمیانم!

(شێعری کوڕی بابە گوڕگوڕ،دیوانی شێرکۆ بێکەس، بەرگی دووەم) و داوای یارمەتی لە پڵنگە ئازاکەی گەرمیان”دەکات و لای گلە لە کاڵفامیی مرۆی کوردی ئەم سەردەمە دەکات و دەیەوێت هاوڕێی “دڵدار”،جارێکی تر سروودی “ئەی ڕەقیب” بچڕنەوە. شاعیر بە سوار هەسپی خەیاڵەوە پەنا دەباتە بەر مەنزەڵەکەی بیرمەندی مەزنی کورد “مەسعوود محەممەد” و گلە لە سیاسییەکانی کورد دەکات و لێی دەپاڕێتەوە بە هزر و بیری قووڵی خۆی ڕێکارێک بۆ ئەم پەرتەوازییەی کورد بدۆزێتەوە. ئیتر لێرە بە دواوە هانا بۆ ئیلام دەبات و پێی دەڵێت،عەفرین چەمەڕاتە. بە سیروان دەڵێت، دە وەرە و خێڵی کوللە ڕاماڵە. لەو لاشەوە ڕووی زارە شێعریییەکەی لە گەلەکەیەتی و گلە لە بێگانەپەرستی و کرمی ناوخۆ و دووبەرەکی دەکات و تا بەر مەنزڵەکەی حاجی قادر دەچێت و لێی دەپاڕێتەوە کورد لەم ڕەوشە هەژێنەرە دەرباز بکات. شاعیر جاری وایە زمانە شێعرییەکەی لە “پەشێو”ی مەزن نزیک دەبێتەوە و پەنا بۆ دەستەواژەی شێعریی نزیک لە هەناسە شێعرییەکەی ئەم شاعیرە دەبات کە دەڵێت:

“کە من کەر بم، بارەبەر بم،

کورتان لە پشت، هەشبەسەر بم،

فەرقی چییە؟ دەرد هەر دەردە،

کەری تۆ بم، یا هی جەردە!”

(شێعری دێوەرە و کەر،هەسپم هەورە و ڕکێفم چیا،عەبدوڵڵا پەشێو،چاپی یەکەم کوردستان،2006)

لە کۆتایی ئەم قەسیدە شێعرییەدا تابلۆی “بارین” دەخاتە بەر دیدە و دەیباتەوە لای  شێرە ژنەکەی دیرۆکی خوێناویی کوردان”لەیلا قاسم”(1952-1974) و هۆن هۆن ئەسرینی شێعریی هەڵدەوەرێنێت و بەراوردکردێک لە نێوان ژنە پێشمەرگەی شەهید “لەیلا قاسم”ی بەعس بەزێن و “بارین کۆبانێ”ی ئەردۆغان بەزێندا دەکات.

بارین! ئەی خاتوونەو وڵاتەکەیم

باڵێ گێرە مەتەرسە لوە

چا سەری سەرۆ،

لەیلا قاسم چەمەڕات کەرۆ

ئەنجام:

شێعری “هەستێو پەی عەفرینی”،قەسیدەیەکە پڕیەتی لە هێما، ڕەمز و سیمبۆل و وێچواندن و گەلێک دەستەواژەی نوێی شێعریی کە هەر کامە و لە شوێنی خۆدا چێژبەخشە و باڵای شێعرەکە بڵندتر دەکات. ئەم شێعرە لەسەر کێشێکی ئاهەنگین دەچێت و تێکەڵ بە زمانێکی مۆسیقاییی لەبەردڵانە و وەک ئاوێکی خوڕ هاژەی دێت و دەڕوات. هۆنراوەکە بە زمانێکی پاکژ و سادە و خۆمانە نووسراوە و پڕ پڕی وێنەی جوانە و بە دەکارهێنانی گەلێک دەستەواژە و پێکهاتەی نوێی شێعریی وەک میوەی عاتیفە، کچی بەرخۆدان، کڵپەی سەوز، پێڵاوی با، سینگی هەڵاڵە، پەنجەی سێو و…،قورسایی پتر بە شێعرەکە دەبەخشێت.

مەلی خەیاڵ، لەم شێعرەدا ئامادەبوونێکی بەردەوامی هەیە و هەر ئەم خاڵەیش سەنگی شێعرەکە بەرزتر دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەسەرکردنەوەی مێژووی کارەساتباری کورد و ڕۆشنایی بەخشین بە سیما درەوشاوەکانی نێو تۆرەی کوردی، وشیاریی بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە و دنەی دەدات ئاوڕ لە بەرهەم و نووسینی ئەو کەسایەتییە پرشنگدارەی نێو دیرۆکی خۆی بداتەوە.

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی نێو ئەم شێعرە کە گەر بکرێت بە لاوازیی ناودێری بکەین، جۆرە هەڵچوون و تووڕەبوونێکی پێوە دیارە کە ڕوون و ئاشکرایە هەڵچوونەکەیش ،تووڕەبوونێکی شاعیرانەیە و شاعیر لە پێناو گلدانەوە و پاراستنی دەسکەوتەکان و بگرە بستێک خاک و خۆڵی نیشتمانەکەیدا، زمانی سیاسییانە دەکار دێنێت و تیری شێعرەکەی دەگرێتە سینگی داگیرکەران و ئەم جۆرە هەڵچوونەیەیش لە نێو شێعری بەرگرییدا، پێموابێت هەڵچوونێکی ڕەوا بێت کە لە نێو چوارچێوەی بەرخۆدانێکی پیرۆزدا خۆی بەرجەستە دەکات.

لە ڕاستیدا قەسیدەی شێعریی “هەستێو پەی عەفرینی”، شێعرێکی بەژن بڵندە و بۆ قوتارکردنی باژاڕێکی نیشتمان ،دەستەوداوێنی هەر هەموو دار و بەردی نیشتمانەکەی دەبێت و یەکێکە لەو هۆنراوە بەپێزانەی دەچێتە خانەی شێعری بەرگریی و لەسەر نووسەر و توێژەرانی ئەدەبیییە، ئاوڕی ڕاستینەی لێ بدەنەوە و وردتر ڕاڤەی بکەن.

بۆ وتن دەشێت کەیهان عەزیزی، دەنگێکی نوێخوازی نێو ڕووبەری شێعری هاوچەرخی کوردی لە دەڤەری هەورامانە کە ساڵی 1354ی هەتاویی(1975) لە باژاڕی “نەوسوود”ی سەر بە شاری پاوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لەبەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەو سەردەمە، تا ساڵی 1367(1989)ئەو هەلەی بۆ ناڕەخسێت بچێتە خوێندنگه. هاوتەمەنەکانی لەو ساڵەدا لە پۆلی حەوتەمی سەرەتاییدا دەبن کەچی ئەم، مخابن ڕەوشی ئەو ساڵانەی ناوچەکە، دەرفەتی بۆ خوێندن پێ نابەخشێت. هەر بۆیە بەو ساڵانە هاوڕێی گەورەساڵانی نەخوێندەوار ڕوو لە ئەکابر(بنکەی فێرە خوێندن و نووسینبوون بۆ گەورەساڵان)دەنێت و لەبەر شۆقی فرەوانی بۆ خوێندن، لە ماوەی حەوت-هەشت ساڵدا دیپلۆم وەردەگرێت. لە نێوان ساڵانی1998-1997( 1376-1375ی هەتاویی)لەبەر کێشەیەک کە پاش مەرگی مامۆستا مەلا “محەممەد ڕەبیعی”(1932-1996) بۆی دێتە ئاراوە، ناتوانێت بەشداری تاقیکارییەکەی زانکۆ(کونکوور)بێت. بۆیە ملی خزمەتی ئیجباری دەگرێتە بەر و پاش ئەوەیش ڕێی دەکەوێتە زانستگەی تەورێز و بەشی فەلسەفەی ڕۆژاوا لەو زانکۆیەدا دەخوێنێت. ئیدی لەو دەمە بەدواوە، کتێب دەبێتە یەک لە دۆست و هاوڕێ نزیکەکانی. دواتر زمانی شێعریی دەپشکوێت و خامەی پێنووس دەگرێت و دەیان وتار و نووسینی لە گۆڤار و بڵاڤۆکی ئەمدیو و ئەودیودا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. هەروەها لە گۆڤاری “ئاوەز”ی زانستگەی تەورێزدا دەورێکی کاریگەر دەبینێت. هەتا هەنووکەیش دوو بەرهەمی چاپ و بڵاو بۆتەوە. یەکەمیان ،بەرهەمێکی شێعرییە بە ناوی “نمەنمە کەی ئەکاتە باران” و بەرهەمی دووەمی “مەولەوی و عیشقی ئەفلاتوونی”یە کە دەچێتە خانەی توێژینەوەی ئەدەبیییەوە. دیسانەوە ،چەندین بەرهەمی دیکەی ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەن. هەروەها کەیهان عەزیزی، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی “بنکەی قەڵەمی هاوچەرخی کورد” لە پاوە و بە خامە و پێنووسێکی باشی ئێستامان دادەنرێت و دەنگێکی بوێری پانتایی ڕۆشنبیریی لە ناوچەی هەورامان دێتە ئەژمار و جێ پەنجەی بەسەر چەندین ڕەهەندەوە دیارە.

 ***

هەستێو پەی عەفرینی

کەیهان عەزیزی

عەفرین ئارۆ،

درەختێوا جە کوردستان

مێوەش عاتیفە و

کناچێ و مدرامان.

عەفرین ئارۆ،

پێسەو گومبەزەکەو پیرشالیاری

سەوز کڵپە کەرۆ.

عەفرین ئارۆ،

چەوپەڕوو سنوورو کوردستانی

بە چەمێ سەوزێوە،

هەواڵو کرماشانی پەرسۆ.

عەفرین ئارۆ،

پاڵێ، وایش کەردێ پا،

دۆڵ بە دۆڵ، شار بە شار گێڵا.

عەفرین ،ئاویەنە،

هەر وڵاتێ دڵو ئاوێ ماڕۆ،

سینەو گۆراڵا مەکەرۆ بۆ.

عەفرین، ئارۆ ڕیواوە کەلی خانیەنە،

هەر وڵاتێ نامێش بەرۆ،

وێحەن دەمش ئاوی کەرۆ.

عەفرین دەریان، وشک، دەمو نیشتمانی

جە عەفرین ئەگریجە، زەیتوون لاونۆ،

جە عەفرین ،ڕۆجیار پەشۆکیان،

باباگوڕگوڕ واچێ،

عەفرین بێرە کەرکووک

باڵا کەرۆ ڕێحان.

کەرکووک، پەلەوەرێوە

باڵ مەڕیا کەوتەرە.

کەرکووک ژەمێوە ئێرادە،

پاڵو دەنگو هەسارەینە

کزکز دیا باڵاو نیشتمانیەرە؛

کەرکووک خەباتێوا بە ئەڵماس

شێخ و سولتانی وستەنە ئاراس.

کاتێ کەرکووک خەباتش کەرد شان

جگەرخوێن ئاما هەورامان،

وێم دیم کڵاشێش کەردێ پا،

کۆڵ بە کۆڵ قاچاخە ڕانە،

گێتەمەژگێ یاونێ ئا سەنگەرانە.

واچێ هەژار ئامانەوە موکریان

تا هەنبانە بۆرینەنە

ماناو عەفرینی کەرۆ بەرخۆدان.

پەنجەو ساوێش گرتەن هەژاری

نرکنۆ جە ئەفسانەو وەنۆزێنە،

جە هەفتاو یەرۆمین ڕەکاتو کۆماری

” یا خودا هەر کەسێ کوردی خۆش نەوێ

وەک پووشی پووشپەڕ بە ڕوودا کەوێ”

واچێ ڕانە قازیم دی پەشۆکیا،

گێڵابێوە چوارچرا.

واچێ عەفرین!

دڵنیابە کەرکووک گێڵۆوە

چون تەیرەکەی گەرمێن.

ماچۆ دووبەرەکی وەسێن،

عەفرین، ئارۆ

تاقەتش نیا مرۆ،

ئارۆ مەحموود خان بڕنەو بە شان

لوان شۆنەو شێخی ئەو بازیان،

لەولاوو خەباتیش کەرد مل

کورد

جە سەربەرزاوە،

تا ئەردۆلەی چەم بۆق،

بلۆ سواڵە، لاو مەڵاکاوە.

هەی ئەردۆلە، شەوانە

جیاتی شەریعەتو غەدری،

دوێ ڕەکاتێ ئازادی وانە.

عەفرین! ئەی تریفەو شەرەفی،

ئەی پایتەختو ئەگریجەی،

سەخاوەت پێکنەوە

تا سیاوچەمانە تەنۆوە.

مامەڕیشە گێڵانۆ،

کیسێش پەڕێنێ هەنگامێ،

تووڕەن،

ماچۆ کۆنێ کاڵفامێ؟

بە جلێ تۆزینێ لاش دان ئەو کۆیە،

چەنی یونێس دڵداری

ڕەنگ و سوور و شۆڕشی ماچۆوە.

چی دما کەرکووک کاروانێوا بارش فەلسەفەن،

چی دما حزب ساباتێوا کەیل بە چەقەن،

چی دما بێ گیان، بێ ئێرادە،

مەسعوود محەممەد واچێ

نا!!

یاوای ئێگە، حەتم لادە.

زەیتوون! لوە خاس خاس گێڵە وڵات

جە ئیلام مەرقەدو نەرەی چەمەڕات،

حەوسەوڵەو ڕۆژهەڵاتی ئی جارە

بە بوومەلەرزەو کرماشانی

بی بە هەنار و دانە دانە تکارە.

چی دما ،پەی سیاسییەکا عەینەکێ مسانوو

تا سوورەو کۆبانێ و

حەدیسەو هەڵەبجەی واناوە؛

تا چەمە لێڵەکاو سیروانی

بنەو تاشەکاو هەورامانیەنە ویناوە.

نیشتمان ساڵگارێوا

قرچیانۆ بە دەردی کاڵ کاڵ،

چە فەرقێ کەرۆ

پیاو ئی هەری، یا خۆ ئەو گەماڵ!

پەڕو مشتەو ئالانی، خەجاڵەتی بارە

ئەی “ئیفل”ی داماگ،

وەراوەرو گەورەیی بارینێوە

سەرشۆڕ، ملکەچ،مەنەرە.

وەختێ وێنە مەزڵوومەکەت دیم

بارین! ئەی خاتوونەو وڵاتەکەیم

زانام سەروازو ئەردۆغانیا مەردەی

تەسلیمش مەبۆ کورد هیچ وەختەی

تۆ لەهجەو حەسرەتیەنی دماو ئازادی.

بارین! ئەی خاتوونەو وڵاتەکەیم

تەنیا شەرەف دەستو وانۆوە

جە وەردەم ئەمارەتو جەهادی،

باڵێ گێرە مەتەرسە، لوە

چا سەری سەرۆ،

لەیلا قاسم چەمەڕات کەرۆ.

کەرکووک هیزی شەوێ گردەڕارە

لوابێرە عەفرین،

واچێ دێقە دێقە ئووووارە.

***

فەرهەنگۆک:

ئارۆ: ئەمڕۆ،ئیمڕۆ

کناچێ: کیژ،کچ،کەنیشک

مدرامان: بەرگری،بەرخۆدان،بەپێوەوەستان

پێسەو: وەک،وەکوو،میناک

گێڵا: گەڕا

ماڕۆ: بشکێنێ(لێرە زێتر مەبەست وشەکانی نێو شێعرەکەیە ئەگینا ڕەنگە هەر کامە لەم وشانە، لە شوێنی تردا واتا و مانای تریشیان هەبێت)

ڕیواو: ڕێواس

وێحەن: دەستبەجێ،کتوپڕ،خێرا

واچێ: دەیگوت،ئەیوت

بێرە: بێتە

پاڵێ: کەوش،پێڵاو،سۆل

مەڕیا: شکاو

وستەن: خستووەتە

قاچاخەڕا: ڕێی یاساخ،ڕێی قاچاخ

وێم: خۆم

گێتەمەژگێ: نانەکولێرە، نانەمەژگە

یاونێ: دەگەیاند،دەیگوێزتەوە

یەرۆمین: سێهەمین،سێیەمین

کەوتەرە: داکەوت، بەربووەوە

ڕانە: لە ڕێدا، لە ڕێگادا

لوان شۆنەو: چووە بە دوای

بلۆ: بچێ،بڕوا

پێکنەوە:  پێوەکردن

گێڵانۆ: گەڕاوەتەوە، هاتۆتەوە

چی دما: لەمەو بەدوا، لێرە بەدواوە

مسانوو: دەکڕم، دەستێنم

بۆرێ: وەرە،بێ

وەزەرە: دابەزە

زانام: زانیم، تێگەییشتم

باڵێ گێرە: باڵ بگرەوە، لە شەققەی باڵان دە

چەمەڕا: چاوەڕوان، چاو لەڕێ

لوابێرە: چوو بوو، ڕۆییشتبوو

هیزی: دوێنێ

گردەڕارە: ئەم هەموو ڕێیە، ئەم ڕێ دوور و درێژە

وا: با(باد)

مرۆ: بمرێ

یاوای ئێگە: گەییشتیتە ئێرە

وەسێن: بەسە، بەسیەتی، با بەس بێ

پەڕێنێ: پڕە، پڕیەتی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌