بوومەلەرزەییەک “مورموری” ئیلامی هەژاند

0
213

ڕۆژی کورد: بوومەلەرزەییەکی ٣.١ ڕیشتری شاری “مورموری” لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند.
بە پێ هەواڵی ناوەندی تۆمارکردنی لەرزە-ی ئێران (مرکز لرزەنگاری ایران) و بە پشت بەستن بە ڕێکخراوی ژئۆفیزیکی زانکۆی تاران، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ٩:٤٩ خۆلەک، بوومەلەرزەییەک لە قەوارەی ٣.١ لە پێوەری ڕیشتر و لە قووڵایی ١٠ کیلومتر لە ژێر زەوی، شاری مورموری سەر بە شارستانی ئابدانانی پارێزگای ئیلامی هەژاند.
بە پێ بەدواداچوونی ڕۆژی کورد، ئەو بوومەلەرزەییە خسارێکی ماددی ئەوتۆی لێ نەبووە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی ترساندووە بە شێوەییەک بەشێک لە خەڵک هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش لە کۆڵان و شەقامەکانی نێوشارن و ناوێرن بڕۆنەوە نێو ماڵەکانیان.

لە ساڵانی ڕابردوودا بوومەلەرزە چەندین جار پارێزگای ئیلام و بە تایبەت شاری “مورموری” هەژاندووە و دواجاریش لە ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٤ هەتاوی بوو کە بە هۆی بوومەلەرزەییەکی ٦.١ لە پێوەری ڕیشتردا نزیکەی ١٤ کەس لە هاونیشتیمانیانی کوردی شاری مورموری بریندار و بەشێکی زۆری خانووبەرەی هاوڵاتیان  ڕووخا و زیانی قۆرسی لێ کەوت، کە سەڕەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی لە پارێزگای ئیلام، بەشێک لە وێرانیەکان هەتا ئێستاش وەک خۆی ماونەتەوە و هاوڵاتیانیش قەرەبوو نەکراون.

شاری مورموری وەک ناوەندی بەخشی مورموری”کڵات”ی شارستانی “ئابدانان” لە پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە و سەداسەدی دانیشتووانی ناوچەکە کوردن و سەر بە هۆزی “دیناروەند”ن و  بە پێ دوایین سەرژمێرییەکان لە ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی ٣٤٩١ کەس حەشیمەتی هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌