قەیرانی سوتانی دارستانەکانی زاگڕۆس

0
1595

نوسەر، فواد ساوان

فواد ساوان
فواد ساوان

ماوەی چەند ساڵێکە سووتانی دارستانەکانی ڕۆژهەڵات بووەتە قەیرانێکی گەورە و بەو هۆیەوە خەسارێکی لە ڕادە بەدەر بەر دارستانەکانی زاگڕۆس کەوتووە کە ئەو خەسارانە بەم زووانە قەرەبوو نابنەوە.!
بە پێی هەڵکەوتی جوغڕافیایی ناوچەکە دارستانەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە ڕاگرتنی پاک و خاوێنی کەش و هەوای ناوچەکە و هەر دۆنم دارستان ۱٥٠ تۆن تۆزو خۆڵ ئەگرێت کە مەترسی هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ.
بە داخەوە هۆکاری ئاگر گرتنی ئەم دارستانانە ئێستاش ناڕوونە و بۆ زۆر کەس جێی پرسیارە.!؟ هەندێ جار بە هۆی کەمتەر خەمی خەڵانێک کە ئەچنە گەشت و گوزار ئاور کەوتنەوە ڕوو ئەدات، هەندێ جاریش کەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ ئەوەی کە قازانجێکی مادییان دەست کەوێ ئاگر بەر ئەدەنە دارستانەکان تا ببێتە زەوی و بیفرۆشن و پوڵێک بچێتە گیرفانیان بۆ
قازانجی خۆیان.
زۆر جاریش لایەنە نیزامیەکانی حکومەت بە بیانووی نەبوونی ئەمنیەت ئاگر بەر ئەدەنە دەورو بەری پادگان و پایەگا و دامەزراوە نیزامیەکان کە ئەمەش خەسارێکی زۆر ئەگەیێنێ بە سروشتی ناوچەکە.
یا هەر لەو پێوەندیەیا بەڕێوە بردنی مانۆڕی نیزامی بووتە هۆکارێکی دیکەی ئاگر کەوتنەوەکان.!
بەڵام سەرەکیترین هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکان تا ئێستاش نادیارە کە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان دەستێکی نادیار و شاراوەی لە پشتە کە بە شوێن کاول کردن و لە ناو بردنی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتەوەیە.! خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە هەبوونی دارستان و نزار لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرچاو و دیارە، بەڵام بۆ ئەبێ بەس ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە، کە ئەمە خۆی لە جێی خۆیا جێی پرسیار و تێ ڕامانە.!؟
تەنانەت دارستان و نزار لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بوونی هەیە، بەڵام هیچ کات بەو ڕادەیەی ڕۆژهەڵات سووتانی بە خۆیەوە نەدیوە کە بکەوێتە دۆخی قەیرانەوە.!
سەرڕای هەڵ و تێکۆشانی لە ڕادە بەدەری چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام ئێستاش نەتوانراوە پێش بەو ئاگرکەوتنەوانە و خەسارە لە ڕادە بەدەرەکانی بکەوێت.!
لەم ڕێیەشا چالاکان و دڵسۆزانی ژینگەپارێزی کوردستان وێڕای ئەو هەموو هەڵ و هیممەتەی کە بە کاریان هێناوە، بەڵام زۆربەی کات دەست تەنیا بوون و بە بێ ئیمکانات و بە دەستی بەتاڵ چوون بۆ شەڕی ئاگر.! لە کاتێکا لەو دۆخە قەراناویانەدا ئەرکی سەرەکی حکومەتە کە بە هەموو تواناوە بچێت بە هانایانەوە هەموو ئیمکانات و پێداویستیێک دەستەبەر بکات بۆ ئەو کەسانە کە ئەچن بۆ ئاگر کوژاندنەوە. تەنانەت ئەبێ لە ئیمکاناتی حکومیش کەڵک وەرگیرێ بۆ ئەم قەیرانانە کە بەداخەوە تا ئێستا کەم کەڵک وەرگیراوە. هەروەها ئەرکی سەرشانی نیرو و هێزە نیزامیەکانە کە لەو قەیرانانەیا بەشدار و یارمەتی دەر بن بۆ کۆتایی هێنان بەو گرفتە، کە ئەگەر بێت و یارمەتی دەر نەبن بە پێی یاسای بنە ڕەتی وڵات ئەبێ سزا بدرێن، و تا ئێستاشی لەگەڵ بووبێ هیچ هێزێکی نیزامی یاررمەتی دەر نەبووە لە کۆتایی هێنان بەم قەیرانە.!
لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێم کە… ئاوا بەم چەشنە بچێتە پێش تا ساڵانێکی دیکە ئاسەوارێک لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵات و زاگڕۆس و ڕووەکی گیایی و بوونەوری ئەم ناوچە نامێنێ و خەسارێکی گەورەی ژینگە وەک بۆمبی ئەتۆم ناوچەکە لە ناو ئەبات و قەرەبوو کردنەوەشی ئەستەمە.