هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگە بە بەشداری 15 هەزار كەس بەڕێوەدەچێت

0
585

بۆ پاککردنەوەی 22 شوێن لە باشووری کوردستان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگە بە بەشداریی 15 هەزار کەس بەڕێوەدەچێت و، ۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی هەڵمەتەکەیە.

حەمید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان ‌و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ” رۆژی چوارشەممە 15-6-2016 دەست بە هەڵمەتی پاكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن و لە هەموو هەرێمی كوردستاندا 22 شوێن دیاریكراون بۆ ئەم مەبەستە”.

ئەو روونیكردەوە لەو هەڵمەتەدا كە وەزارەتی شارەوانی ‌و گشتوگوزار بەهاوكاری رێكخراوی پڕۆگرامی گەشەپێدانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامیدەدات 15هەزار كەس بەشداری دەكەن، گوتیشی “داوا لە هاونیشتمانیان دەكەین بەشداری ئەو هەڵمەتە گەورەیە بكەن کە لەپێناو پاكڕاگرتنی ژینگەی هەرێمی كوردستانە”.

بەڕێوەبەرە گشتیەكەی وەزارەتی شارەوانی ‌و گشتوگوزار باسی لەوەش كرد ” بڕیاربوو ئەو هەڵمەتە لە 5-6-2016 لە رۆژی جیهانیی ژینگە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک‌ گرفتی هونەری خرایە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە”.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی شارەوانی، بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە نزیكەی 11هەزار تۆن خوڵ‌ و خاشاك لە شار ‌و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كۆدەكرێتەوە.

خۆڵ‌وخاشاكی پارێزگاكانیش بەم جۆرەیە: لە ناو شاری هەولێر رۆژانە 2 هەزار و 250 تۆن لە دەوروبەری هەولێر هەزار و 750 تۆن، لە ناو شاری سلێمانی رۆژانە هەزار و 250 تۆن، لەدەوروبەری سلێمانی بە پارێزگای هەڵەبجەوە 2 هەزار و 150 تۆن، لە ناو شاری دهۆكیش 800 تۆن لە دەوروبەری شارەكە هەزار 700 تۆن، لە ئیدارەی گەرمیان هەزار و 100 تۆن.

بەشێوەیەكی گشتی 85% هەرێمی كوردستان بە گرێبەست لەلایەن كەرتی تایبەت خاوێن دەكرێتەوە.