سووتانی دارستانەکانی کوردستان بە چ مەبەستێک

0
1120

نووسین: ئایەت مۆرادی

بەر لە هەموو شتێک دەبێ ئاماژە بەوە بکەم هۆکاری بە ئەمنییەتی کردنی کوردستان لە لایەن وڵاتانی: ئێران ، تورکیە، عێراق و سووریە بە چ مەبەستێک بووە؟ ئایا بۆ دەبێ لە سەر داخوازیە ڕەواکانی گەلی کوردەوە ئەم وڵاتانە سیاسەتی دژایەتی بگرنەبەر.

سیاسەتی لە نێوچوونی سەرچاوە ژێر زەوییەکانی کوردستان لە لایەن ئەم وڵاتانەوە بە چە مەبەستێکە و بۆ ئەوەندە گرنگی بۆ ئەوان هەیە.

کوردستان لە بواری کانگای ژێر زەویی واتە نەوت، ئاو و سرووشتەوە، یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە کە لەو پێوەندییەدا مامۆستایەکی زانکۆی ئیسرائیلی دەڵێ: ئەگەر ئیمەی ئیسرائیلی لە جیاتی کوردستان بوایەن دەبووینە دەولەمەندترین وڵاتانی پێشکەوتوو لە جیهان دا. ئەگەر چی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتی ئێران، تورکیە، عێراق و سوریەدا دابەش بووەو، سەرەڕای ئەوەش ئەم وڵاتانە بۆ پێوەندییە سیاسیەکانی خۆیان لە گەڵ یەکتر چ لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە کەڵکیان لە ژێرخانی کوردستان وەرگرتووەو تاڵانیان کردووە، بەڵام هێشتاش زۆرترین ژێرخانی ئابووری کوردستان بە هۆی زۆربوونی سرووشتەوە نەدۆزراوەتەوە.

دابەش کردنی ژێرخانی سرووشتی کوردستان لە چەند بەشدا.

کوردستان لە باری ڕووبەری خاکەوە لە ڕیزی  ١٩٨ وڵاتی جیهان دایە و هێشتا بە هۆی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز لە گەڵ ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە بە بێ وڵاتی هێشتیانەتەوە.

نەوت: کوردستان لە دوو بەشی ئێران و عێراقەوە واتە لە شاری کەرکووک و کرماشانەوە دوو ناوەندی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوت دابین دەکاو لە بەشی تورکیە و سووریەوە واتە لە شاری بەتڵیس و حەسکە دوو ناوەندی دیکەی گرنگی نەوت پێک دێنن.

ئاو: یەکێک لە سەرچاوەی گرنگی کوردستانە کە بە هۆی بەرزی چیاو کێوەکانەوە زۆرترین ئاوی شیرینی هەیە کە وڵاتانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق توانیویانە بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەی ئاوی کوردستان سیاسەتی ژئۆپلۆتیک لە بەرامبەر یەک دا بگرنە بەر زۆر جار ئاویان وەک چەکی شەڕ بەکار هێناوە.

مەعدن و زێڕ: بەشیکی دیکە سەرچاوەی سرووشتی کوردستانە کە بەردەوام ئەم وڵاتانە توانیویانە لەم سەرچاوەیەش کەڵک وەربگرن زێڕو زۆر شتی دیکەیە.

دارستانەکانی کوردستان: کوردستان بە هۆی بەرزی چیاو شاخ و دۆڵەوە زۆرترین دارستانی لێیە کە ٣٢ لە سەدی ئەم دارستانانە لە بەشی کوردستانی ئێرانە.

هەر لەم پێوەندییەدا درێژە بەم بابەتە دەدەین کە هۆکاری سووتانی دارستانەکانی کوردستان لە لایەن وڵاتانی دراوسێەوە ، بە تایبەت ئێران، بۆ چ مەبەستێکە و هۆکاری ئەم سووتانەش پێوەندی بە بابەتی سیاسیەوە هەیە کە ئاماژەی پێ دەکەین.

 

ئەگەر چاوێک بە مێژووی نەتەوەی کورد دا بخشێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ گەلی کورد هەمیشە هەوڵی داوە کێشە نەتەوەییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە شێوەی ئاشتی چارەسەر بکا بەڵام، وڵاتانی دراوسێی کوردستان هەمیشە سیاسەتی دژایەتیان گرتۆتەبەر و گەلی کوردیش ناچار بووە لە خۆی دیفاع بکا و زۆرترین قوربانی بدا.

گەلی کوردو شۆڕشگێڕانی کورد بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی لە داب و نەریتی خۆیان ئاشنا بوون کێوەکانی کوردستانیان وەک باشترین پشتیوانی زانیوە و هەمیشە لە کێوەکانی کوردستانەوە توانیویانە گەورەترین گورزی نیزامی لە هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی بوەشینن، بەڵام هێزەکانی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ناوەندی هەمیشە لە کێوەکانی کوردستان لە گەڵ شۆڕشگێڕانی کوردەوە تووشی شکست بوونە.

جێی ئاماژەیە بە هۆی شکستی هێزەکانی حکوومەتەوە لە گەڵ هێزی پێشمەرگە یا شۆڕشگێڕانی کوردەوە ئەوانیش بیریان لەوە کردۆتەوە دارستانەکانی کوردستان کە ٣٢ لە سەدی سرووشتی کوردستان پێک دێنێ بسووتێنن کە ئەمەش خەسارێکی گەورەی بە سەرچاوەی سرووشتی کوردستان گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەوە بەشیکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان کە لە ژێرناوی ڕێکخراویی مەدەنی هەوڵ دەدەن لە کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان کە تەنانەت لە سەرەتایی ترین ئامرازی ئاگر کوژاندنەوە بێ بەشن بە کەمترین ئیمکاناتەوە گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و هەوڵی رزگارکردنی ژینگەی کوردستان بدەن کە لێرەدا دەسەڵاتدارانی هێزە حکوومەتیەکان و یەک لەوان دەسەڵاتدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسی سووتانی دارستانەکانی کوردستانە کە بەداخەوە بۆتە هۆی لە ناوچوونی ژینگەی کوردستان.