بەنداوی بڵبەر بەڕێوەیە/ داواکارییەکان بۆ ئاوگیریی نەکردنی بەنداوی داریان وەڵامدەر نەبوون

0
805

بە پێی راپۆرتی ژینگەوان،سەرەڕای ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزان و چالاكانی مەدەنیی كورد بە بۆنەی بەستنی بەنداوی داراین بەرپرسانی رژیم لە ناوچەی هەورامان دەستی كرد بە دروستكردنی بەندای بڵبەر.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا كەرەستە و ئامیری پەیوەندیدار بە دروستكردنی بەنداو گەیشتوونەتە گوندی بڵبەر و كەمپی نیشتەجێبوون بۆ كرێكارەكانی ئەو بەنداوە ساز كراون، ئێستا بۆڵدێزێر و شۆفڵ خەریكی ڕاكێشانی جادەن و بە كردەوەش سازكرانی بەنداوی بڵبەر چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

ئەو بەنداوە لەسەر ڕووباری سیروان و بە مەودای كەمتر لە 7 كیلۆمەتر لەسەرووی بەنداوی داریانەوە كە لەناوچوونی “كانی بڵ”ی بەدواوە بوو، دروست دەكرێت.

بەنداوی بڵبەر پاش بەنداوەكانی “ژاوە، بنیەر و داریان” وەك چوارەمین بەنداوی ڕووباری سیروان هەژمارە دەكرێت كە خەسارێكی قەرەبوونەكراوی بۆ ناوچە و ژینگەی هەورامان بەدواوە دەبێت.

بە وتەی چالاكێكی ژینگەپارێز بە چێبوونی بەنداوی بڵبەر، تاقە شوێنی ژیانی پڵنگی كوردستانیش لەناو دەچێت و لانیكەم سێ گوندی “ژیوار، بڵبەر و سڵێن” چۆڵ دەكرێن.

هەروەها بەپێی گوتەی ئەو چالاكە كوردە، لە چەند ساڵی داهاتوودا و بە پڕ ئاوكردنی ئەو بەنداوانە ئێكۆسیستەمی هەورامان لە چواروەرزەوە بۆ ژینگەیەكی شێدار دەگۆڕدرێت و تەواوی گیانلەبەر و لێڕەوارەكان بەرەوڕووی خەساری گەورە دەبنەوە.

دەست پێكردنی بوونی بەنداوی بڵبەر لە كاتێك دایە كە لە یەك ساڵی ڕابردوودا، ژینگەپارێزان و خەڵكی ناوچەكەش بە پێكهێنانی كەمپەینی “نا بۆ دروستكردنی بەنداوی بڵبەر” بە توندی لە هەمبەر ئەو كارەی حكوومەت ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە كردەوەیەكی سەرنجڕاكێشدا، خاك و خۆڵیان لەناو سەتڵ بەسەرخۆیاندا كرد.

بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوكاتە لەگەڵ پڕۆپاگەندەی ئیدارەی ژینگەپارێزیی پارێزگای سنە كە هەورامانی وەك ناوچەیەكی جوان و دەستلێنەدراو پێناسە كردبوو و هێمای بۆ ناونووسینی هەورامان لە یۆنێسكۆ كردبوو.

لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ئێرانەوە، بە سیوازی جۆراوجۆر ژینگە و دارستان و لێڕەوارەكانی كوردستان تێك دراون.