پەنابەر; قوربانیی سیستمە دیکتاتۆرەکان و جەنگ

0
748
نووسینی: هه کاری عه لیزاده

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تا ئێستا، یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵاتانی ئەورووپایی و هەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو شەپۆلە بەرینەی پەنابەران بوو کە ناچار بوون وڵاتی خۆیان بە جێبهێڵن و روو لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و کەندا و ئۆسترالیا بکەن. ئەگەرچی ئەم شەپۆلە پەنابەرە رەنگە وەک هێزێکی مرۆیی بۆ بازاری کار بە قازانجی ئەو وڵاتانە بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک مەترسی بۆ سەر وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە. لە ناو هەموو مەترسییەکاندا، بەشێک لە پەنابەران نیگەرانییەکی گەورەی ئەمنییەتییان بۆ سەر وڵاتانی پێشکەوتوو و مۆدێڕن دروست کردووە. ئەو مەترسییەش ترسە لە تیرۆر و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و تەقینەوە. نموونەکانی ئەم کارە تێکدەرانەش لە ساڵانی رابردوودا زۆر بووە و دوایین نموونەشی دەتوانینن ئاماژە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی لەندەن و مەنچێستێر بکەین. ئەم ترسە بووە هۆی ئەوەی کە “دۆناڵد ترامپ”، سەرکۆماری ئەمریکا بەمەبەستنی پاراستنی وڵاتەکەی بڕیاری ئەوە بدا کە سنوور و دەروازەکانی وڵاتەکەی بە ڕووی پەنابەران دا دابخرێ و پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی وڵاتانێکی وەک: ئێران، عێراق (کە دواتر عێراقی دەرهاویشت)، سووریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵی بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرێت.نوو

پێم وایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەم ئەمریکا و هەم وڵاتانی دیکە رێگەیەکی هەڵەیان گرتووەتەبەر، بۆیە مەترسییەکان بەردەوام زیاد دەکەن و توندڕەوی زیاتر پەرەئەسێنێ. ئەگەر شێوازیی مامەڵە کردنیان دروست بایە، دەبوو تا ئێستا ئاکامێکی دڵخۆشکەری هەبایە و مەترسی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە ئەورووپا و ئەمریکا و شوێنەکانی دیکە کەم باێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێمە پێچەوانەکەی دەبینین.

لەم روانگەوە پێویستە بپرسین کە ریشەی گرفتەکە لە چ دایە و چۆن چارەسەر دەکرێ؟ سەرەڕای ئەوەی باکگراوندی ئەم گرفتە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی رابردوو، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر سەرنج بدەین بۆ هۆی پەرەسەندنی شەڕ و دیکتاتۆرییەوە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بووەتە گرفتێکی سەرەکێی و هەتا دێت زیاتر پەرە دەسێنێت.

لە راستیدا بەشی زۆری ئەو خەڵکەی کە وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی پێشکەوتوو کردوە، قوربانی شەڕ و سیستمە دیکتاتۆرەکانن. بۆیە دیکتاتۆری و شەڕ و پەرەسەندنی توندوتیژی هۆکاری سەرەکێی زیادبوونی رێژەی پەنابەرانە. واتە ئاخێزگەی ئەم گرفتە کە ئەمڕۆ بەرۆکی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و هەندێ وڵاتی دیکەی گرتووە ئەگەڕێتەوە بۆ جەنگ و سیستمە دیکتاتۆرەکان.

ئەگەر سەرنج بدەین لە سەردەمی دەسەڵاتی “سەدام حسێن” لە عێراق خەڵکێکی زۆری ئەو وڵاتە بەهۆی بێبەش بوونی لە سەرەتایترین مافەکانی ژیان و خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئەو مافانە، ژیانیان لە عێراق کەوتە مەترسییەوە و ناچار بوون پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببەن کە تێدا ژیانیان پارێزراوە بێت. هەروەها لە ئێران بەهۆی داخراوی و دڕندەیی سیستمی کۆماری ئیسلامییەوە و بە هۆی نە بوونی ئازادی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی خەڵکێکی زۆر لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا دژی ئەو سیستمە دیکتاتۆرییە وەستاونەتەوە و لە ئەنجامدا ناچار بوون ئەو وڵاتە جێبهێڵن و روو لە وڵاتێکی دیکە بکەن. لە لایەکی دیکەوە ئەتوانین ئاماژە بە لیبیای سەردەمی “موعەمەر قەزافی” بکەین کە بە هۆی حوکمڕانی دیکتاتۆرانەی قەزافییەوە خەڵێکی زۆر ناچار بوون وڵاتەکەیان بە جێبهێڵن. نموونەی ئەم وڵاتانە، یان ئەم شێوە حوکمڕانیانە لە دونیادا لە رابردوو و لە ئیستاشدا زۆرن و باس کردن لە هەموویان کاتی زۆری دەوێت. بەم پێیە روونە کە دیکتاتۆریی و داخراوی سیستمە سیاسییەکانی هەندێک لە وڵاتانی جیهانی یەکێک لە هۆکارەکانی زۆر بوونی رێژەی پەنابەرانە.

هۆکاری دووەمی زۆربوونی رێژەی پەنابەران جەنگ و توندوتیژییە. لە سەدەی رابردوو و لە ئێستاشدا جەنگ و توندوتیژی بەردوام بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵێکی زۆر ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە و لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا ببنە قوربانی. ئەگەرچی هێڕشی ئەمریکا و هێز هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق کۆتایی بە سیستمی دیکتاتۆری ئەو دوو وڵاتە هێنا، لە هەمان کاتدا نابێ ئەوەشمان لە بیر بچی کە لەو نێوانەدا بەهۆی شەڕەوە رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی و گیانیان لە دەستدا، هەروەها رێژەیەکی زۆریش ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن روو لە وڵاتێکی دیکە بکەن. ئەو توندوتیژییەی کە لە ئەنجامی بەهاری عەرەبی دا لە “تونسیا”وە دەستی پێکرد و میسر، لیبیا، یەمەن و… گرتەوە و گەیشتە سوریا، خەڵکێکی زۆری کردە قوربانی و و تا ئێستاش بەردەوامە. پێش سەرهەڵدانی “داعش”، هێزەکانی سەر بە “ئەلقاعیدە” لە عێراق و ژمارەیەکی وڵاتی دیکە بە هۆی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستییەوە، بە هەزاران خەڵکی سڤیلیان کرد قوربانی و ژیانی هەزارن کەسیان خستە مەترسییەوە. هەروەها سەرهەڵدانی داعش وەک هێزێکی ئایدۆلۆژیکی توندڕەو لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بووە هۆی ئەوە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە عێراق، سوریا، لیبیا، نیجریا و… ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە و ئاوارە ببن. بەم پێیە ئەگەر سەیر بکەین رۆژ بە رۆژ بە هۆی پەرە سەندنی توندوتیژی و زۆر بوونی گرووپە توندڕەوەکان خەڵکێکی زۆر دەبنە قوربانی و ئاوارە دەبن. لە راستیدا لە دوای کارەساتی ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا، بەردەوام توندوتیژی و جەنگ پەرەدەسێنێ و رۆژانە خەڵکێکی زۆر بەم بۆنەوە ئاوارە دەبن. لە هەمان کاتدا مێتۆدەکانی چۆنیەتی مامەڵەکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو لەگەڵ ئەم کێشەیەدا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و ئەم کیشەیە جگە لەوەی خەڵكی ئەو ناوچانەی کە شەڕی تێ‌دایە و مۆڵگە هێزە توندڕەوەکانە  دەکاتە قوربانی گەورەترین مەترسیشە بۆ سەر ڕۆژاوا.

لە ئەنجامی ئەم باسەی سەرەوەدا پێویستە لە چوارچێوەیەکی گشتیدا ئاماژە بە رێگا چارەکانیش بکەین. وەک لەسەرەتای باسەکەدا ئاماژەی پێکرا، رێگا یان رێگاکانی بەرەوەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کێشەی کە رووی کردووەتە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ئێستا هەڵە بووە، بۆیە گرفتەکە وەک خۆی ماوەتەوە و گەورەتریش دەبێت. ئەگەر ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بیانهەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، ئەوا پێشەکی پێویستە بەشێوەیەکی بنەڕەتی هۆکارەکانی دەست نیشان بکەن و ئەوجار هەوڵی چارەسەر کردنی بدەن. لەم سۆنگەیە پێویستە وڵاتانی پێشکەوتوو لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی گەورە و درێژخایەندا هەوڵ بۆ دێموکراتیزە کردنی وڵاتانی نادیموکراتیک بدەن. بۆ ئەم مەبەستە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە ئەم وڵاتانە بایەخێکی زیاتر بە مافەکانی مرۆڤ بدەن و هەوڵ بۆ بەهێز کردنی گرووپە سیکۆلار و میانەڕەوەکان بدەن. دەکرێ بڵێین لەم رێگاوە هەوڵ بدرێت لە وڵاتانی نادیموکراتێک و ناوچە پڕ کێشەکان بەشداری سیاسیی زیاد بکرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەک خۆیان ببینەوە و بەرپرسیا بن بەرانبەر بە هاووڵاتییەکانیان. لە هەنگاوی دووەمدا بۆ لاواز کردنی بناغەکانی توندڕەوی و توندوتیژی دەبێ ئاستی وشیاری مەعریفی خەڵکی ناوچە دواکەوتووەکانی جیهان بەرز بکەنەوە و لە رێگای پلانێکی پەروەردەیی درێژخایەنەوە رۆشنگەریی بکەن و پەرە بە کولتووری پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵ کردن بدەن. لە هەنگاوی سێیەمدا پێویستە لە رووی ئابوورییەوە گرنگی بەو وڵات و ناوچانە بدرێت بۆ ئەوەی ببوژێنەوە و سیمای ژینگەیەکی سالم و پێشکەوتوو بگرنە خۆیان و دانیشتوانەکانی ئەو ناوچانە وەک هێزی کار بتوانن لە بازاڕی وڵاتەکانی خۆیاندا سەرقاڵ بن و ژیانیان بەڕێوە بەرن. پێم وایە ئەم رێگا چارانە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی پەنبەران لە جیهانی ئەمرۆدا زۆر گرینگن. بەداخەوە تا ئێستا لەم لایەنانەوە کەمتر گرنگی دراوە بە چارەسەر کردنی پرسەکە و زۆربەی وڵاتانی دەستڕۆیشتوو تەنیا لە سۆنگەی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان لە ململانێ لەگەڵ وڵاتێکی دیکە و… بەشێوەیەکی کورتخایەن مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردوە و زۆر جار ئەم گرفتەیان وەک کارتێک دژی یەکتر لە گەمە سیاسییەکاندا بەکار هێناوە. بۆیە لەم نێوانەدا بەردەوام هەتا دێت خەڵکی زیاتر دەبنە قوربانی و ئاوارە دەبن.

Comments

comments

‎وه‌ڵام بده‌وه‌