بەردەوامی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا و له‌ ئاكام دا كه‌وتنه‌ڕێی چه‌ن ملوێن پەناخواز بەرەو ئەوروپا

0
1871

وەزیری کاروباری دەرەوەی لۆکزامبۆرگ هۆشداری دا لە بەرانبەر چڕبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا کە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئۆروپا بەرەوڕووی قەیرانێکی ئاستەمی پەناخوازی بەرەوڕوو بکاتەوە. ژان ئێسلبۆرن باس لە ئەگەری کۆچکردنی نزیکەی ٣ ملوێن هاوڵاتی ئەفغانی دانیشتووی ئێران ئەکات بەرەو تورکیە و وڵاتانی ئۆروپایی دەکات. دەرئەنجامەکانی چڕبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی فارس تا ئێستا ناڕوونە و ئاکامی دیار نیە. ئەم بابەتە بووەتە هۆی گریمانە و نیگەرانییەکانی چالاکانی سیاسی لە وڵاتانی ناوچە و هاوکات وڵاتانی ئۆروپایی زیاد کردووە. هەر لەم پێوەندییەدا، ژان ئێسلبۆرن وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی لۆکزامبۆرگ ئاگاداری داوە بە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا کە لە ئەگەری چڕبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا، مەترسی ڕێکەوتنی شەپۆلێکی نوێی پەناخوازان و لێقەوماوان هەموو ئۆروپا و وڵاتانی دەوروبەری ئەخاتە مەترسییەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز، ژان ئێسلبۆرن لە وتووێژێکی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئاڵمانی “وڵت ئێم زوونتاگ” باسی ئەوەی کردووە کە چڕبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا ئەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە هاوڵاتیانی ئەفغانی دانیشتووی ئێران کە ساڵانێکی زۆرە لەو وڵاتە سەرقاڵی ئیش و کارن و ژیان دەکەن، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و بەرەو وڵاتی تورکیە بەڕێ بکەون. وەزیری کاروباری دەرەوەی لۆکزامبۆرگ ئاماژەی بەوە کردووە بە هۆی ناسەقامگیربوونی باری ئەمنی لە وڵاتی ئەفغانستان شارۆمەندانی ئەو وڵاتە لە ئەگەری بەردەوامی کێشە و ئاڵۆزییەکان ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و هەوڵ ئەدەن لە ڕێگای تورکیاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئۆروپا.
ئێسلبۆرن وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی لۆکزامبۆرگ لە درێژەی وتەکانی دا باس لەوە دەکات لە وەها بارودۆخێکدا نزیکەی ٣ ملوێن شارۆمەندی ئەفغانی بەرەو ئۆروپا بەڕێدەکەون و ئۆروپا جارێکی دیکە بەرەوڕووی قەیرانی دژواری پەناخوازی دەبێتەوە. وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی لۆکزامبۆرگ ئەم بابەتەی وەکوو ئاخێزێکی مەترسیدار هەڵسەنگاندووە بۆ وڵاتانی ئۆروپایی.
وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی لۆکزامبۆرگ هاوکات هۆشداری بە ئێران داوە کە پێویستە پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێکەوتننامەی ناوەکی و سنوورەکان نەبەزێنێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە سنووردارییەکانی چاودێر لە سەر پێوەری پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی لە دوای ڕوژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی تەمووزوە هەڵپەسێرێت. وەها هەنگاوێک لە ڕاستی دا و بە کردەوە تێکشکان و شکەست هێنانی ڕێکەوتنی ناوەکییە. ئێسلبۆرن لە پێوەندی لە گەڵ ئەم بڕیارەی ئێران وتوویەتی : من تەنیا ئەتوانم هۆشداری بدەم بە ئێران و ئاگاداریان بکەم لە پێوەندی لە گەڵ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوەدا. وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی لۆکزامبۆرگ هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە ئێران پێویستە پابەند بێت بەو بەڵێن و دەستەبەرییانەی کە بۆی دیاریکراوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥ دا. بەڵام ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی بەرجام بشکێنێت، ئەم بابەتە ئەتوانێت ببێتە هۆی تەگەرە لە پێوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ئۆروپاییدا

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here