چیای داڵاهۆ

0
1421

هەواری دەروەچی ئەمجارە لە بناری یەکێ لە کێوە کەونارا و مێژوویییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەدەین.
ڕشتە کێوی داڵاهوو لە کرندی غەرب سەر بە پارێزگای کرماشان و لەنێوان شارسانەکانی داڵاهوو، ئیسلام ئاباد (شەهاباد)، سەرپێڵ زەهاو، هەورامانات و جوانڕۆ هەڵکەوتووە.

لە مەڕ سەرچاوەی وشەی داڵاهۆ وای بۆ دەچن کە لە دوو وشەی “داڵ=هەڵۆ” و “ئاهوو=ئاسک” پێک هاتووە. بۆچوونێکی دیکەش هەیە ئامژە بەوە دەکا کە داڵاهۆ بە مانای “هێلانەی هەڵۆ”یە. سەرچاوە مێژووییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە داڵاهۆ گۆڕدراوی وشەی “باڵاهۆتە/باڵاهۆتا”ی کەونارایە کە پتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر شیلهاک-ئینشووشیناک پاوشای عیلامی کۆن ناوی لێ بردووە. جێگای ئاماژەیە کە لە زمانی عیلامی کۆندا وشەی هووتا (HUTE) بە مانای جێگە و شوێنە. بەم پێیە دەکرێ بوترێ کە “باڵاهووتا” واتا شوێنی بەرز و کوێستانی؛ کە پڕ بە پێستی داڵاهۆیە.

لە کێوە بەرزەکانی دەتوانین کێوی نسار، شوا، قەڵا قازی، نوا و داڵاهوو ئاماژه کەین کە بەرزترینیان چیای داڵاهووە بە ۲۸۰۰ مەتر بەرزاییەوە. کەش و هەوای سارد و بفرینی چەشنێکە کە جاری وا بەرزایی بەفری دەگاتە ٦ مەتر. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوە کە داڵاهۆ لە بەهاراندا بە بووژانەوەی کەژ و گژ و گیا و لێڕەوار و چاوکە و کانیاوانی ببێتە داڵدە و مۆڵگەی خێڵات و هۆزانی ئەو ناوچەیە، کە ڕەشماڵ و دەوار و هۆبە و هەواری خۆیانی تیا هەڵدەن و کپی و ماتی یاگەی هەواران بشکێنن و دەنگی بەزم و خۆشییان لە دەواران بە داڵاهۆدا دەنگ بداتەوە.

ناوچەی داڵاهوو خاوەنی شوێنەواری گەشتیاری و ڕابواردنە، کە سەراوی کرند، سەراوی شاڵان(ڕێژاو)، قەڵا زنجیر و سەراوی ڕەشمینە و تاڤگەی ژاڵگە لەو شوێنە گەشتیاریانەن.

هەبوونی لێڕەواری جوان و موڕی دار بەڕوو و ئاسەواری مێژوویی و کلتووری گرنگ وەکوو قەڵای یەزدگرد و …. تایبەتمەندییەکی تایبەتی بە ڕشتە کێوی داڵاهۆ داوە.

ئێستا شارسانی داڵاهۆ لە ۹۹ ک.م کرماشاندایە. سێ شاری کرندی غەرب و گاوارە و ڕێژاو و ۱٥٤ گوند سەر بەم شارسانەن.

ئەم بابەتە لە کاناڵی تەلەگرامی تاپۆی نوسراوەکان بە ئامادەکردنی ژیلەمۆ وەرگیراوە.