وتووێژی کەمپینی”سماقان دەنگی هەمووانە” لە سەر پرسی دووبارەبەرهەمهێنانەوە”بازیافت” لە کوردستان

0
1393

خوێنەری ئازیز:

بابەتی بەردەست وتووێژێک لە زنجیرە وتووێژەکانی کەمپینی”سماقان دەنگی هەمووانە” کە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی لەسەر مژاری “مەسەلەی بازیافت و کێشەکانی لە کوردستان و ئێران “، کە بە میوانداریی بیژەن رەحمانی کارناسی باڵایی شیمی خاک بە پێشکەشکاریی سەعید باغی، ڕۆژنامەنوس و بەرپرسی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجام دراو.

باغی: کاک بیژەن وێرایی بەخێرهاتنی جەنابتان، سەرەتا ئەگەر بکرێت خۆیان بە بشدارانی گرووپ بناسێنن سپاستان دەکەم.

رەحمانی: سڵاو ڕێزی خۆم ئاراستەی ئامادەبووان و ئەندامانی بەڕێزی ئەم ژوورە دەکەم، سپاسی تایبەت بۆ ئەدمینە خۆشەویستەکانی ئەم ژوورە بۆ ڕێک خستنی ئەو وت و وێژە و سپاس بۆ بانگهێشتنتان، من بیژەن ڕەحمانی دانیشتووی شاری بۆکانم و کارناسی باڵای بەشی شیمی خاکم و تاقیگەی خاکم هەیە لە شاری بۆکان.

بیژەن رەحمانی

باغی: سەرەتا بەو پرسیارە دەست پێ دەکەم، پێناسەی بەرێزتان بۆ بازیافت چییە؟

رەحمانی: بازیافت بە زنجیرە پرۆسەی جێ بە جێ کردن و ئامادەکردنی ماکە کەلک وەرگیراوەکان (مواد مصرفی) بە مەبەستی کەلک وەرگرتنی دووبارە پێناسە دەکرێ

با‌غی: زبڵ و پاشماوەکان بە چەندە دەستە دابەش دەبن؟ ئایا هیچکام لە پاشماوەکان هەیە کە بازیافت نەکرێت؟

رەحمانی: ئەو ماکەیانەی شیاوی بازیافتن بریتین لە، شووشە, کاغەز, موقەببا, پلاستیک, ئاسن, ئاسنەواڵا
نەخێر هەمو پاشماوەیەک شیاوی بازیافت نییە.

باغی: بڵ و پاشماوەکان بە چەندە دەستە دابەش دەبن؟ ئایا هیچکام لە پاشماوەکان هەیە کە بازیافت نەکرێت؟

رەحمانی: ئەو ماکەیانەی شیاوی بازیافتن بریتین لە: شووشە, کاغەز, موقەببا, پلاستیک, ئاسن, ئاسنەواڵه، نەخێر هەمو پاشماوەیەک شیاوی بازیافت نییە،

ماکه بازیافتییەکان

سەعید باغی

کاغەز, موقەببا, قوتوی ئاومیوە و شیر, پلاستیکی ژمارە 1- 5, شووشە, ئاسن و ئاسنەواڵە
ماکەگەلی شیاوی کودی کۆمپۆست
پاشماوەی خواردەمەنی تەڕ
پاشماوەی خواردەمەنی ویشک
توێکلی هێلکە
زبڵ و زاڵی باغچە و حەوشە
چای کیسەای و قاوە
قوتوی دەسماڵ کاغەزی
ماکەگەلی ناشیاوی بازیافت:
دەفر و قاپ و پەرداخی سەفەری (ظروف یکبار مصرف)
شتومەک و کەوش
چەلەنگی ڕۆن و کۆمپوت
پلاستیکی ژمارە6,7
بنێشت
کامپیۆتر و کەرەسەگەلی کارەبایی خانوبەرە
گرینگترین قۆناخ و پێکهاتە لە بەڕێوبەرایەتی مۆدێرنی پاشماوە دا, چەمکی بازیافت
ماکە بازیافتییەکان لە دوو سەرچاوەی:

1-شوێنی نیشتەجێ بوون

2- بەشی پیشەسازی سەرهەڵدەدەن
هەڵاواردنی ماکە بازیافتییەکان دەتوانێ بە دوو شێوە ئەنجام بدرێ:
1-هەڵاواردن لە شوێنی سەرەتا
2-هەڵاواردن لە شوێنی ئاکام
دیارە شێوەی یەکەم لە بواری ئابوری و ژینگەیییەوە شێوەیەکی شیاوتر و پەسندکرواترە
هەر ئێستاکە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئاڵمان لە شوێنی نیشتەجێ بوون و خانووبەرەکان بە مەبەستی هەڵاواردنی پاشماوە و زبڵ پێنج جۆر سەتڵی زبڵ هەیە:
1- سەتڵی کاغەزو موقەببا
2- سەتڵی شووشە
3- سەتڵی ئاسن و ئاسنەواڵە
4- سەتڵی پاشماوەی خواردەمەنی تەڕ
5- سەتڵی پاشماوەی خواردەمەنی ویشک

باغی: وەک دەبینین کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان شێوەی لە ناو بردنی زبڵ و پاشماوەکان بە شێوەیی سووتاندنە ئەمە تا چەندە زیانی بۆ ژینگە و مرۆڤ زیانی هەیە؟

رەحمانی: سوتاندنی پاشماوە لە تەواوی دنیا بەشێکە لە فەوتاندنی زبڵ و پاشماوەکان; چونکە هەر وەک ئاماژەی پێکرا هێندێک پاشماوە هەن کە شیاوی بازیافت و بەرهەمهێنانی کودی کۆمپۆست نین و هیچ چارەیەک جگە سووتاندنیان نامێنێت; تەنانەت لە ژێر خاک کردنی ئەو دەستە پاشماوەیەش شیاو نییە, بەڵام ئەو شتەی سەرنج ڕاکێشە و گرینگە ئەوەیە کە دەبێت لە پرۆسەی بەڕیوبەرایەتی پاشماوەکان دا بەشی سووتاندن بە کەمترین قۆناخی خۆی بگات و تەنیا ئەو پاشماوانەی بەو سێ شێوەیەی دیکە کاریان لەگەڵ ناکرێ; دەبێت وەبەر ئاگری سووتاندن بدرێت. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە سووتاندنیش ئوسول و پڕەنسیپی خۆی هەیە کە دەبێت ئەو خاڵانە بپارێزرێت; تاکوو کەمترین کێشەی ژینگەیی بەدواوە بێت.

سووتاندنی پاشماوە لە هەوای ئازاد دا بە سێ شێوە (خاک, ئاو, هەوا) دەبێتە هۆی گرفت و کێشەی ژینگەیی
یەکەم: دەبێتە هۆی گەندەڵی و پیس بوونی خاک و کەمتر بوونی هێزی وەبەرهێنانی خاک (قدرت حاصلخیزی خاک) , جێی ئاماژەیە کە لە هەر 1 گرەم خاک دا نزیکەی 800000 دانە بوونەوەری میکرۆسکۆپی ژیانی هەیە; لە سەدا نەدوپێنجی هێزی وەبەرهێنانی خاک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گرێ دراوە بەو بوونەوەرانەوە کە بە هۆی سووتاندنی پاشماوەکان لە هەوای ئازاد و لەسەر خاک دەفەوتێن, هەروەها هێندێکی زۆر لە کەرەسە پیشەسازیەکان هەڵگری ماکەی قورسی شیمیایین (عناصر سنگین) که سووتاندنیان لە هەوای ئازاد دا دەبێتە هۆی ڕەخنەی ئەو ماکە شیمیاییانە بۆ خاک و پاشان بۆ گیا و پاشان لە ڕێگای خاکەوە بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ و لە ئاکام دا دەبنە هۆی شێرپەنجە لە مرۆڤدا

دووهەم: ڕەخنه دەکاتە ئاوی سەر زەوی (ڕووباڕ و چۆم) و بن زەوی (چاڵاو و کانی) و دەبێتە هۆی ئالوودە بوونی ئاوی کەلک وەرگیراو بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و زەوی
سێهەم: هەروەها دەبێتە هۆی پیس بوونی هەوای ئازاد و بە تایبەت کاریگەری دەخاتە سەر هەڵکشانی پێوانەی گازی گوڵخانەیی و گەرم بوونی زەوی و کەوتنە مەترسی قەیرانی گازی گوڵخانەیی کە ئاسەواری یەکجار شوێندانەری هەیە لەسەر لە بەین چوونی لایەی ئۆزۆن و لە ئاکام دا مەترسی داکشانی سڵامەتی گۆی زەوی

باغی: زبڵ و پاشماوەکان لە بواریی کیمیاییدا چ کاریگەرییەک لەسەر خاک و گیا و دارستان و ژینگە بە گشتی هەیە؟

رەحمانی: لە بواری شیمیایی یەوە پاشماوەکان پلەی پیس بوونی ئاوو خاک و هەوا دەبەنە سەرێ, زۆڕ کارتێکردنیان هەیە لەو سێ بەستێنە دا کە بۆ نموونە لە هەر کامیان دا بە یەک خاڵ ئاماژە دەکەم:
1- لە خاک دا ماکە قورسە شیمیایی یەکان وەک: کادمیۆم, جیوە و … و هەروەها ئارسێنیک لە خاک دا دەنیشن و لەڕێگای گیاە و ئاژەڵەوە تێکەڵ بە کەرەسەگەلی خواردەمەنی مرۆڤ دەبن و لە مرۆڤ دا هۆکارگەلی نەخۆشییەکی زۆرن وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی گەدە
2- لە ئاو دا, نیترات دەبێتە هۆی پیس و سەممی بوونی ئاوی کەشاوەرزی و شاری, کە لەش ساغی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە و ئەویش بە شێوەیەک شێرپەنجەزایە
3- لە هەوا دا سوتاندنی پاشماوەکان بۆ نمونە دەبێتە هۆی زیادبوونی گازی گوڵخانەیی و فەوتانی لایەی ئۆزۆنی گۆی زەوی و گەرم بوونی زەوی لە درێژخایەن دا و لە ئاکام دا قەیرانی ژینگەیی.

باغی: بازیافتی زبڵ و پاشماوەکان تا چ رادەیەک کاریگەریی لە سەر ئابووری و کەرتی پیشەسازی دەبێت ؟

رەحمانی: بەڕیوبەرایەتی دروست و ئوسولی پاشماوە نە تەنیا گرفت نییە بەڵکو دەرفەتە. لە دنیای ئەوڕۆکە دا هەرکەسێکی شەخسی یان ئۆرگانێکی دەوڵەتی بتوانێ بە پشتیوانی ئابوورێکی شیاوەوە ئەم هەلە بۆخۆی بقۆزێتەوە سەرەڕای ئەوەی کە لە بواری پیشەیی و ئابووریی یەوە وەک پێشەنگێک ڕەچاودەکرێ و داهاتی زۆر باشی دەبێت; لە بواری خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵیش دەتوانی یارمەتی یەکی هەرە باش بۆ کۆمەڵگا بێت و یاریدەدەری لاوەکان بۆ وەدەست هێنانی کار و دابین کردنی داهاتی گونجاو بێت.

باغی: لە بارەی خەتراتی زبل و پاشماوەی بیمارستانی و عفونی کە بی خەتەر ناکرین و ھەر وا تیکەلی زبڵی ئەکەن، ئایا خەتەراتی ئەوان زور خراپ تر نیە بو پیس بونی ژێنگە؟
رەحمانی: بەڵێ بەڕاستی کێشەیەکی گەورەیە و نابێ بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بەو پاشماوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد, بکرێ و دەبێ کیسەو سەتڵی تایبەتی بۆخۆی هەبێت و فەوتاندنیان لەڕوی ئوسولی ژینگه پاڕیزی یەوە بێت

باغی: ئێران لە جیهاندا لە بواری تەولیدی پاشماوە و زبڵ پلەی چەندەمی هەیە و لە بواری بازیافتەکەیشی لە چ ئاستێکدایە؟

رەحمانی: پۆلێن بەندییەکی ئەوتۆ کە حاستی ئێران لە بەرهەمهێنانی پاشماوە دا نیشان بدات لە گۆرێ دا نییە یان ڕەنگە من ئاگادار نەبم. بەڵام ئەوشتەی کە دیارە ئەوەیە کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە دەستی باڵای لە بەرهەمهینانی پاشماوە دا هەیە, هەرکەسێک لە دنیا دا رۆژانە 250-300گڕەم پاشماوە بەرهەمدێنێت; بەڵام ئەو پێوانەیە بۆ هەرکەس لە ئێران دا ڕۆژانە800گڕەمە. جاری واشە ئەو نرخه زۆر گڕێدراو بە پێشکەوتوویی وڵاتانیشەوە نییە. بۆ نموونە لە ئاڵمان دا (کە وڵاتێکی پێشکەوتەیە) ئەو پێوانەیە 1100گڕەمە و وڵاتی ئاڵمان وەک یەکێک لە بەرهەمهێنەرترین وڵاتان بۆ پاشماوە دێتە ئەژمار, بەڵام زۆر سەرنج ڕاکێشە ئەگەر بزانین لە وڵاتی ئاڵمان 80%پاشماوەکان, بازیافت دەکرێ;بەڵام لە ئێران تەنیا7%پاشماوەکان بازیافت دەکری; کەوابوو لە حاستی پلەی بازیافت لەو سەرەوە یەکێک لە نزمترین پلەی بازیافتمان لە حاستی جیهانی دا هەیە.

باغی: ڕخنە و پشێنیارەکانی بەرێزتان سەبارەت بە مەسەلەی بازیافت لە کوردستان لە حکومەت، رێکخراوەکان، سەرمایەداران… چین؟

رەحمانی: وەک پێشنیار داوا لە هاووڵاتیان دەکەم کە بە چاوێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوویانەوە سەیری پاشماوە و بازیافت و … بکەن. چون بمانهەوی یان نەمانهەوێ ئێمە مرۆڤانی سەدەی 21 لە دنیای موبایل و ئینتیرنێت و ماهوارە و دیجیتاڵ و فەزا و شەپۆلی سێهەم و لایەی ئۆزۆن و قەیرانی ژینگەیی و نەشتەرگەریی لووتی مرۆڤ و نەخۆشی خەمۆکی مرۆڤی سەردەم داین, زۆر شیاو نییە تەنیا چاوڕوانی قازانجەکانی ئەوسەردەمە بین و باوەش بۆ خۆشییەکان بکەینەوە, دەبی هەر بەو ڕادەیەش بەرەنگاری چەمکە مەترسی دارەکانیش ببینەوە و بە پێی ئەوەی کە لە کەرەسەگەلی مۆدێڕن کەلک وەردەگرین چاوەڕوانی چەمکە نەخوازراوەکانیش ببین و بە زانیاری سەردەمەوە دەتوانین مەترسییەکان زۆر بە باشی بکەینە دەرفەتی هەڵکشان. داوام لە خەڵکی ئێران بە گشتی و لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ئەوەیە کە سەرنج بدەنە چەمکی ژینگەیی وەک سەرەکیترین چەمکی ژیانی سەردەم; وەک دەقی ژیان مامڵەی لە گەڵ بکەن نەک وەک پەڕاوێز. هەروەک دەزانن قەیرانەکانی سەدەی 21 بیریتین لە: برسێتی, نەخۆشی ئیدز, کەرەسەی هۆشبەر, دەمارگرژی و تڕۆڕیسم, قەیرانی ژینگەیی، کەوابوو پاراستنی ژینگە بەشێک لە ژیانە و ئەرکی سەرشانی هەرمرۆڤێکە.

داواکاریم لە حکومەت هەیە کە بەستێنی شیاو بۆ پاراستنی ژینگه بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا ڕێک بخات، ڕێکخراوە ناحکوومیەکان (NGO) ئەرکی سەرشانیانە کە وەک چالاکی مەدەنی دەوری زانکۆیەکی مجازیان لە ئاگاداری کۆمەڵانی خەڵک دا بێت و لەم بوارە دا بۆ خۆیان پێشەنگ و هەڵکشان خواز بن. سەرمایەداران وەک کاڕێکی ئابووری کۆمەڵایەتی چاو لە چەمکەکە بکەن و دڵنیا بن لەوەی کە ئەگەر ئەوان پلەی زانیاری خۆیان بەرنەسەرێ; بە سەرمایەگوزاری لەم بەستیێنە دا سەرەڕای یارمەتی ژینگە و مرۆڤ, داهاتی باشیشیان وەگیر دەکەوێ و دەتوانن پەرە بدەن بە حاستی ئابوری و پیشەسازی خۆیان.

باغی: کاک بیژەن گیان زۆر سپاس بۆ ئەوەی دەعوەتی ئێمەت قەبۆڵ کرد، سپاس بۆ بشداریتان لەم وتووێژە.

رەحمانی: منیش سپاستان دەکەم بۆ بیستن و دیسان سپاس بۆ بانگەێشتنتان، هیوادارم لە هەموو بوارەکانی ژیان دا بە تایبەت ژینگە و ژینگە پارێزی دا سەرکەتوو بن.