وتووێژی تایبەتی ماڵپەری ژینگەوان لەگەڵ فواد حەسەنی ساوان ئەندامی دەستەی بەرێوبەری ئەنجۆمەنی پاژین

0
1346

سپاس و پێزانین بۆ کاک فواد حەسەنی ساوان دەستەی بەرێوەبەر و وتەبێژی فەرمی رێکخراوەی پارێزەرانی ژینگە “پاژین” کە داواکاری “ژینگەوان تان” قەبووڵ کرد بۆ وتووێژ سەبارەت بە کاروچالاکیەکانی “پاژین” لە شاری بانە. تکایە پێمان بڵێن دەستەی دامەزرێنەری پاژین کێن و چەند ساڵە دامەزراوە و لە چەند کەس پێک هاتوە؟

فواد حەسەنی ساون
فواد حەسەنی ساون

فواد حەسەنی ساوان : سەرەتا منیش بە نۆبەی خۆم ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و خوێنەرانی بەڕێز و سپاس بۆ ئەوی کە دەرفەتێکتان ڕەخساند تا لەم وتووێژەدا لەگەڵتان بەشدار بین. هیوادارم کە کەڵکی پێویستی ببێت بۆ بەردەنگەکانتان. پاژین درێژە دەری ئەنجومەنی سەوز بوو، ئەنجومەنی سەوز لە ساڵی ۱۳۸۷ی هەتاوی دامەزرا، چەند ساڵ کەم تا کورت لە بواری ژینگەپارێزیدا کاری کرد. بەڕێوەبەرەکانی ئەو کاتی؛ ۱.تاهیر تاهایی ۲.عارف بەختیاری ۳.ئەبوبەکر نێعمەت پور ٤.ئاغای عەبباسی .

داویی بە چەند هۆیێکەوە ئەنجومەنی سەوز لە چالاکی کەوت. ساڵی ۱۳۸۸ دەستەیێک وەک دامەزرێنەر کەوتنەکار و دوای سێ ساڵ ئەنجومەن بە سەبت گێشت و ساڵێک دوای ئەوە واتە ساڵی ۱۳۹۲ بە ناوی ڕێکخراوەی پاژین موجەویزی بۆ وەرگیرا و دەستەی دامەزرێنەری بریتی بوەن لە: ۱.ئەبوبەکر نێعمەت پوور ۲.فەرهاد نێعمەت پوور ۳.سەحەر نێعمەت پوور ٤.ئەندازیار عەتاری ٥.فەتاح ئەمین زادە ٦.عارف بەختیاری ۷.عابید خورشیدی ۸.فواد جەهانی.

بەڵام دواتر بڕیاردرا کۆبوونەوەی گشتی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێ بەڕێوە بچێت، لە مانگی گوڵانی ۱۳۹۳ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نوێ هەڵبژێردران کە بریتی بوون لە: ۱.حامید ئەسراری ۲.فەرهاد نێعمەت پوور ۳.سۆران محەممەدنژاد ٤.ناسر جەعفەری ٥.ئەندازیار عەتاری ٦.سالار خەندانی ۷.سامان مێهران ۸.تاهیر شەهیدی و مەجید ڕەحیمی جەمالیش وەک بازڕەس(چاودێر) هەڵبژێردران. لە مانگی گوڵانی ۱۳۹٥ دیسان هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نوێ بەڕێوەچوو کە لەو هەڵبژاردنەدا هەر یەک لە: ۱.فواد حەسەنی ساوان ۲.سروە محەممەدی ۳.حامید ئەسراری ٤.ڕەحمان سلێمانی ٥.ڕەحیم ساڵحی وەک دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نوێ هەڵبژێردران و جەلال حسەین پور بوو بە بازڕەس(چاودێر). بە ناوی پاژینەوە لە رێبەندانی ساڵی۱۳۹۲ بە فەرمی موجەویزی بۆ دەرکراوە لە ڕێبەندانی ۱۳۹۲کە ۱٥ تا ۲٠ کەس ئەندامی بوو و تا ٦٠ کەس ڕۆیی و ئێستا نزیک بە سێسەد کەس ئەندامی هەیە.

ژینگەوان؛ پاژین لقێکی هەیە بە ناوی ساوان، لقی ساوان چ ئەرکێکی هەیە و کارەکانی لە چ ئاستێکدایە؟

فواد حەسەنی ساوان : پاژین هەوڵی داوە باسی ژینگە و ژینگەپارێزی بباتە ناو گوندەکانەوە بۆ ئەوەی فەرهەنگی ژینگەپارێزی هەموو شوێنێک بە تایبەت گوندەکان بگرێتەوە، هەر بەو مەبەستەش دەستی داوەتە کردنەوەی لق لە گوندەکانی بانە و تا ئێستا لە چەند گوندی بانە لقی کردووەتەوە و لقی ساوانی پاژینیش یەکێک لەو لقانەیە کە پاژین کردوویەتیەوە و هەر لقێکیش کار و چالاکییە ژینگەییەکانی ئەو ناوچەی خۆی بەڕێوە ئەبات لە ژێر چاودێری پاژیندا.

ژینگەوان؛ باس لە هۆکارەکانی دامەزراندنی پاژین بکەن وە بەرچاوترین چالاکییەکانتان چی بووە؟

فواد حەسەنی ساوان: درێژەدان بە کار و چالاکی ژینگەپارێزی ئەنجومەنی سەوز و بە گشتی مەبەستی پاژین کار کردن بۆ پاراستنی ژینگەیە. هەروەها ئەکرێ لە پاڵ ژینگەپارێزی کاری دیکە وەکوو مرۆڤ دۆستی و نیشتمان پەروەریش ڕەچاو بکرێت. ئێمە وەک پاژین کار و چالاکی زۆرمان بووە، بەڵام وەک بەرچاوترینیان ئەتوانین ئاماژە بکەین بە بەڕێوەبردنی کارگەی فێرکاری سیپا(SEPA) _چونە ناو قوتابخانەکان بۆ وتنەوەی وانەی ژینگەپارێزی بە قوتابیان_بەڕێوەبردنی نا بۆ تەقەمەنی لە نەورۆزی ۹٥_دروست کردنی کارگای بازیافتی زبڵ و پاشماوە لە لایەن شارەوانی بانە لە ژێر گوشار و داواکاری پاژین_بەڕێوەبردنی چالاکی ژینگەپارێزی و لە بانە و دەوروبەر_بەشداری بەرچاو لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچە_بەشداری کردن لە کۆبوونەوەکانی پارێزگار(ئوستانداری) سنە سەبارەت بە قەیرانی بەنداوەکان و وروژاندنی ئەم باسە هەستیارە لە ناو کۆمەڵگا_بەڕێوەبردنی هەڵمەتی نەمام چاندن و دژایەتی کردن لەگەڵ کاول کارییە ژینگەییەکان لە ناوچەکەدا و دروست کردنی پارکی ژینگە و دامەزرانی پەیکەری سمۆرە لەو پارکە لە لایان شارەوانی بانە بە پێشنیاری پاژین و چەندین کار و چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دیکە.

ژینگەوان؛ ئەو کارگەی بازیافتی پاشماوەی زبڵ ئایا لە بانە هێستاش هەر بەردەوامە و لە چ ئاستێکدایە و شارەوانی چ ڕۆڵێکی هەبووە لە بەردەوام بوونی؟

فواد حەسەنی ساوان: کارگەی بازیافتی پاشماوە هەر بەردەوامە لە کارەکانی و لەو ئاستەدا کار ئەکات کە پاشماوەکان لێک جیا ئەکاتەوە، نایلۆن و پلاستیکی بە جیا، شیشە بەجیا، کارتۆن بەجیا، پاشماوەی تەڕیش بە جیا، پاشان لەوێوە ئەڕوات بۆ کارخانە بۆ سەر لەنوێ دروست کردنەوە، هەر وەها شایانی باسە کە لە زۆربەی گەڕەکەکانی بانە هەر لە ماڵەکانەوە پڕۆسەی جیاکردنەوەی زبڵ و پاشماوە بەڕێوە ئەچێت، بە چەشنێک کە دڵقی
پاشماوە ئەبەنە بەر درگای ماڵان و لە دڵقی شیندا پاشماوەی وشک و لە دڵقی ڕەشدا پاشماوەی تەڕ لێک جیا ئەکەنەوە و حەفتەی جارێک کۆی ئەکەنەوە و ئەچێت بۆ کارگەی بازیافت. کارگەی بازیافتیش لەسەر داخوازی ژینگە پارێزان و پاژین، هەر وەها بە بودجەی شارەوانی بانە ساز کراوە و هەموو کار و ئەرکەکانیشی هەر شارەوانی بەڕێوەی ئەبات ئێمەش جاروبار ئەچین بۆ سەردان و چاودێری ئەکەین.

ژینگەوان؛ بەشداری کردنتان لە کۆبوونەوەی پارێزگای سنە بۆ قەیرانی بەنداوەکان لە چ ئاستێکدا بوو و چ دەستکەوتێی لێ کەوتەوە؟

فواد حەسەنی ساوان : بەشداری کردنی پاژین لە کۆبوونەوەکانی پارێزگاری سنە لە ئاستی پسپۆڕان و کارناسانی پاژین بووە لە بوواری ئاودا، کە هەر جارەو پسپۆڕانی پاژین وەک دوکتور سەعدوڵلا سەنگینی و ئەندازیار ئازاد کەماڵی و مودیر عامیلی پاژین کاک حامید ئەسراری بەشداری ئەم کۆبوونەوانە بوون و توانیویانە تا ڕادەیێکی باش لایەنە پێوەندیدارەکانی پارێزگا لە مەترسیەکانی قەیرانی ئاو و لێداانی لە ڕادەبەدەری بەنداو لە کوردستان و لە بانەش ئاگادار بکەنەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەوانیش هەڵوێستە بکەن لەسەر پڕۆژەی دوو بەنداو لە بانە.

ژینگەوان؛ سنوری کار و چالاکیەکانی پاژین کوێ ئەگرێتەوە؟

فواد حەسەنی ساوان : سنوری کار و چالاکیەکانی پاژین بە پێی ئەو موجەویزەی پێی دراوە لە چوارچێوەی ناوچەی بانەیە و بەڵام ئەتوانێ یارمەتی دەری ڕێکخراوە ژینگەپارێزیەکانی شارەکانی دیکە بێت بۆ هاوفکری و هەندێ جاریش کاری هاوبەش.

ژینگەوان؛ ئایا پاژین ساپۆڕتی ماڵی دەکرێت؟ ئەگەر نا، ئایا پێویستی بە یارمەتی هەیە و چۆن تا ئێستا بێ یارمەتی کارتان کردووە؟

فواد حەسەنی ساوان : ئێمە لە لایەن دەوڵەتەوە هیچ بودجەیێکمان نییە و ساپۆرتی ماڵی ناکرێین. ئەوەی کە هەمانە لە حەقە ئەندامیەتی ئەندامانی خۆمانە و هەندێ خەڵکی ئاسایی بانەش ساڵانە یارمەتیمان ئەدەن بۆ ئەوەی کە بتوانین هەندێ خەرجی کار و باری خۆمان دەر بێنینەوە. و ئەندامانیشمان خۆبەخشانە کار ئەکەن لەم بوارەدا.

ژینگەوان؛ بەرنامە و پڕۆگرامەکانی پاژین لە چی پێک هاتووە؟

فواد حەسەنی ساوان : بەرنامە و پڕۆگرامی پاژین پێکهاتووە لە وشیاری و زانیاری دان بە کۆمەڵگا لە بوواری ژینگەپارێزی و هەروەها فەرهەنگسازی بۆ خەڵک کە ژینگەکەیان خاوێن ڕاگرن تا کۆمەڵگایێک و نیشتمانێکی ڕازاوە و دور لە خەسارە ژینگەییەکانمان هەبێت. هەر وەها زەخت خستنە سەر لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانمان لە چوارچێوەی ژینگە و ژینگەپارێزیدا و دروست کردنی پردی پێوەندی نێوان خەڵک و لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ بەرەو پێش بردنی کاری ژینگەیی. هەر لەم چوارچێوەشا بە شێوەیێکی بەرین چونە ناو قوتابخانەکان و خەڵکی کۆمەڵگاکەمانەوە بۆ وتنەوەی وانەی ژینگەپارێزی و زۆر هەڵمەتیشمان بەڕێوە بردووە تا ببێتە فەرهەنگێک بۆ خەڵکی کۆمەڵگاکەمان لەو بووارەدا. هەروەها لە گەڵ لایەنی پێوەندیدار کارگەی فێرکاریمان بەڕێوە بردووە بۆ کارمەندی ئیدارەکان تا زانیاریان بدەینێ زۆر جاریش گوشارمان خستونە سەر تا ئەرکی خۆیان بە باشی لەو بووارەدا بەجێ بگەیێنن.

ژینگەوان؛ تا چ ڕادەیێک خەڵک یارمەتیتان ئەدەن؟

فواد حەسەنی ساوان : خەڵک زۆر جار جگە لە یارمەتی ماڵی یارمەتی مەعنەویشمان ئەدەن کە ئەوە ئەبێتە هۆی دڵگەرمی زیاتری ئێمە لەو ڕێیەدا.

ژینگەوان؛ چۆن ڕۆشنگەری دەدەن بە خەڵک و لە چ ڕێگایێکەوە؟
فواد حەسەنی ساوان : هەر وەک عەرزم کردن بە چونە ناو خەڵک و قوتابخانەکان و لە ڕێی کار و چالاکیەکانمان لەگەڵ خەڵک پێوەندی دروست ئەکەین و لە هەمان کاتیشدا ڕاگەیاندنمان هەیە وەکوو سایت و کاناڵی تێلێگرامی و فەیسبووک و پێگەی فەرمی پاژین لە تێلگرام و هەر وەها لە ڕێی بڵاوکردنەوەی بڕوشور و کتێب و فیلمی سەبارەت بە کار و چالاکیەکانمان و بابەت گەلی ژینگەپارێزی.

ژینگەوان؛ ئاستی بەشداری ژنان چۆنە لە پاژین دا؟
فواد حەسەنی ساوان : لە ناو پاژین دا ئاستی بەشداری ژنان لە ڕاپەڕاندنی کار و چالاکی و ئەرکە ژینگەپارێزییەکان زۆر بەرچاوە و شان بە شانی پیاوان هەوڵ ئەدەن بۆ بەرەو پێش بردنی کارەکان لە ناو پاژین دا. زۆر جار هەندێ کار هەیە کە بە پیاوان جێبەجێ نابێت ژنان بەو پەڕی تواناوە بەڕێوەی ئەبەن. هەر لە ناو دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پاژین خانمی سروە محەممەدی بوونی هەیە کە لە هەمان کاتدا بەرپرسی بەشی ماڵی پاژینیشە و لە کارەکەیدا زۆریش بە توانایە. هەروەها دەفتەردارەکانی پاژین خاتوو عەزیمە سەلیمی و سروە محەمەدین کە کارو باری دەفتەری پاژین بەڕێوە ئەبەن. لە کۆمیتەی وەرزش و گروپی کەژوانی پاژینیش ژنان ڕۆڵ و بەشداری بەرچاویان هەیە لە چالاکیەکاندا.

ژینگەوان؛ دروشمی تایبەتی گروپەکەتان لە چ دەستە واژەیێک پێک هاتووە؟
فواد حەسەنی ساوان : پاژین دروشمێکی هەیە کە هەمیشە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بە کاری ئەهێنێ، ئەویش ئەوەیە کە؛ مرۆڤ تا ژینگەپارێز نەبێت ناتوانێ وڵات پارێز بێت، بەو واتایە هەر کات توانیمان سروشت و ژینگەی وڵاتەکەمان بپارێزین ئەتوانین بڵێین کە وڵات پارێزێکی ڕاستەقینەین، چونکا ژینگە و وڵات بە یەکەوە گرێ دراون. لە هەمان کاتدا دروشمی پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە شمان بەرز کردووەتەوە.

ژینگەوان؛ هاوکاری و پێوەندیتان لەگەڵ گروپ و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی شارەکانی دیکە هەیە؟چۆن هاوکاری دەکەن؟
فواد حەسەنی ساوان : بەڵێ پێوەندی و هاوکاری پتەومان هەیە لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی شارەکانی دیکە. چۆنیەتی هاوکارییەکانیشمان پێک هاتووە لە کاری هاوبەش سەبارەت بە ژینگە و ژینگەپارێزی، پشتگیری یەکتر بۆ باس و پرسە ژینگەییەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتی کار و چالاکییەکان، هەروەها بەشداری کردن لە بۆنە و مەڕاسم و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکتریدا و پێکهێنانی شەبەکەیێکی ژینگەیی پارێزگا بە هاوبەشی لە نێوان ۱٠ ڕێکخراوەی پارێزگای کوردستان، کە ئێستا پاژین مودیر عامیلی شەبەکەی ئوستانییە.

ژینگەوان؛ کێشە و گرفتەکانتان چییە کە بەربەستە بۆ پێش بردنی ڕێکخراوەی پاژین؟
فواد حەسەنی ساوان : هەر وەک ئەزانن ڕێکخراوەی خەڵکی بە هۆی کەم کاری دەوڵەت لەو بوارەدا دروست ئەبن بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دەسەڵات کاری بۆ نەکردووە، لەم ڕێیەشدا کێشە و گرفت زۆرە کە بەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ئەگرێت. کێشە و گرفتی پاژینیش لەم بوارەدا ئەوەیە کە دەستمان ئاوەڵا نەبووە بۆ هەندێ شت کە بتوانین پێش بە کەسانێکی هەل پەرەست و بەرژەوەندی خواز بگرین کە خەریکی کاولکاری ژینگەیی بوون. زۆر جار لایەنە پێوەندیدارەکان هاوکارمان نەبوون لە زۆر بابەت گەلی ژینگەییەوە.

تەرخان نەکردنی بودجە و ئیمکانات بۆ ڕێکخراوەکەمان. پشت گوێ خستنی هەندێ داواکاریمان لە لایەن دەسەڵاتەوە. دابین نەکردنی شوێن یا بینایێک بۆ ڕێکخراوەکەمان کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئێمە لە شوێنی کرێداین و کرێ کەش هەر خۆمان ئەیدەین. هەندێ گرفتی دیکەش هەیە کە لە لایەن خەڵکەوە بەرۆکمان ئەگرێت، ئەویش بریتییە لە بە کەم زانین و کەم نرخاندنی کارەکانمان لە لایەن بە عزە کەسانێکەوە. ڕوخاندن و هێرش کردنە سەر ڕێکخراوەکەمان، هەندێ جاریش دژایەتی کردنمان بێ ئەوەی کە ئاگاداری هەندێ مەساییل بن کە گرفتی لێ ئەکەوێتەوە. زۆر جاریش بووە بەعزە لایەنێک خەڵکیان لێ هان داوین کە بە دژمان بێستنەوە و ئەویش خۆی گرفتێکی گەورەیە لە بەر دەم ڕێکخراوەکەمان بۆ بەرەو پێش چونی کارەکانمان لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە.

ژینگەوان؛ پاژین چ بەرنامەیەکی بۆ داهاتوو هەیە؟
فواد حەسەنی ساوان : بەرنامەمان ئەوەیە کە لە داهاتوودا چوارچێوەی کار و چالاکیەکانمان بەرین تر بکەین و بچینە ناو هەموو گوندەکان بۆ پێدانی زانیاری و ئاگایی بەخشین و فەرهەنگ سازی. زیاتر کار کردن لە بواری عیلمی و زانستی بە پێوەندی گرتن لەگەڵ شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بووارە. ڕاکێشانی زیاتری خەڵک و کەسایەتیەکان بۆ ناو پاژین. پەروەردە کردنی زیاتری منداڵان لەم بوارەدا. پەرەپێدانی زیاتری پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی شارەکانی دیکە. کار کردن بۆ دەر کردنی مانگ نامە یا مەجەلەیێک بە ناوی پاژین.

ژینگەوان؛ چ قسە یان پەیامێکتان هەیە لە کۆتاییدا ئاراستەی خوێنەرانی بکەن؟
فواد حەسەنی ساوان : پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ خەڵک و جەماوەری کۆمەڵگاکەمان کە هاوکار و پشتیوانمان بن لەم ڕێیەدا، چونکا ئەگەر خەڵکمان لەگەڵ بێ و پشتگیریمان بکەن دەستکەوتی زۆر باشمان ئەبێت لە بواری پاراستنی ژینگەدا. ئێمە هەڵقوڵاوی ناو خەڵکین و هەر لەوانین و خۆبەخشانە خەریکی خزمەت کردن بە سروشت و ژینگەی نیشتمانەکەمانین و لەو ڕێیەدا چاومان لە هیچ قازانجێکی تاکە کەسی نییە و بەس ئەرکی سەرشانمان بەجێ ئەگەیێنین.

هەروەها داوا لە خەڵکی دەست ڕۆشتو یا دەوڵمەند ئەکەم کە لە بواری ماددی یارمەتیدەری ڕێکخراوە مەدەنیەکان بن تا بتوانن ئەرکەکانیان باشتر بەڕێوە بەرن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایێکی پێشکەوتو. هەروەها داواکارم لە خەڵک کە لە هەمبەر هەندێ کاولکاری ژینگەیی کە خەسار ئەگەیێنێت بە ژینگە و مەترسی دروست ئەکات بۆ سەر گیان و ژیانی مرۆڤەکان بێ هەڵوێست نەبن و بە شێوەیێکی زۆر مەدەنیانە و دور لە توندوتیژی بە هاوکاری ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان هەڵوێستی شیاو بگرن تا بەر بەو خەسارانە بگیرێت کە بڕیارە ڕوو بدات. هەروەها هیوادارم کە هەمووان دەست لە ناو دەستی یەک بەرەو پێش بڕۆین بۆ دروست کردن و دەستبەر کردنی کۆمەڵگایێک و نیشتمانێکی جوان و ڕازاوە و دور لە کێشە و گرفت و خەساری ژینگەیی. دەستی ئێوەش خۆش بێ کە ئەم دەرفەتەتان بۆ ڕەخساندین کە بتوانین لە خزمەت ئێوە و خوێنەرانتانا بین، بژین و بەردەوام بن.