لەپێناوی پاراستنی ژیان و ژینگەدا، شەمشەمە کوێرەکان بپارێزن!

0
2116

ئ

ئامادەکردنی: محەمەد چاوشین

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە لەئارادایە کە لەناو ھێلانەی “شەمشەمە کوێرە”دا جۆرە شلەیەک ھەیە کە ھەرکەس بتوانێ بەدەستی بێنێت، ئەوا دواتر بەنرخێکی خەیاڵی دەتوانێ بی فرۆشێتەوە.

وەک باس دەکرێت، ئەو شلەیە، ھەمان “لیک”یان بە ئینگلیزی(Saliva)ە کە لەلایەن شەمشەمە کوێرەکانەوە دەڕژێتە ناو قۆزاخەیەکەوە و لەناو ئەشکەوت و کاوەشاخەکاندا ھەڵدەگیرێت.

بەرلەوەی لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەین کە ئێستا لەناوچە جیاجیاکانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەدوای ھێلانەی شەمشەمە کوێرەکاندا دەگەڕێن ، دەمەوێ زۆر بەکورتی باسی گرنگی و بایەخی گیان لەبەران لەناویشیاندا “شەمشەمە کوێرە” بۆ ژینگە و بۆ مرۆڤەکان بکەم.

ھیچ گومانی تێدانییە کە گیان لەبەران ڕۆڵێکی گەورە لە ھاوسەنگ ڕاگرتنی ژینگەدا دەگێڕن و سوودێکی زۆر و زەوەند بە ژینگە و دواجاریش مرۆڤایەتی دەگەیەنن.

ئەو شەمشەمە کوێرەیەی کە جێگای باسی ئێمەیە، سودێکی یەکجار گەورەی بۆ ژینگە و بۆ مرۆڤ و ھەروەھا بۆ دنیای پزیشکی ھەیە.

پیسایی شەمشەمە کوێرە کە ھاوشێوەی پیسایی “مشک”وایە، لەبواری کشتووکاڵیدا وەکوو پەینی کیمیایی کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

لەچەندین تاقیکردنەوەدا کە لەسەر پیسایی شەمشەمە کوێرە ئەنجام دراوە و دواتر بۆ بواری کشتووکاڵی سودی لێ وەرگیراوە، دەرکەوتووە کە ڕووەک و دار و درەختەکان بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕھێنەر گەشە دەکەن.

ھەروەھا، (لیک – Saliva)ی شەمشەمە کوێرە، لەبواری پزیشکیدا سودی زۆری ھەیە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر لیکی شەمشەمە کوێرە ئەنجام دراون، دەرکەوتووە کە لەناو ئەو لیکەدا، ماددەیەک ھەیە کە دژی (خوێن مەین)ە.

لێکۆڵەرانی ئەم بوارە، بەو ھیوایەن کە لەداھاتوودا بتوانن لە لیکی ئەو شەمشەمە کوێرانە دەرمانی دژی سەکتەی دڵ و مێشکیش بەرھەم بێنن.

شەمەشەمە کوێرەکان جۆراوجۆرن، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراون، نزیکەی(١١٠٠) جۆر شەمشەکوێرە لەدنیادا ھەیە.

لەناو ئەشکەوتەکانی(بڕاکن)ی تەكساسی ئامریکا، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن شەمشەمەکوێرە دەژین کە بە شەمشەمە کوێرەی قاوەیی یان (مەکسیکی Mexican free – tailed)بەناوبانگن.

ھەریەکێک لەم چەشنە شەمشەمە کوێرانە، توانای خواردنی ١٢٠٠ گیانلەبەری ھاوشێوەی(تەپۆ – سن- مێشوولە)ی ھەیە لەماوەی یەک کاتژمێردا.

لەناو ئەو ئەشکەوتانەی تەكساسدا، لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا دووسەد تۆن گیان لەبەری بچووک دەخۆن کە بۆ کشتووکاڵ و بۆ مرۆڤەکانیش سەرچاوەی جۆرەھا نەخۆشین.

سودی گیان لەبەرەکان بۆ ژینگە و بۆ مرۆڤەکان زۆر زۆرن کە سەرەڕای پێشکەوتنی دنیا لەڕووی زانست و تەکنەلۆژیاوە، بەڵام ھێشتا نەمان توانیوە پەی بەو ھەموو سودانە ببەین کە گیان لەبەران لە دنیای دەوروبەرمان دەیگێڕن.

بەداخەوە، مرۆڤەکان زۆر دڵڕەقانە مامەڵە لەگەڵ ژینگە و گیان لەبەراندا دەکەن، لەپێناوی دەستخستنی کەمێک پارەدا، ئامادەیە زیانێکی گەورە بە ژینگە بگەیەنێ کە ھەرگیز ناتوانرێ قەرەبوو بکرێتەوە.

ئەو دەنگۆیەی کە ھەنووکە لەسەر (لیک)ی شەمشەمە کوێرەکان بڵاو بۆتەوە، نەک ھەر خودی لیکەکە، بەڵکوو بووەتە ھۆی تێکدانی شوێنی ژیانی شەمشەمە کوێرەکانیش کە دواجار بە مەرگی ئەو شەمشەمە کوێرانە تەواو دەبێت.

شەمشەمە کوێرەکان لەوەرزی سەرمادا دەکەونە خەوی زستانەوە و تاکوو وەرزی بەھار و ھاتنی گەرما لەھێلانەکەیان ناتوانن بێنە دەرەوە، کاتێکیش ئێمە ئەو ھێلانانەیان لێ تێکدەدەین، بێگوومان پەڕاگەندە دەبن و جەستەشیان بەو شێوەیە نییە بتوانن بەرگەی سەرما بگرن.

ھیچ گومانی تێدا نییە کە دەبێ ڕێزی ژینگە و گیان لەبەر و باڵندە کێويیەکان بگرین و ھەوڵی پاراستنیان بدەین، بەتایبەت ئەو بەشە لەو گیان لەبەر و باڵندانەی کە ھیچ زیانێکیان بۆ مرۆڤ و بۆ ژینگە نییە، بەپێچەوانەوە سودیشیان ھەیە بۆ ھاوسەنگ ڕاگرتنی ژینگە و ژیانی مرۆڤەکانیش.

بەھیوام لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەرچی زووتر پلانێک دابنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی کە ھەنووکە بەشێوەیەکی مەترسیدار بۆسەر شەمشەمە کوێرەکان دەستی پێکردووە.

* سەرچاوە:
http://niloofareabi.blog.ir/post/%D8%AA%D8%AD%D9%82%DB%8C%D9%82-%D8%AF%D8%B1%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D9%87-%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D8%AE%D9%81%D8%A7%D8%B4-%D9%87%D8%A7