خۆڕاگریی خەڵکی سەرشیو لە به‌رامبەری ویستی شارەوانی بۆ کاولکارییەکانی لە دۆڵی سماقان، بەردەوامە

0
1373

ژینگەوان: ماوەی دوو هەفتەیە، خەڵکی سەرشیو بە شەو و ڕۆژ لە دۆڵی “سماقان”دا پاسەوانی دەدەن تاکوو ژینگە و سروشتی ناوچەکە بپارێزن و بەرگری بکەن لە خۆیان و ئەو خەڵکە، تاکوو تووشی سەدان نەخۆشین و شێرپەنجە نەبن.

ئەمڕۆیش، ۸ی خاکەلێوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە بە ژن و منداڵەوە بۆ پارێزگاری لە سروشتی نیشتمانیان، لە دۆڵی سماقاندا کۆبوونەتەوە و سوورن لەسەر مافە ڕەواکەیان و هەروەها دانانی “کارخانەی بازیافت” بە تەنیا ڕێگەچارەی ئەم کێشەیە دەزانن.

ئەم خۆڕاگرییە لە کاتێکدایە کە ئەم خەڵکە لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکاندان و بە هەموو شێوازێک هەڕەشەیان لێ‌دەکرێت؛ بەڵام سرشیو خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و پاراستنی ژینگە و تەندروستیی ناوچەکە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.

هەروەها داوا لە خەڵکی مەریوان و سەرجەم ژینگەپارێزانی کوردستان دەکەن کە بەهانایانەوە بڕۆن و ئاماژە بەوەی دەکەن کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە ڕادەی پێویست و کاریگەر لە خۆیانەوە هەڵوێستیان پیشان نەداوە و پشتیوانییەکەیان لە ڕاگەیەندراوێکدا سنووردار کراوەتەوە، کە ئەمە دوورە لەو بناغەیەی کە چیای لەسەر بنیات‌نراوە.

شایانی باسە کە “شەریف باجوەر”، کەسایەتیی سەرناسیی ژینگەپارێزی لە مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا، پشتیوانیی خۆی لە داواکاریی ئەم خەڵکە ڕاگەیاندووە و ئەم پشتیوانییە لە لای خەڵک زۆرتر وەک تاک، خۆی نواندووە، نەک وەک ئەنجومەن.

ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە: بەرپرسان، شارەوانی و نوێنەری مەریوان، دەیانەوێت تا کەی دژی هەڵوێستی خەڵک بووەستن و سوور بن لەسەر زەبردان لە ژینگە و سروشتی کوردستان؟!

This slideshow requires JavaScript.