سێ کۆچبەری کوردستانی ڕۆژئاوا لە رووباری ماوان خنکان

0
4913

چیرۆکی تاڵی کۆچبەربوونی کوردانی ڕۆژئاوا و خنکانی ئەژمارێکیان لە ناو ئاوەکان، تا ئێستاش بەردەوامە. دوای مەرگی ئالان ـی کورد کە بوو بە باسێکی جیهانی، ئەمجارە دایکێک و دوو کچەکەی، بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەست دا.

هانا: ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی خاکەلیوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سێ کۆچبەری کوردی کوردستانی رۆژئاوا، کە دایکێک و دوو کچەکەی بوون لە ڕووباری ماوان لە سنووری شارۆچكەی پیرانی سەر بە قەزای مێرگەسوور خنكان.

بەپێی زانیارییەکان، خێزانەکە لە پێنج کەس پێکهاتبوون، باوك و كوڕێكیان، لە ئاوەكە پەڕیونەتەوە و نەخنكاون، بەڵام دایك ‌و دوو كچیان لە ئاوەكەدا خنكاون. دوای گەڕان‌و پشكنینێكی زۆریش هەرسێ‌ تەرمەكە دۆزراونەتەوە ‌و براونەتە پزیشكی دادوەریی شاری وان”.

غەفوور مەلا ئەحمەد، قائیمقامی مێرگەسوور لەمبارەوە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە ٦ی خاکەلێوە، “لە ڕووباری ماوانی سنووری شارۆچكەی پیرانی سەر بە قەزای مێرگەسوور، سێ‌ كوردی خەڵکئ كوردستانی ڕۆژئاوا كە ویستویانە بە قاچاخ بڕۆنە ناو خاكی توركیا، كەوتوونەتە ناو ڕووبارەكەوە و خنکاون”.

بەوپێیە، تەرمەکان لەلایەن خەڵکی گوندێکی نزیک ئاوەکە بە یارمەتیی سەربازانی تورکیا دەرهێندراونەوە.

پێشتریش ئالان کوردی (لە سەرەتادا بە ئایلان کوردی ناوی لە ڕاپۆرتەکاندا ھێنرا) (٢٠١٢ – ٢٠١٥) کوڕێکی تەمەن سێ ساڵی کوردی ڕۆژاوای کوردستان(سووریا) بوو، کە بووبوو بە مانشێتی زۆرینەی میدیاکانی جیھان دوای خنکانی لە دەریای ناوین، وەک بەشێک لە قەیرانی کۆچبەرە سوورییەکان. وێنەی لاشەی منداڵەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس نیلووفەر دەمیر گیرا و بەخێرایی لە جیھاندا بڵاوبوویەوە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە. لەبەرەوەی خێزانی ئالان کوردی ھەوڵیان دابوو بگەن بە کەنەدا، مردنەکەی لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران بووە یەکێک لە بابەتەکانی ھەڵبژاردنی گشتیی ٢٠١٥ی کەنەدا.

شایانی ئاماژەیە کە ئێوارەی 21 -02-2016 لە پارکی ئازادی سلێمانی، پەیکەری ئایلان (ئالان) کوردی لە پارکی شانەدەری سلیمانی پەردەی لە سەر لابرا. پەیکەری ئالانی کورد لە لایەن پەیکەر ساز و هونەرمەندی کوردستانی باشوور، بەختیار هەڵەبجەیی درووست کراوە.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here