ئێمە پێکەوەین: بەیاننامەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە جمووجۆڵەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

0
565

ئێمە پێکەوەین،
بەیاننامەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە جمووجۆڵەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

گەلی تێکۆشەری کورد
کوردستانیانی ئازیز و خۆشەویست
هاونیشتمانانی دەروەست و نەتەوەیی

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، بە هۆی هەڵکشان و پەرە سەندنی بیری نەتەوەیی و ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی نەتەوەی کورد، حکوومەتی داگیرکەری ئێرانی بە شێوازێکی زۆر توندتر و خێراتر لە جاران، بە کوشتن و بڕین و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و خەباتکارانی کورد و هەروەها ملیتاریزە کردنی زیاتری کوردستان هەوڵی داوە بە سەرکوتکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ترس و دڵەڕاوکێی بخاتە سەراسەری جوغڕافیای جەعلیی ئێرانەوە.

رژیمی ئێران جیا لە سەرکوت و کوشت و کوشتار لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر جار ناجارێک لە ڕێگەی درۆن و مووشەکی بالستیکیەوە لە بێدەنگیی جیهانیدا، سەروەریی خاکی هەرێمی باشووری کوردستانیش دەبەزێنێ و جیا لە بنکە و بارەگای هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،” پارتی ئازادیی کوردستان-پاک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، ماڵ و منداڵ و ڕەز و باغات و شوێنە سڤیل و مەدەنیەکانیشی کردۆتە ئامانجی دەستدرێژی و هێرشەکانی و هاوکات لە گەڵ تیرۆرکردن و ڕفاندنی چالاکانی کورد لە باشووری کوردستانەوە، دەیان ژن و منداڵ بوونەتە قوربانی و لە ئەنجامی ئەم هێرشە سەرەڕۆیانەی ئێراندا شەهید بوون و گیانیان بەختکردووە.

لە ماوەی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە کە تا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وا بەردەوامە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوردستان چەن قات بەرز بووەتەوە و ژینۆسایدی نەتەوەی کورد لە ئاستی زۆر بەرزدا بەردەوامە و دۆخی نەتەوەیی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیدار دایە،هاوکات حکوومەتی ئێران بە چەکی قورسەوە بەرەو سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕێگەی گرتۆتە بەر و بە نیازی جێبەجێکردنی پیلانێکی شوومی ترە بۆ هێرش کردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
ڕاستیەکی حاشاهەلنەگرە کە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و یەک لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، توانای قەبوولکردن و بوونی کورد و کوردستانیان نییە و هەر بۆیە بەردەوام لە هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد دابوون و لەم سیاسەتە دوژمنکارانەیەیان بەردەوامن.

ئامانجی سەرەکیی هێرشی ئێران، جیا لە تێکدان و شێواندنی یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد، لەناو بردنی تاک بە تاکی هەموومانە، هەر بۆیە پێکەوە بوونمان و یەکڕیزیمان گرینگی و پێویستیەکی مێژوویی و هەنووکەییە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە مەدەنی و هێز و لایەنە سیاسیەکان و هاوکات ئەندام و لایەنگرانی نهێنیی بزووتنەوە دەکا: ئاگادار ئامادە بن بۆ هەر چەشنە ئاڵووگۆڕێکی خێرا و بە پەلە کە بە تایبەتی لە ئەگەری دەستپێکی شەڕ، پێویستە وەکوو مافی خۆپاراستنی نەتەوەیی، خۆمان و ماڵ و منداڵ، ژن و پیاوی کوردستان بپارێزین و یەکگرتووانە دەست بدەینە دەستی یەکتر بۆ بەرگریی ڕەوا و هاوکات شەقامەکانی کوردستان بۆ داگیرکەران بکەینە ئاگر و خوێن و دروشمی ڕاستەقینەی شەقامی ڕاپەڕیوی ڕۆهەڵات ” کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان” بکەینە کردار و بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە هێزترین و گەورەترین وانەی شۆڕشی ژینا بۆ هەموومان، ئەوەیە کە: ئێمە تەنیا نین و گشتمان پێکەوەین و هێزمان لە یەکگرتووییمان دایە، پێکەوەبوونمان هێز و دەسەڵات و سەروەریمان بۆ دەگەڕێنێتەوە.

سەرکەوتنی نەتەوەی کورد و ڕزگاریی خاک و نیشتمانی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان نزیک و مسۆگەرە

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی
٣ی ژووەنی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووگەنجێکی کورد بە پێیان لە ئاڵمانەوە تا لۆزان دژ بە پەیماننامەی شوومی لۆزان ڕێ دەکا.
بابەتی دواتروتووێژی قەندیل پرێس لە گەڵ جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.