یەکیەتی ئەوروپا خوازیاری گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێکەوتنەکانی بەرجام بوو

0
714

ڕۆژی كورد :
دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەشێکی دیکەی بەڵێنەکانی پەیمانی ناوەکی بەرجام، یەکیەتی ئەوروپا خوازیاری گەڕانەوەی ئێران بۆ بەرجام و پابەندبوونی ئەو وڵاتە بەم ڕێکەوتنە بوون. وتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکیەتی ئەوروپا ئەڵێت : بەربڵاوی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان لە گەڵ ڕێکەوتنی ناوەکی ناگونجێت.

یەکێک لە وتەبێژانی فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی ئەیلوول داوای لە ئێران کرد لە هەڵگرتنی هەنگاوی نوێ سەبارەت بە بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی ناوەکی خۆیان پاشگەز ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر بەڵێنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی بەرجام. وتەبێژی مۆگرینی باسی ئەوە دەکات و دەڵێت : ئەم هەنگاوەی ئێران لە گەڵ ڕێکەوتننامەی ناوەکی بەرجام ناگۆنجێت و داوای لە بەرپرسانی تاران کرد بە بڕیارەکەیان دا بچنەوە و لەم هەنگاوە پاشگەز ببنەوە و لە دەستێوەردان بە هەنگاوەکانی دواتر و لاوازکەرەوەی پەیمانی ناوەکی خۆ بپارێزن.
یەکیەتی ئەوروپا بە بەڵێنەکانی پەیمانی ناوەکی لە گەڵ ئێران دەستەبەر و حەزی لە ڕاگرتنی ئەو پەیمانەیە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ڕای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی لە پێناو ڕاگرتنی یەیمانی ناوەکی بەرجام دا بگۆڕێت. دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٨ لە رێکەوتننامەی ناوەکی لە گەڵ ئێران دەرچووە. تەنیا لە ماوەی یەک رۆژ دوای جەختکردنەوەی ڕژیمی ئێران بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی سێهەمی بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرجام، بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هەنگاوەی ئێران ڕایگەیاند کە گۆشارە نێودەوڵەتییەکان دژی ڕژیمی ئێران پێویستە زیاتر بکرێن.
نتانیاهوو پێش سەردانەکەی ئەم دواییانەی بۆ لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا لە وتارێکی خۆیدا لە فڕۆکەخانەدا باسی ئەوەی کرد : ئەمڕۆ لە یەکێکی دیکە لەو بابەتانە ئاگادار بووین کە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە ژێر پێ نراوە، ئەمجارە بابەتی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی هاتووەتە ئاراوە، ئەمە بەشێکە لە هەنگاوە شەڕخوازانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پانتایی نێودەوڵەتی و بەشێکە لە هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ ئامانج گرتنی وڵاتی ئیسرائیل. ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە تا ئێستا ڕانەگیراوە. هاوکات نتانیاهوو بە تاوانبارکردنی ئێران بە دەستپێکردنی هەنگاوە شەڕخوازانە و دۆژمنایەتییەکانی لە بارودۆخی نێودەوڵەتی دا ئەوەشی زیاد کرد : ئێستا کاتی وتووێژ و دانووستان لە گەڵ ئێران نیە بەڵکوو کاتی وەگڕخستنی زۆرترین گۆشارەکانە بۆ سەر ڕژیمی ئێران. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل جەختی لە سەر ئەوە کرد کە پێویستە لە هەر مەجالێک بۆ باس و ڕاوێژ سەبارەت بەو بابەتانەی بۆ وڵاتی ئبسرائیل گرینگە بە باشی کەڵک وەربگیرێت. نتانیاهوو لە چاوپێکەوتنەکەی خۆی لە لەندەن لە دیدار لە گەڵ هاوتای بریتانیایی خۆی خوازیاری داکۆکی بریتانیا لە گەڵ هەڵسووکەوتە شەڕخوازانەکانی ڕژیمی ئێران بوو.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ئەیلوول، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەستپێکی هەنگاوی سێهەمی بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی ناوەکی ئێرانی ڕاگەیاند. ناوبراو سەبارەت بە وردەکارییەکانی هەنگاوی سێهەم وتی : ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئەرکدارە لە پانتایی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی هەموو ئەو بابەتانەی لە بواری تەکنیکی پێویستە ڕۆژی هەینی دەست بە کار بێت و هەموو ئەو بەڵێنانەی لەم ئاراستەدا لە پەیمانی ناوەکی بەرجام بوونی بووە وەلا بنێت. ڕۆحانی ئەوەی زیاد کرد : لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی ئەیلوول بە دواوە ئێمە بڕەوپێدان و بەربڵاوی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان لە پانتایی هەموو جۆرەکانی سانتریفیووژە نوێکان و هەموو ئەو بابەتانەی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم پێویستمانە بە چاو دەبینین. هەروەها ئاگاداری خێرایی چالاکییەکان لەم پانتاییەدا دەبین.
ئێران قۆناغی یەکەمی بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی ناوەکی خۆی لە مانگی مایسی ٢٠١٩ و هاوکات لە یەکەم سالیادی دەرکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پەیمانی ناوەکێ بەرجام دەست پێکرد. لە چوارچێوەی هەنگاوی یەکەم دا ئێران ڕایگەیاند کە فرۆشتنی ئۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس ڕادەگرێت. دوو مانگ دوای ئەو ڕێکەوتە دەوڵەتی ئێران هەنگاوی دووهەمی هەڵگرت و ڕایگەیاند لە بڕی ٣.٦٧ی پیتاندنی ئۆرانیۆم کە پەیمانی ناوەکی بەرجام دابینی کردبوو تێدەپەڕێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.