دۆزینەوەی شوێنەواری ئۆرانیۆم لە ئێران هاوکات لە گەڵ سەردانی کۆرنێل فرووتا بۆ تاران

0
830

ڕۆژی کورد :
کۆرنێل فرووتا، بەڕێوەبەری کاتی ئاژانسی نێو دەوڵەتی وزەی ناوەکی، لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ بەرپرسانی ڕژیمی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ئەرکی ئەم ڕێکخراوە دەرخستنی ڕاستی و درووستییەکانە و شێوازی کارکردنی سەربەخۆیە. هاوکات ڕۆیتێرز باس لە دۆزینەوەی ئۆرانیۆم لە شوێنێکی ئێران دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوول کۆرنێل فرووتا، سەرۆکی کاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە سەفەری خۆی بۆ تاران پێتەختی وڵاتی ئێران لە گەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران، و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و چاوپێکەوتنی پێک هێنا. ئەم سەردانە هاوکات بوو لە گەڵ ڕاگەیاندنی سێهەمین هەنگاوی ئێران لە بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی پەیمانی ناوەکی بەرجام. کۆرنێل فرووتا لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی باسی ئەوەی کرد کە ئەم ڕێکخراوە حەزی لە بەردەوامی هاوکاری لە گەڵ ئێرانە. ناوبراو لە سەر ئەرکی دەرخستنی ڕاستی و دروستییەکان لە لایەن ڕێکخراوەکەیان لە بەڕێوەبردنی بەرجام دا و لە هەمان کاتدا بێ لایەنی ناوەندەکەیان جەخت و پێداگری کرد. دوابەدوای ئەم چاوپێکەوتنە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بەیاننامەیەکی بڵاو کردووە کە تێیدا هاتووە : وتووێژەکان لەخۆگری چالاکییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ئێران، بە جەختکردنەوە لە سەر درێژە و بەردەوامی دانووستانەکان لە نێوان ئاژانسی وزەی ناوەکی و ئێران لە پانتایی بەڕێوەبردنی پەیماننامەی پادمانی و گرێبەستی پێوەلکێندراو بوو. بەڕێوەبەری کاتی ئاژانسی وزەی ناوەکی جەختی لە سەر ئەوە کرد کە هاوکاری تەواو و لە کاتی خۆی دا لە گەڵ ئێران بۆ بەردەوامی ئەم دانووستانانە بە زۆری پێویستە. فرووتا هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە چالاکییەکانی پادمانی بە شێوازێکی بێ لایەن، ڕاستەوخۆ و ژیرانە و بە پێی ڕێنوێنییەکانی گرێبەست بەڕێوەدەچێت.
دوابەدوای ئەم دیدارە، عەلی ئەکبەر ساڵحی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێری دا باسی ئەوەی کرد کە بڕیار وابوو بەرجام ڕێگایەکی دوو لایەنە بێت بەڵام لەم هەلومەرجەدا وەکوو ڕێگایەکی یەک لایەنەی لێهاتووە. ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئێران بڕیاری پێویست لە کاتی شیاوی خۆی دا دەگرێت.
هاوکات لە گەڵ ئەم چاوپێکەوتنە هەواڵنێرییە، لە لایەن ناوەندی هەواڵنێری ڕویتێرز و بە پێی وتەی چەن دیپلۆماتکارێک کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بابەتێک بڵاو کراوەتەوە سەبارەت بەوەی کە نموونەهەڵگرتنەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ناوچەیەک لە ئێران ئەوەی دەرخستووە کە لەو شوێنەدا پێشتر ئۆرانیۆم بوونی هەبووە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ساڵێک پێش ئێستا ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کردبوو کە لەو شوێنەدا کۆگایەکی شاراوەی ناوەکی هەیە. بنیامین نتانیاهوو ئەیلوولی ڕابردوو ساڵی ٢٠١٨ باسی ئەوەی کردبوو کە ئێران لە مانگی ئووتی ڕابردوودا بڕی ١٥ کیلۆگرام مادەی ڕادیۆئەکتیڤی لە دامەزراوەکانی خۆی دەرخستووە. بە پێی ئەم بانگەشە، ئێران بۆ حەشاردانی ئەم مادەی ڕادیۆئەکتیڤانە، ئەمانەی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری تاران پێتەختی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە وتەکانی خۆیدا باسی لە ناوچەیەک بە ناوی “تۆقووزئاوا” لە دەوروبەری تاران کردبوو.
یەکێک لە دیپلۆماتە ناوبراوەکان بە ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئۆرانیۆمی دۆزراوە پیتێندراو نەبووە. هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕژیمی ئێران تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە مەڕ بوونی شوێنەواری ئۆرانیۆم لەم شوێنەدا ئاشکرا نەکردووە. دۆزینەوەی شوێنەواری ئۆرانیۆم پێش سەرلێدانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لەم شوێنە بووە. ڕویتێرز نووسیویەتی کە ئاژانس لە مانگی ئاوریلەوە چاودێری ئەم شوێنەی کردووە و چەن نممونەیەکی لەم شوێنە هەڵگرتووەتەوە.
پێش سەردانەکەی بەڕێوەبەری کاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بۆ ئێران، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک کۆماری ئامریکا لە هەژماری توییتێری خۆیدا نووسیبووی : ئامریکا و ئەندامانی ئەنجۆمەنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لەوپەڕی بێ پشوودرێژی دا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی تەواوی ئەم سەردانە دەکەن. ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکییە نائاشکراکانی ڕژیمی ئێران لە بوارەکانی وزەی ناوەکی دا وتبووی کە هۆی سەرەکی سەردانی بەڕێوەبەری کاتی ئاژانس وەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیارییە کە پێشتر ئاژانس بە ئەنجۆمەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی داوە.
بەڕێوەبەری کاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە سەردانەکەی خۆی دا هەروەها لە گەڵ جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وتووێژی پێک هێنا. بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لەم چاوپێکەوتنەدا لە سەر پێویستی پاراستنی بنەما کارامەییەکان، پاراستنی نهێنییەکان و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ئاژانس بە چەشنێکی بێ لایەنە جەخت و پێداگری کرد. سەرەڕای هەموو ئەوانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە لە شێوازی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت و کەماڵوەندی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی وزەی ناوەکی ئێران دەڵێت سەردانەکەی کڕونێل فرووتا بە پێی بەرنامەیەکی لە پێش دا دیاری کراو و لە سەر بانگهێشتی فەرمی لە پێش دا داڕێژراوی ئەوان هاتووەتە ئاراوە و بە ئەنجام گەیشتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.