راگەیەندنەکانی ئاڵمان باس لەوە دەکەن کە تیمێکی تایبەتی ئەو وڵاتە سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و مەشق و ڕاهێنان بە کچان و ژنانی ناو ریزی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوەکان دوابەدوای سەردانی خاتوو ئۆرزۆلا فۆن دێرلاین وەزیری بەرگریی ئاڵمان بۆ هەولێر، بڕیار دراوە کە تیمێکی سەربازی ئاڵمان بۆ مەشق و ڕاهێنان بە ژنانی پێشمەرگە سەردانی هەولێر بکەن و لەوێوە بەسەر شارەکانی کوردستان دابەش بن و لە رووی سەربازییەوە ژنان پەروەردە بکەن.
مێدیاکانی ئاڵمان بە گرنگییەوە باسی ئەو هەواڵە دەکەن و وێنەی ژنانی پێشمەرگەیان لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە و نووسیویانە کە نەتەوەی کورد تەنیا نەتەوەیەکە لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە ژنان شان بە شان پیاوان لە دژی دوژمنەکانیان شەڕ دەکەن.