چالاکێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لە سوید، مەترسیی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە

0
2904

ڕێژەی ئەو پەناخوازە کوردانەی کە لە وڵاتانی ئوروپایی، مەترسیی ڕادەست کرانەوەیان لەسەرە، بە شێوەیەکی جێگای نیگەرانی بەرەو زێدەبوونە.

مروفایتی: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، مەترسیی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە و پێی ڕاگەیێندراوە کە لە داهاتوودا ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران.

بەپێی ئەو زانیاریانە، “ڕەسووڵ عەزیزی” خەڵکی شاری سەردەشت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ١٩/١١/٢٠١٥ ـەوە چووەتە وڵاتی سوید، دوایین جار لە رێکەوتی 14/02/2018 بۆ سێیەمین جار، وڵامی نەرێنی لەمەڕ دۆسیەی پەناخوازیەکەی پێ دراوەتەوە.

رەسووڵ عەزیزی، بنەماڵەی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و بەپێی زانیاریەکان، دوو مامی بەناوەکانی “محەمەدعەزیز عەزیزی” و “ڕەسووڵ عەزیزی”، لە ڕیزی ئەو حیزبەدا شەهید بوون، هەر بۆیەش گەڕانەوەی بۆ ئێران، گیان و ژیانی دەخاتە مەترسیەوە و ئەگەری گیران و ئەشکەنجە و بەندکرانی درێژخایەنی زۆرە.

فەرمانگەی پەنابەرانی سوید لە دوایین بڕیاری خۆیاندا، بەو هاووڵاتیەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان راگەیاندووە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە و بەپێی ئەو بڕیارەش لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات گیانی لە مەترسیدا نابێ و بۆیەش لە داهاتوویەکی نزیک بەڵام نادیاردا ڕادەستی ئێرانی دەکەنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ ئێران.

ئەوە دووهەمین چالاکی سیاسی و هاووڵاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە وڵاتی سوئید، مەترسیی گەڕاندنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی مرۆڤایەتی ـدا هاتبوو، هیوا عەبدووڵاهی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە وڵاتی سوید، مەترسیی جیدیی ڕادەست کرانەوە بۆ عێراقی لەسەرە کە لە ئەگەری ڕادەست کرانەوەی، بە هۆی سیاسی بوونی خۆی و بنەماڵەکەی و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، لەگەڵ مەترسیی مەرگ بەرەوڕوو دەبێ.

فەرمانگەی پەنابەریی وڵاتی سوید بە هیوا ـیان ڕاگەیاندووە کە ناتوانن متمانەی پێبکەن کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەو بە ئێراقی دەناسن و هەر بۆیەش دۆسیەکەی و داوای پەنابەری کردنەکەی ڕەت کراوەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هیوا نەک تەنیا خۆی چالاکێکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵکوو جیا لە بنەماڵەکەشی کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانن، باپیریشی بەناوی مامە قالە، شەهیدی حیزبی دێموکرات و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، داوا لە وڵاتی سوید کە وەک وڵاتێکی دۆست و پشتیوانی کورد ناسراوە دەکات، پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکات و خۆی لە هەمبەر پاراستنی گیانی کەسانی ئازادیخواز کە لە هەمبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، شکێندرانی کەرامەتی مرۆڤی و سزای سێدارە و نەبوونی مافە سەرەتاییەکان وەک خوێندن بە زمانی زگماکی، دەستیان بە خەبات کردووە، بە بەرپرسیار بزانێت و لە ئەگەر ڕادەست کرانەوەی ئەو هاونیشتمانیانە، وەک هەوڵێکی ئاشکرا دژ بە مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، ئەوا وڵاتی نۆروێژ دەبێ وڵامدەرەوە بێت.