لەسێدارەدان و دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
3127

خوێنەری هێژا

وتووێژی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرامە کە ڕێکەوتی ٢٦ و ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “لەسێدارەدان و دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات”، لەگەڵ نیعمەت مەلا، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ئەم وتووێژە باسێکی چڕە لەسەر مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ڕاوێژ: بە گشتی ئێستا دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چۆۆنە؟

نیعمەت مەلا: دۆخی مافی مرۆڤ هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ئێران لە ساڵی ۱۳۵۷ ـەوە تاکوو ئێستا هەر وەکوو خۆیەتی. ئەوەی کە دەیبینین و لە هەموو هەواڵ و زانیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستمان دەکەوێ، باس لە گوشار، گرتن و لەسێدارەدانی خەڵکە.

کورد دەمێکە لە سەرەتایی ترین مافەکانی خۆی بێبەشە و ئەوەی هەموو لایەک دەیزانین. ئەوەی کە بمانهەوێ بە شێوەی ئاماری قسە بکەین و بڵێن ئامارەکانی پێشێلکاریی مافە سەرەتایەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات چۆنە، ئەوە ڕەنگبێ جێگەی باس بێ و هەموو لایەک بە وردبینیەوە برواننە ئەو باسە.

ڕاوێژ: ئێستا جیا لەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون، چەند کەسی تر چاوەڕوانی سێدارەیە؟

نیعمەت مەلا: ماوەیەک بەر لە ئێستا ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ، ئامارێکی بڵاو کردەوە کە باسی لە چاوەڕوانیی جێبەجێ کرانی حوکمی زیاتر لە ۱۸ بەندکراوی سیاسی و مەدەنی دەکرد.  بەڵام بەو حاڵەشەوە ئاماری ڕێک و درووست لەبەردەست دا نیە و ئەوەی هەشە زومێکە کە لەسەر بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی کراوە، نەک بەندکراوانی دیکە بە تاوانگەلی جیا جیا.

ئێمە هێشتا ڕێژەی ئەو بەندکراوانەی لەهەمبەر تاوانی مادەهۆشبەرەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، نازانین. بمانهەوێ و نەمانهەوێ بۆ لابردنی حوکمی سێدارەی کەسەکان دەبێ ناو و زانیاریی ئەوانمان هەبێ، ئێستاکە ڕۆژانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، هەر حەوتوویەک لانیکەم ۵ کەس لە ئێران لە سێدارە دەدرێ. هەر لەم مانگەدا و لە دوو حەووتوودا دیتمان کە زیاتر لە ٤۵ کەس بە تاوانگەلی جیا جیا لەسێدارە دراون. ڕێژەی ئەو لەسیدارانەش نازانرێ کە بە نەهێنی دەکرێ.

ڕاوێژ: ئەو ٢١ کوردەی کە بە تاوانی تووندڕەیی ئایینی و تیرۆر لە دار دران، ئایا بە ڕاستی تاوانیان ئەوە بوو؟

نیعمەت مەلا: ئێمە ناتوانین  بڵێین تاوانەکەیان ئەوە بووە، چونکوو ئەمەیان لەسەر نەسەلمێندراوە.  حوکمێک کە دادگاکانی ئێران بەسەر ئەو کەسانەیاندا سەپاندووە، تاوانیش، کاتێک تاوانە کە لەسەر کەسی دەسبەسەرکراو سەلمێندرابێ. زۆربەی ئەو کەسانە لەدادگایەکی کەمتر لە نیو کاتژمێری حوکمیان بۆ دەرکراوە و دادوەر بەسەریدا سەپاندوون.

دەزگای دادوەری لە ئێران، ڕۆژانە بە چەندین شێوە حوکمی قورس بەسەر تاکەکاندا دەبڕێتەوە بەڵام هەمووجارێکیش بینیوومانە ئەو حوکمانە نایاسایی و لەجێی خۆیدا نەبوونە.

بۆیە بە بڕوای من ئەو کەسانە ڕەنگبێ بیروباوەڕ و حەزی ئیسلامیان هەبووبێ بەڵام پێم وانیە ئەوان تێرۆریست بووبن یان ئەوەی کە ئەو حوکمەی لەهەمبەر تێرۆر و توندڕەویی ئایینی لەجێی خۆیدا و دروست بێ.

ڕاوێژ: لە سێدارەدانی منداڵان لە ئێران بەردەوامە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێران ئەندامی ئەو کۆنوانسیۆنە ناونەتەوەییانەشە، چۆنە ئێران دەتوانێ هەر وا لەسەر لە سێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵان بەردەوام بێ؟

نیعمەت مەلا: ڕاستە ئێران ۳٠ جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، ۵۳ میساقی مافەکانی سیاسی و مەدەنی، ۳۲ میساقی مافەکانی کۆمەلایەتی، کلتووری، ئابووری و ۵٤ کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی قەبووڵ کردووە بەڵام ئەوانە پەیڕەو ناکا.

دەزگای دادوەریی ئێران، حوکمی سێدارە بەسەر منداڵاندا دادەسەپێنێ بەڵام بە پێی یاساکانی خۆی ئەو هەڵسووکەتانە لەگەڵ ئەوان دەکا و لەسێدارەیان دەدا. واتە ئێران وەکوو وڵاتانی دیکە یاسای نێوخۆیی خۆی لە سەرووی یاسایی نێونەتەوەیی دەبینێ و بە شێوەیەکی زۆر توندیش هەڵسووکەوت دەکا. هەرچەند هەموولایەک دەزانین نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤ و هەموو ناوەندەکانی دیکە دژ بەو لە سێدارانەن بەڵام تاکوو هەوڵێکی جدی نەدرێ، ئێران پەیرەوی ئەو کۆنوانسیون و جارنامانە ناکا.

ڕاوێژ: ئەو ماوەیە چەند کچی کورد دەستبەسەر کران و سەحەر فەیزی یەکێک لەوانە کە تا ئێستاش بێ سەروشوێنە، ترووسکە وەیسیش هەروەها، زانیاریتتان لەسەریان چیە؟

نیعمەت مەلا: زانیارییەکان ئەوانەن کە هەموولایەک دەیبینین. دەسەڵات ئەمجارە گرتنەکانی نەک هەر تروسکە و سەحەر بەڵکوو زۆر کەسی دیکەشی دەست پێکردووە. لەچالاکانی مافەکانی مرۆڤەوە بگرە کە وەبەر ئەو شەپۆلانە کەوتوون تاکوو زۆر کەسی دیکە.

گرفتی سەرەکی بیدەنگی بنەمالەکانە. هەمیشە باسم لەوە کردووە کە تاوانباری بێسەروشوێنیی ئەوانە، زیاتر لە ئەستۆی ئێمە و بنەماڵەکانیانە. بنەماڵە بە یەک وتووێژ، هەڕەشەیەکی لێدەکرێ و دەکشێتەوە و سوور نیە لەسەر بەدواداچوونی دۆسیەی کەسەکانیان و دەترسێن ئەگەر قسەیان لەسەر بکەن ئەوە کێشەیان بۆ ساز بێ، بەڵام بەداخەوە ئەوەمان باش لەنێوخۆماندا نەگونجاندووە کە بە بێدەنگ بوونی خۆمان ئەوان هیچ هەوڵێک بۆ ئازادیی ئەو کەسانە نادن و بگرە لەبێدەنگیی ئەواندا زۆرتر ئەوان ڕادەگرن و گوشاریان زیاتر لەسەر دەبێ.

گرتنی دوو کەس لە شارەکانی خۆیان زۆر بە ئاسانی دەکرێ و ڕاگواستنیشیان ئاسانتر، بەڵام کاتێک بنەماڵە و ناوەندەکان بیدەنگن، عادەتەن دەزگای دادوەری باشتر دەتوانێ پەرە بە کارەکانی خۆی بدات و بیانگوازێتەوە شوێنگەلی دوورەدەست.

لەوانەیە ئێستا لە قەرچەک بن یان هەروا لە دەستبەسەریی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، ئەگەر گوشارێک بخرێتە سەر دەزگای قەزایی، لەماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا ناچار دەبن ڕابگەینن کە لە کام شوێنن.

ڕاوێژ: هۆکاری پەرەسەندی دەستبەسەرکرانی کچانی کورد لە چیدا دەبینن؟

نیعمەت مەلا: ئێمە ناتوانین باس هەر لە کچان و ژنان بکەین. هەموو لایەکمان باش دەزانین کە ئێستاکە چینی لاو و تازە پێگەیشتوویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تینووی زانیارییەو بەدواداچوون بۆ داهاتووی خۆی دەکا، کرانەوەی فەزای دیدی لاوان وایکردووە کە کچانیش لەگۆڕەپانی ئەو هەوڵانە، لە کوڕان کەمتر نەبن.

گرتنی کچان لەو هەلوومەرجەدا بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوورانی ئەوان و بەپێی پێشینە و ڕابردووی کورد و ئەو هەوڵانەی لەم دواییانەدا لە گشت کوردستان دیتمان، ئەوە دەسەلمێنێ کە حاکمیەتی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان ترسی زیاترە لە جاران.

ڕاوێژ: دیسان له سه ڕ ئێعدامه کان،  ئایا دادگاکان به شێوەێیکی عادڵانه بەڕێوه دەچن؟ ئایا ڕاسته زۆربەیان بێ ئاماده بوونی پارێزەر و له ماوەی چەند خولەک دا سزاده درێن؟

 نیعمەت مەلا: ئەوەی کە بڵێین دادگاکان عادڵانە بوونە، بەبڕوای خۆم ئەمە هەڵەیە. ئێمە دیتوومانە کە لەچەند دەیەی ڕابردوودا زۆر کەسی بێتاوان نەک هەر خراوتە بەندیخانە بەڵکوو بگرە لەسێدارەش دراوە. زۆربەی لایەنەلان داوا دەکەن حوکمی سێدارە لە دەزگای قەزایی ئێران هەڵوەشێتەوە و تەنانەت لەسەر جەریانی لەسێدارەدرانی ئەم دواینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای کومیتەی هەلسەنگاندنی ڕاستیەکانیان کردووە.

پێم وانیە دادگایی ئەو کەسانە هەروەک شەهرام ئەحمەدی یەکێ لەو کەسانەی لەسێدارە درابوو لەگرتەیەکی ویدیۆییدا خۆشی ئاماژە بەوە دەکا کە لە چەند خولەکدا و بەبێ بوونی پاریزەر حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاووە.  بۆیە بیگوومان دەزگای قەزایی لە ۱٠٠ پەروەندە لانی کەم بۆ ۲ دۆسیەدادگایەکی ئەوتۆی پێکهێناوە. ئەگەر کەسی گیراو، کوردیش بێ ئیدی ئەوە هەر دادگای نەبووە و بەس بۆ پێدانی حوکم بانگ کراوەتە بەناو دادگایەک.

ڕاوێژ:  هۆکاری ئه وه ی که کۆماری ئیسلامی هیچ کات ئاماری ڕاسته قینه ی له سێداره دانه کان ناخاته به ڕده م بیر وڕای گشتی و ته نانه ت ته ڕمه کانیشیان ڕاده ستی بنه ماڵه کانیان ناکاته وه چییه؟

نیعمەت مەلا: ئەوەی هەموولایەک دەزانین و ئاشکرایە، ڕێژەی لەسێدارەدرانەکان لە ئێران و لە دیدی وڵاتان کیشە دەنێتەوە.  دوای دۆسیەی هەستەیی ئێران لەنێو کۆمەگای نێو نەتەویی، ئێستا پەروەندەی مافی مرۆڤی ئێران لەژێر چاوەدێری دایە.  ئەگەر دەوڵەتی ئێران و دەزگای قەزایی ئاماری ڕێک و درووست بڵاو بکاتەوە پێموایە دەخرێتە پەراوێز و یەکجار زۆر لەپەراوێز دەمێنێتەوە. کێشەی سەرەکی ئێران دیدی دنیایە لە هەمبەر ئەو وڵاتەوە، بۆیە نابێ زۆر شت بکا و ناتوانێ بە ئاشکرا دەست بکا بە کۆمەڵکووژی و زۆر شتی دیکە.

ڕاوێژ: بەر لە باسی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات حەزم کرد پرسیارێکی تر بکەم، بنکە و ماڵپەڕی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕٶژهەڵات و لە دەرەوەش زۆرن، بەڵام دیسانیش دەنگی کورد و زیندانیان و سێدارەکان کەم دەگاتە گوێی دونیا و ڕەنگدانەوەی کەمە، بەڕای ئێوە هۆکارەکان چین؟

نیعمەت مەلا: هەروەک ئاگادارین، ناوەندەکان زۆرن، بەڵام ئەوەی کە بڵێین لەنیوخۆ کار دەکەن، تەنیا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە بەرپرسەکەی بەرێز کەبودوەندە، لەنێوخۆیە و هەروەک هەموومان دەزانین بەرێزیان هەر لەهەمبەر هەولەکانیانەوە بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە بەندیخانە، کە گوشار لەسەر ئەە ڕێکخراوەیە زۆرە. ئەوانەی دەرەوەی وڵاتیش لەبەر دوەری لە ڕۆژهەڵات دەست پێڕاگەیشتوویی تەواویان بە زانیاریەکان نیە. من هەمیشە خەتاکەیم زیاتر لە کەم کاری خۆمان جا دوایە بنەماڵەی بەندکراوان زانیووە، وەکی پێویست ناوەندەکان پشتی یەکتر ناگرن و لایەنەکانیش بەوشێوەیە کە هەیە پاڵپشتیان ناکەن، یان لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوە سەر بەو حیزبە یان ئەو ناوەندە سەر بە فڵان لایەنەیە کێشەی خستۆتە نێوان هەمووان، بەو حاڵەشەوە ئەوانەش کە بێ لایەنن ناتوانن لەبەر نەبوونی پالپشتی خەڵک و لایەنەکان کارێک بکەن.

چالاکوانانی سەربەخۆیی خواز کە لەنێو ناوەندێکی سەربەخۆدا لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و کار دەکەن، لەبەر نەبوونی پشتیوانە و پاڵپشتی باش ناتوانن بەو شێوەیە کە هەیە و دەبێ کار بکەن.  بنەمالەی بەندکراوەکان و لەهێندێک حالەتیشدا بەندیەکان لەبەر ئەوەی کە بێدەنگی هەڵدەبژێرن ناتوانین یارمەتیەکیان پێ بکەین و هەولیان بۆ بدەین.

ڕاوێژ: دەچمە سەر باسی کۆڵبەر، بەر لە باس لە دۆخیان حەز دەکەم، بعۆمان باس بکەن، کۆڵبەر کێیە؟ تاوانەکەی چیە کە وا بەو تاوانە دەکوژرێ؟

نیعمەت مەلا: کۆڵبەر بەو کەسانە دەڵێن کە لەسەر سنوورەکان، لەبەر دۆخی نالەباری ژیان، نەبوونی شوێن گەلی پیشەیی و هەروەها دۆخی ئابووری شارەکانی سەر سنوور و بەتایبەت کوردستان، ناچارن ڕوو دەکەنە ئەوەی کە لەسەر سنوورەکان و بە شێوەی نایاسایی و بە هەڵگرتنی باری زۆر جا چ بە چوارپێی وەکوو ئەسپ یان هێستر، یان بە ماشێن و لە ڕووی ناچاریەوە تەنانەت لە نەبوونی ئەوانەدا بە کۆڵ بارەبەری دەکەن بۆ کەسانێک کە خاوەن باری شتومەکن.

سرووشتیە لەبەر نایاسایی بوونی ئەم کارە و ڕێگەی دژواری سەرسنوورەکان، زۆرجاران هەواڵی ناخۆش لەهەمبەر ئەوانەوە دەبیسین، کە بەداخەوە لەبەر پەیڕەو نەکردنی ئەو یاسایانەی کە لە یاساکانی ئێراندا هاتووە، هێزەکانی سەر سنوور دەست دەکەن بە کوشتنی کۆلبەران یان لەنێوبردن و تەنانەت دەستبەسەر داگرتنی ماشێن و تەنانەت کوشتنی چوارپێی ئەوان.

ڕاوێژ: ئایا بە سەرنجدان بەوەی کە کۆڵبەرەکان لە سنوورەکان دەرباز دەبن و گومرک نادەن، دەکرێ لە دونیای دەرەوە و لە ئاستی جیهانیدا کورد وەک زۆرداریی ڕژیم کەڵکی لێوەربگرێ؟

نیعمەت مەلا: وایە ئەوە دروستە کە نایاسیاییە و گومروک نادەن بەڵام هەموومان دەزانین ئەوان خاوەن بار نین، بۆیە ئەوە ئەوان نین کە دەبێ گومرک بدە، لەو حاڵەتەدا دەوڵەت تاوانبارە.  دەوڵەت بەپێی یاساکانی نێو نەتەوەیی دەبێ ئاستی ژیانی خەڵک بباتە سەرێ تاکوو ئەوان ناچار نەبن ڕوو بکەنە ئەو کارە.

کوشتنی کۆڵبەران نایاساییە و چالاکانی نێونەتەوەیی دەتوانن دەوڵەتی ئێران تاوانبار بکەن و لەهەمبەر کوشتنی ئەو خەڵکە بێدەنگ نەبن.

ڕاوێژ: لە وڵامی پرسیاری باستان لە نەبوونی پاڵپشتی کرد، هاوڕاتانم ڕاست وایە، بابەتێکی تر هەیە ئەویش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ناڕاستە کە هەندێ جار لە هەندێ یان هەموو ماڵپەڕەکان بڵاو دەبێتەوە هۆکار چیە؟ ئایا وەک دەڵێن پیلانی ڕژیمە؟

نیعمەت مەلا:  نابێ بڵێین هەر ئێران تاوانبارە، زۆرجاران خۆشمان تاوانبارین. چاولێدەکەین و دەبینین بۆ دانی زانیاری بە خەڵک خەریکین کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەین، کەچی لە چەند و چۆنی، ڕاست و هەڵە بوونی هەواڵەکەمان تا ئاستی دڵنیابوونی خۆشمان ناکۆڵینەوە.

کار لەچوارچێوەی مافی مرۆڤدا و گەیاندی ئەو زانیاریانە بە ناوەندەکانی سەرەکی چاوەدێر لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەسەر خێرایی و کێبڕکێکردن لەگەڵ یەکتری نیە. ئەوان لە ڕاست و دروستی دەکۆڵنەوە، یەکجار هەلەیەک بکەی، ئیتر جێی خۆت ناگریەوە. ئەوەی کە پلانی ڕژیم بێ، ئەوەش جێی ڕاوەستە لەسەرکردنە، ئێران زۆرجاران ئاماری ناتەواو بڵاو دەکاتەوە، هەواڵی ناراست بڵاو دەکاتەوە بەڵام نابێ ئەگەر کار لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ دەکەین، بە پەلە پەل کار بکەین و هەواڵ و زانیاری نادروست بلاو کەینەوە.

لە بواری مافی مرۆڤدا، چۆنیەتی زانیاری و سەرچاوەی زانیاری گرینگترین شتە بەلای منەوە.

ڕاوێژ: حەز دەکەم پرسیارەکان لەو دۆخە ببەمە دەر چون وابزانم بۆ زۆربەمان ئاشنایە. پرسیار ئەوەیە خەڵکی ناوخۆ چۆن دەتوانن لە هەمبەر ئەو کردەوانە بوەستنەوە بەتایبەتی ئەوانەی کە درووشمی دژی خەباتی چەکداری و وەرگرتنی مافی کورد لە چوارچێوەی یاسای ئێران و پارلماندا دەدەن؟

نیعمەت مەلا: ئەوەیکە ئەو لایەنانە چ دروشمێک دەدەن گرینگ نیە، ئەوە گرینگە کە چەندە ئەوە دروشمە جێبەجێ دەکەن.  من ناتوانم  بڵێم ئەو دروشمە باشە یان ئەو دروشمە هەڵەیە، من چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤم و ڕۆڵی من لە داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤە نەک دروشم دان و وتارگەلی سیاسی.

پێشێلکردنی یاساکانی ئێران لەسەر دەستی بەرپرسان، خۆی تاوانە و پارلەمانیش وەکوو ناوەندی دانان و گۆڕینی یاساکان دەناسرێ، هەوڵەکان لە پارلەمانەوە دەست پێ دەکەن،بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ تا چەند توانای ئەو کارەمان هەیە کە بتوانین لەو ڕێگەیەووە داکۆکی لە مافەکانی خۆمان بکەین؟ دەتوانین دەسکەوتێک هەبێ؟

کاری یاسا یاسا دانەرەکان و یاسا زانەکان دەیزانن کە بە درووشم و قسە قەت هیچ شتێک بەلای ئەوانەوە جێبەجێ ناکا. خەڵک خۆیان دەتوانن بە وستی خۆیان و دەربڕینی نارەزایەتی گشتگیر، ئالووگۆر لەنێو وڵاتدا پێک بێنن. چالاکی مەدەنی، لەنێو ئێراندا هەڵگری ڕێرەوی خۆیەتی کە بەهاکەی لە شەڕی چەکداری کەمتر نیە و بە بڕوای من بە درووشم جیبەجێ نابێ.

ڕاوێژ: کوردانی دەرەوە چی؟ ئەوان چەند بە خەمسارد و کەمتەرخەم دەزانن لەمبارەوە؟ بەڕاستی ناتوانن وەک هەڵمەتێک کە بۆ بەڕێز کەبوودوەند بەڕێوە چوو بۆ ئەم کارانەش بیکەن؟

 نیعمەت مەلا: بەداخەوە ئێمە هیشتا نەمانتوانیوە لەبەر نەبوونی کۆدەنگی لەنێوخۆماندا، لە دەرەووەی وڵاتیش هەوڵێک بۆ چارەسەری پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە ۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت بدەین.

باسی بەریز کەبودوەند بەهایەک بوو کە بەڕێزیان بۆ کارێک کە کردیان وەدەست کەوت. ئەوەش کە دیتمان لایەنەکانی دەروەی وڵات و کوردانی دەروەی وڵاتی هێنایە سەرخەت، هەوڵێک بوو کە بەڕێز کەبودوەند خەریک بوو لەو ڕێگەیەدا گیانی لەدەست بدا.  من هەست دەکەم لەسەر پرسی مافی مرۆڤ کە ئیستا تاقە فایلی ماوەتەوەی جێی ناکۆکی ئێران و وڵاتانی دیکەیە، کوردان و بەتایبەت کوردانی دەرەوەی کوردستان نەیانتوانیوە وەکی پێویست کار یان هەوڵێک بدەن. نموونەی بەرچاو بێکەسی ۸ کەسی تازە لاوی بێ ئیقامە بوو کە لە برلین بە تەنێ بوون لە حالێکدا کوردانی نەک دەرەوەی وڵات بەڵکوو تەنانەت هەر شاری برلین زیاتر لە ۲ هەزار کەس بوو.  ئەوە جێگەی پرسیارە کوردانی دەرەوە چەند گرینگی بە وڵاتەکەیان دەدەن.

ڕاوێژ: جیا لە سێدارە و بەندکردن یەکێک لە کارەکانی ڕژیم یاری کردنە بە هەست و دەروونی بنەماڵەکان، بۆ نموونە کەسەکە لە دار دراوە بەڵام دەڵێن لەدار نەدراوە، نموونەی هەرە دوور لەداردانی محەممەد عەبدووڵاهیە، مەبەستی پشت پەردەی ئەو کارانە چیە؟

نیعمەت مەلا:  ئێران ناتوانێ بە ئاشکرا ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بەرێتە سەر، چونکوو کۆمەڵگەی نێونەوەیی لێی قەبووڵ ناکا. ئەو یاری کردنە وەکوو چاوترساندی خەڵکی دیکە دێتە ئەژمارە، لەو ڕیگەیە دەیانهەوێ زیاتر بنەمالەکان لەبیدەنگیدا بهێڵنەوە، ڕێگەی دەرچوونی زانیاریەکان و گەیشتی ئاماری ڕاست و دروست بە ناوەندەکانی پێوەندیدار بگرن.

ڕاوێژ: فەرمووتان کە پرسی مافی مرۆڤ کە ئیستا تاقە فایلی ماوەتەوەی جێی ناکۆکی ئێران و وڵاتانی دیکەیە، بەڵام پێتوان وا نیە ئێران زۆر بێ ترس و شەرم، خەڵک دەگرێ و لە دار دەدا و ئەشکەنجە دەکا و دونیای دەرەوەش بێدەنگە؟ بۆ نموونە دوایین ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی بریتانیا هەر ئاماژەی بە کەمینەکان لە ئێران نەدابوو کە عەرەبەکانی ئەهواز وەدەنگ هاتن، یان ئەمریکا زۆر بە ساناییی و بێ لەبەر چاوگرتنی پرسی مافی مرۆڤ، بەرجامی واژۆ کرد. پێتان وانیە پرسی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، وەرەقێکە لە کایەی سیاسیەکاندا؟

نیعمەت مەلا:  ڕاستە کە چەندین ڕاپۆرت لەو ساڵانەی دوایی بڵاو بۆتەوە کە جێگەی وەستە لەسەر کردن و گومان و پڕ لە هەڵە بوون بەڵام بە بڕوای من پرسی مافی مرۆڤ نەک هەر وەرەقەیەک نیە، بەڵکوو یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێشگرتن بە ئێران.

وتمان کە نەبوونی پێگەیەکی جێگەی بڕوا و پالپشتی لێکردنی تەنانەت ئەو پێگەیەش کە جێگەی بڕوایە، نەدانی زانیاری تێر و تەسەل بە کۆمەڵگای دەرەوە خۆی کاریگەری هەیە. ئێستا دەرفەتە بۆ چالاکانی مافی مرۆڤ، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و گشت ئەو کەسانەی لەو چوارچێوەیەدا کاردەکەن، با بێن فایلی قارنێ، قەڵاتان و سنە، کوشتن و لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠، زیندوو کەنەوە و هەر بەو فایلانە، ئێران گەورەترین کۆمەڵکوژی کردووە کە دەبێ وڵامدەر بێ.

ئێمە دەبێ هەوڵێک بدەین تاکوو چاوەروانی وڵامێک بین. ئیمە خۆمان بمانهەوێ و نەمانهەوێ ناتوانین حاشا لەوە بکەین کە تاکوو ئێستا نەمانتوانیووە وەک پێویست یەکێ لەو فایلانە زیندوو بکەینەوە و بەگوێی دنیای بگەیێنین، کە کارێکیش کرا، کەم کاری ئێمە دیار دەکەوی و دەڵێین ڕاپۆرتەکە هەڵەیە.

ڕاوێژ: پێتان وا هەیە، ئێران بە دزی و شاراوەییش خەڵکانێکی لە سێدارە داوە؟

نیعمەت مەلا:  بەڵێ و بێگومان هەیە. ئێمە ئاماری ئەو کەسانەمان هەر کە بەئاشکرا دەسبەسەر دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن بەڵام زۆر بنەماڵە لە ڕۆژهەڵات هەن کە هەروا منداڵەکانیان دیار نیە. بنەمالە هەیە لە ساڵی ۱۳۷۱ تاکوو ئێستا کوڕێکیان گیراوە و دیار نیە کە ماوە یان لەسێدارە دراوە.

ڕاوێژ: زۆمان ماندوو کردن بەڵام وەک دوایین پرسیار، زانیارییەکانتان وەک ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤی کورد، لەمەڕ لە سێدارەدانی ژنان لە ئێران و کوردستان چیە؟

نیعمەت مەلا:: زۆر کەمن، ئەوەش کە هەیە بەبێدەنگی دەکرێ.

ئاماری ڕێک و درووست نیە و بۆ وڵامێکی کورت دەتوانین بڵێین لەهەر ۱٠ بەندکراو ۲ دانەیان ژن و لەهەر مانگدا زیاتر لە ۵ ژن بە ئاشکرا لەسێدارە دەدرێن بەڵام ئێمە ئەوانە دەبنین کە بە ئاشکرا دەکرێ و خەبەرمان لێی هەیە. بەدواداچوونی ئەوەی کە چەند  ژنی کورد لەبەندیخانە هەن یان لەسێدارە دراون لەبەر کلتووری کوردەواری ئیمە زۆر ئەستەمە.

ڕاوێژ: ئەوەندەی من وەک خۆم ئاگادار بم ماوەی نزیک ٢ ساڵە جەنات لەسەر تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بە جیددی کار دەکەن، دەستکەوتەکانتان چی ىووە؟ دەکرێ لەمەڕ تیرۆری دژبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە باسمان بۆ بکەن؟ بەتایبەتی کە ئەمڕۆژانە باسی لە سێدارەدانەکانی ١٣٦٧ گەرمە؟

نیعمەت مەلا: ڕاستە من ماوەی ۲ سالە ئەوەم وە ئەستۆ گرتووە. لە هەنووکەدا دوو بەش لە فایلی تێرۆرەکان هەن، یەکیان ئەوانەن کە لەنێوخۆی وڵات تێرۆر کراون، یەکیش ئەوانەن کە لە دەروەی وڵات کراون.

دەوڵەتی ئێران دەمێکە ئەو شێوە کارەی گرتۆتە بەر و هەموولایەک کەم و زۆر ئاگاداری ئەوە هەین. ڕێژەی تێرۆرەکان لە تورکیە یەکجار زۆرە. لەباشوور لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیانیش ئاماری زیاتر لە ۱٠٠ کەس هەیە کە زۆربەی دۆسیەکان بە دەرەنجام نەگەیشتوون یان ئەوەی کە لەلایەن حکومەت هەرێمەوە بێدەنگەی لێ کراوە.

لە تورکیە خەڵکێکی زۆر تێرۆر کراو چ کورد و چ غەیرە کورد کە بەداخەوو تاکوو ئێستا نەتوانراوە تەنانەت پەروەندەی یەک لەو کەسانە بە دەرەنجام بگا. لە ئوروپاش هەروەتر، گەورەترین پەروەندەی تێرۆری کەسایەتی کورد، د. قاسملوو هێشتا بەدەرەنجام نەگەیشتوو.  ئیستاش لەم دۆخەدا کە ئوروپا لە قەیرانی پەنابەراندا نوقم بووە، ئەگەری هەرجۆرە هەڵسووکەوتێکی لەو شێوە هەیە.

بۆ فایلی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ۱۳٦۷ و بگرە دەیەی ٦٠ زۆر بە ئاشکرا دەبێ باس لەوە بکەین کە باس تەنیا لە یەک ساڵ کراوە.

ئاماری لەسێدارەدراوانی دێموکرات لە ساڵی ۱۳۵۸ تاکوو ۱۳۷۵ زیاتر لە ۱٤٠٠ کەسە، ئاماری لەسێدارەدراوانی کۆمەڵە زیاتر لە ۱٤٠٠ کەسە کە ناو و زانیاریا هەیە. ئەدی ئەو کەسانەی بێ لایەن بوون و لەسێدارە دراون، لە یەک ساڵدا و لە سەرەتاکانی ئینقلاب و تەنیا بە بڕیاری حەسنی و لە شاری سەقز و لە یەک مانگدا زیاتر لە ۱٠٠ کەس لەسێدارە دراون.