٢٨ی گەلاوێژ و فتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
2513

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگران کە شەوەکانی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی لە سەر مژاری “٢٨ی گەلاوێژ و فتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان” لەگەڵ بەڕێز عەبدووڵا ڕەسووڵی، چالاکی سیاسیی کورد و بە پێشکەشکاریی بەڕێز “ئیمان موردوەیسی”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بە گشتی سەرەتا ئەگەر بکرێ باس لە ٢٨ی گەلاوێژ بکەین، ٢٨ی گەلاوێژ چ ڕۆژێکە؟

ڕەسوڵی: ڕۆژی بیست و هەشت گەلاوێژ ئەو ڕۆژەیە کە یانزدە کەس لە فڕۆکەخانەی سنە لەدار دران، یانزدە کەسی بێتاوان کە بە بڕیاری بەرپرسانی تاران نرانە بەر گوللـەوە

عەبدووڵا ڕەسووڵی
عەبدووڵا ڕەسووڵی

ڕاوێژ: خومەینی بە دژی گەلی کورد، فتوای جیهادی دا، بۆچی بۆ ئەو کارە لە وشەیەکی شەرعی کەڵکی وەرگرت؟ لە بنەڕەتدا مەگەر جیهاد بۆ سەر کافرەکان نیە؟

ڕەسوڵی: بەکارهێنانی ئەو وشە یان خود جیهاد، مانای زۆری هەیە. ئەم مانایە نەک لە بواری ئایینییەوە، بەڵکوو لە لای کورد مانای جیاوازی هەیە، بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە دەبێت دوو ڕەهەندی مێژوویی و ئایینی لەبەرچاو بگرین. لە ڕوانگەی ئایینییەوە بەو مانایەیە کە کورد موسڵمان نییە و جیا لەوەش دژی ئایینی ئیسلام وەستاوەتەو،ە ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە کورد داوای مافی نەتەوەیی دەکرد و گوتەیەکی جیاواز لە ناسیونالیزمی ئێرانی و ئیسلامی  هەبوو. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، هەمیشە دوژمن، بە ئایین کوردی سەرکوت کردووە یان بە ڕاستی بڵێم گەوجاندوویەتی، خومەینیش وەک دوژمنی کورد و وەک کەسێکی ئایینی ئەو چەکەی له دژی کورد بە کار هێنا.

ڕاوێژ: خەسارەکانی ئەو شەڕە بۆ کورد ئەگەر باسی بکەین چ بوو؟

ئیمان مرادوەریسی
ئیمان مرادوەریسی

ڕەسوڵی: بێگومان ئەو بڕیارە و ئەو شەڕە و بوونی هەندێ لایەنی ئایینیی خزمەتکاری تاران بووە هۆی ئەوەی کوردستان دابەش بوو بەسەر باش و جاش و بێلایەندا، جیا لەوە ترسی ڕووبەرووبوونەوەی ئایینی لە نێو دڵی خەڵک چاند، هەرچەندە ئایینێکی ساختەیە و ڕاستەقینە نییە. جیا لەمانە کورد ئەوەی بۆ مایەوە تەنیا خۆڕاگری و خوێندان بوو و بەس بۆیە ڕووەڕووی شەڕێکی نەخوازراو بووینەوە.

ڕاوێژ: کە باس لە فتوای خومەینی و ٢٨ی گەلاوێژ دەکرێ، یەکەم ناو، ناوی چەمرانە کە دێتەوە بیر، چەمڕان کێ بوو و لە کوردستان چی کرد؟

ڕەسوڵی: چەمران کەسێکی فارسی ئایینی شیعە بوو کە لە ئەمریکا خوێندبووی و لە لوبنان دەورەی شەڕێکی چریکی و دژە چریکی بینێبوو لە لایەکی دیکەوە چوون پێشمەرگەش شەڕی چریکی بناغەی کاری بوو، چەمران لە ئێران و لە نێو بەرپرسانی نوێ شارەزاترین کەس بوو بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد.

ڕاوێژ: باس لە لەسێدارەدانەکان لە کوردستان لەو کاتیدا باسێکی بەرینە، خەڵخاڵی و حەسەنی ئەو کات چیان بەسەر کورد هێنا؟

ڕەسوڵی: دەمهەوێت ڕۆڵی ئەو دوو کەسە بە جیا باس بکەم. خەلخاڵی نوێنەری خومینی لە کوردستان بوو و حوکمی ڕەهای بۆ کوشت و بڕ هەبوو. خەڵخاڵی کەسێک بوو کە لە کوردستان دادگایی کردنی سەیروسەمەری ئەنجام دەدا بۆ نموونە کۆمەڵێک خەڵکی ڕیز دەکرد و دەیژماردن، ژمارە جووتەکانی لەدار دەدا و تاکەکانی ئازاد دەکرد. خەڵخاڵی کەسێک بوو کە دادگایی کردنی پەنجا کەسی بە دە خولەک ئەنجام دەدا و حوکمیانی جێبەجێ دەکرد.

حەسەنیش کە بەرنوێژی هەینی ئومریە بوو، کەسێکی شیعەی ناحاڵی و توندڕەوە کە ڕۆڵی زۆری لە شەڕی نەغەدە هەبوو و سەدان کەسی مەدەنی کوردی بەدەستی خۆی شەهید کردووە.

ڕاوێژ: بەنی سەدر کە ئێستا خۆی هەڵاتووە، یەکێک لەو کەسانە بوو کە قامکی بە دژی وکورد ڕاوەشاند و فەرمانی دا کورد قڕان بکەن، دەکرێ زیاتر بۆمان باس بکەن، دەوری بەنی سەدر لەو فتوایەدا چی بوو؟

ڕەسوڵی: بەنی سەدر کە گەورەترین دەسەڵاتداری ڕەسمی ئێران بوو، بڕیاری دا ئەرتەش و سوپا پوتین دەرنەهێنن تا کوردستان دەگرنەوە لە کاتێک کە خومەینی فتوای دا، بەنی سەدر جێبەجێکاری بوو ئەمەش بە مانای ئەوەیە هاوتاوانی خومەینیە بۆ کورد.

ڕاوێژ: کورد لە هەمەبر ئەو فتوایە چی کرد؟

ڕەسوڵی: کورد لەو قوناغەدا تەنها بەرگری و لە قاودانی پێکرا، لەبەر ئەوەی وڵاتانی گەورەی جیهان گوێیان لە کورد نەدەگرت. بریتانیا خۆی خومەینی گەیاندە دەسەڵات و شۆڕەویش لە ڕێگای تودەوە خومەینی بە دژە ئێمپریالیست دەزانی و ئەمریکاش کوردی بە بەرەی شۆڕەوی دەزانی ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کورد تەنها پشت بە خۆی ببەستێت.

ڕاوێژ: دەوری حیزبەکان و بەتایبەتی دێموکرات و کۆمەڵە لە هەمەبر ئەو فتوایە چی بوو؟

ڕەسوڵی: حیزبەکانی خۆرهەڵات کە ڕێبەرایەتی کوردیان دەکرد ڕۆڵی ئەرێنیان هەبوو،  لەبەر ئەوەی کوردیان بەرەو ئاراستەیەکی باشی سیاسی ڕێبەری کرد و ڕێگایان نەدا بکەوێتە نێو تۆڕێکەوە کە تاران دەویست ئەو تۆڕەش دروستبوونی شەڕی دینی و مەزهەبی بوو.

ڕاوێژ: یەکێک لە ناسەکانی دوای فتوای خومەینی، لە سێدارەدانی خەڵکی کوردستانە، زانیارییەکان لەمبارەوە چین

ڕەسوڵی: ئەگەر ئێمە بە وردی ئامارمان نەبێت، ئامارێکی گشتیمان هەیە لە دوای ئینقلابەوە تا ئێستا زیاتر لە پەنجا هەزار کەس لە کوردستان  کوژراون، لەمانە نزیکەی دە هەزاریان پێشمەرگە حیزبەکان بە هەموویان بوون واتە چل هەزار کەسی مەدەنی و بێتاوان کوژراون. سەبارەت بە لەسێدارەدانیش دەبێت بڵێم فڕۆکەخانەی سنە و ئەو گۆڕستانانەی کە لە هەندێ شار ناوی لەعنەت ئاوایان لە سەرە، بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی بزانین چەندە لە کورد لەسێدارە داوە.

ڕاوێژ: بە کافر زانینی کورد و ئەگەری دووبارەبوونەوەنی فتوای ئەوتۆ لە لایەن ڕژیمەوە لە کوردستان، چیە؟

ڕەسوڵی: ئەم جارە کاریگەری نابێ، یان دەبێ حکومەتی ئێستا فتوا بدا کە بەشی زۆری کورد دژیەتی یان دەبێت حکوومەتێکی دیکە بێتە سەرکار کە ئەویش ئایینی نابێ، جیا لەوەش ڕەوتی ڕووداوەکان لە قازانجی کوردە بۆیە بە شێوەی سرووشتی فتوا کاریگەری لە سەر کورد نابێ بەڵام تەنیا دەتوانێت هێزیکی زۆرتر بۆ دوژمن کۆ بکاتەوە.

ڕاوێژ: چ پەیوەندییەک لە نێوان فتوای جیهادی خومەینی و ئەنفالی سەدام حوسێندا بوونی هەیە؟

ڕەسوڵی: پەیوەندییەکان زۆرن، هەر دووگیان سەرچاوەیان ئایینە. هەر دوویان دژە کوردن و کورد بە موسلمان نازانن، ئەمیان بە ڕوانگەی شیعە و ئەویتر سونی، هەر دوویان هەوڵی قڕکردنی کورد دەدەن بەڵام جیاوزیشن، بۆ نموونە لە ئاستی سەرکەوتن و ئەنجام و چۆنیەتی جێبەجێکردن جیاوازن.

ڕاوێژ: ئێستاش کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵ دەدا کێشەی نەتەوەیی کورد بە کێشەی ئایینی ببەستێتەوە، ئەوەتا نوێنەرانی کوردی مەجلیس بە ناوی نوێنەرانی سوننەکان لە هەمبەر مێهران مودیری دەوێستنەوە، ئامانجی ئەو سیاسەتە چێە؟

ڕەسووڵی: هەوڵدانە بۆ ئەوەی کێشەی کورد  بە مەزهەبی بکەن و لەو ڕێگایەوە دووبەرەکی و چەندبەرەکی لە نێو کورد دروست بکەن، ناوەڕۆکی خەباتی کورد بەرنە ژێر پرسیار  لە سەرەوەی ئەمانەش لەو ڕێگایەوە کورد بسڕنەوە.

 ئێران هەوڵ دەدا کێشەی کورد بکاتە کێشەی سونی مەزهەبی، ئەمە چەندین ڕەهەند و خەساری هەیە، ئێمە لێرە هەوڵ دەدین هەندێ لایەنی شی بکەینەوە، هەرواکە دەزانن لەنێو کورد شیعە و سونی هەیە. کاتێک کێشەی کورد ببێتە مەزهەبی بەشێک لە کورد دەبێتە خاوەن ماف و بەشێکی بێ ماف. لێرەوە کورد بەشێکی زۆر لە وزەی بۆ یەکتر سڕینەوە تەرخان دەکات، بۆ دوژمنیش کێشەیەک بە ناوی کورد بوونی نامێنێت و بە پێی پێوەری ئێستەش کوردی سونی بەرەو سەلەفیەت دەڕوا، ئەمەیە شتێک کە دوژمن دەیهەوێت.

ڕاوێژ: حەز دەکەم باس لە شەڕی 24 ڕۆژەی سنە بکەین و تاووتوێی بکەین، ئەو شەڕە بۆ چی بوو و خەسارەکانی کورد لەو شەڕەدا چی بوون؟

ڕەسوڵی: شەڕیی شاری سنەی خوێناویی لێنێنگرادیکی دیکە بوو بەڵا م بەداخەوە بە هۆی پێشکەوتوو نەبوونی ڕاگەیاندن و دەسەڵات لە لاپەڕەکانی مێژوودا بزر بوو تا کۆبانی ڕوویدا و دیسان بە وردی خوێندنەوەی بۆ کرا. شەڕی سنە شەڕێک بوو لە نێوان خەڵک و حیزبە کوردییەکان لە لایەک و کۆماری تاریکستانی ئیسلامی ئیران لە لایەکی دیکەوە، سوپا و ئەرتەش لە چوارچێوەی فتوای جیهاد هێرشیان دەست پێکرد و خەڵکیش خۆڕاگرییان کرد لە ئەنجامدا دوای شەڕێکی سێ مانگی ئێرادەی گەل سەرکەوت.

ڕاوێژ: قڕان و کوشتاری ڕژیم لە کوردستان زۆربەربەرینن، قاڕنێ و قەڵاتان، مەریوان، پاوە، سنبە، ئیندرقاش و دەیانی تر، کورد چەندە توانیویەتی ئەو کەیسانە بە جیهانی بکات؟

ڕەسوڵی: سەبارەت بە جیهانی کردنی هەر کەیسێک بارودۆخی سیاسی و جیهانی گرنگە لەبەر ئەوەی تێکڕای ئەو ڕووداوانە لە کات و ساتێکی مێژووییدا ڕوویاندا کە جیهان دوو جەمسەری بوو و کورد لە دەرەوەی هەموو هاوکێشەکان دانرابوو بۆیە هێچ جەمسەرێک نە متمانەی پێ بوو و نە هەوڵیان بۆ دەدا بۆیە بارودۆخ لە بەرژەوەندی کورد نەبوو و کورد نەیتوانیوە هیچ یەکیان بکاتە جیهانی.

ڕاوێژ: بەشێک لە تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەکرێ بڵێین هەر لە درێژەی فتوای خەمەینی دابووە، لەسەر ئەوان ئەگەر بکرێ باس بکەن.

ڕەسوڵی: بەڕای من، درێژکراوەی فتوای خومەینی نیە چون جیا لە کورد خەڵکی دیکەش تیرۆر کران، بەڵام فتوای جیهاد تەنیا بۆ کورد بوو، بەڵام هەر دووی ئەمانە بۆ زیان گەیاندن بە کورد هاوبەش بوون بەڵام دەبێت بڵێن تێرۆریش بەشێکی جیانەکراوەی حکومەتی ئێران و باوەڕیانە لە مەسەلەی تێرۆریش ڕێبەرانی کوردیان تێرۆر کرد. ئەویش بەو ئامانجە کە لەسەری شۆڕش بدەن و جەستە خۆی دەمرێت بەڵام لە ئەنجامیشدا تەنها تێرۆری ڕێبەرانی کورد بووە کێشەی جیهانی وەک میکونۆس

ڕاوێژ: ئێستا پرسیار ئەوەیە، بە دەست پێبوونەوەی خەباتی چەکداری دیسان مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو کوشتارە بە کۆمەڵانە سەرهەڵبدەنەوە، ئێوە پێتوان وا هەیە کە ئەوە دەکرێ بیانوویەک بێت بۆ ڕاگرتن یان دژایەتی کردن لەگەڵ خەباتی چەکداری و ڕاسانەوە؟

ڕەسوڵی: کاک ئیمان چ شتێک لەم دونیایەدا بێ تێچوویە؟ ئێمە هەر کارێک دەکەین دەرفەتی دیکەمان لە دەست دەچێت. بۆ  ڕاسانیش هەمان شت هەیە، دەبێ ئێمە لەگەڵ شتێک یەکلایی بینە یان دەبێ بژین و بوونمان هەبێت یان دەبێت لە نێو بچین. کاتێک دەرفەتی ڕاسان هاتۆتە ئاراوە دەبێ هەندێ شت بە وردی شی بکەینەوە، کاتێک ماشینێک هەڵدەکەی لە یەکەم ساتەکاندا بنزین زۆر دەبا  بەڵام دواتر ڕێگا دەبڕێ و بنزینی ئاسایی دەسوتێنێت، ڕاسانیش هەمان حاڵەتی هەیە، نابێت ئێمە لە تێچووە زۆرەکانی سەرەتایی بکشینەوە، دوای پێگرتن، تێچووەکان ئاسایی دەبن، بۆیە هەر جۆرە کوشتارێک نابێت دڵساردمان بکاتەوە و دەبێت شێلگیرتر بین چۆن باشترین پاداش بۆ شەهیدان دریژەپێدانی ڕێگایانە

ڕاوێژ: ئەوە زۆر بیستراوە و بەڵگەشی لەسەر هەیە کە پاسدار و جاشەکانی ڕژیم ئەگەر دەیانویست کچێکی کورد لە دار بدەن بە هۆی ئەوەی کە لە بیرۆکە ئایینیەکەیاندا دەڵێ کچ بکوژی دەچتە بەهەشت، دەستدرێژیان دەکردە سەر کچە کوردەکان، ئێوە لەمبارەوە زانیاریتان چێە؟

ڕەسوڵی: ئەوە ڕاسته، بەڵام دەبێ بڵێم ئەوبابەته یەک لە سەر هەزاری ئەو تاوانانەیە کە کۆماری تاریکستانی ئیسلامی ئێران ئەنجامیان داوە کاتێک بیر لە سیاسەت و تاوانەکانی ئێران دەکەین، بێزمان لە مرۆڤ بوونیان دەبێتەوە دەستدرێژی کردنە سەر کچان بەشێکە  لەوتاوانە ناشیرانە.