دەستبەسەرکردن و چارەنووس ناڕوونیی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بەردەوامە

0
789

هەواڵە پشتڕاست نەکراوەکان باس لە دەست بەسەرکرانی دەیان کەس لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و مهاباد دەکەن کە بەهۆکاری ناڕوون تا ئێستا ناو و شوناسی ئەو کەسانە بۆ مرۆڤایەتی ناڕوونە و پێدەچێ هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنیەکانی ڕژیم، هۆکاری ترسی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکان لە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسانە بێت.

مرۆڤایەتی: هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “زەنگێیاوێ”ـی پیرانشارە بەناوی “ڕەسووڵ سوڵتانی ئازەر” تەمەن ٥٠ ساڵان، یەکێک لەو کەسانەیە لە کۆتایی حەتووی ڕابردوودا بووە لەلایەن هێزێکی ئەمنیی سەربە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە کە گۆیا دەستبەجێ بۆ ورمێ گواستراوەتەوە، لە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو ئاگادار نین و زانیارییەکی ورد لەو پێوەندییەدا لەبەردەستدا نییە.

سوڵتانی ئازەر لەم ساڵانەی دواییدا بە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، مەئموورە ئەمنیەتییەکان، لە شاری پیرانشار هێرشیان کردە سەر دووکانی وێنەگریی”نایس”، و خاوەن دووکانەکەیان بەناوی “سەعید ئەحمەدی” دەستبەسەر کردووە.

لە هەمان کاتدا، چارەنووسی دوو برای خەڵکی گوندی لیلانێ و دانیشتووی شاری ڕەبەت بە ناوەکانی جەعفەر و ئیبراهیم عەلیپوور کە لە ماوە دوو حەوتووی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتەوە دەستبەسەر کراون، تا ئێستا ناڕوونە.