چالاکێکی مدەنیی مەریوانی لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا

0
646

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، ئارام فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەسبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە مرۆڤایەتی ڕاگەیاند: “ئارام فەتحی کاتژمێر 30:5 دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە دەستبەسەر کرا و تا ئێستاش گوشارێکی زۆر لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەسەر بنەماڵەکەی هەیە”.

بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە 18ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، لە شاری مەریوان، ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد و لە ژێر دروشمی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەر” پێک بێت.

ئەو ڕێپێوانە ناڕەزایەتییە لەسەر داوای چالاکوانانی مەدەنیی ئەو شارە و بە هۆی درێژەداربوونی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە پێک دێت.

شیمانە دەکرێ دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە کوردە بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی مەریوان و پێشگرتن بەو ڕێپێوانە ئەنجام درابێ، بەڵام چالاکوانانی مەریوانی دەڵێن ئەوان لەسەر داواکارییەکانیان سوورن.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی دەروونی و جەستەیی و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە کە هاوکات خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری مەریوانیشە، لەبەردەستدا نیە.