مرۆڤایەتی: بەپێی نامەیەک کە لەلایەن چەند ماڵپەڕی چالاکی مافی مرۆڤەوە بڵاو کراوەتەوە، محەممەدئەمین ئاگوشی، لە نامەیەکی توندەوە، لە بەندیخانەی تەورێزەوە، ڕوو لە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی، داوای ئازادکرانی خۆی و بەندکراوە سیاسییەکانی تر دەکات.
بەشێک لە نامەکەی بەو شێوەی خوارەوەیە:
هەموو لایەک دەزانن کە من محەممەدئەمین ئاگوشی، زیاتر لە یەک دەیەیە لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە دژوارترین دۆخدا، بەندکراوم. بەشی زۆرینەی بەندکرانەکەم لە ژوورە تاکەکەسی و تایبەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، تێپەڕ بووە. ئایا تاوانی من ئەوەندە مەترسیدار و زۆرە کە سەرەڕای نەخۆشیم، دە ساڵە لە بەندیخانەدا بمێنمەوە؟
لەو ماوەیەدا، بنەماڵەکەم لێک هەڵوەشاوە بەڵام پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەوەش ڕازی نەبوون و وازیان نەهێنا.
ساڵی ڕابردوو، پاشماوەی بنەماڵەکەم بە هۆی گوشار و زۆردارییەکان، شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ هێشت و پەرتەوازە بوون و ئێستا لە کەمپە شەق و شڕەکانی ئاڵمان دەژین.
ئایا وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، تا ئێستا چیان بۆ ئێمە ئەنجام داوە؟
لێرەوە داوا لە وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و سەرجەم بنکەکانی مافی مرۆڤ دەکەم تا بۆ ئازادکرانی من و بەندکراوە سیاسییەکانی تر، ڕاگەیێندراو بدەن و داوای ئازادکرانمان بکەن.
داواش لەسەرجەم ڕاگەیێنە برواپێکراوەکان دەکەم کە بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیام و داواکارییەی من بە شێوەیەکی بەربڵاو، ئازار و کوڵەکانی منی زۆرلێکراو، بگەیێنن بە گوێی خەڵکی جیهان.
محەممەدئەمین ئاگوشی
بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز
بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی