دەقی نامەی زانیار و لوقمان مرادی بۆ عاسمە جەهانگیر

0
708

مرۆڤایەتی: لوقمان و زانیار مرادی، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، نامەیەکیان بۆ ڕێپۆرتێری نوێی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران ناردووە کە لە لایەن “مرۆڤایەتی”ـیەوە لە فارسییەوە وەرگەڕێندراوەتە سەر زمانی کوردی.

دەقی نامەکە بەو شێوەیە

بۆ بەڕێز “عاسمە جەهانگیر”، ڕێپۆرتێری تایبەتیی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران

وێڕای ڕێز

ئەو نامەیە لەلایەن ئێمەوە، زانیار و لوقمان مرادی، دوو کەس لە بەندکراوانی کوردی مەحکووم بە سێدارەوە نووسراوە. ئێمە نامانهەوێ گازندە و سکاڵا لە ئەو هەموو ئازار و بەش مەینەتییانە بکەین کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لێمان کراوە. ئێمە ماوەی ٨ ساڵە بووینەتە قوربانیی گەمەیەکی سیاسی و شانۆنامەیەکی ساختەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. تەنیا و تەنیا کەسێکی مەحکووم بە سێدارە دەتوانێ لە ئێمە تێبگا کە ئەو هەموو ساڵە لەژێر سزای سێدارەدابوون و ڕەنگ زەردهەڵگەڕاوی و واتادۆڕاویی ژیان و هیوا لە ناو دڵماندا، چ ئازارێکی بەسەر ئێمەدا سەپاندووە.

هەرچەندەی باسی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەکان بکەین، هێشتاش کەممان گوتووە. ئێستاش کە ئێستایە مۆتەکەخەوی ئەو ڕۆژ و شەوگەلە لە مێشک و بیرەوەریماندا، دەمانپڕووکێنێ. شوێنی مست و پێلەقەکانی ناو ئیتلاعاتی سنە، هەڵواسین بەشێوەی خاچ، قامچی لێدانە یەک لە دوای یەکەکان لە هەموو ئازای جەستەمان، تا ئێستاش بە جەستەمانەوە ماوە. ئەو ئەشكەنجانەی کە زۆر لە سنووری تووندوتیژییەکی ڕەزیلانە دەرباز ببوون. هەڕەشەی سێکسی و جوێن فرۆشیی بێ شەرمانە هاوکات لەگەڵ نیشان دانی شیشە نۆشانەیەک کە بە کورسییەکەی شوێنی دانیشتمانەوە بەسترابۆوە و هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی دەستدرێژی کردنە سەری سێکسی، ترس و مۆتەکەخەونی شەو و ڕۆژەکانی ئێمە بوون. وەبیرهێنانەوەی جمێن و هەڕەشەگەلی بێ سنوور کە زێدەتر ڕوویان لە بنەماڵەکەمان بوو، تا ئێستا و بۆ هەمیشە، ڕووحمان ئازار دەدا و دەیچڕژێنێ.

نها، ٨ ساڵ بەسەر دەستبەسەرکرانماندا تێپەڕ بووگە. سەردەمانێک کە هەر ڕۆژ و هەر چرکەیەکی ئاوێتەی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بێ ڕێزی و شکاندنەوە بوو. دەربازبوونی ئەو ساڵانە هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە دەزانین سزای سێدارەمان بەسەردا سەپاوە، عەزابی ئەشکەنجەکانی چەندقات کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بێ تاوانیی ئێمە لەو دۆسیەدا تەنانەت بۆ خودی بەرپرسانی دادوەریی ئێرانیش ڕوون و ئاشکرایە. لەو پەیوەندییەدا لە چەند ساڵی ڕابردووشدا بە تێروتەسەلی لەمەڕ بێ یاسایی و نادادوەریگەلێک کە لە ڕەوتی دادگایی کرانماندا هاتۆتە ئاراوە، بۆ دوکتور ئەحمەد شەهیدمان نووسیوە و داوای یارمەتیمان لە بەڕێزیشیان کردووە.

پێویست بە باس کردنە کە دانیشتنی دادگاییەکی ئێمە کە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەمان، بەڕێز ساڵح نیکبەخت، لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی و بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەمان پێکهات، بەپێی دان پێدانانی خودی دادوەری دادگا، دۆسیەکە ناتەواو بووە و بەڵگەی پێویستی نەبووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دۆسیەکەی ئێمە چەند جاران لەلایەن لقی لێکۆڵینەوە، بەمەبەستی تەواوبوون و لابردنی کەموکوڕییەکانی، نێردراوەتەوە بۆ مەریوان، بەڵام تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، دۆسیەکە هەروا ناتەواو ماوەتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەگەری ئابڕووچونی خۆی دوای ڕاگەیاندنی بێ تاوانیی ئێمە لەو تاوانە خەیاڵی و ساختەیە، پێش بە پێڕاگەیشتن بەو دۆسیە لە دادگایەکی عادڵانە دەگرێ.

هەر لە سەرەتای دەستبەسەربوونمانەوە بە هۆکارگەلێکی یەکجار زۆر، دیار بوو کە هۆکاری دانە پاڵی ئەو تاوانانە بە ئێمە تەنیا لەبەریەکدەرکردنێکی سیاسی بووە نەک هیچ شتێکی تر. ڕق و دوژمنایەتیی حکومەتی ئێران لەگەڵ باوکی یەکێک لە ئێمە (زانیار مرادی) کە یەکێک لە چالاکانی سیاسیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییە، هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆسیەسازکردنە شانۆییە بۆ ئێمە بوو. تەنانەت کۆماری ئیسلامی چەند جاران دەستی داوەتە تیرۆری کەسایەتیی باوکی زانیار کە هەرهەمووی بێ ئاکام ماوەتەوە.

لە کۆتایی قسەکانماندا، داوا لە بەڕێزت وەک ڕێپۆرتێری تایبەتیی مافی مرۆڤ دەکەین تا شێلگیرانە بەدواداچوون بۆ داواکاری و هاوارنامەی ئێمە بکەن و داوا لەسەر جەم ڕێکخراو و بنکەکانی مافی مرۆڤ بکەن کە پشتگیری لە ئێمە بکەن تا لە دادگایەکی عادڵانەدا دادگایی بکرێین و لە ئەنجامدا ئازاد بکرێین.

وێڕای سپاس

زانیار و لوقمان مرادی

بەندیجانەی ڕەجایی شار