ئێران داشی سوارە. داعش نیعمەتێكی گەورە و هەلێكی زێڕین بوو بۆ ئێران و زۆر سیاسیانە و لێزانانە قۆستیەوە. لە سۆنگەی داعشەوە توانیی بە ئاشكرا جڵەوی دەسەڵاتی ئێراق بگرێتە دەست. پێش هاتنی داعش هەر جارێكی باسی دەوری ئێران و دەستێوەردانی لە ئێراقدا دەكرا، دەسبەجێ وەدرۆیان دەخستەوە، بەڵام لە سایەی سەری داعشەوە ئیتر ئەو وڵاتە بە بیانووی پاراستنی شوێنەپیرۆزەكان و پاراستنی شیعەمەزەبەكانی ئێراق بە ئاشكرا هێزی هێنایە نێو ئێراقەوە و خۆی كردە بەشێك لە هێزی دژەداعش. بەو كارەش جگە لەوەی مەشرووعیەتێكی لە ئەمریكا و دنیای دەرەوە وەرگرت، هێژموونیی خۆیشی بەسەر ئێراقدا سەپاند و بوو بە دەسەڵاتداری بێ لەمپەر لەو وڵاتەدا. ئێستا ئێران سوننەی بەتەواوی كاول كردووە و پەرش و بڵاوی كردوون و ئەوەی ماوەتەوە لە بندەستی خۆیدان و چەندین گرووپی چەكداری شیعەشی دروست كردووە و هەر كامە و لە قۆڵێكەوە سەر بە سوپای پاسدارانن.
سەرۆكوەزیرانی ئێراق كە سەردانی ئێرانی كرد، ئەمریكیەكان داوایان لێ كردبوو حەشد هەڵوەشێنێتەوە و میلیشیا ئێرانیەكان لە ئێراق بچنە دەرێ. بەڵام لە ئێران خامنەیی بە عەبادی گوتووە حیساب بۆ ئەمریكا نەكات و وریاش بن لە فرتوفێڵەكانی.
ئێران و سوپای پاسداران لەو 38 ساڵەی رابردوودا لێیان روون بووەتەوە كە ئەمریكا شەڕی ئێرانی پێ ناكرێ، چونكە لەو 38 ساڵەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكایان داوە و ئەمریكاش هەر هەڕەشەی بێ بنەمای كردووە. لە سەردەمی ئۆبامادا چەند جاران سەرباز و مەلەوانەكانی هێزی دەریایی ئەمریكایان لە خەلیجی فارس بەدیل گرت و سووكایەتیان پێ كردن، ئەمریكا بە پاڕانەوە لێی وەرگرتنەوە.
ئێستاش ئێران ئەو راستیانەی لە عەبادی روون كردووەتەوە. تێی گەیاندووە كە ئەمریكا لە هیچ جەنگێكدا سەركەوتوو نەبووە، نە لە ڤێتنام و نە لە كووبا و نە لە ئێراقیش، تەنانەت لە ژاپۆنیش سەركەوتنی بەدەست نەهێنا چونكە ئەوە سەركەوتن نییە كە بە بۆمبی ئەتۆم بەدەستی بێنی. لەو سۆنگەیەوە بە عەبادییان گوتووە چەندی پتر قسەی ئەمریكا بشكێنی پتر دەتوانی ئیمتیازی لێ وەرگری، هەر بۆیەش عەبادی پاش گەڕانەوەی لە ئێران دەسبەجێ بەرپەرچی هەموو قسەكانی ئەمریكای داوە و پێشتریش گوتبووی نابێ دەست لە كاروباری ئێراق وەربدات.
بە گشتی ئەوەی ئێستا لە بەغدا حوكم دەكات ئێرانە، ئەمریكا تاقە دەسكەلایەكی بەدەستیەوە ماوە و خۆی پێوە هەڵواسیوە، عەبادیە و لە پێناو عەبادیدا پشتی لە كوردیش كرد. بەڵام عەبادی بۆ ئەمریكا نابێتە ماڵ و دەمێكە عەبادی لە باوەشی ئێرانیەكاندایە. هیوای ئەمریكا بە عەبادی وەك ئەو كەسەیە كە لە گێژەنی دەریادا خۆی بە پووشێك گرتبێتەوە. ئەم شەڕەی ئێران لە ئێراقدا دژی ئەمریكا نابڕێتەوە لە هەموو ئێراقیشدا تەنیا هەولێر ماوە بكەوێتە دەست ئێران. بێت و ئەمریكا لەوەندەدا فریای خۆی نەكەوێ، بۆ تاهەتایە دەبێ دەست لە بەرژەوەندیەكانی خۆی لەم بەشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەر بدات.