من و نما و ناوبانگ

0
813

تەمەنم ۱۳ ساڵان بوو خەڵکی دەهاتن بۆ سەیری ئۆپەرێت و شانۆگەرییەکانم
هەر ماوەیەکی کەم دوای ئەوە چوومە تەلەفزیۆن و بەرنامەم پێشکەشکرد ، نواندنم دەکرد ، کەم تا زۆر ناوبانگم دەرکرد
ئەمە نەک ژیانی نەگۆریم بەڵکو خراپتریکرد ، زۆرێک کەوتنە دژایەتیم ، خزمم هەبوو دەیووت بووە بە لۆتی ، بەشێک لە رکابەرەکانیش تۆمەتیان بۆ درووستدەکردم هەمیشە لە هەوڵی بچوکردنەوەمدابوون ، بەڵام من ئەو کات و ئێستاش پەیامی مرۆڤدۆستی و خۆشگوزەرانی خەڵکم هەڵگرتبوو کە ویژدانی ئاسودە دەکردم .

دەمزانی ناوبانگ هیچ بەمن نابەخشێت ، چونکە هەر لەسەرەتای فێربوونەوە بە خوێندنەوەی شیعر و ژیاننامەی شاعیران دەستمپێکردبوو .
دەمزانی ناودارانی کورد چەند بە کولەمەرگی ژیاون
شیعرەکەی ” وه‌ره‌ قوربان له‌سه‌یری جه‌ژنی قوربان” ی قانعم خوێندبوویەوە کە نانی جەژنی نەبووە .
ئەوێ رۆژێ کە چوینە ماڵی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ بۆ چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی پارەی کیلۆیەک ئاردی پێنەبوو .
میدیا زەندی هاوسەری هونەرمەند حەسەن زیرەک بە منی ووت ( خۆم و کچەکانم کرێچین )٠
چومە ماڵی فەتانەی وەلیدی لەسنە و بینیم چەند بێنازە .
هەرگیز خۆزگە بە من نەخوازن کە ژیانی قالە مەرەم بینیووە.
چەند ئازارم دەچەشت سەڵاح داودەم دەدی بەو دەهۆڵەوە شاباشی وەردەگرت .
ئەی ئەوە نییە هێمنی شاعیریش نوسیوویەتی :
هـونەرمـەند و ژیـانـی خـۆش مـەحاڵـە .
�هونەرمـەند ڕەنجـەڕۆیـە، ژیـنـی تـاڵە .

ئەگەر لە کاتێکدا من ئەمانەم بیستبێت و بینیبێت ئیتر چۆن لەو خەیاڵ پڵاویەدا دەژیم کە ناوبانگی خۆم یان کچەکانم دەبێتە مایەخۆشگوزەرانیمان ؟
باشە ئەگەر نماش بگاتە لوتکەی ناوبانگ چی بۆ دەکرێت ؟
بێگومان هیچ ، چی بۆ ناودارانی کورد کراوە تا بۆ ئەو بکرێت ؟

لێرەوە لەو قسە قۆرە بگەرێن کە من بۆ ناوبانگ هاوکاری منداڵەکەم دەکەم .
لەو تۆمەتە بێبنەمایەش بگەرێن کە من ناوێرم قسە بکەم و منداڵەکەم بەکار دێنم ، چوونکە لەوە دەچێت ئێستا هەندێک هەبێت ئەوەیان لە یادبێت و شایەتیم بۆ بدەن تاکە ئەکتەری کورد بووم کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن تەمسیلم لەسەر تاڵەبانی و بارزانی کردووە ، ئێستاش کەمێک تاقەتم بۆ بگەرێتەوە تەمسیل دەکەم و کەرامەتی ئەم دەسڵاتە وورد وورد دەکەم ، ناو و ناونیشانم دیارە و بەرپرسم لە یەک بەیەکی قسەکانی نما .

سەبارەت بە لایک و کۆمێنتیش باشە پێمبڵێن چەند لایک و چەند کۆمێنت مەمکە مژەیەک بۆ نما دەکات ؟
کێ شوتیەک دەفرۆشێت بەلایک و کۆمێنت ؟
ئەم قسانە بیانوی بێدەنگکردنمانن .
بەڵێ دڵخۆشم بڵاوبوونەوە و زۆری بینەری ڤیدیۆکان تا دڵنیابم لەوەی پەیامەکەمان گەشتووە کە دڵنیام پەیامی زۆرینەی منداڵانی بەشمەینەتی ئەم کاولبووەیە .

ئێستا با ئەمە کۆتایی پێبهێنین ، من منداڵەکانم وەک یاخی لە سیستەمی حوکمی خراپ و دیاردە دزێوەکانی گۆمەڵکا پەروەردە دەکەم .
فێریان دەکەم هەمیشە راستی بڵێن و بێدەنگ نەبن
پێیان دەڵێم تا ئەمانێک نەدرێت بە خۆتان و خەڵکەکەتان ئەمان مەدەن بەوانەی وادەزانن ئەم خاکە بە تاپۆی رەش موڵکی باوکیانە .
هەرگیز ناشهێڵم ببنە کاڵا و بڵندگۆی هیچ ئایدیا و حزب و لایەنێک ئەگەر ڕۆژێک ئەمە ڕوویدا ئەوا لۆمەم بکەن .

سوپاس بۆ یەک بەیەکی ئەو کەسانەی کە پشتگیری لە نما دەکەن کە سەد بەرانبەرن.
سوپاس بۆ هەموو کۆمێنت و دەستخۆشییەکانتان کە مایەی دڵخۆشی و بەردەوامییە .

تێبینی : کاتێک من دەستم بە کارکردن کرد بەربەستی زۆر هاتنە ڕێگام دژایەتی زۆر کرام باوکیشم لە سەر جێگا نەخۆشبوو توانای بەرگری نەبوو بۆ ئەوەی پارێزراوبم چوومە حزبی سۆسیالیست ، ئێستا نما بەدەر لەوەی پشتیوانی خەڵکێکی زۆری هەیە ، من بوونم هەیە ، من باوکی نمام و کێ دەیەوێت رووبەرووی ببێتەوە با بفەرمووێت و ئەو ئازاییەتییە بنوێنێت .
هەموو شۆرشێکیش قوربانی دەوێت و ئێمە بۆ ئەو قوربانییە باکمان نییە .

باوکی نما

 

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here